نەتەوەی بێ دەوڵەت و..مەترسیەكانی پۆپۆلیست و شەری بەوەكالەت

نەتەوەی بێ دەوڵەت و..مەترسیەكانی پۆپۆلیست و شەری بەوەكالەت
كێشەی سەرەكی نەتەوەی كورد ئەوەیە كە نەتەوەیەكی بێ دەوڵەتە، ئەمەش واتا هێشتا لە پێش قۆناخی پێناسەكردنی ئازادییە، ئەم نەتەوەیە نەگەیشتۆتە ئازادی هەتا بزانێت پێناسەی ئازادی چی یە، بەواتایەكی سادەتر كورد وەك نەتەوەو نیشتمانەكەشی وەك كوردستان، هەتا ئێستاش لەژێر دەستی ئیرادەیەكی دەرەكیدایە و ئیرادەیەكی دەرەكی ئاراستەی دەكات، بۆیە هەر پابەندبوونێك بۆ ئەو ئیرادە دەرەكییە، ( بەڵێی كۆیلەكەی هیگلە بۆ سەردەستەكەی) بۆیە هەتا ئەم بەڵی یە نەگۆرێت بۆ نەخێر بۆ داگیركاری ، ئەوا تاكەكانی نەتەوەی كورد بێجگە لە كۆیلەیەكی ئەو وڵاتانەی كوردستانیان بەسەردا دابەشكراوە شتێكی دیكە نین.
ئاشكرایە پرۆسەی بونیادنانی دەوڵەتی كوردستان و راگەیاندنی، پرۆسەیەكە نەك هەر لەگەڵ خواستی دەوڵەتانی داگیركاری كوردستان یەكناگرێتەوە، بەڵكو هەتا ئێستاش لەسەر ئاستی نیودەوڵەتی پێشوازیەكی ئاشكرا نیە، هەرچەندە ئێستا كە هەندێك دەوڵەت بە بێدەنگی سەری رەزامەندی بۆ پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان دەلەقێنت، ئاماژەیەكی گەشە بۆ گۆرانكاری لە سیاسەتی نیودەوڵەتی بەرامبەر راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان.
لێرەو گرنگە خواست و ئامانجە نەتەوەیەكمان راشكاوانە ریزبەند بكەین و لە خۆمان بپرسین، ئایا ئەولەویەتی ئەو خواست و ئامانجانەی هەمانە راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستانە، یان بەراوردكردنی واقیعی ژێر دەستیمانە بەو پێناسانەی كە ناویان لێناوە دیموكراتی ، ئۆتۆنۆمی یان فیدرالی.؟ لە ئێستادا زۆر جار كە خۆمان لەناو هەواڵی میدیاكانی جیهاندا دەبینین یان دەخوێننەوە، پێمان دەڵێن، بوون و ئایندەی ئێوە گرێدراوەتەوە بەو پێناسە و چەمكانەی ئێمەی رۆژئاوایی بۆ ئازادی و دیموكراتی دەكەین، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەگەر پێناسەی رۆژئاوا بۆ دیموكراتی و ئازادی ئەوە بێت، كە كورد هەر وەك بەشێك لە دەوڵەتانی داگیركاری بمێنتەوە، ئەوا مانای ئەوەیە كورد گەلێكە بروای بە دیموكراتی و ئازادی هەیە، بەپێچەوانەشەوە ئەگەر بەدەنگی بەرز بە جیهان بڵێت، دوای ئەوەی دەوڵەتی سەربەخۆیی خۆم رادەگەیەنم تاكە ئازادەكانی كورستان پێناسەی ئازادی و دیموكراتی وئاوەدانكردنەوەو پەرەپیدان دەكەمەوە، ئەوا هەتا ئێستا ئەو مافە بەكورد رەوانەبینراوە.
لەسەر ئاستی ئەو دەوڵەتانەشی كە كوردستانیان بەسەر دابەشكراوە، راستیەكی گرنگ هەیە كە ئەو دەوڵەتانە وەك رۆژی رووناك پێی گەیشتوون، ئەو راستیەش ئەوەیە ئەگەر تەنها لە بەشێكی كوردستاندا، دەوڵەت دابمەزرێت و ئەقڵی كورد بە ئازادی پێناسەی ئازادی و دیموكراتی بكات، ئەوا چیدیكە ئەو نەتەوەیە بیدەنگ نابێت و چیتر ناتوانرێت رێگە لە ئازادی ئیرادەی ئەو نەتەوەیە بگیرێت، بۆیە هەموو هەوڵی دەوڵەتانی داگیركاری كوردستان ئەوەیە رێگە نەدەن ئەو دەوڵەتە دروست بێت و تاكی كوردستان بە ئازادی پێناسەی ئازادی بكاتەوە.
