ئایندەی نەتەوە ..لەفكری مسعود بارزانی-دا

ئایندەی نەتەوە ..لەفكری مسعود بارزانی-دا
بیركردنەوەی سەرۆك بارزانی بۆ ئایندەی نەتەوە بە جۆرێكە كە زۆر جاران لە لایەن كادرانی پارتیشەوە، بەتایبەتی ئەوانەی بیر لە ئایندەی پارتی دەكەنەوە، رووبەڕووی رەخنە دەبێتەوە، ئەمەش لەو روانگە حزبیەوە كە سەرۆك مسعود بارزانی بڕیارەكانی لەسەر حیسابی ئایندەی پارتییە، ئەم جۆرە بیركردنەوەیە لەگەڵ ئەوەی راستییە، بەڵام لای مسعود بارزانی ئایندەی نەتەوە لە ئایندەی پارتی زۆر گرنگترە. هەر بۆ نموونە كاتێك سەرۆك مسعود بارزانی وەكو سەرۆكی بەرەی كوردستانی لە دوای ئازادكردنی شاری كۆیە لە ساڵی 1991 رایگەیاند دەبێت هەڵبژاردن بكرێت و دەوڵەتی قانوون دابمەزرێت، زۆر كەس پێیان وابوو ئامانجی مسعود بارزانی ئەوەیە پارتی هەڵبژاردن بباتەوە، بەڵام ئامانجی مسعود بارزانی زۆر لەم بیركردنەوەیە دوور بوو، ئەو دەیویست هەڵبژاردنەكە سەركەوتوو بێت و كوردستان قۆناخێكی دیكە بچێتە پێشەوە، بۆیە لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی 1992 لە بری ئەوەی مسعود بارزانی وەك سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان بكات، بانگەشەی بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنەكە دەكرد و كاتێك لێیان دەپرسی: حەز دەكەی لەم هەڵبژاردنە كێ دەنگی زۆر بهێنێت و بیباتەوە، دەیگوت: من دەمەوێت پرۆسەكە بە سەركەوتوویی بەڕێوەبچێت و كورد لەم پرۆسەیە سەركەوتوو بێت، ئەگەر پرۆسەكە سەركەوت، ئەوا هەموو كورد بردوویەتەوە. ئەگەر لەو دیمەنە وردبینەوە، دەزانین كە لای مسعود بارزانی گرنگ نییە پارتی لە دەسەڵات بێت، یان نا، بەڵكو ئەوەی بۆی گرنگە ئەوەیە كورد كیانێكی خۆی هەبێت، ئەوجا كێ ئەو كیانە بەڕێوە دەبات، ئەوەیان بۆی گرنگ نییە. هەر واشی كرد، دوای ئەوەی پرۆسەی هەڵبژاردنی 1992 تەواو بوو، هێندەی سەقامگیری كوردستان و سەركەوتنی پرۆسەكە لای مسعود بارزانی گرنگ بوو، دەنگەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانی بۆ گرنگ نەبوو.
لەمەش گرنگتر كاتێك لە بیركردنەوەی مسعود بارزانی - دا نەتەوە پێویستی بە بڕیاردانی سەخت و قورس هەیە و دەكەوێتە دووڕیانێك كە یان دەبێت بڕیارێكی سەخت و قورس بدات، یان نەرمی بنوێنێت لەسەر ئایندەی نەتەوە، ئەوا مسعود بارزانی بڕیارە قورسەكە دەدات و چی دەبێت با ببێت، هەڵدەبژێرێ. ئەم بێباكی و بوێرییەی سەرۆك مسعود بارزانی لەسەر پرسە چارەنووسسازەكانی نەتەوە، لەسەر پرسەكانی تایبەت بە پارتی دیموكراتی كوردستان بەوجۆرە نییە. هەر بۆ نموونە: ئەگەر سەیری قۆناخەكانی شەڕی ناوخۆ بكەین كە زۆر جار پارتی دەكەوتە بەر مەترسی، هەرگیز مسعود بارزانی بڕیاری (چی دەبێت، با ببێت)ـی لە سەر ئایندەی پارتی نەداوە و پەیامەكەی 4ی ئایاری 1994 ئاشكرایە كە دەڵێت: دەزانم غەدر لە پارتی كراوە، بەڵام نابێت پارتی وەڵامدانەوەی هەبێت، بەڵام لەسەر پرسی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەسەر هەموو دامەزراوە رەسمییەكانی كوردستان، لەگەڵ ئەوەی لەو كاتە مەترسیی سەرەكی دەكەوتە سەر پارتی بەوەی سەرۆكەكەی بڕیاری هەڵكردنی ئاڵای كوردستانی داوە، بەڵام مسعود بارزانی بڕیارەكەی دا و (چی دەبێت با ببێت)ـی هەڵبژارد. هەروەها لە پرۆسەی ئازادكردنی عێراق و هەڕەشەی توركیا بۆ هاتنە ناو كوردستان هەمان بڕیاری دا. لەسەر راپۆرتی دیراسەتی عێراق كە ناسراوە بە راپۆرتی بیكەر هاملتۆن و راسپاردەكانی ئەم راپۆرتە كە مەترسی دەخستە سەر چارەنووسی كەركووك، مسعود بارزانی هەر لە بەغداوە تەواوی راسپاردەی راپۆرتەكەی رەتكردەوە و (چی دەبێت با ببێت)ـی هەڵبژارد. لە 2012ـەش كاتێك نوری مالیكی بە پێشێلكردنی رێككەوتنی هەولێر، یاری بە چارەنووسی عێراق و كوردستان دەكرد، دیسان مسعود بارزانی بڕیاری رەتكردنەوەی دیكتاتۆریەتی دا و رایگەیاند: دەگەڕێینەوە بۆ گەلی خۆمان و چی بڕیار بدات ئەوە دەكەین. لە ئابی 2014 ـەش كاتێك داعش هێرشی كردە سەر كوردستان، ئەمجارەیان بڕیارێكی دا كە نەك هەر بۆ ناوچەكە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگەی سەرسامی بوو، بەڵكو بۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی تیرۆریستانی داعش جێگەی تێڕامان و هەڵوەستەكردن بوو، ئەو بڕیارەش بڕیاری (شەڕی مان و نەمان) بوو دژی تیرۆریستانی داعش لە سەر زەوی، كە تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت، هەموو دەوڵەتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی نەیانتوانیوە ئەو بڕیارە بدەن بە سوپای خۆیان لەسەر زەوی شەڕی تیرۆریستانی داعش بكەن.
سەركەوتنی هێزی پێشمەرگە بە سەركردایەتی راستەوخۆی سەرۆك بارزانی لەشەڕی دژی داعش، وەرچەرخانێكی گەورەی لە پێگەو شكۆی كوردستان لە كۆمەڵگەی نیودەوڵەتی دروستكردووە و ئێستا كاتی جێبەجێكردنی بریارێكی دیكەی چارەنووسسازی دیكەی بارزانی یە ، كە ئەویش راگەیاندنی سەربەخۆیی و دامەزارندنی كۆماری باشوری كوردستانە.
Top