بیركردنەوەی نەوشیروان مستەفا گاڵتەپیكردنە.. بە نەتەوە .. بە جەماوەر .. بەسیاسەت .. بەكوردایەتی

بیركردنەوەی نەوشیروان مستەفا  گاڵتەپیكردنە.. بە نەتەوە  .. بە جەماوەر .. بەسیاسەت .. بەكوردایەتی
پرۆفیسۆر ئەرواند ئەبراهامیان كە بەرەگەز ئێرانی یەو بە ناسنامە ئەمریكی یە، لە رۆژی 18ی نیسانی 2016 وتارێكی لە گۆڤاری فۆرن ئەفێرز بەناونیشانی ( شۆرشی ئیسلامی ئێران و رۆشنگەری ) بڵاو كردۆتەوە، لەم وتارەدا ئاماژە بە رۆڵی ئەحمەد فەردیدی فەیلەسوفی ئێرانی دەكات كە بەسەرچاوەی فیكری بزاڤی ئیسلامی شیعە لە ئێران دادەنرێت. ئەراهیمان ئاماژە بەوە دەكات كە سەرچاوەی فیكری فەردید بۆ بزاڤی ئیسلامی شیعەگەرایی لە مارتن هایدگەری فەیلەسوفی ئەڵمانی وەریگرتووە، هەروەها فەرید بە دانەری تێرمی ( غەربزادەگی) دادەنرێت ، ئەمەش وەك سوكایەتی كردنێك بەو كەسانەی بروایان بە دیموكراتی رۆژئاوایە.
دیارە فیكری ئەحمەد فەردید بۆ دانانی تیۆرێك بەناوی ( غەربزادەگی) بۆ بونیادی بزاڤی ئیسلامی شیعەگەرایی لە ئێران، مەبەست لە شێواندنی چەمكەكانی (گەلی ئێران، سیاسەت ، مێژووی ئێرانە) كە لەلایەن فەردیدەوە بۆ دروستكردنی تیۆرێك كە دەوڵەتێكی ئیسلامی شیعە لە ئێران دابمەزرێت شوێنێراون و پێچەوانەی میژووی هەزاران ساڵەی ئێرانە ، بەمەش فەردید بناخەی سیاسەت و دەوڵەتداری و شارستانیەتی ئێرانی سەرلەبەر قڵبكردەوە، بەمانایەكی تر ئەگەر بە درێژایی میژوو هەتا ساڵی 1979 سەیری ئیمپراتۆریەتی فارسی و دەوڵەتی ئێران بكەین، دەبینین هەموو كات ئایین ( شیعەگەرایی) لە خزمەتی شكۆی ئیمپراتۆریەتی فارسی و دەوڵەتی شاهنشایی ئێران بووە، بەڵام لەدوای ساڵی 1979 ەوە كە كۆماری ئیسلامی ئێران دامەزراوە، دەبینین میژووی فارس و ئیمپراتۆریەت و دەوڵەتی ئێرانی خراوەتە خزمەتی بەرفراوانبوونی مەدی شیعەگەرایی، یان ئەوەی خۆیان پێی دەڵێن ( هەنادەكردنی شۆرش) و بانگێشە كردن بۆ رۆژئاوا وەك شەیتانی گەورە .
پرۆفیسۆر ئەرواند لەم وتارەیدا جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە، عەیبی رۆژئاوا بۆ خوێندنەوەی ئێران لەوەدایە، هەتا ئێران كێشەیەكی لەگەڵ یەكێك لە دەوڵەتانی جیهان نەبێت، هەواڵەكانی نابێتە سەردێری میدیاكانی جیهان، بەڵام لەباری واقعیدا ئەو فەوزا فیكریەی لە ناو خودی ئێراندا هەیە پشتگوێ خراوە.