لە سەر ئاستی سیاسەتی ناوخۆی نەتەوەی بێ دەوڵەتیش، كە هێشتا دەوڵەت دروست نەبووە بۆ ئەوەی حزبە سیاسیەكان لە خوار شكۆی دەوڵەتەوە كاری سیاسی خۆیان بكەن، ئەوا هەر سەرۆكێكی كاریزمایی رێبەرایەتی قۆناخی رزگاری نیشتمانی و پرۆسەی سەربەخۆی دەوڵەت بكات، لەلایەن ئەو سەركردە لۆكاڵ و لاوازانەی لە ئاستی سەرۆكی كاریزمای نەتەوەدا هەست بەكەمی و لاوازی دەكەن، دەبنە درادەستی وڵاتانی دەرەكی و كێشەو ئاستەنگ بۆ پرۆسەی سەربەخۆی و هەنگاوەكانی سەرۆكی كاریزما دروست دەكەن.
ئەم واقیعە كە نەتەوە لە قۆناخی رزگاری نیشتمانی پێدا تێدەپەرێت، ململانێی نێوان هێزە ناوخۆییەكان نیە بۆ چۆنیەتی بەرێوەبردنی ژیانی رۆژانەی نەتەوە، هەتا لە چوارچێوەی پرۆسەی دیموكراتی و ئازادی رادەبرین بەرێوە ببرێت، بەڵكو ئەم ململانێ یە ، ململانی یە لە نێوان ئیرادەی نەتەوەیەك بۆ سەربەخۆی لەگەڵ ئیرادەیەكی داگیركاری بۆ سەركوتكردنی ئیرادەی سەربەخۆیی، ململانێ یە لەنێوان ئیرادەیەك كە دەیەوێت بگاتە ئازادی لەگەڵ ئیرادەیەك كە دەیەوێت ئازادیت لی زەوت بكات، بەڵام لەناو پرۆسەی دیموكراتیدا ململانی یە لەسەر پێناسە جیاوازەكان بۆ ئازادی و چۆنیەتی پەرەپیدان و دەوڵەمەندكردنی ئەو ئازادییە، بۆیە ئەگەر بمانەوێت پرسی سەربەخۆیی كوردستان و مانەوەی كوردستان وەك بەشێك لە عێراق، لە چوارچێوەی پرۆسەی دیموكراتی پێكەوە كۆیان بكەینەوە، دیارە ئەمە یان ئەوەیە ئێمە لە ئازادی و دیموكراتی تێنەگەیشتووین، یان ئەو ئازادی و دیموكراتیەی كوردستان وەك بەشێك بە عێراقەوە بهێڵێتەوە هیچ مانایەكی نیە.
دیارە میژووی نەتەوەكانی جیهان پێمان دەڵێت، هیچ نەتەوەیەك لە چوارچێوەی پرۆسەی دیموكراتی نەبۆتە خاوەنی دەوڵەتی نەتەوەیی،ئەمەش بەرهەمی ئەو راستیەیە كە ئیرادەی نەتەوە بۆ سەربەخۆیی بریتی نیە لە رای جیاواز، بەڵكو بریتیە لەیەكریزی یەكدەنگی یەك هەڵوێستی، دیارە یەكریزی و یەكهەڵوێستی و یەكدەنگی ، بریتی نیە لە دیموكراتی بە ڵكو بریتیە لە قۆناخێك بۆ گەیشتن بەسەر بەخۆیی و دوای سەربەخۆیی بیروبۆچوونی جیاواز دەبێتە دیاردەیەكی ئاسایی بۆ چۆنیەتی بەرێوەبردنی ئەو دەوڵەتە. دیاریشە لە میژووی هەموو نەتەوەكانی جیهاندا ، بە هیندستانی گاندی و باشوری ئەفریقیای ماندیلاشەوە، رزگاربوون بەرهەمی یەكریزی و یەكدەنگی ئیرادەی نەتەوە بووە نەك بەرهەمی جیاوازی و لیكترازان، تەنانەت ئەوانەشی كە لە قۆناخی رزگاری نیشتمانیدا ویستوویانە جیاوازی لەسەر گەیشتن بە ئامانجی سەربەخۆی دروست بكەن، لەناو پرۆسەی سەربەخۆیدا جێگەیان نەبۆتەوە.
بۆیە ئێستا كاتی ئەوەیە ئاستەنگ دروستكردن، یان گوتاردانی پۆپۆلیستی بۆ ئاستەنگ دروستكردن بۆ پرۆسەی سەربەخۆیی، لە دیموكراتی و ئازادی لیكجیابكەینەوە، دەبێت راستگۆیانە و راشكاوانە بەگەلی خۆمان بڵێن ، ئێمە لە قۆناخی پێش پێناسەكردنی ئازادی و پێش پێناسەكردنی دیموكراتین، هیچ نەتەوەیەك ناتوانیت پێناسەی نەتەوەی دیكە بۆ ئازادی بكاتە پێناسەی خۆی، ئەوەتا كاتێك دەمانەوێت پێناسەی ئازادی و سەروەریی خۆمان بكەین، حكومەتی بەغدا بوودجە و مووچەی كوردستان دەبرێت، كاتێك دەمانەوێت هەستینە سەرپێ دەوڵەتانی داگیركاری كوردستان هەزار و یەك ئاستەنگ و دەیان شەڕی بەوەكالەتمان بۆ دروست دەكەن، دەبێت چاومان بكەینەوە و بەدەنگی بەرز بڵێن، كۆمەڵگەی ئازاد و دیموكراتی بەرهەمی دەوڵەتی سەربەخۆی نەتەوەیە،نەك بەپێچەوانەوە.
Top