نەخشە .

نەخشە .
ھەمووی وا دەستیپێكرد: پاش نیوەڕۆیەكی شەممە خێزانم كەوتبووە خۆی و دار و بەردی بەسەریەكدا دهدا. جارێ بە پرت و بۆڵە بۆلای دۆڵابی جلەكانی ملی دەنا و بە پەلە چەند كراسێكی ئاڵۆ واڵای دەردهھێنا و لەبەر ئاوێنە گەورەكە خێرا خێرا، یەك لەدوای یەك بە باڵای خۆی دهگرت و پاشان بە ناڕەزاییەوە توڕی دهدان. تاوێ پێڵاوی پاژنە بەرز و چەلێ بن تەختی تاقی دهكردەوە و دهوانیشی تاك تاك بە سەری پەنجەی پێی بە توڕەییەوە فڕێ دهدان و لە گەڵیشیدا ھەر منجهمنج و بۆڵەبۆڵیشی بوو.
من لە بەر پەنجەرەكەدا راوەستابووم و سەرنجی دیمەنەكەی بەرامبەرم دهدا، بەفرێكی خەست باریبوو. كەس بەدەرەوە نەبوو، ھیچ باڵندەیەكیش بە ئاسمانەوە بەدینەدەكرا. دنیا تێكڕا نوقمی بێدەنگی بوو. جەنگەڵەكەی بەرامبەرمان لە دوورەوە لە پەڵە ھەورێكی سپی دهچوو كە بە ھێمنی سنگی لە زەوی دهخشاند. درەختە مەخرووتییەكان لە ژێر قورسایی بەفرە ئهستوورەكەدا تەنگیان بە یەكتری ھەڵچنیبوو، سەیری تەرمۆمەتری ئهودیو پەنجەرەكەم كرد، دە ژێر سفر بوو.
ھاتمە سەر قەنەفەیەك و لێی راكشام، دەستم دایە رۆژنامەی شەممە، چاوم بە ھەواڵەكانی دەرەوەدا دهخشاند كە لەناكاودا رۆژنامەكە لە دەستم رفێندرا، خێزانم بوو، بە توڕەییەوە لوولیدا و وتی:
« شەممانیش ھەر خەریكی خوێندنەوەیت؟ بەسە ئیتر سەیری كاغەز!»
خۆی گۆڕی بوو، زۆر بەھێواشی تێم ڕوانی، لەراستیدا خۆی بە شێوەیەكی سەیر رازاندبووەوە، سووراو و سپیاوێكی خەست و خۆڵی تەڕپیرانەی بێمانای كردبوو. جووتێ گوارەی قەبە و ناقوڵا كە زیاتر لە ئهڵقەی ئاسن و تەوق دهچوون بە گوێكانیدا شۆڕ كردبوونەوە. من لای خۆمەوە ھەستم بە قورسی ئهو گوارانە دهكرد، چونكە بە ئاشكرا دیار بوو كە پەڕەی گوێكانی چۆن گوشار دهدات. لەسەرەتا دهتوانم بڵێم خەریك بوو نەیناسمەوە، ئهویش ھەر بە وردی سەیری دهكردم، لەوە دهچوو سەرنجە گێلاوییەكانم ئهوندەی تر ئاڵۆزی بكات، چونكە یەكسەر وتی:
« ئهوە چیتە؟ دهڵێی قەت نەتدیوم! بۆ وا حۆلانە سەیرم دهكەیت؟»
لای من ھیچ موناسبەیەك نەبوو كە بەو دەمەو نیوەڕۆیە كەسێ وا كاریكاتۆرییانە ئارایشی خۆی، تۆخ و خەست و زەق و بێ زەوق، بكات، بۆیە ھەروا بە سادەیی پێم وت:
« رۆژی لەدایكبوونتە؟»
ھەردوو قاچی زۆر بە توندی كێشا بە زەویی ژوورەكەدا و بە دەستی ئیشارەتی بۆ كردم ھەروەك ھەڕەشە بكات وتی:
« چەند جار پێت بڵێم. میوانین میوان، لە ماڵی ناسك و شێروان.»
