5/18 ی 2015 دێنمەوە یاد

5/18 ی 2015 دێنمەوە یاد
لە 18ی ئایاری 2015دا، سەرۆك بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ نوێنەرانی هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، لەناویاندا نوێنەرانی پێكهاتە نەتەوەییەكان و ئەندامانی ئەو شاندەی لەگەڵ بەڕێزیدا بوون بۆ ئەمریكا، كۆبۆوە. ورد و درشتی گەشتەكەیانی بۆ باس كردن و هەرچیش لە پشتیوانیی ئەوروپایی و ناوچەیی و عەرەبی وەدەستیان هێنابوو بۆی ئاشكرا كردن. گرنگترین بابەت، كە بووە چەقی باسەكانی ئەو كۆبوونەوەیە، سەربەخۆیی كوردستان بوو.
هەرێمی كوردستان دوو ریفراندۆم دەكات. یەكێكیان بۆ گەڕانەوەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم و جێبەجێكردنی دوا هەنگاوی ماددەی 140ی دەستووری عێراق بۆ چەسپاندنی سنووری كوردستان. دووەمیان بۆ سەربەخۆیی كوردستان.
بۆ ئەو كارە چارەنووسسازە، ژووری عەمەلیاتی سەربەخۆیی كوردستان پێكهێنرا و ئەندامەكانی و ئەركەكانی دیاریكران و بڕیاردرا لەماوەی یەك هەفتەدا ئەو ژوورە دەست بەكار بێ.
بڕیار بوو ژوورەكە بۆ دابینكردنی هەموو پێویستییەكان و لەسەر هەموو تەوەرەكان كار بكات. هاوكاریی پەرلەمانی كوردستان و كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان بكات بۆ ئامادەكردنی پێویستییە یاسایی و تەكنیكییەكانی ئەو دوو ریفراندۆمە.
ژووری عەمەلیاتی سەربەخۆیی كوردستان كار بكات بۆ كۆكردنەوەی پشتیوانیی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی و عەرەبی، بۆئەوەی سەربەخۆیی كوردستان بە شێوازێكی سەردەمییانەی هەماهەنگ لەگەڵ ئاشتەوایی و سیاسەتی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتیدا بێتە دی. بەشێك لەو پشتیوانییە هەر لەو گەشتەی سەرۆك بارزانی و شاندە یاوەرەكەی لە ئەمریكا و ئەوروپا و هەندێ لە وڵاتانی عەرەبی ئامادەكرابوون، بەڵام بێگومان زیاتركردنی دۆستان و كەمتركردنەوەی نەیاران زۆر زەروورە. بەتایبەتییش كە ئەو پرسە چارەنووسسازە پەیوەندیدارە بە گشت ناوچەكەوە و نەخشەكەی سایكس پێكۆ هەڵدەوەشێنێتەوە و واقیعی جیۆپۆلیتیكی دەگۆڕێ.
ژووری عەمەلیاتی سەربەخۆیی كوردستان گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ بەغدا بكات چونكە پەیوەندی دروستی نێوان ئەو دوو دراوسێیە یەكێكی ترە لە ستوونەكانی سەركەوتنی ئەو كارە چارەنووسسازە. دەرەنجام كوردستان دەیەوێ بە ئاشتی و دۆستانە و لەسەر بنەمای هاوسێیەتیی باش و بەرژەوەندیی هاوبەش لەگەڵ دراوسێ عێراقەكەیدا بمێنێتەوە و، لێكترازانی ناحەزانە روونەدات. هەرچەندە دەوڵەتێك بە زۆرەملێ و لەسەر حیسابی وجودی سەربەخۆیانەی كوردستان دروستكراوە و، سەد ساڵە باجی گەورەی ئەوە دەدرێ، بەڵام كوردستان زەمینەی لەباری ئاشتەوایی دەوێ بۆ پەیوەندییەكانی ئایندە لەسەر بنەمای ئەوەی كە هەموو ئەگەرەكانی رێكخستنی پەیوەندیی نێوان ئەو دوو دراوسێیە بەكراوەیی دەمێننەوە و گفتوگۆیان لەبارەوە دەكرێ.
لەسەرینی ئامادەكاریی ناوخۆییەوە، چارەسەركردن و سازانی هەموو پرسە سیاسی و ئابووری و ئیدارییەكان ئەركێكی دیكەی ژووری عەمەلیاتی سەربەخۆیی كوردستان بوو، كە تێیدا، سستمی سیاسی، یەكخستن و رێكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، دیاریكردن و جێگیركردنی سنووری كوردستان، بابەتە بناغەییەكان بوون.
