دواى داعش
June 1, 2016
وتار و بیروڕا
ئەوەتا لە كەناڵە بانگخوازەكان و رادیۆكانیان و وتارو ئامۆژگارییەكانیاندا رۆژانە مێشكی گەنج و لاوەكانمان بە بیرۆكەیی بێهودەیی ئەم دنیاو خۆشگوزەرانی فیردەوسی ئەو دنیا پڕدەكەن و هانی دەدەن كە رێز بۆ هیچ بەهایەكی سەر زەوی دانەنێت و دیموكراتی و مافی ئافرەت و لێبوردەیی و پێكەوەژیانی ئاشتیانە و یەكتر قبوڵ كردن بە بیدعەی رۆژئاوا لە قەڵەم دەدەن و ئامادەی دەكەن بۆ كاری تیرۆریستی لەژێر پەردەی تێكۆشان بۆ چەسپاندنی بڕیارەكانی ئاسمان.
یەكێك لەو وڵات و هەرێمانەی كە مەترسی گەورەی سەرهەڵدانی لەمەودوای ئەو جۆرە رێكخراو و توندڕەوانەیە، هەرێمی كوردستانە، چونكە نە پرۆسەی دیموكراتی و نە تێگەیشتن لێی لەو ئاستەدایە كە رێگربێت لە چەكەرەی ئەو رەوتە توندڕەوانە، ئەگەرچی كوردستان بەوەش ناسراوە كە پێكەوەژیان و قبوڵ كردنی دیموكراتی تێدا لەچاو گەلانی ناوچەكەدا، تارادەیەك باشترە لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی لەم دواییەدا تێبینی دەكرێت رەوتی توندڕەوی بەڕادەیەكی ترسناك لە برەودایە. ئەوە نییە لە سلێمانی پایتەختی رۆشنبیری بەپێی رۆژنامەكان حەڤدە رەوتی سەلەفی جیا جیا وجودی هەیە، ئەمە جگە لە دەیان رەوتی ئاشكراو نهێنی كە دەبێتە سامانی داهاتووی داعش و بێچووەكانی لەمەودوا. بۆیە دەبێت هەرێم فریای خۆی بكەوێت و هەر لەئێستاوە كۆمەڵێك بڕیار بدات بۆ رێگری لە پەرەسەندنی ئەو رەوتانە كە لە سەروویانەوە پێویست دەكات بە گۆڕینی ناوەڕۆكی مەنهەجی وانەی ئایینی و لابردنی ئەو بڕگەو بابەتانەی كە بانگەشە بۆ توندوتیژی و توندڕەوی دەكەن.
ئەوەی لە میسری ئەمڕۆ دەكرێت ئاراستەیەكی باشە بۆ بەرەنگاری ئەو رەوتە توندڕەوانە كە هەرێم دەتوانێت سوودیان لێوەرگرێت، دەنا بەم شێوەیەی ئێستا بڕوات زۆر زەحمەتە جڵەوی ئەم رەوتە بگیرێت و فەرخە داعش بە بەردەوامی بەرهەم دەهێنرێت.