چه ند هه نگاويك بۆ دواوه

چه ند هه نگاويك بۆ دواوه
لە كاتێكدا هەرێمی كوردستان تا دێت لەلای جیهان و هاوپەیمانان پێگەی بەهێزتر دەبێت و لەمەیدانی جەنگیشدا پاشەكشە بە داعش دەكات و سەركەوتنی بەرچاو بەدیدەهێنێت كەچی لەناوخۆدا ئاڵۆزی سیاسی زیاد دەكات و هەڵوێستی سەیر و نامۆ لەلایەن هەندێك لایەن و هەندێك بەرپرسەوە دەنوێنرێت.
فەرموون ئەوەتا ئێستا بانگەشە بۆ بەهەرێمكردنی كەركووك دەكرێت وەك هەرێمێكی سەربەخۆ ئەمە لەكاتێكدا كەركووك بەپێی هەموو بەڵگەنامە باوەڕپێكراوەكان شارێكی كوردستانیەو لەناو جەرگەی هەرێمی كوردستان دایەو بەپێی سەرژمێرەكانی سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق و تا سەرژمێری ساڵی 1957 كورد زۆرینە بووە لە كەركووك و نەتەوەكانی تر، بەتایبەتی عەرەب، زۆر كەمتر بووە لە هەمووان، هەرچەند ئەم ڕێژانە گۆڕانكاری، لەمەودوا، بەسەرداهات، ئەویش بەهۆی سیاسەتی تەعریبی حكوومەتە سەربازییەكانی عێراق و تا هاتنی حزبی بەعس و گەیشتنی بەدەسەڵات پڕۆسەی تەعریب گەیشتە لوتكە و هەزاران دۆنم زەویوزار لە كورد زەوتكراو ڕادەستی عەرەبی هاوردەكراو بەوپێیەش بەڵانسی ڕێژەی كورد لەنێو شاردا دابەزی، هەرچەند ئەم ڕێژەیە پاش رووخانی ڕژێمی سەدام باشتربوو، بەڵام سیاسەتی تەعریب ئەمجارە لەژێر پەردەی ئاوارەدا جارێكی تر خەریكە ئەو بەڵانسە تێك بداتەوە.
كەركووك كە بارزانیی نەمر بەدڵی كوردستانی بەراورد دەكرد، ئێستا خەریكە جارێكی تر بە هۆی سیاسەتی نادروستەوە خەریكە لەژێر پەردەی بەهەرێمكردنیدا لە كوردستانی دایك دووربخرێتەوە و تووشی ئایندەیەكی نادیاربكرێ، بۆیە پێویستە ئەو پێشنیار و بۆچوونانەی هەوڵ بۆ ئەو پڕۆسەیە دەدات بەتوندی بەرەنگاری ببینەوە و نەهێڵین لەژێر هەر پاساو و تێڕوانینێكداو ئەو جۆرە بیرۆكەیە سەربگرێت و مۆڵەتی پێبدرێ.
خۆشبەختانە مەكتەبی سیاسی برایانی یەكێتی نیشتمانی هەڵوێستێكی بنبڕیان لەو بیرۆكەیە كە لەڕاستیدا و لە بنەڕەتدا بیرۆكەی كانتۆنچێتیە وەرگرت و بەكۆی دەنگ دژی وەستانەوە.
ئەمە لەلایەك لەلایەكی تریشەوە بانگەشەی لامەركەزی بۆ سلێمانی دەكرێت كە ئەویش هەر لەبنەڕەتدا كانتۆنچێتییە و پێویستە ئەویش هەروەك بابەتی كەركووك ڕەتبكرێتەوە، چونكە سلێمانیش شارێكی دێرینی كوردستانەو نابێ لەژێر پاساوی بێ بنەمادا لە هەرێمی كوردستان دابڕێندرێ ئەگەرچی پێویستیشە ڕەچاوی تایبەتمەندی هەموو شارێك لە هەرێمدا بكرێ، بەڵام نەك بەسیفەتی لامەركەزی. لامەركەزی داوای سەرەتای شۆڕشی ئەیلوول بوو لەحكوومەتی عێراق بۆ پێدانی ستاتۆیەكی تایبەت بە گەلی كورد چونكە حكوومەتە یەك لەدوای یەكەكانی بەغدا هیچ ڕەچاوی تایبەتمەندی كوردستان و داواو پێویستییەكانی نەدەكرد و بەپێچەوانەوە بە ئاگر و ئاسن ڕەفتاری لەگەڵ دەكرد.
بەڵام ئەم حكومەتە، حكومەتی هەرێم، حكومەتی هەموو لایەكمانە و لە ئەنجامی هەڵبژاردن و ڕێكەوتنی سیاسی لایەنەكان دامەزراوە ئیدی داوای لامەركەزی چ مانایەك دەبەخشێت، بۆیە ئەوە ئەركی سەرەكی برادەرانی یەكێتی نیشتمانییە كە خۆیان بەشداری سەرەكی حكومەتن بەرەنگاری ئەو بیرۆكەیەش ببنەوە. دەنا ئەو جۆرە هەنگاوانە هەنگاون بۆ پاشەوە.
Top