دیارە ئاماژەكردن بەشێوازی تیۆرۆزەكردنی بزاڤی ئیسلامی شیعەگەرایی لە ئێران، دەروازەیەكی باشمان بۆ دەكاتەوە بۆ چۆنیەتی فیكری نەوشیروان مستەفا، لەبەر ئەوەی ئەگەر فەردید هەوڵی ئەوەی دابێت، هەموو میژوو و پێگە و شارستانیەتی ئێران بگۆرێت و بیخاتە خزمەتی بزاڤی شیعەگەراییەوە، ئەوا نەوشیروان مستەفاش بەدرێژایی 50 ساڵی رابردوو هەموو هەوڵ و توانای فیكری بۆ ئەوە تەرخانكردووە ، كە هەموو میژوو و بزاڤ و شۆرشەكانی كوردستان شكۆی سەركردەی شۆرشەكانی كوردستان تێكبشكێنت، بۆ ئەوەی بزاڤێكی ئەنتی پارتی و ئەنتی بارزانی دروست بكات. ئەمەش تەنها لەبەر ئەوەی خۆی لەبەرەیەكدا بینیەوە كە ماوەیەك لەسەنگەری دژی میژوو و بزاڤ و تەواوی شۆرشەكانی كوردستان بوون.
لەماوەی ئەم پەنجا ساڵەدا ، نەوشیروان مستەفا لەبری ئەوەی هەوڵبدات، حزب ئامرازێك بێت بۆ ئامانجەكانی نەتەوە، هەروەها حزب لە چوارچێوەی چەمكی نەتەوەدا پێناسەبكرێت، ئەو هەوڵیداوە نەتەوە ئامرازێك بێت بەدەستی حزبەوە و لەمەش زیاتر حزب پێناسەی نەتەوە بكات، هەربۆیە كاتێك دەگەرێنەوە بۆ میژووی شۆرشەكانی كوردستان ، هەر لەشۆرشی شیخ عوبیدوڵای نەهریەوە تا دەگاتە شۆرشی مەزنی ئەیلوول، بە ئاشكرا هەست دەكرێت ئەم میژووە كە نزیكەی 100 خەبات و قوربانیدانی نەتەوەیەكە ، لە فیكری نەوشیروان مستەفادا بوونی نیە، یان ئەگەر بوونیشی هەبێت وەك شۆرشی خێڵەكی و عەشائیری و چەندین ناو ناتۆرەی ناشرینی دیكە ئاماژەی پێدەكرێت، هۆكاری سەرەكی بۆ فەرامۆشكردنی ئەم مێژووە دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی بنەماڵەی بارزانی بەدرێژایی ئەم 100 ساڵە بەشێكی هەرە سەرەكی هەموو شۆرش و بزاڤەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان بوون و لە هەر چوار پارچەی كوردستان خوێنیان رشتووەو قوربانیانداوە.
لایەنێكی دێكەی بیركردنەوەی نەوشیروان مستەفا ، بێ ماناكردنی سیاسەتە، دیارە سیاسەت بە مەفهومی ئەرستۆ، واتە ئاكاری باش ، واتە رێزگرتن و رەچاوكردنی ئەخلاقی سیاسی بۆ رێكخستنی كۆمەڵگە و بونیادنانی نەتەوە وەك نەتەوەیەكی زیندوو لەنیو نەتەوەكانی جیهاندا، بەڵام ئەگەر سەیری چۆنیەتی تێگەیشتن و پیادەكردنی چەمكی سیاسەت لە بیركردنەوەی نەوشیروان مستەفادا بكەین، هەست دەكەین پێناسەی سیاسەت لای نەوشیروان بریتیە لە ( ئاكاری خراپ، رێزنەگرتنی بەرامبەر، داتاشینی وشەی سوك و ناشرین، نەبوون و رەچاونەكردنی ئەخلاقی سیاسی بۆ مامەڵە كردن لەگەڵ بەرامبەر و كۆمەڵگە)، ئاشكراشە بەدرێژایی میژووی ئەم پیاوە، سیاسەتی تەنها بەرامبەر پارتی دیموكراتی كوردستان و بنەماڵەی بارزانی بەوشیوەیە پیادە نەكردووە، بەڵكو بەرامبەر بەهەموو لایەنە سیاسیەكانی كوردستان بەهەمان شێوە سیاسەتی كردووە ئەگەر تەنها لەیەك بیركردنەوەدا لەگەڵ نەوشیروان مستەفا یەكیان نەگرتبێتەوە، لەمبارەوە دەكرێت ئاماژە بە بزووتنەوەی باسكی سۆشیالیستی كوردستان بكەین، كە داینەمۆی دروستكردنی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بوون لە حەفتاكانی سەدەی رابردوو ، بەڵام كاتێك جیابوونەوە و حزبی سۆیالیستی كوردستانیان راگەیاند، بەجۆرێك مامەڵەیان لەگەڵ ئەم حزبە كرد ، كە قەڵەم شەرم دەكات ئەو وشە سوك و ناشرینانە بنووسێتەوە، هەروەها بەرامبەر حزبی شیوعی عێراقیش دیارە چۆن مامەڵەیان كردووە.
