بۆچی قسه‌ی سووك و جنێودان بۆته‌ به‌شێكی سیاسه‌تكردن له‌ كوردستاندا؟

بۆچی قسه‌ی سووك و جنێودان بۆته‌ به‌شێكی سیاسه‌تكردن له‌ كوردستاندا؟
جنێودان و قسه‌ی ناشیرین و هه‌وڵدان بۆ ئه‌وه‌ی به‌رامبه‌ره‌كه‌ت سووك بكه‌یت، هه‌تا ساڵی 1964 له‌ناو سیاسه‌ت و شۆڕشه‌كانی كوردستان و پێوه‌ندیی نێوان سه‌ركرده‌كانی كوردستان هه‌ر له‌ شێخ عوبیدوڵای نه‌هری-یه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ شێخ عه‌بدولسه‌لام و شێخ مه‌حمودی حه‌فید و قازی محه‌مه‌د و ته‌واوی سه‌ركرده‌كانی كوردستان، بوونی نه‌بووه‌، هه‌موو كات سه‌ركرده‌كانی كوردستان بیروبۆچوونی جیاوازیشیان له‌گه‌ڵ یه‌كتر هه‌بووبێت، به‌ چاوی رێز و ده‌ست له‌ سه‌ر سنگ له‌گه‌ڵ یه‌كتری قسه‌یان كردووه‌ و خۆیان به‌ ته‌واوكاری یه‌كتری داناوه‌، بۆیه‌ له‌ناو هه‌موو مێژووی سیاسه‌ت و شۆڕشه‌كانی كوردستاندا ته‌نیا دێڕێك نادۆزیته‌وه‌ كه‌ ئاماژه‌ بێت بۆ قسه‌ی سووك و جنێودان به‌رامبه‌ر به‌ یه‌كتری، ته‌نانه‌ت جه‌میل سائیب-یش كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی چیرۆكی (له‌ خه‌وما) و وه‌ك ده‌قێكی ئه‌ده‌بی ره‌خنه‌ی توند له‌ حكومه‌ته‌كه‌ی شێخ مه‌حمودی حه‌فید ده‌گرێت، ره‌خنه‌كانی دوورن له‌ كه‌لتووری قسه‌ی سووك و جنێودان.
كه‌واته‌ چۆن كاتێك ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ مێژووی شیعری هه‌جوی كوردی، ئه‌وا هیچ چار نییه‌ ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ دیوانه‌كه‌ی شێخ ره‌زای تاڵه‌بانی، ئه‌وا به‌ هه‌مان شێوه‌ كاتێك بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ مێژووی قسه‌ی سووك و جنێودانیش له‌ سیاسه‌تی كوردیدا، ئه‌وا دیسان هیچ چار نییه‌ ده‌بێت بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ساڵی 1964 كاتێك باڵی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ مسته‌فا بارزانی یاخیبوون و زمانی سیاسه‌ت وه‌لانرا و كه‌وتنه‌ هه‌ڵه‌به‌ستنی قسه‌ی درۆ و ناشیرین و سووك و جنێودان له‌ دژی مسته‌فا بارزانی و شۆڕشی كوردستان، بۆ سه‌لماندنی راستی و دروستی ئه‌و فیتنه‌یه‌ی باڵی مه‌كته‌بی سیاسی دژی كوردستان دروستیان كرد و بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وه‌ی ئێستا لێی ئاگاداربێت، ئه‌وا رۆژنامه‌نووسێكی بیانی كه‌ ناوی داڤید ئادامسن-ـه‌ و له‌ ساڵی 1964 خۆی له‌ كوردستان بووه‌ و رووماڵی شۆڕشی كوردستانی بۆ میدیاكانی جیهانی كردووه‌، له‌ كتێبی (شه‌ڕی كورد و لێكترازانی 1964)، باس له‌و پڕۆپاگه‌نده‌ ناشیرینانه‌ ده‌كات كه‌ باڵی یاخیبووی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكرتی كوردستان له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ماوه‌ت