فیتنەیەك یەخەی كوردستان دەگریت.. ناكرێت پارتی تاسەر هەر بیدەنگ بیت

فیتنەیەك یەخەی كوردستان دەگریت.. ناكرێت پارتی تاسەر هەر بیدەنگ بیت
پارتی دیموكراتی كوردستان زۆر هەوڵیدا كێشە ناوخۆیی نێوان حزبە سیاسیەكان بە دیالۆگ و سازانی نیشتمانی چارەسەربكرێن، بەڵام پێدەچیت سیاسەت گەیشتۆتە بنبەست و عینادی گۆڕان و رێكخەرەكەی بۆ سەپاندنی مەرج بەسەر پارتیدا .. سیاسەتی بێ مانا كردبێت. لەناو پرۆسەی سیاسیشدا كاتێك سیاسەت دەبێتە توخمێكی بێ مانا و ناتوانێت رۆڵی خۆی لەچارەسەكردنی كێشەكاندا بگێرێت، ئەوا دەبێت میكانیزمی دیكە بدۆرزێتەوە بۆ ئەوەی كێشەكانی پێ چارەسەر بكرێت.
ئەو دەهۆڵە سیاسیەی كە ئێستا لە دەڤەری سلێمانیەوە لەدژی پارتی دەكوترێت، بەوەی حكومەت.. حكومەتی پارتی یە و پارتی بەتەنها مووچەی خەڵك دەبڕێت و خەڵكی برسی دەكات و ، حزبە هاوبەشەكانی ناو حكومەت و جێگری سەرۆكی حكومەتیش كە یەكێتی یە بەرامبەر ئەم دەهۆڵ كوتانە بێدەنگە ، ئیدی ئەمە مانای ئەوەیە زەمینە بۆ فیتنەیەك ریكدەخرێت كە بمانەوێت یان نەمانەوێت یەخەی كوردستان دەكرێت، یارییەكی ترسناكە بۆ ئەوەی ئەم دەرفەتە مێژووییەی بۆ نەتەوەكەمان هاتۆتە پێشەوە لەبار ببرێت.
بۆ ئەوەی رێگە لەم فیتنیەیە بگیرێت كە نەوشیروان مستەفا داینەمۆی سەرەكیەتی ، دەبێت پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو راستیانە بۆ خەڵكی كوردستان بەگشتی و خەڵكی دەڤەری سلێمانی و گەرمیان رونبكاتەوە، بە ئاشكرا ئەو رێژانە بڵاو بكاتەوە كە هەتا سەرەتای ساڵی 2014 كە بووجەی هەرێم لە بەغداوە دەهات ،بوودجەی دەڤەری سلێمانی لە دەڤەری سلێمانی لە پشكی 17% بودجەی هەرێمی كوردستان چەند بووە و ئەوەش روونبكاتەوە دەسەڵاتی خەرجكردنی ئەو بودجەیە لای كێ بووە؟ ، بۆ ئەمەش ئاشكرایە رێژەكە 47% ی بۆ دەڤەری سلێمانی و 53% بۆ هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆك بووە، لەمەش گرنگتر ئەوەیە دەبێت پەرلەمانتارانی ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان راشكاوانە ئەوە روونبكەنەوە ، لە ساڵی 2014 و 2015 و 2016، ئەگەر حكومەت توانیوویەتی بودجە دابنێت و دای نەناوە، ئەوا دەبێت هەموو فراكسێۆنەكان داوایەك ئاراستەی داواكاری گشتی بكەن بۆ ئەوەی داوا لەسەر وەزیری ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان ( كە پشكی گۆڕان بووە) تۆمار بكات و لێی بپرسێت ، كە وەزارەتی دارایی توانای هەبووە بودجە دابڕێژێت بۆچی دای نەرشتووە؟