ئاوا؟ ئیتر بێ سێ و دوو لە نھێنی ئهو ئاڵۆزان و شڵەژان و پەلەپەلەی تێگەیشتم، بۆیە زۆر شارەزایانە وتم:
« ئێ .. دە. بۆیە !.»
ھەمووجارێ كە بۆ ماڵی ناسك بچووینایە ئهو ئاوا تێكدهچوو، وەك مناڵێكی بچكۆلانە كە یەكەم ھەنگاوی بنێتە سەر پلیكانەی یەكەمین رۆژی قوتابخانەی، ئیتر تێكڕا حەز و شڵەژان و نیگەرانی تێكەڵ و پێكەڵ دهبوون.
بەتوندی پەلی گرتم و لەسەر قەنەفەكە رایكێشام و بەرەو دۆڵابی جلەكان كێشی كردم و بە نازەوە پێی وتم:
« تۆش دەی خێرا خۆت بگۆڕە، بەڵام تكایە مەیكە بە جاری جاران، ئهمجارە كەمێ خۆت رێكوپێك بپۆشە.»
جلەكانی بەرم ھیچ نائاسایی نەبوون، بەڵام لەو باش حاڵی بووم، حەزی دهكرد منیش وەك ئهكتەرێكی سینەما، یا ناسراوێكی تەلەفزیۆن، یا ھەر نەبێ وەك پیاوماقوڵێك، یا لە خراپترین حاڵدا وەك، رەفتار دەوڵەمەندێك، دەستی جلی سمۆکنی رەشی قەترانی شیك بپۆشم و بوینباخێكی گرانبەھای حەریری بئاڵێنمە ملم و كراسێكی سپی ئاورێشمیش – كە ھیچیانم نەبوو- لەبەر بكەم و لەسەر دەستووری مانیكێنەكان دەسڕێكی سووری گەورەش، گوڵ ئاسا، بئاخێنمە گیرفانی سەر دڵم، بەڵێ وای حەزدهكرد، بۆیە منیش زۆر بە ھێواشی پێم وت:
« حەز ناكەم بۆ ئهو ماڵانە بێم، بەڵام ئهمجارەش لەبەر تۆ ھەر دێم، بە مەرجێ بە ئارەزووی خۆم جل بپۆشم.»
لەراستیدا حەزم لە ھاتوچۆی ئهو جۆرە ماڵانە نەدهكرد، تڕزلی و دەماخ بۆشیی و سادە گەوجی و دووروویی و بێ فەرھەنگی لەھەموو ھەڵسوكەوتیاندا بە ئاشكرا رەنگ دهداتەوە. لای ئهوانە فەرھەنگ: بازنە، مەتبەخ و ملوانكە و قاپ و چەتاڵ و ئاودەستە و جموجۆڵیان – كە شێتم دهكات – ھەر ھەمووی دەستكردە. ژنەكانیان بە لووت «بەڵێ» بە لووت قسە دهكەن و لە وت ووێژدا(ڕ)ی قەڵەو – و لاواز دهكەن، تەنیا شتێ لایان كە دەتوانێ بەرگی راستی لەخۆیەوە بپێچێ. درۆیە. درۆ كە بەراستی دهیكەن.