له‌ دژی مسته‌فا بارزانی په‌نایان بۆ بردووه‌، ئادامسن له‌سه‌ر زاری عه‌لی شنگالی كه‌ ئه‌و كات به‌رپرسی لقێكی پارتی دیموكراتی كوردستان بووه‌ و باڵی یاخیبووی مه‌كته‌بی سیاسی بانگهێشتیان كردبوو بۆ ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ به‌یاننامه‌یه‌ك سه‌رۆكایه‌تی پارتی و شۆڕش له‌ مسته‌فا بازرانی وه‌ربگرنه‌وه‌، له‌و كێتبه‌دا نووسیویه‌تی و ده‌ڵێت: "عه‌لی شنگالی پێیوتم: له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ماوه‌ت داوایان لێكردم منیش ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌ ئیمزا بكه‌م كه‌ دژی مسته‌فا بارزانی نووسیبوویان، منیش پێمگوتن: هۆكاری ده‌ركردنی ئه‌م به‌یاننامه‌یه‌ دژی مسته‌فا بارزانی چییه‌؟ ئه‌وان گوتیان: مه‌لا مسته‌فا كوردستانی فرۆشتووه‌ و هێزی پێشمه‌رگه‌ هه‌ڵده‌وه‌شێنته‌وه‌ و ته‌سلیمی حكومه‌تی عێراق ده‌بێته‌وه‌. منیش لێم پرسین: له‌سه‌ر ئه‌م پرسه‌ قسه‌تان له‌گه‌ڵ مسته‌فا بارزانی كردووه‌؟ له‌ وه‌ڵامدا گوتیان: نه‌خێر، پێویست ناكات قسه‌ی له‌گه‌ڵ بكه‌ین. بۆیه‌ منیش پێموتن: من ده‌چمه‌ لای مسته‌فا بارزانی ئه‌گه‌ر ئه‌و نییه‌ته‌ی هه‌بوو، ئه‌وا منیش دێمه‌وه‌. كاتێك چوومه‌ لای مسته‌فا بارزانی و لێم پرسی: ئایا به‌ڕاست ئه‌و قسانه‌ی باڵی مه‌كته‌بی سیاسی ده‌یكه‌ن راسته‌ و به‌نیازیت پێشمه‌رگه‌ هه‌ڵبوه‌شێنیته‌وه‌؟ جه‌نابی مسته‌فا بارزانی پێی گوتم: عه‌لی تۆ باوه‌ڕ ده‌كه‌ی، شتێك خۆم دروستم كردبێت، به‌ ده‌ستی خۆم هه‌ڵیبوه‌شێنمه‌وه‌؟ بۆیه‌ منیش بۆم ده‌ركه‌وت، ئه‌وه‌ی باڵی مه‌كته‌بی سیاسی ده‌یڵێت، هه‌مووی قسه‌ی درۆ و هه‌ڵبه‌ستراو بوون و له‌ به‌ر ئه‌وه‌ی چاویان به‌ شكۆ و پێگه‌ی جه‌نابی مسته‌فا بارزانی هه‌ڵنه‌ده‌هات، بۆیه‌ په‌نایان بۆ ئه‌و قسه‌ سووك و ناشیرینانه‌ بردبوو."
ئه‌گه‌ر هه‌ڵوه‌سته‌ له‌سه‌ر ئه‌م شاهیدییه‌ مێژووییه‌ی ئادامسن بده‌ین و ورتر له‌ سه‌ری هه‌ڵوه‌سته‌ بكه‌ین، ئه‌وا راشكاوانه‌ ئه‌و راستییه‌مان پێده‌ڵێت، كه‌ ده‌رگای باره‌گای مسته‌فا بارزانی كراوه‌ بووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ دیالۆگ ئه‌و كێشه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی فیتنه‌ و قسه‌ی سووك و جنێودان جێگه‌ی دیالۆگ و چاره‌سه‌ری سیاسی گرته‌وه‌، به‌ هه‌رحاڵ دوای دروستكردنی ئه‌و فیتنه‌یه‌ له‌ ساڵی 1964، به‌شێك له‌ ئه‌ندامانی باڵی مه‌كته‌بی سیاسی به‌ خۆیاندا چوونه‌وه‌ و گه‌یشتنه‌ قه‌ناعه‌ت كه‌ ئه‌وه‌ی پێشتر دژی مسته‌فا بارزانی كردوویانه‌، هه‌مووی بوختان و درۆ و ده‌له‌سه‌ بووه‌، به‌شێكی دیكه‌شیان له‌ دوای رێككه‌وتنی ئاداری 1970 گه‌ڕانه‌وه‌ لای مسته‌فا بارزانی و به‌ ده‌نگی تۆماركراوی خۆیان ئه‌و