وەهمی بە دیمۆکراسیبوون بەر لە دەوڵەت بوون ..

وەهمی بە دیمۆکراسیبوون بەر لە دەوڵەت بوون ..
ئەگەر من لە وڵاتێکی دیمۆکراسی و دەوڵەتێکی فرە نەتەوەیی خاوەن دەستورێکی سەردەم بوومایە ، ناچار نەدەبووم ،پشتیوانی لە دەوڵەتێکی نەتەوەیی سەربەخۆ بکەم ، چونکە لە دەوڵەتی دیمۆکراسیدا هیچ کەس و نەتەوەیەک بەسەر ئەوانی دیکەدا سەروەر نابن ویاسا ماف و ئەرکەکانی هەموو لایەنێک دەستنیشان دەکا و لە واقیعیشدا پراکتیزە دەکرێن . لە حاڵەتێکی وادا هەموو هاووڵاتییەک ئینتمای بۆ دەوڵەت و وڵاتەکە دەبێ وهەست بە نامویی ناکا( نمونەی وڵاتانی دیمۆکراسی و فرەنەتەوەیی ئەوروپا) .بەڵام من لە وڵاتێک بم پێچەوانەی دیمۆکراسی و مەدەنییەت بێ و نەتەوەیەک بە کلتورو هێزو پارەوە هەژموونی بەسەر نەتەوەکەمەوە هەبێت ، چۆن دەتوانم بیر لە سەربەخۆیی نەکەمەوە ؟ ئایا لە هەلومەرجێکی وادا نەتەوەی ژێر دەستە ئەگەر بۆی بلوێ کۆیلەبوون هەڵدەبژێرێ یان ئازادی ؟ ئەگەر نەتەوەکەت لە سایەی دەوڵەتێکی شۆڤێنی و مەزهەبیدا مەترسی لەسەر وجودیدا هەبێ بە چ مەنتیقێک ئەولەوییەتی خەباتی نێوخۆیی (نموونەی هەرێمی کوردستان) دیمۆكراتیزەکردن دەبێ ؟ ئاخر کێ هەیە لەو حەقیقەتە سادەیە نەگات، کە هیچ نەتەوەیەک لە دەرەوەی دەوڵەتی سەربەخۆ ، نە بۆتە نەتەوەیەکی دیمۆکرات نە دەهێڵرێ پێشبکەوێ (نمونەی وڵاتە فرە نەتەوە سیستەم دیکتاتۆرەکان) ئاخر ئێمە کە وجودمان لە مەترسیدا بێ چ مانایەک بۆ ئازادی و دیمۆکراسییەت و هاووڵاتیبوون دەمێنێتەوە ؟ هەر ئەو حەقیقەتەشە ئەوەمان پێ دەڵێ کە هەر چەندیش هەوڵی بە دیمۆکراسیکردنی ئەو کییانەمان بدەین ،ئەگەر سەروەریی نیشتمانی ونەتەوەییمان نەبێ ، ئەوە نەک دیمۆکراسییەت بەڵکو خودی نەتەوە هەڕەشەی لەنێوچوونی لەسەر دەبێ . ئەمە بەو مانایە نیە کە هەوڵدان بۆ چەسپاندنی ئازادی و هاووڵاتیبوون و بەرقەرارکردنی یاسا بۆ ئێمە پێویست نین ، بە پێچەوانەوە هەرچەند ئەوانە لە واقیعدا بچەسپێن و قوڵتر ببنەوە ئەوە بۆ دامەزراندنی دەوڵەت و داهاتووی دەوڵەت، پێویستن . بەڵام ئەگەر بە بیانوی نەبوونی یا کەموکووڕی لەو پێویستییانە ، چاو لە بە دەوڵەتکردنی ئەو کیانە دابپۆشرێ و پێداگری لەسەر ئەوە بکرێ کە ئێستا وەختی سەربەخۆیی نیەو کاتی چارەسەرکردنی قەیران و کێشەی دیمۆکراسییەتە ، ئەوە هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ ئەو گوتارە شۆڤێنییە نابێ ،کە بە رەوای نابینێ کوردستان ببێ بە دەوڵەت ، ترسی گەورەی ئەو گوتارەش لە بەدەوڵەتبوونمان ، ترسییانە لە بە دیمۆکراسیبوونمان لە ئاییندەدا ،چونکە گوتاری شۆڤێنی و دیکتاتۆری لەوە گەیشتووە کە دیمۆکراسییەت، سەروەری نیشتمانی و نەتەوەیی دروست ناکا بۆ نەتەوەیەکی ژێر دەستە ،بەڵکو ئەوە دەوڵەتی سەربەخۆی نەتەوەییە دەبێتە چەترێکی پتەو بۆ پاراستنی کەڕامەتی نیشتمان و نەتەوەو رێگاش بۆ ئازادییەکان و دیمۆکراسییەت خۆش دەکا .....
Top