سەرۆك بارزانی رابەرایەتی سەربەخۆییخوازان دەكات

سەرۆك بارزانی رابەرایەتی سەربەخۆییخوازان دەكات
بۆ یەكلاكردنەوەی پرسی پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان، بە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمیش، لەگەڵ بەغدا، سەرۆك بارزانی، داوایكردووە ریفراندۆم بكرێ و خەڵكی كوردستان خۆیان بڕیار بدەن كە ئایا دەیانەوێ لەگەڵ ئەم عێراقەدا بمێنن، كە سەد ساڵ زیاترە زۆرترین زوڵم و ناهەقی بەرامبەر كردوون تا رادەی جینۆساید و ئەنفالكردن و كیمیابارنكردن و بڕینی قووتی میللەتێك و قبووڵنەكردنی شەراكەت لە دەوڵەتێكدا، یان نەمێنن.
بۆ یەكلاكردنەوەی پرسی سستمی سیاسی لە هەرێمی كوردستاندا، بەتایبەتی پەیوەندیدار بە پۆستی سەرۆكی هەرێم و دەسەڵاتەكانییەوە، سەرۆك بارزانی داوایكردووە ریفراندۆم بكرێ و خەڵكی كوردستان خۆی بڕیار بدات كە ئایا دەیەوێ خۆی بە دەنگدان سەرۆكی هەرێم هەڵبژێرێ یان وەكالەت بدات بە پەرلەمان، كە لە بری ئەو بۆی هەڵبژێرێ. ئەم ئیرادەیە رێزی لێ بگیرێ و پەیڕەو بكرێ و بخرێتە ناو دەستووری هەرێمی كوردستانەوە.
بۆ ئەم دوو پرۆسەیە، سەرۆك بارزانی، داوایكردووە لیژنەیەكی هاوبەشی حزبە كوردستانییەكان و پەرلەمان و حكوومەت و نوێنەرانی هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینی و ئایینزاكانی كوردستان، بە بەشداری و هاوكاریی راوێژكارانەی پسپۆرانی یاسایی و دەستووریی پێكبهێنرێ و كار ئاسانی بكەن بۆ كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان تا پێویستییە هونەرییەكان دابین بكرێن بۆ ریفراندۆم. شابەشانی ئەوانەیش ئەم لیژنەیە پەیوەندی بكات بە بەغدا و وڵاتانی هاوسێ و جیهانەوە بۆ روونكردنەوەی پرسەكان و كۆكردنەوەی زۆرترین دۆست لە دەوری ئەم ئاوات و بەرنامەیە.
ئەم دوو پرسە، پرسی نیشتمانی چارەنووسسازن، كە هەموو رابردووی گەلی كوردستان و قوربانییەكانی لە گشت شۆڕشەكانیدا پێوە گرێدراوە. پاداشتدانەوەی خوێنی شەهیدان و ئازایەتی پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستانن كە ئەمڕۆ رووبەڕووی دڕندەترین دەوڵەتی تیرۆریست و هاوكارەكانی بوونەتەوە. دامەزراندنی بناغەیەكی تۆكمەن بۆ ئایندەی ئەم وڵاتە.
ئەم دوو پرسە لە هەموو بۆنەیەكدا، لە زوربەی لێدوان و چاوپێكەوتنە مێدیاییەكان و كۆبوونەوە فراوان و تاك تاكەكانی سەرۆك بارزانی لەگەڵ حزبە كوردستانییەكان و دۆستان و میوانان لە وڵاتانی جیهان چەندین جار دووپاتكراونەتەوە و وەكو بەرنامەی پلە یەكی جەنابیان كاری بۆ كراوە.
واتە سەرۆك بارزانی ئاواتی سەربەخۆییە. سەربەخۆیی بۆ وڵاتێك كە سستمی سیاسی بنكە بەهێز و ئابووری تۆكمە و تەبایی كۆمەڵایەتی تێدا فەراهەم بێ و لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش و ئاشتەوایی و دۆستاییەتی لەگەڵ دراوسێكانی و وڵاتانی جیهاندا هەبێ. ئەم ئاواتەیشی ئیرادەیەكی تاكڕەوانە نییە و پشتئەستوورە بە ئیرادەی خەڵكی كوردستان كە لە رێی ریفرادۆمەوە بەشداری راستەوخۆ لە بەدیهێنانیدا دەكەن.
2016-06-19
رۆژنامه‌ی هه‌ولێر
Top