بەڵێ. لە كات و شوێنی دیاریكراوا. وەك دهڵێن، ئامادە بووین. شێروان یەكێ بوو لەم تازە دەوڵەمەندانەو لە ھەموو رەفتاریدا تەواو پێچەوانەی چەند ساڵێكی لەمەوپێشی خۆی بوو. لە بنەڕەتدا خۆی كوڕی كابرایەكی ھەژار بوو، نامەوێ باسی كۆنی بكەم، بەڵام دەربارەی خۆی ھەر شتێ دهڵێم، چەند ساڵێ لەمەوبەر لاواز و ریوەڵە بوو، تا ئهم ژنەی ئێستاشی نەھێنابوو، ھەویری بیری بۆ بێ دەرەتانان ھەڵدهشێلا، خۆ ھەقە پیاو بڵێ، لە وەخت و ناوەختا و لە ھەموو كۆڕ و كۆمەڵێكدا، ھەستی ھەژارانەی خۆی بەسەر دەورووپشتا ھەڵدهڕژان، تا تووشی ئهم ژنەی بوو، ئیتر دەقە بە دەقە و سات بە سات، گۆڕان بەسەریا دهھات ھەر ھەفتەیەك نەم دیبایە، ھەفتەی دوای بە شێوەیەكی تر دهھاتە پێش چاوم، ھەموو شتێكی لە ئاڵوگۆڕدا بوو، لە پێشدا جلەكانی، پاشان جۆری سەرداھێنانی، دواتر شێوەی شەقاو ھەڵھێنانی و لەمەودواش ئاوازی قسەكانی. لە ئاخرین جاردا كە پێك گەیشتین زۆر بە ڕاشكاوی و بێ پێچ و پەنا، پێی وتم:
« دەلاقەیەكی گەورە لە نێوان تیۆری و واقیعدا دەبینم. مەرج نییە ھەرچی نووسرا، ئیتر دهوە خودی راستی بێ.»
من لە ماناكانی ژێرەوەی ئهو قسانەی بە باشی تێدهگەیشتم، ئهو نەیدهویست راستەوخۆ بڵێ كە بەپێی باری گیرفانی ھەڵسوكەوت دهكات و بیریش، بە زەروورەت، ئاوێنەی گیرفانە.
لە دانیشتنێكدا، بیرمە، زۆر پڕ رووانە پێی وتم:
« بەسە ئیتر باسی ھەژار ھەژار، قەوانێكی كۆن و سوواوە، ھەموو زیندەوەرێكی خاوەن ھۆش و بە سەلیقە گەر بیەوێ زۆر بە ئاسانی بە مەرامی خۆی دهگات، ھەر مرۆڤێكیش كەمێ خۆی ببزوێنێ، بڕێ خۆی راتەكێنێ و تەپ و تۆزی تەمەڵی لە شانی خۆی بتەكێنێ، ئیتر .. ئیتر.. دەوڵەمەند دەبێ.»
بە بڕوای ئهو، ھۆی ھەژاری و نەداری كەسێك دهگەڕایەوە دهستۆی خاوەنی، گەرنا لە مۆڵەتی رەخساودا خەڵكی بۆ دەوڵەمەند نەبێ !. ئهو بیری دهچوو یا لە بیری خۆی دهبردەوە كە ھەر كاتێ غەبغەبەدارێكی داكەوتوو یا ورگ دەرپەڕیوێكی وەك خۆی لەسەر شانۆی ژیان پەیدا بوو، ئهویش ھەر بە ئاسانی یانی تاڵانی رەنجی شانی چەند ھەژاری.. بەڵێ ئهو گوێی خۆی لە ئاستی ئهو راستییە رۆشنەدا بە مس دهئاخنی، ھەموو جارێ كە لە بازاڕدا بە سودفە پێك دهگەیشتین یەكسەر وتووێژێكی توندوتیژ لە نێوانماندا دهخوڵقا، ئهو دهیویست بە پەلە بەو وەزعەی خۆی ئاشنام بكات و وردە وردە بە لایەنگری دەوڵەمەندبوونم بكات، بۆیە منیش، جارێ، راستەوخۆ پێم وت:
« سەیرە لام مەڕ بتوانێ، لایەنگری گورگ بكات.»
خۆی وا پیشاندا كە تێناگات، ئهو شتانەی بە دڵی نەبوون گوێی خۆی لێ دهخەفان، لەراستیدا ھەر گاڵتەشی بە ئهقڵی من دهھات.