ژووری عەمەلیاتی سەربەخۆیی كوردستان هاوكاریی حكوومەتی هەرێمی دەكرد بۆ دابینكردنی شاییستە داراییەكانی هەرێم و باشتركردنی باری ژیانی خەڵك و دابینكردنی پێویستییە ئابوورییەكانی سەربەخۆیی و قۆناغی یەكەمی ئینتیقالی، كە دەشێ كۆسپ و تەگەرەی زیاتر لەوەی ئێستای بێتە ڕێ. هەروەها ژوورەكە هاوكاریی لیژنەی ئامادەكردنی دەستووری هەرێمی دەكرد بۆ ئەوەی لەسەر سیستەمی سیاسی و شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم، ڕێكبكەون. بەوەیش زەمینەی لەبار و گشتگیر و بە بەشداریی هەمووان بۆ چارەسەركردنی گرفتە سیاسییەكان دروست دەبوو.
لەو حەفتەیەدا، كە بڕیار بوو ئەو ژوورە دەست بەكار بێ، خۆدزینەوەی لایەنەكان دەستی پێ كرد. بۆچی؟! وەڵامی ئەو پرسیارە پاشی 37 رۆژ ئاشكرا بوو، كە لە 23ی حوزەیراندا كودەتاكەی ناو پەرلەمانیان كرد.
سازانشكێنییەكەی 23ی حوزەیران پێمان دەڵێ؛ ئەوان پشتیان كردە ژووری عەمەلیاتی سەربەخۆیی، چونكە دەبوایە لەسەر تەڵەبی نەیارانی سەربەخۆیی ئەوە بكەن.
خەڵكی كوردستان هەقی خۆیانە بزانن كە گێچەڵەكانی پرسی سەرۆكایەتی و دەسەڵاتەكانی سەرۆك و جۆری سستمی سیاسی هیچیان بابەتگەلی یاسایی نەبوون. بەڵكو بە ئیمتیازەوە سیاسی بوون و هەڵگری یەك دنیا رق و كینە و ئێرەیی بوو. هەڵگری ئەو فەلسەفە و تێڕوانینە بوو كە تا هەنووكەیش لە دژی سەربەخۆیی كاردەكات. كودەتاچییەكانی دژی غورفەی عەمەلیاتی سەربەخۆیی هەر ئەوانەن كە ریفراندۆم و دەوڵەتی كوردستان بە بانگەشە و مەحاڵ و درۆی گەورە و موزایەدەی سیاسی دەناسێنن و گەلەكۆمەكەیان كردووە لەپێناوی مانەوەی عێراق و سووریای شۆفێنی - مەزهەبی.
ئێستا وا جارێكی دیكەیش سازانشكێنان بۆ گەڕێكی دیكەی گێچەڵ رێككەوتوونەتەوە. وەكوو هەر نائومێدێك دەزانن كە پاشی تێپەڕینی یەك ساڵ بەسەر پەكخستنی ژووری عەمەلیاتی سەربەخۆیی، بەڵام ئیرادەی سەرۆك بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستانیان پێ نەشكاوە و، پشتئەستوور بە ئیرادەی سەربەخۆییخوازی گەلی كوردستان هەموو هەنگاوەكانیان بەرەو ریفراندۆم لە پێناوی سەربەخۆییدا بڕیوە و لە بەرەبەیانی دەوڵەتی كوردستان نزیك بوونەتەوە. دەزانن پارتی و بارزانی جگە لە ئیرادەی گەل هیچ ئیرادەیەكی تر قبوڵ ناكەن و سوورن لەسەر ئەوەی كە خوێنی پێشمەرگە لەپێناو ئازادیدا نابێ بەفیڕۆ بدرێت و دەبێ گەلی كوردستان لە رێگەیەكی رەوا و یاسایی وەك ریفراندۆم ئیرادەكەی پیشانی هەموو جیهان بدات.
عەڕابەكانی ئەو كارە، زۆر باش دەزانن كە پەكخستنی ژووری عەمەلیاتی هێنانەدی سەربەخۆیی بابەتێك نییە سەرۆك بارزانی و پارتی و گەلی كوردستان لەبیریان بچێتەوە. زۆریش دڵیان بە دەرەنجامەكانی ئیشەكەیان خۆش نەكەن، چونكە كاریگەریی هەر هەموو ئەوەی كردوویانە و دەیكەن لەسەر ئەسڵی پرسەكە، كە سەربەخۆیی كوردستانە، مایەپووچە و دڵسۆزانی گەلی كوردستان هەر دەیهێننە دی. هەر لایەن و حزب و كەسێكیش بە ئارەزووی خۆی یان لەسەر تەڵەبی ئەم و ئەو لێی دەچێتە دەرەوە با پشكی نەبێ لە سەربەخۆییدا و، ئەوسا وەڵامی هەڵسوڕاوان و باڵەكانیان و موریدانیان بدەنەوە.
Top