2016-05-23 بچووكەكان بچووكتر و گەورەكان مەزنتر دەبن

2016-05-23 بچووكەكان بچووكتر و گەورەكان مەزنتر دەبن
ئەمە وتاری من نییە. نامەیەكی پڕ لە تووڕەیی دایكێكە كوڕەكەی بەر لە چەند مانگێك لە میحوەری گوێر شەهید بوو. دایكێكی خوێندەوارە. مەیلی شیعر و ئەدەبی هەیە و بە تاسوقەوە لە شیعری نوێ و كلاسیك ئەزبەر دەكات. رۆژنامەكان بەسەر دەكاتەوە و تەماشای دیمانە و گەنگەشەی تەلەڤزیۆنەكان دەكات. هەڵسەنگاندنی رەخنەگرانەی هەیە.

دەمەوێ بڵێم دایكێكی بێسەواد نییە. ئاگای لێیە بەری دنیا بە كوێوەیە. رەش و سپی و رەنگەكانی تر لێك جودا دەكاتەوە. لە قورسایی بارودۆخەكە و بایەخی چارەنووسسازانەی كۆتایی شەڕی داعش و عێراق وەكو سەرەتایەك بۆ سەربەخۆیی كوردستان تێدەگات. شانازی بە كوڕە شەهیدەكەیەوە دەكات. میهرەبانە. ئارامە. بۆیە من خۆم سەرم لەم نامەیەی سوڕما كە بەم رادەیە لێوان لێوە لە توڕەیی. ئەم دایكە میهرەبانە لەو كەسانە توڕەیە كە لەكەشی ئازادیی بەهرەمەندن و هەموو توانایەكیان لە دژی كوردستان خستۆتە گەڕ.
لەوانە تووڕەیە كە لە هەندەران دەژین و لە ئەمن و ئارامیدان، كەچی لە دژی پێشمەرگەی كوردستان قسان دەكەن و سووكایەتییان پێدەكەن و لە قەدر و بەها و ئازایەتی و جوامێرییان كەم دەكەنەوە.

لەوانە توڕەیە كە ژمارەی شەهیدانی پێشمەرگەیان لەلایە كەچی بە تەوسەوە دەڵێن؛ ئەگەر ئەمریكا نەبێ داعش تا سنوور هەمووان راو دەنێ. دایكی شەهید لەوانە تووڕەیە كە سووكایەتی بە سەربەخۆیی كوردستان و ئەو قوربانییە مەزنە دەكەن كە لە سەد ساڵی رابردوودا و تا هەنووكە بۆی بەخشراوە، یەكێكیان دەڵێ درۆی گەورەیە و ئەوی دی بە مەترسی بۆسەر ناوچەكە لەقەڵەمی دەدات .

لەو خۆفشێنانە تووڕەیە كە دالیان كردۆتە پێشگری ناویان و كۆڕ و سیمیناران دەكەن و هەرچی عەقڵ و ماریفەتیانە تەرخانیان كردووە بۆ بڵاوكردنەوەی نائومێدی و بچووككردنەوە و لاواز نیشاندانی كەسایەتی كورد و بە كەلاوەكردنی وڵات. لەو فەریكە نووسەرانە توڕەیە كە خۆیان حەوسەڵەی بیستنی سەرنجێكیشیان نییە لەسەر خۆیان جا نەخاسمە رەخنە لێگرتنیان، بەڵام گەنجان لە ژێر تایتڵەكانی ئازادیدا دەگەوجێنن. ئەوان ئەنارشیزم و پۆپۆلیستین بەڵام بۆ عەوامفریوی باسی بە دامەزراوەییكردنی حكوومەت دەكەن.

لەوانە زۆر تووڕەیە كە گەرای دیكتاتۆرپەرستی لە مێشكی گەنجەكاندا دەچێنن و سوڵتانەكانی ناو سیاسەت و مێدیا و نووسین دروست دەكەن و دەیانەوێ مێگەلستانێ لە موریدان لە دەوریان كۆببنەوە. لەوانە تووڕەیە كە شكستە ئابڕووبەرەكانی خۆیان بە سەركەوتن و سەركەوتنی پێشمەرگەیش بە شكست دەفرۆشنەوە. تێزە مردووەكانیان بۆ زیندووكردنەوەی سیاسییە مردووەكان و كینە دێرینەكان و نەخۆشییە دەروونییەكان و داپۆشینی نەخۆشی "بارزانی فۆبیا" و تۆقین لە پارتی بەكاردەهێنن. لەوانە زۆر تووڕەیە كە كوردستان بەش بەش دەكەن. لە بری سەربەخۆیی باسی كانتۆنات دەكەن.

لە دڵەوە لەوانەیە تووڕەیە كە پەتی سێدارەكانی رۆژهەڵات نابینن و رۆژانە لە ئۆتاغی ئاغاكانەوە رینوومایی مێدیایی وەردەگرن و دەیكەنە مانشێتی رۆژنامە و گۆڤارەكانیان.

ئەم دایكە میهرەبانە تووڕەیە تووڕە. . لەوان و لە هەموو بەد فەساڵان. لەوانەی رێیان نیشانی بەغدا دا كە بوودجەی هەرێم و قووتی خەڵك ببڕێ. لەوانەی دەیانویست سستمی سیاسی هەرێم وەكوو بەغدا لێ بكەن و پەرلەمان بكەنە قەشمەرخانە. . لەوانەی پیلانیان بۆ كوشتنی كونسڵان و رفاندنی ئەندازیاران داڕشتبوو. لەوانەی پشتیان لە غورفەی عەمەلییاتی سەربەخۆیی كرد و روویان لە غورفەی تێكدانی سەقامگیریی كوردستان كرد. تووڕەیە تووڕە.

لەوانە تووڕەیە كە رۆژانە درۆ دەكەن . فیتنەیی دەكەن. ئاشووب دەنێنەوە. خۆفشێن و فس فس پاڵەوانن. لەوانە تووڕەیە كە كۆنە بەعسی هەڵەوڕن. لەوانەیش تووڕەیە كە لەگەڵ كۆنە بەعسییە هەڵەوڕەكان برا بەشی دەكەن. ئەم دایكی شەهیدە نامەیەكی لێوان لێو لە تووڕەیی بۆ ناردووم. چەند بڕگەیەك لە نامەكەی كە هەر لەسەرەتاوە رووی دەمی لەوانە، بۆ ئێوەی خوێنەری ئازیز بڵاو دەكەمەوە: پێیاندەڵێ:
(نرخی خۆتان و ناو و نیشان و عیلم و ماریفەتتان هێندەی نرخی کراسێکی دڕاو نییە كە كوڕی شەهیدێك بەیانیان لە بەری دەكات و جانتاكەی دەكات بە شانییەوە و ماچێكی وێنەی باوكی دەكات و دەڕوات بۆ قوتابخانە. ) ( ئێوە و ئاغاكانتان چەند زیاتر قسە دەكەن، ئەوەندەی تر بچووكتر و بچووكتر دەبنەوە، بەڵام كوردستان گەورەتر و سەربەخۆیی مەزنتر و نزیكتر دەبێتەوە).
Top