ئازادى چه واشه كاريى نييه

ئازادى چه واشه كاريى نييه
لە وڵاتانی دیموكراتی و خاوەن ئەزموونی ئازادی، چوارچێوەش بۆ ئازادی دانراوە، دەنا خودی ئازادی دەبێتە بەڕەڵڵایی و فەوزاو پشێوی، هەر بۆیەش بە یاسا ئازادی پێناسە كراوەو ئازادی رەهای بێ سنوور لە هیچ وڵاتیك نییە.
بۆ نموونە لەو وڵاتانە دەتوانیت خۆپیشاندان ساز بكەیت، بەڵام بە ئاگاداری پۆلیس و دامودەستگای پەیوەندیدار و دەبێت ئامانج لە خۆپیشاندان بزانرێ و كات و رێوشوێنی بۆ دیاری دەكرێ كە نابێ ئەو سنوورەی بۆی دانراوە بیبەزێنێت، خۆپیشاندەر نابێ پەنا بباتەبەر توندوتیژی و شكان و رووخان و وێرانكردن و پەلاماردان، گەر كار گەیشتە ئەو ڕادەیە ئەوە ئیدی سیفەتی خۆپیشاندان ون دەكات و خۆی دەخاتە قاڵبی پشێوی و توندوتیژییەوە كە پۆلیس دێتە دەست و بڵاوەیان پێدەكات و كەسیش ئەو كارە بە دژە ئازادی لە قەڵەم نادات و پشێوەرانیش دەدرێنە دادگا و سزای خۆیان وەردەگرن.
هەر بۆیە بۆ هەموو چالاكیەكانی نێو كۆمەڵگە ئەو سنوورە بە یاسا دیاریكراوەو لەوانەش ئازادی رۆژنامەگەری، ئەوەی لە هەرێم تێبینی دەكرێت هەندێك لەو گۆڤار و رۆژنامانەی بەخۆیان دەڵێن ئازاد و سەربەست بە رادەیەك ئەو سنوورانە دەبەزێنن كە ڕەنگە لە سەراسەری جیهان وێنەی نەبێت.
نموونەكان زۆرن و هەرچی موتابەعەی ئەو رۆژنامەو گۆڤارانەی كردبێت بەدەیان و سەدان نموونەی بەرچاو دەكەوێت كە هاوكات لە بێ دەنگی دادوەری گشتی سەری سوڕدەمێنێت. با سەیرێكی وڵاتانی دەوروبەرمان بكەین، خۆ ناكرێت خۆمان بە پێشكەوتووتر و بە ئەزموونتر بزانین. بڕوانە تائێستا كێ دیویەتی لە رۆژنامەیەكی ئێرانیدا بۆچوونەكانی موجاهدینی خەڵق و موعارەزە بڵاوبكەنەوە بە شێوازێك كە بۆنی پشتیوانی و لایەنگری لێ بێت، چونكە گومان لەوەدا نییە كە ئەو رۆژنامەیە یان گۆڤارە یەكسەر بەرەو ڕووی دادگا دەكرێتەوە. یان لە توركیا كام رۆژنامە بۆچوونەكانی پ.ك.ك لەسەر حكوومەتی توركیا بڵاودەكاتەوە، یان ئەمڕۆ كە توركیا كێشەی لەگەڵ رووسیا هەیە ئایا هیچ رۆژنامەیەك لەو وڵاتە بۆچوونی رۆژنامەكانی رووسیا لەسەر توركیا بڵاودەكەنەوە بەبێ گومان نا، كەچی فەرموو گۆڤارێك كە سەرو بنی تەرخانە بۆ دژایەتی لایەنێكی دیاریكراو، كە خاوەنی هەزاران شەهید و قوربانییە دەچێت پەخشی رای خراپترین و دوژمنترین سایت وەك خۆی بڵاو دەكاتەوە، یان سایتێك وەك شۆڤێنیستێكی عەرەبی بگرە خراپتریش باسی فیلمی پێشمەرگە دەكات كە ئێستا لە(فیستیڤاڵی كان) نیشان دەدرێت و بە فیلمێكی بێ بایەخی ناوزەد دەكات، ئەمە لە كاتێكدا هەموو جیهان بە چاوی رێز و تەقدیرەوە سەیری پێشمەرگە و خەباتی رەوای دژی داعش دەكەن. ئیدی دەبێ سنوورێك بە یاسا بۆ ئەم جۆرە (ئازادییە) دابنرێ و بە پاساوی ئازادی رادەربڕین پەردەپۆش نەكرێت، چونكە ئەم جۆرە دەربڕینە دەبێتە مایەی چەواشەكاری و پشێوی و تەنها و تەنهاش دوژمنانی ئەم گەلە سوودمەند دەبن لێی..
Top