کۆرسی سه‌ربه‌خۆیی

کۆرسی سه‌ربه‌خۆیی
بەم خۆ ماتكردنەیدا، وا دیارە نەوشیروان چۆن چووە
دەرەوە ئەوها هاتەوە. یەك بە باری خۆم، هیچ ئومێدێکم لەسەر گۆڕانی سرووشت و هەڵوێستەكانی نەوشیروان مستەفا هەڵنەچنیبوو، تا ئێستا ئەم بێدەنگیی و نەگۆڕانەیم بەلاوە سەیر بێت. وەلێ لێره‌ و له‌وێ هەندێك هەبوون، پێیانوابوو کاتێک ده‌گه‌ڕێته‌وه، نەوشیروانەكەی جاران نابێت. بە داخەوە ئەمجارەش، ئەو خەڵكە نەوشیروان نەناسانە، بە سەهوودا چوون. نەوشیروان، هەر نەوشیروانەكەی جارانە، نه‌گۆڕاوه‌ و ناگۆڕێ، هیچی تازەشی پێ نییە.
بە گوێرەی ئەو میدیایانه‌ی سلێمانی كە بە پارەی حەرامی نەوشیروان بەڕێوە دەچن و گوێ لەمست خزمەتی دەكەن، نەوشیروان، وا خەریكی هەڵوەشاندنەوەی تیپی گۆڕان و بردنەوەی كوڕانی گەڕەكە بۆ نێو یەكێتی. ئەمەیان مافی خۆیەتی و ڕاستتان دەوێت، پێشبینیكراویش بوو، وەلێ با نەوشیروان و تیپەكەی و براده‌رانی چه‌ند ڕاستییه‌ک هه‌یه‌ بیریان نەچێت:
١- نه‌وشیروان مسته‌فا، پێش ئه‌وه‌ی هیچ بڵێت، پێویسته ته‌فسیر و ته‌وزیحێک له‌باره‌ی تۆماره‌ ده‌نگییه‌که‌‌یه‌وه‌ بدات که‌ تێیدا هه‌ڕه‌شه‌ی ته‌قه‌کردن له‌کونسڵخانه‌کان و ڕفاندنی ئه‌ندازیارانی بیانی ده‌کات. له‌م که‌یسه‌دا، نه‌وشیروان مسته‌فا به‌ قانوون تێکه‌وتووه به‌ سیاسه‌ت قوتاری نابێت.
٢- گۆڕان، به‌ پێی گرێبه‌ستێکی شه‌راکه‌تی سیاسی له‌گه‌ڵ پارتى، هاته‌ نێو حکوومه‌ته‌وه‌ و سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مانی وه‌رگرت، پاش ئه‌وه‌ی گۆڕان به‌ هه‌وڵی بنکۆڵکردنی حکوومه‌ت و سووتاندنی باره‌گاکانی پارتی و تێکدانی ئه‌منییه‌تی کوردستان، شه‌راکه‌‌ته‌ سیاسییه‌که‌ی ژێرپێنا و پارتی ناچار کرد گرێبه‌سته‌‌که‌ هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌، گۆڕان و نه‌وشیروان، متمانه‌ی شه‌ریکایه‌تیان نه‌ما. ڕاستییه‌که‌‌ی: پارتی، گۆڕانی له‌ده‌رگاوه‌ ده‌رنه‌کردووه، تا به فێڵوفه‌ره‌جه‌ی‌ یه‌کگرتن له‌گه‌ڵ یه‌کێتی، له‌ په‌نجه‌ره‌وه‌ بێته‌وه‌. ژووره‌وه‌.
٣- وا چه‌ند ڕۆژێکه‌، ئه‌ندامانی گۆڕان و پاشکۆکانیان، فێربوون باسى ڕیفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی و نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌غدا ده‌که‌ن. دڵنیام به‌ڕاستتان نییه‌ و هاکا باتاندایه‌وه‌، وه‌لێ، به‌رده‌وامیش بن که‌س بڕواتان پێ ناکات. ئاخر هه‌ر ئێوه‌ نه‌بوون، سووکایه‌تی نه‌ما به‌ ڕيفراندۆم سه‌ربه‌خۆیی نه‌که‌ن؟ ئێوه‌ نه‌بوون هه‌زارویه‌ک ئاسته‌نکتان دروست کرد، کێشه‌و پشێویتان نایه‌وه‌ تا ئیراده‌ی سه‌ربه‌خۆیی بشکێنن، ئێستێ که‌ به‌غدابه‌ده‌رکران و له‌ هه‌موو شتێکدا شکستان هێنا، تازه‌به‌تازه‌ هاتوون باسی سه‌ربه‌خۆیی ده‌که‌ن؟ نه‌خێر قوربان زۆر دره‌نگ هاتوون. له‌ ڕێ دواكه‌وتوون و له‌ ئاش په‌له‌ ده‌که‌ن. ته‌نیا جێیه‌ک که‌ له‌وانه‌یه‌ بۆتان مابێته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ ببنه‌ کۆرسی پشته‌وه‌ی سروودبێژانی سه‌ربه‌خۆیی..
Top