سه ركردايه تى ها وبه ش
June 15, 2016
وتار و بیروڕا
بەڵام هەوڵەكانی گۆڕان لەپەرلەماندا بۆ گۆڕینی سیستەمی سیاسی و هەمواركردنەوەی دەستوور بەئارەزووی ئەوان سەركەوتوو نەبوو، بۆیە ئیدی گۆڕان لەو راستیە گەیشت كە بەتەنها ناتوانێت ئەوكارە بكات گەر بەتەواوی نەچێتە ژێر چەتری یەكێتی و سیاسەتی خۆی لەگەڵ ئەوان یەك نەخات. ئێستاش كە سەركردایەتی هاوبەش دروستكراوە بانگەشەی ئەوە دەكرێت كە سیاسەتەكانیان چ لەپەرلەمان و چ لەبڕیاری سیاسیدا یەكدەخەن، مەبەستی سەرەكی هەر ئەوەیە كەدەیانەوێت وەك خۆیان دەڵێن بەشەرعی و سیاسی سیستەمی سیاسی لەهەرێمدا بگۆڕن و پۆستی سەرۆكی هەرێم لەهێزو توانا بێبەش بكەن و رۆڵی نەهێڵن. گۆڕان دەمێكە گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی كە بەتەنها ئەو كارەی بۆ ناچێتە سەر و ئەو گۆڕانەی بەڵێنی دابوو لەسیستەمی سیاسیدا بیكات، بۆی نەكرا، بۆیە پەنای بردۆتە بەر یەكێتی بەڵكو بەهۆی كورسی هەردوو لاوە لەپەرلەمان كە دەكاتە 42 كورسی ئەو خەونە بەدی بهێنێت.
بەڵام دەبێ گۆڕان و ئێستاش یەكێتی ئەگەرچی دەیانەوێ و بڕیاری كاری هاوبەشیان داوە لەنێوان خۆیاندا لەو راستییە بگەن كە گۆڕینی سیستەمی سیاسی پێویستی بەڕای زۆرینەی تێكڕای دانیشتوانی هەرێمە و نابێت ئەو مافە لەخەڵك زەوت بكرێت و بەتەنها چەند فراكسیۆنێك لەپەرلەمان بڕیاری لەسەر بدات، چونكە كاری سیاسی لەم چەند ساڵەی دواییدا لەسەر بنەمای تەوافق بەڕێوەچووە و ئەمن و ئاسایشی ناوخۆشی دابینكردووە، ئەمەش لەخۆڕا نەهاتووە و لەئەنجامی ئەزمونێكی دوور و درێژ و لەمەودواش لەڕێگەی رێككەوتننامەی ستراتیژییەوە دەستەبەر بووە و تێكدان و شێواندنی ئەو ڕاستییەش ئاكامەكەی مەترسیدار دەبێت و تەنها زەرەرمەندیش گەلەكەمان دەبێت كە ئێستا لەشەڕێكی چارەنووسسازدایە لەگەڵ داعش و بۆتە خاوەن پێگەیەكی دیار لەنێو وڵاتانی هاوپەیماندا و سەنگ و بایەخی تایبەتی خۆی هەیە.
رێككەوتنی نێوان ئەو دوو لایەنەو پێكهێنانی سەركردایەتی هاوبەش ئەو كارەی خۆیانە، بەڵام هەوڵ بدرێ -وەك هەستی پێ دەكرێت- بۆ گۆڕینی تەرازووی هێزو سیستەمی سیاسی و زەمینەسازی بۆ دوو ئیدارەیی بێت لە پشێوی و شێواندنی ژیانی دانیشتووانی و لاوازكردنی پێگەی هەرێم زیاتری لێ شین نابێت.