دەربارەی (ناسك)یش دهبێ شتێ بڵێم، من باش نایناسم، بەڵام خێزانم زۆر باسی دهكات، دهتوانم بڵێم، موعجیبە پێی و حەز لە لاساییكردنەوەشی دهكات(دهشڵەژێ كە دهیبینێ). ھەر لە باسی كراسەكانییەوە تا ملوانكە و گوارەكانی، تا بۆیەی نینۆكەكانی تا.. تا وەزعی ماڵی باوكی، كچی كابرایەكی دەوڵەمەندی گیرفان قورسە، باوكی چەندین ساڵە فەرمانبەرێكی گەورەی دەوڵەتە و لە كاتی پشوویدا بەڵێندەرە، ناسراوە و خاوەن ئهسڵ و فەسڵە، درەختی خێزانی وەكی دهڵێن، تا بیست و پێنج پشت لە بەرە. براكانی ناسك ھەر سێكیان دكتۆر و موھەندیس و پارێزەرن، خوشكەكانی ھەموو ژنی ئاغا و شێخ و بەگن، دایكیان چاویلكەی زەرەبین دهنێتە بان چاوی و تەپولە و گاڵگاڵیش دروست دهكات. با لێرەدا ئهمەندە بەس بێ، وەختی دەوێ. بەڵێ ھەر بە گەیشتنمان یەكسەر بە ژوورەكاندا جەولەیان پێكردین( ئهوە جاری چوارەم بوو). ژووری نووستن، سیسەمی ئهبەنووس، ھۆڵی میوان، قەنەفەی دارگوێز، باڕ باڕ. بەڵێ باڕ، توحەفیات، كەمالیات.. ئهلبۆم. زێڕ. پارە و ئاودەست! ھەموو شتێ. ھەموو
شتێ، پاشان بردینیانە ژووری مەتبەخ، چیم دی ؟ مێزێكی سێ چوار مەتری، سیخناخ بوو لە خواردنی جۆراوجۆر، شفتە: پان، خڕ، چوارگۆشە. حەوت نەوع شلە، ماسی، یاپراخ، گیپە.. بەڵێ گیپە!، كۆكا، شەربەت، ماستاو، بیرە.. خەریك بوو بڕشێمەوە. بە كورتی مێزەكە جێگای ھیچیتری لەسەر نەدهبووەوە. لە دڵی خۆمدا وتم: دهبێ موناسبەیەكی گەورە بێ یا كەسێ ژنی ھێنابێ یا رۆژی لەدایكبوونی ھەردووكیان بێ یا – بە دزییەوە- لێپرسراوێكی دەوڵەمەندیش دەعوەت كرابێ، بۆیە بە ئهسپایی بە شێروانم وت:
« چەند كەسی تر دێن؟»
لەراستیدا گومانم تەواو لەوە بوو كە ئهو ھەموو خواردنە بۆ ئێمە سازكرابێ. لای ناسك ئێمە بایی ئهوندە نەبووین كە ئهو ھەرایەمان بۆ سازدرێ، بۆیە لە دڵی خۆمدا وتم:
« دیارە ئێمە بە سەردا كەوتووین.»
شێروان زەردەخەنەیەكی سەركەوتووانە گرتی و خەریك بوو وەڵامم بداتەوە كە ناسكی ژنی بە پەنجەی دەست، دەستی گرت و وتی: « خەڵكی چی؟ ئهوە تەنیا بۆ ئێوەیە! داوای لێبوردنیش لە كەم و كوڕی دهكەین، خۆتان دهزانن رۆژی شەممەیە و دوكان و بازاڕ لەم وڵاتە نییە.»