شاهیدییه‌ ده‌ده‌ن، كه‌ ئه‌وه‌ی دژی مسته‌فا بارزانی كردیان، ئه‌وه‌ نه‌ سیاسه‌ت بووه‌ و نه‌ كوردایه‌تی بووه‌. جه‌نابی سه‌رۆك مام جه‌لال له‌ دیمانه‌یه‌كی گۆڤاری گوڵاندا كه‌ له‌ ئۆكتۆبه‌ری 2010 له‌ به‌غدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێزی ئه‌نجاممان دا، خۆزگه‌ی بۆ ئه‌وه‌ ده‌خواست ئه‌و ته‌بایی و برایه‌تییه‌ی له‌گه‌ڵ جه‌نابی بارزانی نه‌مر هه‌یبووه‌، تیكنه‌چووبایه‌ و پێیگوتین: "من به‌ش به‌ حاڵی خۆم یه‌كێك له‌ سه‌روه‌رییه‌كانی ژیانی خۆم به‌وه‌ ده‌زانم كه‌ توانیومه‌ له‌گه‌ڵ كاك مسعود له‌ سه‌ر هه‌موو شتێك ته‌با بین و رێكبكه‌وین، زۆرجار ده‌ڵێم خۆزیا ئه‌و ته‌باییه‌ی وه‌ختی خۆی له‌گه‌ڵ بارزانی نه‌مریش هه‌مبوو، تێكنه‌چووبا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئێستا كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ نێوانی جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی و به‌نده‌ی موخلیستان، باوه‌ڕبكه‌ن جۆره‌ پێكهاتنێكی ستراتیژی توندوتۆڵی وا قایمه‌ كه‌ هیچ بوومه‌له‌رزه‌یه‌ك نایهه‌ژێنێت. ئه‌وه‌ خێری كوردی تێدایه‌، خێری گه‌لی كوردی تێدایه‌، خێری نه‌ته‌وه‌ی كوردی تێدایه‌. من هه‌موو جارێك كه‌ ورده‌مه‌سه‌له‌ دێته‌پێشه‌وه‌، یان ورده‌ گیروگرفت له‌ نێوان پارتی و یه‌كێتی دێته‌پێشه‌وه‌، له‌ناو برایانی یه‌كێتیدا ده‌ڵێم بیر له‌وه‌ بكه‌نه‌وه‌ ئه‌و ته‌بایی و برایه‌تیه‌ی نێوان من و كاك مسعود و نێوان پارتی و یه‌كێتی، چ خێرێكی بۆ كورد هه‌بووه‌ و پێچه‌وانه‌كه‌ی چ زه‌ره‌رێكی بۆ كورد هه‌بووه‌، بۆیه‌ حه‌زده‌كه‌م به‌ سه‌ربه‌ستی ئه‌و راستییه‌ بڵێم، پشتیوانی كاك مسعود بۆ من سه‌دی سه‌ده‌، هی منیش بۆ ئه‌و سه‌دی سه‌ده‌، واته‌ له‌99%یش زیاتره‌، من حه‌زده‌كه‌م شتێكتان پێبڵێم و جارێكی دیكه‌ش وتوومه‌، باوه‌ڕبكه‌ن من ئاگام لێ نه‌بووه‌ كه‌ كاك مسعود منی كاندید كردووه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تی كۆمار، هه‌تا ئیلحاحی كرد. لێره‌دا ده‌مه‌وێت نهێنییه‌كتان بۆ ئاشكرا بكه‌م، گیروگرفتێك هه‌بوو له‌ نێوانی پارتی و یه‌كێتیدا، كاك مسعود وتی: (من هه‌قم به‌سه‌ر ئه‌و گیروگرفته‌وه‌ نییه‌ و هه‌ر مام جه‌لال كاندید ده‌كه‌م بۆ سه‌رۆكایه‌تی كۆماری عێراق و من هه‌ر پشتیوانی ئه‌و ده‌كه‌م)، هه‌ر بۆیه‌ من حه‌زده‌كه‌م ئێوه‌ش و خه‌ڵكی كوردستانیش بزانن، كه‌ نێوانی من و كاك مسعود زۆر باش و پته‌وه‌، له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستكه‌وته‌كانی گه‌ل و له‌ سه‌ر بنه‌مای بیروباوه‌ڕی یه‌كێتی ره‌ئی و هه‌ڵوێستمان له‌ سه‌ر مه‌سه‌له‌كان دامه‌زراوه‌." له‌مه‌ش زیاتر سه‌رۆك مام جلال پێی گوتین: "من رێككه‌وتنی ستراتیژی نێوان پارتی و یه‌كێتی به‌ موقه‌ده‌س ده‌زانم، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خێری كوردی تێدایه‌.:
