کورد خۆ به کوشت نادا بۆ یه‌کپارچه‌یی عێراق
May 30, 2016
وتار و بیروڕا
ئه‌م قوربانییه بێ هاوتایه، ده‌بێ ده‌ستکه‌وت و به‌رهه‌می هێنده‌ی خۆی و زیاتری لێ بچنرێته‌وه. ئه‌مه نێوانی دوو قۆناغ هاوسه‌نگ ده‌کات، قۆناغی به‌ری شه‌ڕی داعش و قۆناغی پاشی داعش.
به غه‌یری ئه‌وه زیان سه‌ری مایه‌ی خه‌بات و ماندووبوون و خوێنی شه‌هیدان ده‌خوات. هه‌رچه‌نده مافی بڕیاردانی چاره‌نووس و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت له کوردستانی سه‌ربه‌خۆدا لووتکه‌ی ئارمانجی قۆناغه‌کانی پێشووی خه‌بات و قوربانیدانی گه‌لی کوردستان بووه، به‌ڵام به‌پێی دۆخی بابه‌تیی هه‌رێمایه‌تی و جیهانی، ئامانجبه‌ندی هه‌ر قۆناغێک کراوه‌و هه‌نگاو به‌هه‌نگاو له ئیداره‌ی خۆجێییه‌وه بۆ لامه‌رکه‌زی و ئه‌تۆنۆمی و فیدراڵی هه‌ڵکشاوه.
دوای رووخانی رژێمی ئه‌نفالکرد، وا پێشبینی کرا که له سه‌رینی کاره‌ساته مرۆییه‌کانی هه‌شتا ساڵی پێشتر و نه‌بوونی ئازادی و دیموکراسی سیاسی و دواکه‌وتوویی و پاشکۆیه‌تی ئابووری و ئه‌و هه‌موو کێشه کۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی له نێوانی پێکهاته جیاوازه‌کان دروست ببوو، عیبره‌ت وه‌رده‌گیرێ و ده‌وڵه‌تێک بۆ شه‌راکه‌تی هه‌مووان بنیات ده‌نرێت.
وه‌لێ هه‌ر له‌و کاته‌وه که به منجڕ منجڕ و بێنه‌وبه‌رده ده‌ستوور نووسرایه‌وه و هه‌زار په‌ڵپ به بنه‌ماکانی دیموکراسی سیاسی و ته‌وافوقی پێکهاته‌کان و فیدرالییه‌ت له دابه‌شی ده‌سه‌ڵات و ساماندا گیرا، ئیتر سه‌ره‌تاکانی سه‌رله‌نوێ چه‌رخه‌له‌ی دۆخی نائاسایی و دردۆنگی ده‌رکه‌وته‌وه و شیعه و سوننه به‌ریه‌ککه‌وتن و له شه‌ڕی مه‌زهه‌بیدا رووباری خوێن سه‌ری کرد تا داعش وه‌کوو توندئاوێژترین کاردانه‌وه سه‌ری هه‌ڵدا. له‌به‌رئه‌وه‌ی داعش ته‌نیا خودان ئایدیۆلۆژیای مه‌زهه‌بی نییه، به‌ڵکو له بنه‌ڕه‌تدا قه‌ومه‌چیی فاشیزمی عه‌ره‌بی موتوربه‌کراوه به توندڕۆیی سه‌له‌فییه‌تی جیهادی، بۆیه کوردستانی کرده ئامانج و جه‌نگێکی ئه‌نفالییانه‌ی به‌رامبه‌ر به‌رپاکرد.
خه‌ڵکی کوردستانیش به پشتیوانی هێزی پێشمه‌رگه رووبه‌رووی ئه‌م هێزه دڕنده‌یه بۆوه و له ماوه‌ی که‌متر له ساڵێک وه‌های تێکشکاند که هه‌موو بارگه‌کانی ئه‌فسانه‌که‌ی به‌تاڵ بۆوه. له‌م باسه‌دا ئه‌وه‌ی زیاتر جێی بایه‌خه ئه‌وه‌یه که مقاوه‌مه‌ت کردنی داعش و شه‌ڕی سه‌خت له‌گه‌ڵیدا و پێشکه‌شکردنی قوربانی زۆر و زه‌وه‌ند له هێزی مرۆیی و ئابووری کوردستان بۆ ئه‌وه نیه که پاشی نه‌مانی داعش عێراقی یه‌کگرتوو دروست بکرێته‌وه و دیسانه‌وه چه‌رخه‌له‌ی یه‌کتر قبوڵنه‌کردن و یه‌کتر سڕینه‌وه خول بخواته‌وه.
به‌ڵکو خه‌ڵکی کوردستان که هیچ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کیان له شه‌ڕی مه‌زهه‌بیدا نییه و هیچ ئاسۆیه‌ک بۆ ژیانی به که‌رامه‌ت له عێراقدا نابینن، به که‌متر له سه‌ربه‌خۆیی و جیابوونه‌وه له عێراق رازی نین. رۆڵه‌کانی کوردستان بۆ سه‌ربه‌خۆیی گیانی خۆیان پێشکه‌ش کردووه. بێئه‌مه‌کی و خوێنساردی و ته‌نانه‌ت ناپاکییه که داوای سه‌ربه‌خۆیی نه‌کرێ و له‌پێناویدا کار نه‌کرێ.
لاپه‌ڕه‌کانی مێژووی زۆر نزیک ئه‌م پرسه وه‌کوو شانازی بۆ سه‌ربه‌خۆییخوازان و وه‌کوو شه‌رمه‌زاری بۆ ئه‌وانه تۆمار ده‌کات که هیچ نه‌ماوه له ماوه‌ی ساڵی رابردوودا دژی سه‌ربه‌خۆیی نه‌یکه‌ن.