كەم و كوڕی؟ ھی چی؟.. بڕوا بكەن ئهو خواردنە بەشی فەوجێ سەربازی دهكرد، یان بەشی یەك ھەفتەی گەڕەكێك ھەژاری شارەكەمانی دهكرد، یان بیرمە لە لادێ كە شایی دهكرا، بۆ دێیەك نیو ئهوندە خواردن لێ دهنرا.. با لەوەش گەڕێین. لە دەوری مێزەكە، لە سەر دەستووری ئهورووپی گردبووینەوە. من و ناسك لە تەنیشت یەكەوە دانیشتین. شێروان وەك تەنیا چاوەڕێی ئهو ساتە بووبێ، زۆر بە زەوقەوە سەرەتای بەرنامەی خواردنی بە دەرھێنانی رانی مریشكێك بە دەست لە بندا راگەیاند، بە لاچاو سەیری ناسكم كرد، غەزەب لە نێو چاوانی دهباری، لەوە دهچوو مێردەكەی ھەڵەیەكی یەكجار گەورەی كردبێ، یا ھەرچی داب و نەریت و دهتیكێتە پێشێلی كردبێ. ناسك وەك ئاگاداركردنەوەی مێردەكەی چەند جارێ نینۆكی بە توڕەییەوە بە مێزەكەدا، خێرا خێرا دهیكڕاند، وابزانم بوونی ئێمەی شك نەبردایە، راستەوخۆ وەك سزا یا وەك ئامۆژگاری، یەك كەوگیری گەورەی بە تەوقی سەری مێردەكەیدا بكێشابایە و لە پاساوی ئهو كارەشدا، رەنگ بوو بڵێ: « بێ ئهسڵ، ئهتیكیتی خواردن بۆ دهشێوێنی..»
ناسك تەواو بەپێچەوانەی مێردەكەیەوە، زۆر ناسكۆڵانە تا رادەیەك بازئاسا دەستی دایە چەقوویەكی گەورە و شیشێكی تیژی لە سینگی مریشكێ چەقاند، ئاگام لێبوو لەژێر چاوەوە چەند بە فێزەوە تەماشای مێردەكەی دهكرد و لچی بە بێزەوە ھەڵدهقورتاند و چۆن بە رقەوە شیشەكەی لە ناو سنگی مریشكەكەدا ئهچەرخان، جا وەك وانەیەكی ئهتیكیتی سەر مێز پێشكەشی ئێمە و مێردەكەی بكات، گەلێك وەستایانە كەوتە بڕینی سنگی مریشكەكە و پاشان زۆر سەركەوتووانە، كە نوقمی ناز و لووتبەرزی بوو،، پارچەیەكی گەورەی لە سەروچاوی من نزیك خستەوە، دڵم داخورپا، بە زەردەخەنەیەكی تەواو حیلەبازانەوە لێی پرسیم:
« ھەر .. بێكاری!؟.»
چاك دهیزانی، بۆیە منیش وەڵامم نەدایەوە. دەستی ھەر بەرامبەرم راگرتبوو كە لائیرادی وتم:
« نا سوپاس. منیش وەك شێروان حەزدهكەم بە دەست بخۆم ..»
یەكسەر دەستی شل بوو، رەنگی ھەڵبزركا و لێوەكانی كەوتنە لەرزە. گومانم لەوەدا نییە كە لەو ساتەدا تەواو ئاواتی دهخواست سەر دڵی منیش وەك سنگی مریشكەكان لە بەردەستیا بكەوتابایە، ئهوجا ئیتر خۆم دهمزانی چۆن بە تەواوی حەز و ئارەزووەوە بە شیشە تیژەكەی نێو دەستی دڵمی كوناودەر دهكرد و پاشانیش چۆن قاقای تۆڵە و سەركەوتنی گوێی ئاسمانی شەق دهكرد. دەمێك بوو ھەستم بەوە دهكرد كە ناسك لە دڵەوە چارەی منی ناوێ و رقێكی بێ ئهندازەشی لێمە، ھەرچەند ھەمووجارێ كە پێك دهگەیشتین لەلای خۆیەوە ھەوڵێكی بێھوودەی دهدا كە لەژێر پەردەی پێكەنینێكی زەردباوی دەستكردا ئهو ھەموو كینە و نەفرەتەی خۆی حەشار بدات. لەگەڵ ئهوەشدا جاروبار ھەر بانگی دهكردین. نازانم مەبەستی دیقە دیقەمان بوو، بەتایبەت كە من بێكار بووم، یا دهیویست چەند لاپەڕەیەك لە ئوسول و نەزم و فەنتازی خۆی و خانەوادەیمان پێ ھەزم بكات یا بەلایەنی كەمەوە نیشانمانی بدات. نازانم ئهوندەی دهزانم خێزانم بەڵێ. بەڵێ تارادەیەك بێ مانا پێی موعجیب بوو.
