نەوشیروان و گومان لە ڕێككەوتنەكە
May 19, 2016
وتار و بیروڕا
لە وتارەكەیدا كە وەك نەسیحەتكەر و برا گەورەی مەجلیسەكە خوێندییەوە، نەوشیروان مستەفا، وەك عادەتی هەمیشەیی خۆی، سووكایەتییەكی ئاشكرای بە هەموو ئامادەبووانی ڕێوڕەسمی ڕێكەوتنەكەی خۆی و ئەو بەشەی یەكێتی كرد كە كردوویانەتەوە بە براگەورە. گومانێكی گەورە و پێشوەختەشی خستە سەر ڕێككەوتنەكە.
لە دوایین بڕگەی وتارەكەیدا كە سەرلەبەری بۆ پیاهەڵدان بە ڕێككەوتنەكەدا تەرخان بوو، هەر بۆ خۆنواندن، بۆ ئەوەی هەمووان و ڕێككەوتنەكەش زەربی سفر بكاتەوە گوتی: عیبرەت لە نوسیندا نییە لە جێبەجێكردندایە. ئەمە لە كاتێكدا، خۆی نەك عەڕابی ڕێككەوتنەكەیە، بگرە تەنازولی زۆری كردووە و ئەسڵەن لەو پێناوەدا، گۆڕانی بە هەموو شتێكەوە تەسلیم كردەوە.
جارێ، تەحەدا دەكەم، لە هەموو دنیای سیاسەت و دیپلۆماسی و ڕێوڕەسمی لەو جۆرەدا، لایەنێكی ڕێككەوتنێك بەو ڕووقایمییە، گومان بخاتە سەر ڕێككەوتنەكە لە یەكەمین چركەیەوە. ئەوەی نەوشیروان گوتی، لەگەڵ سادەترین بنەماكانی ئەتەكێتی ئەو جۆرە بۆنانەدا نایەتەوە، هەرگیز قسە و ڕەفتاری لەو جۆرە، لە سیاسەتوانە سۆماڵییەكانیش نەبیستراوە و نەبینراوە.
ئەو قسەیە دەریخست، نەوشیروان مستەفا، چەند شەیدای شكاندنی برادەر و هاومەجلیسەكانێتی، لە ئەتەكێتە سیاسی و دیپلۆماسییەكاند نەزان و لە دەوڵەتداریدا دەستوپێ سپییە. ڕێككەوتنەكەش، تەنیا و تەنیا بۆ ئیستیفزازی پارتی و تێكدانی وەزعی كوردستان و ڕازیكردنی ئێرانە.