لایەنێكی دیكە كە پێویستە هەوێنی هەموو حزب و دروستكردنی هەموو سیاسەتێك بێت، چۆنیەتی مامەڵەكردنە لەگەڵ جەماوەر، بۆ ئەمەیان ناگەرێنەوە بۆ میژووی دوور، تەنها باسی ئەم 10 ساڵەی دوایی دەكەین كە نەوشیروان مستەفا كۆمپانیای وشەی بۆ بەرهەمهێنانی وشەی سوك و ناشرین دامەزراند و پاشانیش لەسەر ئەو بەرهەمە جوانە!! بزووتنەوەی گۆرانی دامەزراند، بەدرێژایی ئەم 10 ساڵە ، جەماوەر وەك توخمێك لەسیاسەتی نەوشیرواندا، وەك سوكترین توخم و وەك بێ بەهاترین چەمك سەیركراوە و بەكارهێنراوە، كەی ویستوویەتی خەڵكی بەكوشتن داوە و جەماوەری رژاندۆتە سەرجادە، بۆ ئەمەش ئەو خەڵكانەی زیاتر بەكارهێناوە كە هەرزەكار و میرد منداڵن و هێشتا هیچ شتێك لە سیاسەت و لە میژووی شۆرشەكان و چەمكەكانی كوردایەتی تێناگەن، بۆیە لەلایەك گاڵتەی بەجەماوەر كردووە لەلایەكی دیكەش بە كوردایەتی و خەڵكی بە كوشتن داوە بۆ ئامانجی خۆی نەك لە پێناوی كوردایەتی و بونیادنانەوەی نەتەوەو بونیادنانی دەوڵەتی كوردستاندا.
دیارە هەتا پێناسەی چەمكەكان لە بیركردنەوەی نەوشیروان مستەفا تێنەگەین، ناتوانین هەڵسەنگاندن بۆ رەفتارەكانی بكەین، بۆیە لەم چوارچێوەیەدا كاتێك سەرنج لە بێدەنگی حەوت مانگی رابردوویی و ئێستای رێككەوتنە سیاسیەكەی لەگەڵ یەكیتی نیشتمانی كوردستان دەدەین، راشكاوانە هەست بەوە دەكەین ، كاتێك چەمكەكان لەشوێنی خۆیدا لە بیركردنەوەی نەوشیروان مستەفادا دووبارە دەخوێنینەوە، ئەوا قەت ناتوانرێت مەزندەی ئەوە بكرێت، ئەم هەنگاوەی خزمەتی گیانی تەبایی و پێكەوەكاركردن و هەنگاو هەڵگرتن بۆ سەربەخۆیی و دەوڵەتی كورستان دەكات، بەڵكو ئەم هەنگاوەشی وەك هەنگاوەكانی 50 ساڵی رابردووی ، هەنگاوێكی دیكە بۆ گاڵتە پێكردن بە نەتەوە ، بە كوردایەتی، بە جەماوەر بە سیاسەت. ..
Top