ئهوان خەریكی خواردن بوون، منیش خەریكبوو دەستپێبكەم كە تابلۆیەكی گەورەی سەر دیوارەكە سەرنجی راكێشام. ئهوەی لە سەرەتادا لێی حاڵی بووم، چەند سێگۆشەیەك بوون كە لوتیان كردبووە ئاسمان، بەڵام نا. تابلۆ نەبوو، ئهمانە پڕ بوون لە نووسین. سەرنجم لەو دیوارە كە گواستەوە بۆ لای شێروان، ئهو زۆر بە لەزەت و دیقەتەوە سەرگەرمی ترازاندنی دەزووی سەرپشتی گیپەیەك بوو، لەناكاو سەری بەرز كردەوە و تێی روانیم، وەك ھەستی بە نیگەرانیم كردبێ، ئاوڕی لە وێنەی سەر دیوارەكە دایەوە و بە دەستی چەند جغزێكی لە ھەوادا نەخشاند، دهیویست ھەر بەبێ دەنگی بەو تەلیسمە ئاشنام بكات، ھیچ حاڵی نەبووم دەمێك بوو ھەستم بەوە كردبوو كە دەوڵەمەندەكان زۆرجار تابلۆی گرانبەھا، ھەر لەبەر ئهوەی تێی ناگەن، دهكڕن، بۆیە لە دڵی خۆمدا وتم:
« سێ گۆشە، سێ گۆشەی چی، دهبێ ھەر تابلۆ بێ. من گێلم. من گێلم.»
ئاوڕم لە ناسك دایەوە پەنجەم بۆ سەر دیوارەكە راكێشا و زۆر دۆستانە، زیاتر بۆ موجامەلە، لێم پرسی:
« تابلۆیەكی جوانە! پەنجەی كام ھونەرمەندی ناسراو نەخشاندوویەتی..؟.
چەقۆ و چەتاڵەكەی زۆر لەسەرخۆ دانا، رەنگی یەكسەر شین و مۆر ھەڵگەڕا، پاشان وردە وردە تەمێكی زەردباو سەر روومەتە قەڵەوەكانی تەنییەوە. ھەناسەیەكی قووڵی ھەڵكێشا و چەند جارێ بە دەستی بە نارەزاییەوە باوەشێنی خۆی كرد، زۆر بە بێ بایەخییەوە بێ ئهوەی سەیرم بكات وتی:
« تابلۆ نییە نەخشەیە .»
نەخشە ! تۆ بڵێی دهوندە بە ساویلكە و گێلم بزانێ؟ لەوە زیاتر خۆم پێڕانەگیرا و یەكسەر بە ھەنگاوێ خۆم گەیاندە نزیك دیوارەكە، بەڵام.. ئهو راستی دهكرد، نەخشە بوو، نەخشەی جیھان، بەڵام سەر بەرەوخواری.
