پيرؤزيان بێت
May 31, 2016
وتار و بیروڕا
شەهید فەتاح خۆی ژیانی بۆ گەلەكەی بەخشی و لەمەودواش عەبدوڵڵا ئاغای برای ئەویش سەركردەیەكی سەربازی و كادرێكی پێشكەوتووی پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، بە لوتكەی قوربانیدان، كە شەهیدبوونە، گەیشت.
ڕۆژی 2016/5/29 برایەكی تری ئەم خانەوادە تێكۆشەرە كە عەمید ڕزگار حەمەئەمین ئاغای برای هەر دوو شەهیدە، ئەویش بە لوتكەی سەربەرزی گەیشت و گیانی بۆ گەل و نیشتمانی بەخشی وەك براكانی مەلی رۆحی بەرەو جیهانی نەمری فڕی.
ئەمە تەنها وەك نموونەی خانەوادەیەكی شەهیدپەروەر و قوربانیدەرە، گەرنا، هێزی پێشمەرگەی كوردستان تەنها لە شەڕی دژی تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامیدا 1457 شەهیدی قارەمان و 8573 برینداریشی تا ئەمڕۆ لە پێناو بەرگری لە كوردستاندا بەخشیوەو بۆ پاراستنی خاكی پیرۆزی كوردستان بەردەوام لە قوربانیدان و خۆبەختكردنی بەردەوامدان، بۆیە دەبێت ئەم ژمارەی قوربانیانە بەس بێت بۆ دەمكوت كردنی ئەو دەنگە نەشازانەی بە پێشمەرگە دەوەڕن و گومان لە خەبات و تێكۆشانیان دەكەن و بۆ دەستگای ڕاگەیاندنی دەوڵەتان هەرزە گۆیی هەڵدەڕێژن كە پێشمەرگە شەڕناكات، چونكە بێگومانین لە ڕیسوایی زیاتر هیچی تریان بەرامبەر خانەوادەی شەهیدان بۆ نامێنێتەوە و شەرمەزاری هەردوو دنیا دەبن.
بەداخەوە تائێستا كەسانێك هەن كە ئەو بەیت و باڵۆرانە دەجوونەوە و پشتیوانی دەكەن كە هۆكارەكەشی هەر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەوانە، ڕۆژێك لە ڕۆژان نە خاوەنی خەبات و نە قوربانی بوون، نە خۆیان و نە خانەوادەیان، دەنا دەبوو بەڕێزەوە لەو قوربانیدانە بنواڕن كە خۆیان و حزبەكانیان لێی سوودمەندبوون.
فەرموون چەواشەكاریی ئەم جۆرانە بەرامبەر هێزی پێشمەرگە دەگاتە ئاستێك كە پەرلەمانتارێك سەیری بەرەكانی جەنگ وەك سزادان دەكات، ئەمە لەكاتێكدا لای هەموو نیشتیمانپەروەرێك بەشداری لەبەرەكانی جەنگ و قوربانیدان بەوپەڕی شانازی لەقەڵەم دەدات. هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ جیهانی سەلماند كە تەنها داكۆكی لە خەڵكی كوردستان ناكات لەم شەڕەی دژی داعشدا، بەڵكو داكۆكی لە بەها بەرزەكانی مرۆڤ و بەشەرییەت دەكات بۆیە جیهانیش -بەپێچەوانەی ئەو هەرزە سیاسیانەوە- هەمیشە تەقدیر و رێز بەرامبەریان دەنوێنێت و پشتیوانییان لە مەیدانی شەڕدا دەكات وەك هێزێكی كارامەو چالاك و شەڕكەر وەسفیان دەكات.
هەزاران سڵاو لە گیانی شەهیدان و خوێنی گەشیان و سەربەرزی و سەرفرازی بۆ خانەوادە تێكۆشەرەكانیان. پیرۆزبێت ژیانی جاویدانی لە شەهیدان و خانەوادەی سەربەرزیان.