جوێن نەدان كۆیلە بوون نییە!

جوێن نەدان كۆیلە بوون نییە!

عومەر چنگیانی
دەزانم نە بابەتی درێژ دەخوێندرێتەو، نە كورتەكەیش زۆر سوودی هەیە، بەڵام بۆ ئەوەی نەبمە شەرمەزاری مێژوو دەنووسم و بەردەوام ئەوەی بڕوام پێیە كەمتەرخەمی ناكەم لە گەیاندنی.
چونكە دەیشزانم كەم كەس خوڵكی ئەوەی هەبێت بگەڕێتەوە بۆ مێژوو، یاخود "ئەرشیو" ناچارم بۆ ئەوەی هەندێك كەس هێندە خۆ گیڤ نەكەنەوە، پێیان بڵێم: ئێمە زۆرترمان گوتووە بەڵام بە زمانێكی ڕێز و ئەدەبەوە، نەك جوێندان و لەكەدار كردن!
ئەوەمن كە لە لاپەڕە 11ی ژمارە"3239"ی ڕۆژنامەی خەباتی 31ی تەموزی 2009دا گوتوومە:
"وەك مەلایەكی سونی مەزەو تەنها بڕوام بە مەعسومییەتی محەممەد هەیە و بەس(دروود و سڵاوی خوای لەسەربێ)، ئیتر لە خوارئەوەوە هەمووكەس لای من جێگەی ڕەخنەیە و ڕەخنەیش مانای دژمنكاری و نەیارێتی نییە!
دەیان جار باسم لەوە كردووە كە ئەوەندەی گەندەڵكاری و ناپەسەندێتی و بێ ئاگایی لە هاوڵاتیان، هۆكاری سەرەكی هەرەس هێنانی دەسەڵاتی عوسمانییەكان بوون، سەد یەكی ئەوە، كۆدەتا سەربازییەكەی كەمال ئەتاتورك نەبوو!، كە ئەمە پێوەرە بۆ هەردەسەڵاتێك و دەبێ بەخۆیدا بێتەوە!
ئەوكاتەی دەزانێ وەك ئەو چاوەڕوانی دەكرد ئەنجامەكان وا دەرناچن، دەبێ بە هەموو ژیانی خۆیدا بێتەوە.
زۆر بە ڕاشكاوی گوتوومە و دەیڵێمەوە:
بەگومانم لە زۆرێك لەو بەناو فەرموودانەیش كە لە باسی جەنگەكانی لە ئەبوبەكر هەڵگەڕانەوە(ر)(حروب الردە) نووسراون!
پێویستییان بە وردبینی و خوێندنەوەی تازە هەیە!
ئاخر من كە ڕێگە بدەم بە خۆم نووسینی تێرو تەسەل و كتێبی وەرگێڕاوی چاپكراوم هەبێ لەسەر نوێكردنەوەی بیری ئایینی و پێویستی خوێندنەوەی تازە بۆ قورئان و فەرموودە، داخۆ بۆ ئاوڕدانەوە لە خۆمان دەبێ رام چۆن بێت؟
ئیتر بەسیەتی لەخشتە بردنی دەسەڵات و گواستنەوەی ئەوجۆرە قسانەی كە وەك "ڤالیۆم" وەهان!
بەسیەتی و شەرمە مرۆڤ خاوەن قەڵەم بێت و راستییەكان بشارێتەوە!
ئەو بەڕێزانەی بەوە تۆمەتبارم دەكەن كە من "بارەكەڵا" دەكەم، چەند دوورن لە ڕاستییەوە!
من دەنووسم، دەڵێم، بەڵام پەروەردە و گۆشی حوجرەكانی كوردستان و مزگەوت و قوتابخانەكەی پێغەمبەرم(دروود و سڵاوی خوای لەسەربێ)، من جوێنفرۆشی ناكەم و ئەدەبی ڕەخنە دەپارێزم".
Top