ئهوەش ئهوندەی تر حۆلی كردم و راستەوخۆ فڕێی دامە دەریای بیركردنەوەوە، مەبەست چی بێ ئهمانە نەخشەی جیھان سەربەرەوخوار ھەڵواسن، نھێنییەك لەمەدا ھەر دهبێ ھەبێ، بەڵام چی ؟ تۆ بڵێی ئهمانە حەز بكەن جیھان ژێرەو زەبەر بێ یا مەبەستیان ناقۆڵایی و ناھەمواری خودی جیھان خۆی بێ، یا تۆ بڵێی ئهمانە ئهوندە بە قووڵی و وردی بڕواننە نادادی ئهم سەرزەمینە و نارەزایی خۆیان ئاوا نیشان بدەن، یا شێروان خۆی بیەوێ بەو شێوەیە پاشماوەی بیری پێشووی نیشانی ئێمەومانان بدات. بیرم بۆ لای زۆر شتی تریش دهچوو، ماوەیەك ھەروا سەیری نەخشە سەربەرەوخوارەكەم دهكرد و بە پێی باری چەسپاندنیشی ملم وەردهچەرخان و لە مێشكی خۆمدا تاووتوێی ھەموو دهشێ و رەنگەیەكم دهكرد، كە شێروان بە دەم جوینی پێستی گیپەكەیەوە، وەك پشتگیری ھاوسەری بكات بە منجە منج وتی:
« نەخشەیە. نەخشەی جیھان !. بەڵێ. بەڵێ ..» لە وەڵامدا وتم:
« ئهی باشە بۆ سەربەرەوخوار ھەڵتانواسیوە؟»
ناسك چەقۆ و چەتاڵەكەی گەلێك بە توندی لەسەر مێزەكە دانا و بە سەرسوڕمانەوە وتی:
« سەربەرەوخواری چی ؟»
زەردەخەنەیەكی گەورە گرتمی، وامزانی سوعبەتم لەگەڵدا دهكات، ئهمانە فێرن لەسەر مێز نوكتەی بێ بایەخ وەك بەشێك لە ئهتیكێتی سەر خواردن بە با بدەن. بەڵام رواڵەتی توندوتیژی سەروچاوی ناسك و ھێنانەوە یەكی برۆ رێكخراوەكانی و گرژ كردنی ناوچەوانی و فش كردنی كونی لووتی و دانە جیرەی ھەر زوو پێیان سەلماندم كە بەرەنگاری ھەڵوێستێكی یەكجار جیددی بووم، بۆیە منیش سووك باریك بو راشكاوی وتم:
« بەڵێ. ئهوە نەخشەیە سەربەرەوخوار ھەڵواسراوە!.»
لەراستیدا ھیچ مەبەستێكم نەبوو بەڵام لام سەیر بوو كەسێ بە خۆی بڵێ خوێندەوار و سەرەڕای ئهوەش شانازی بە ئهسڵ و فەسڵ و درەختی باوباپیرانییەوە بكات. كەچی ئهوندەش گەلحۆ بێ كە نەخشەی جیھان سەربەرەوخوار ھەڵبواسێ. لام ئهقڵ نەبڕ بوو، بۆیە ھەرخۆم لەو ساتەدا چارەسەرێكم بۆ ئهو رازە گەڵاڵە كرد و زۆر بە ھێمنی رووم كردە ناسك و پێم وت:
« وەزعی جیھان– خانم- زۆر ئاڵۆزە، ئهوەی ئهمڕۆ بە مرۆڤ دهكرێ، بڕوا ناكرێ لە سەرتاسەری مێژووی ئهم سەرزەمینەدا وێنەی بووبێ، سەیر : برسێتی چۆن دەستی ناوەتە بینی خەڵكی ئهسیۆپی، ئهمە لەكاتێكدا ئهورووپا گەنم و دانەوێڵە بە خۆراكی سووتەمەنی دهكات. دهیكات بە گەرما. بڕوانە ئهمریكا چی بە رەش و رووتی دنیای سێ دهكات، عەرەبستانی سعودی چۆن بۆ سەركوتكردنی خواستی مەردومی نیكاراگوا، ملیارەكانی رەوانەی لای كۆنترا دهكات، جیھانێكی سەیر و سەمەرەیە. لەلایەك خەڵكی لە برسا ھاوار دهكات و لەلایەكیش لە رۆژئاوا خواردن بە تەن فڕێ دهدرێتە نێو دەریا و بۆق و كیسەڵ و رەقە دهیخوات. بەراستی ناسك خان ناھەقتان نییە كە جیھانتان وا سەربەرەوخوار كردۆتەوە. بەراستی موستەحەقە!.»
