خاڵە رەشەكانی ناو گوتاری رووكەشیی بزووتنەوەی گۆڕان و نەوشیروان مستەفا
June 17, 2016
وتار و بیروڕا
لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا، كاری بەرهەمهێنانی وشەی سووك و جنێودان بووە، لەمەش زیاتر ئەم بەرهەمەی قسەی سووك و جنێودانە، لە زۆنی كۆمپانیای وشەی پێشوو، یان بزووتنەوەی گۆڕانی ئێستادا، كە نەوشیروان گردەكەی كردبووە معەسكەر تەدریب بۆ چۆنیەتی بەكارهێنانی ئەم جنێۆ و قسە سوكانە و مەشق و راهێنانێكی زۆر چڕی بە هەڵسووڕاوانی ئەم بزووتنەوەیە دەكرد، بۆ ئەوەی فێربن چۆن ئەم وشە سووك و جنێوانە بە وەستایی بەكار بهێنن و چۆن داهێنان لە وشەی سووك و جنێوداندا دروست دەكەن، دیارە ئەو هەڵسووڕاوانەی مەشق و راهێنانی تەواویان لەسەر بەكارهێنان و داهێنان لەم وشە و جنێوانە كردووە، دەبنە پاڵنەر و هاندەر بۆ بەرهەمهێنانی رق و كینە، بۆ ئەوەی ئەم وشە و جنێوانە لای هەرزەكاران بكەنە كار و كردەوە بۆ بەرهەمهێنانی ئاژاوە و توندوتیژی! لەمەش زیاتر چۆن بازنەی رق و كینە لە زۆنی گردەكەوە فراوان دەكرێت بۆ ناو كۆمەڵگە و تیكدانی ئاشتی كۆمەڵایەتی لە كوردستاندا ، هەموو ئەمانەش لە ژێر ناوی ئازادی رادەربڕین پیادەدەكەن، بە ئارەزووی خۆیان یاری بە چەمكی ئاسایشی نیشتمانی و ، دەرهێنانی ئازادی رادەربڕین لە چوارچێوەی سنوورداركردنی یاسا و ، بێبایەخكردنی چەمكی دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان دەكەن، هەروەها هەوڵدان بۆ یاریكردن بە چەمكەكانی دادپەروەریی كۆمەڵایەتی ، بانگەشەكردن بۆ دیموكراتی و هەوڵدان بۆ پەكخستنی دامەزاروەكانی سیستمە دیموكراتییەكە، یاریكردن بە دیاردەی گەندەڵی و رێگەگرتن لە پرۆسەی چاكسازی و، دەرهێنانی میدیا وەك توخمی سەرەكی و بەشێك لە دەسەڵات لە سیستمی دیموكراتیدا، بۆ میدیایەك كە هەموو كاری ئەوە بێت سیستمە دیموكراتییەكە بڕووخێنێت، ئەمانە كۆبەرهەمی كارگە، یان كۆمپانیای وشە بوون كە لەماوەی 10 ساڵی رابردوودا بەرهەمی هێناون بۆ رێكخستنی فیتنە لە كوردستاندا. پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا هەموو ئەمانە چیمان پێدەڵێن و چیمان لێدەشارنەوە؟ دیارە بۆ وەڵامی ئەم پرسیارەش دەبێ دیوە شارەوەكەی ئەم گوتارە بخوێنینەوە و بزانبن ئەم گوتارە چۆن دروستكراوە و ئامانج لەم گوتارە چیە، لەم راستەدا
ئەوەی لە گوتاری سیاسیی بزووتنەوەی گۆڕاندا وەك خاڵێكی ڕەش بەردەوام دەشاردرێتەوە، بریتییە لە پەروەردەكردنی رق و كینە، ئەم رق و كینەیە بەرامبەر لایەنێكی دیاریكراو نییە، بەڵكو بەرامبەر بە هەر لایەنێكە كە ئەو بزووتنەوەیە و شەخسی نەوشیروان مستەفا لە چوارچێوەی كاری فرەلایەنی و سیستمی دیموكراتیدا نەتوانێت بە شێوەیەكی ئازاد و دیموكراتییانە ململانێی بكات.
خاڵێكی دیكەی رەش لەناو گوتاری گۆڕاندا، باوەر نەبوونیەتی بە سیستمی لیبڕاڵ دیموكراتی، واتە باوەڕی بەوە نییە دیموكراتی بە شێوەی دامەزراوەیی و لە چوارچێوەی سیستمێكدا هەڵبسووڕێت، بۆیە ئەم بزووتنەوەیە و تەواوی ئەو بزووتنەوانەی دیكەش كە وەك گۆڕان بیر دەكەنەوە، هەوڵدەدەن، سیستمی لیبڕاڵی و دیموكراتی لە یەكتری جیابكەنەوە، بێگومان لیبڕاڵیزم واتە كۆمەڵگەی سەروەریی یاسا، واتە رێكخستنی ئازادییەكان لە چوارچێوەی یاسادا، بۆیە كاتێك ئەم دوو چەمكە دیموكراتی و لیبڕاڵیزم لە یەكتری جیادەكاتەوە، ئەوا زمانی دیموكراتی لە زمانی مافەوە دەگۆڕێت بۆ زمانی پابەندبوون و ملكەچبوون، بزووتنەوەی گۆڕان لەم خاڵەدا بە تەواوەتی لەگەڵ حزبە ئیسلامییەكان بەهەموو ئاراستەكانی میانڕەو و توندڕەوەوە یەكدەگرێتەوە.
بانگەشەكردنی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ بەشداری لە دەسەڵات و «چوار ساڵی ئارامی»، وایكرد پارتی بگاتە ئەو قەناعەتەی كە ئەمەش لەگەڵ گۆڕان تاقی بكرێتەوە، بەڵام وەك دەركەوت، بزووتنەوەی گۆڕان نەك هەر نەیتوانی «چوار ساڵ ئارامی» رابگرێت، بەڵكو وێڕای ئەو هەموو قەیرانانەی كە شەڕ و ئابووری و بودجەبڕان لەسەر كوردستان دروستیكرد، نائارامییەكی خولقاند كە داعش پیرۆزبایی لێ بكات! ئەگەر لۆژیكی سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان نەبوایە، كوردستان نەك هەر سەقامگیری تێدا نەدەما، بەڵكو كوردستان و ئەزموونەكەی وەك دیارییەكی بەلاش پێشكەشی تیرۆریستانی داعش دەكرا.
سەرانی بزووتنەوەی گۆڕان زۆر باسی یاسا و دیموكراتی دەكەن، بەڵام ئەم بزووتنەوە سەیرە و ریكخەرە سەر لێشواوەكەی ، نە بروای بەسەروەری یاسا هەیە، نە ئەوەندەش بویرە كە داواكاری گشتی لەسەر قسەی تۆماركراو بە دەنگی خۆی داوای یاسایی لەسەر تۆماركردووە، بچێتە بەردەم دادگا، لەمەش زیاتر ئێستا دەیەوێت بۆ رزگار بوونی لەدەستی یاسا و دادگاكانی كوردستان، فیتنەو ئاژاوەیەكی گەورە لە كوردستان دورست بكات و جارێكی دیكە كوردستان دابەش بكات و دوو ئیدارەیی زیندوو بكاتەوە.