ئه‌گه‌ر به‌ وردی سه‌رنج له‌ قسه‌كانی سه‌رۆك مام جه‌لال بده‌ین، به‌ ئاشكرا هه‌ست ده‌كه‌ین جه‌نابیان تێكچوونی نێوان خۆی و جه‌نابی بارزانی نه‌مری وه‌ك فیتنه‌ و ئاژاوه‌ بۆ كوردستان وه‌سفكردووه‌، بۆیه‌ وه‌ك خۆی ده‌ڵێت: "یه‌كێك له‌ سه‌روه‌رییه‌كانی ژیانم به‌وه‌ ده‌زانم كه‌ توانیومه‌ له‌گه‌ڵ كاك مسعود له‌ سه‌ر هه‌موو شتێك ته‌با بین." ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه‌ جه‌نابی مام جه‌لال ئه‌وه‌مان پێده‌ڵێت، ئه‌گه‌ر ئه‌و كاتیش ده‌رگای دیالۆگ و سیاسه‌ت دانه‌خرایه‌، ئه‌وا رێككه‌وتن به‌ زمانی سیاسه‌ت و دیالۆگ له‌گه‌ڵ بارزانی نه‌مر ئاسان بووه‌، به‌ڵام كه‌ ئه‌و ده‌رگایه‌ داخرا، فیتنه‌ و ئاژاوه‌ یه‌خه‌ی كوردستانی گرتووه‌. بۆیه‌ له‌ قسه‌كانیدا جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ ده‌بێت زه‌مینه‌ خۆشكردن بۆ فیتنه‌ و ئاژاوه‌گێڕی له‌ كوردستاندا كۆتایی بێت، هه‌روه‌ها جه‌خت له‌ سه‌ر ته‌بایی و برایه‌تی نێوان خۆی و سه‌رۆك مسعود بارزانی ده‌كاته‌وه‌، به‌وه‌ی ته‌نیا رێگه‌یه‌ بۆ خێری كورد.
به‌ درێژایی ئه‌م مێژووه‌ له‌ناو هه‌موو حزبه‌كانی كوردستان و له‌ نێوان هه‌موو حزبه‌ سیاسییه‌كانی كوردستاندا كێشه‌ و ململانێی و ته‌نانه‌ت شه‌ڕكردنیش هه‌بووه‌، به‌ڵام پاش ماوه‌یه‌ك لاپه‌ڕه‌یه‌كی تازه‌ هه‌ڵدراوه‌ته‌وه‌ و ته‌بایی و برایه‌تی باڵی به‌ سه‌ر نێوماڵی كورد و كوردستاندا كێشاوه‌ته‌وه‌، ته‌نیا كه‌سێك كه‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌م 52 ساڵه‌دا گۆڕانكاری به‌ سه‌ر ئه‌قڵ و بیركردنه‌وه‌یدا نه‌هاتووه‌ و ئێستا به‌ میتۆدی 50 ساڵ له‌مه‌وپێش كارخانه‌یه‌كی دروست كردووه‌ كه‌ رۆژانه‌ هه‌زار قسه‌ی سووك و جنێو و ناشیرینكردنی به‌رامبه‌ر به‌رهه‌م ده‌هێنێت، شه‌خسی نه‌وشیروان مسته‌فایه‌، ئه‌م كه‌سه‌ ماوه‌ی زیاتر له‌ 50 ساڵه‌ خه‌ریكی ئه‌وه‌یه‌ به‌ به‌رهه‌مهێنانی جنێو و قسه‌ی سووك و ناشیرین، شێتك دروست بكات كه‌ جێگه‌ی سیاسه‌ت بگرێته‌وه‌، هه‌وڵده‌دات به‌ هیچ جۆرێك رێز و حورمه‌ت له‌ نێوان حزبه‌كان و سه‌ركرده‌ی حزبه‌كانی كوردستان نه‌مێنێت، بۆیه‌ ئێستا كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ چیتر وه‌ڵامی جنێو و قسه‌ سووكه‌كانی نه‌وشیروان مسته‌فا نه‌درێته‌وه‌ و ئه‌و پرسیاره‌ له‌ خه‌ڵك بكه‌ین كه‌ ئایا به‌رهه‌مهێنانی قسه‌ی سووك و جنێو جێگه‌ی دیالۆگ و لێكتێگه‌یشتن ده‌گرێته‌وه‌؟ هه‌روه‌ها ده‌بێت هه‌ڵمه‌تێك ده‌ستپێبكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی كه‌لتووری جنێودان و قسه‌ی سووك له‌ سیاسه‌تدا ریسوا بكه‌ین.
Top