كاتێ ئهم رستەیەی دواییم وت، ناسك یەكسەر دایە شەیپوور و گریان، بە جۆرێك فرمێسكی ھەڵدهڕشت گەر خۆم ئهو قسانەم بۆ نەكردبایە، گومانی گەیشتنی ھەواڵی مردنی باوك و براكانی یا ئیفلاسی مێردەكەیم دهكرد.
لای خۆمەوە دهمزانی كانیاوی گەرمی فرمێسكی ئهم ئافرەتانە بە بچووكترین گرمە دهتەقێ و بە سادەترین خۆشیش قاقای گوێی ئاسمان كەڕ دهكات بە بێبایەخترین درۆی عاتفیش تەلی سۆزی دهكەوێتە ھەلەكە سەما. لەگەڵ ئهوەشدا سەرم لە ناسكی ھەستی ناسك گەلێ سووڕما.
وەك سەرزەنشتێك بە خۆمم وت:
« ئهمانیش خاوەن ھەست و سۆزن، سەیر ئهم ژنە چۆن وا بەكوڵ بۆ قسەكانم دهگری، رەنگە ئێستا دڵ و دەروونی لای برسییەكانی ئهفریقا بێ. ئافرەت ناسكە ناسك. بەراستی من زۆرجار بە ھەڵەدا دهچم، فەرموو ئهوەش تێروتەسەل بۆ ھەژار و برسی ئهشك و فرمێسك ھەڵدهڕژێ.»
خۆم و خێزانم كەوتینە لاوانەوەی، خێزانم ھەر لە سەرەتای دانیشتنەكەمانەوە بێدەنگ و نوتقی لە خۆی بڕی بوو، لەوە دهچوو حەز ناكات لە حزووری ناسكدا ھیچ قسەیەك بكات. بەڵام ناو بە ناو ھەر مۆڕەیەكی لێدهكردم، نەمدهزانی بۆ! ناسك ھەر دهگریا، بۆیە ھەر بۆ ھێوركردنەوەی وتم:
« خانم. چارەسەری بێدادی و نادادپەروەری ئهم جیھانە بەرینە بە سۆزی پاك، ھەستی بێگەرد، ھیوای پیرۆز و خەوی پەمەیی نایەتە دی، جیھان بە.. بە.»
خەریك بوو قسەكانم تەواو بكەم كە یەكسەر بارانی گریانی خۆشی كردەوە، بە دەستەسڕێكی كاغەز كەوتە لووت سڕین و ئاوڕی لێدامەوە، زەق زەق چاوەكانی تێبڕیم و زۆر بە ڕقەوە وتی:
« بەسە ئیتر باسی چی دهكەیت، ئهو نەخشەیە سەربەرەوخوار نییە! ھەموو ماڵێك ھەروا ھەڵێدهواسێ، بڕۆ سەیری ماڵە كوردەكان بكە!»
من دهتوانم بڵێم وەك لە بانێك بە چوارپەل بەستراوی فڕێمدەنە خوارێ یا وەك گورزێكی گەورە بكێشن بە تەوقی سەرما، یا لە ساردترین رۆژی زستاندا بە رووتی لە سەھۆڵاوم ھەڵبكێشن، ئاوا راچەنیم و خەریك بوو وەڵام بدەمەوە كە شێروان چەند جارێ سەری راوەشاند و لەسەرخۆ وتی:
« بەڵێ.. ئهو ماڵانەی ئێمە ھاتوچۆیان دهكەین. ھەموو»
چاوەكانی بەشێنەیی بە ناوماندا گێڕا، ئاوڕی لە دیوارەكە دایەوە، سەیرێكی ناسكی كرد، بە دەستی ئیشارەتی بۆ نەخشەكەی پشتیەوە كرد و وتی»
« ئاوا.. نەخشەی جیھان ھەڵدهواسن!.»
***
سوید-1988

Top