یاریكردنی نەوشیروان مستەفا بە قەیرانی دارایی و خراپی بژێوی خەڵكی كوردستان ، كارێكە قابیلی قبوڵ كردن نیە، دەبێت ئەو پەردەیە لەسەر ئەو دروشمە دیماگۆگیە هەڵبماڵرێت كە دەیەوێت دەڤەری سلێمانی لە كوردستان جیابكاتەوە و جارێكی دیكە كوردستان دابەش بكاتەوە. ئەگەر ئەم پرسەش گەمە كردن نیە بە قەیرانی ئابوری و بژێۆی خەڵكی كوردستان، ئەوا دەبێت بزووتنەوەی گۆڕان لە رێگەی وەزیری داراییەكەی خۆیەوە راستیەكان بۆ خەڵك روونبكاتەوەو ، ئەگەر توانی بیسەلمێنێت كە داهاتی كوردستان هەمووی لای پارتی یەو پارتی هۆكاری سەرەكی قەیرانی دارایی و داواكەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستانە، ئەوا دەكرێت فراكسێۆنی گۆڕان لە رێگەی داواكاری گشتیەوە داوای فەرمی لەسەر پارتی دیموكراتی كوردستان تۆمار بكات، هەروەك چۆن پارتی داوای یاسایی لە رێگای داواكاری گشتی یەوە لەسەر نەوشیروان مستەفا تۆمار كردووە، بەڵام ئەگەر ئەمەش ناكات، ئەوا ئیتر پارتی دیموكراتی كوردستان نابێت لە ئاستی ئەم فیتنەو ئاژاوەگێریە بێدەنگ بێت و دەبێت خەڵكی كوردستان بەگشتی و خەڵكی دەڤەری سلێمانی بەتایبەتی لێ ئاگادار بكاتەوە.
سەبارەت بەم پرسە یەكێك لە سیاسەتمەدارە دیارەكانی كوردستان سەبارەت بە ئامانجی ئەم رێككەوتنەی گۆڕان لەگەڵ یەكێتی پێی ووتم: كادرە پێشكەتووەكانی گۆران ، ئەوەیان نەشاردۆتەوە و گووتیانە، ئێمە وەك گۆران هێزێكی جەماوەرین و یەكێتیش هێزێكی سەربازی هەیە، بۆیە كە گەیشتینە ئەو قەناعەتەی كێشەكانمان بە سیاسی بۆ چارەسەر ناكرێت، ئەوا دەبێت لەگەڵ یەكێتی رێكبكەوین و بەسەربازی یەكلایی بكەینەوە. قسەی ئەم سیاسەتمەدارە ئاشكرای دەكات، كە ئامانجی گۆران لە رێككەوتنەكەی لەگەڵ یەكێتی، تەنها بۆ ئەوەیە یەكێتی نیشتمانی بكاتە بەشێك لە كێشەی گۆڕان لەگەڵ پارتی و باردۆخەكە بەرەو ئەوە دەبات فیتنەیەكی گەورە لە كوردستان دروست بكات.
پارتی دیموكراتی كوردستان كە هەتا ئێستاش ئومێدی بەوەیە كە یەكێتی نیشتمانی كوردستان، لەرۆڵی میژووی و نیشتمانی خۆی بەردەوام بێت و ئەمجارەش نەكەوێتە ژێر سیحری پیلانەكانی نەوشیروان مستەفاوە، بەڵام ئەگەر خوانەخواستە یەكێتی نەتوانێت سنورێك بۆ ئەو دەهۆڵكوتانە سیاسیە لە دەڤەری خۆی دابنێت، ئەوا راستیەكان بۆ خەڵك ئاشكرا دەكرێن و پارتی تاسەر بە بیدەنگی نامێنێتەوەهەتا بە تەواوی پیلانی فیتنە گێڕی بۆ تێكدانی سەقامگیری كوردستان دادەرێژرێت و ئەو هەلە میژووییەی ئێستا بۆ نەتەوەكەمان هاتۆتە پێشەوە لەبار دەبرێت.
Top