خوێندنەوەی یەکەم بۆ دەقی رێککەوتنەکەی ی. ن. ک و گۆڕان

خوێندنەوەی یەکەم بۆ دەقی رێککەوتنەکەی ی. ن. ک و گۆڕان
ئەو دەقەم خوێندەوە کە بە ناوی رێککەوتنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و گۆڕانەوە بڵاوکراوەتەوە. ئەمانەیش ھەندێ سەرنجی سەرەتاییمن لەوبارەیەوە. ھیوادارم ھەڤاڵانی یەکێتی نیشتمانی بەر لە واژۆکردنی، ئەم خاڵانە راست بکەنەوە:
١- لە ھیچ بڕگە و ماددەیەکی رێککەوتنەکەدا و تەنانەت لە دیباجەکەشیدا ئاماژە بۆ رێککەوتنی (دەباشان) نەکراوە. کەواتە قۆناغی (مام جەلال) لە ژیانی سیاسی و لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەم دووحزبە و تەنانەت پەیوەندی ھاوڕێیەتی زیاتر لە نیو سەدە و رابەرایەتی کردنی لاباڵێکی بزاڤی رزگاریخوازی کۆتایی ھات. ئەمە یەکەم تەنازولی یەکێتییە بۆ نەوشیروان مستەفا.
٢- لە ھیچ بڕگە و ماددەیەکی رێککەوتنەکەدا و تەنانەت لە دیباجەکەشیدا ئاماژە بۆ رێککەوتنی نێوان ئەم دوو حزبە نەکراوە لەبارەی دەستاودەستکردنی دوو ساڵەی پۆستی پارێزگاری سلێمانی. ئەمەیش یەکەم تەنازولی گۆڕانە بۆ یەکێتی.
راستە ھەردوولا تەنازولیان بۆ یەکتر کردووە بەڵام نرخی ئەم دوو تەنازولە ناھاوسەنگە و لە زەرەری ماددی و مانەوی یەکێتییە و بە قازانجی نەوشیروانە، چونکە بە داخەوە یەکێتی تەنازولی لە (مام جەلال) کردووە و نەوشیروان مستەفا تەنازولی لە "کۆنە بەعسییەکی ھەڵەوڕ" کردووە!!
٣- ئەو بڕگەیەی باسی ریفراندۆم و مافی بڕیاردانی چارەنووس دەکات ھێندە لاواز و ئینشاییە دیارە کە بە زۆری زۆردارەکی تێی قرێنجێنراوە. دەنا کۆی رێککەوتنەکە لۆکاڵییە و تەنیا خەمی پشکی دوو حزبەکەیانە لە حکومەت و دەسەڵاتدا.
٤- لەم رێککەوتنەدا زەمەن دیار نییە، بەڵام پێدەچێ شەڕی داعش تەواو بووە و ھەڕەشەی تیرۆر و تیرۆریستان لەسەر ھەرێم نەماوە و کێشەی پێشمەرگە کێشەی کەرەستە و چەک و تەقەمەنی و ئەو بوودجە و مووچەیە نییە کە بەغدا ھەرگیزاو ھەرگیز نەیداوە، بەڵکو کێشەی پێشمەرگە ھەموارکردنەوەی یاسای وەزارەتەکەیەتی!!
٥- لەو رێککەوتنەدا کێشەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ھەرێم بریتی نییە لە کاراترکردنی دیبلۆماسی لەپێناوی بەدەستھێنانی پشتیوانی زیاتر بۆ پێشمەرگە و گەلی کوردستان لە شەڕی دژی داعش و تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی و مسۆگەرکردنی پشتگیری نێودەوڵەتی بۆ مافی سەربەخۆیی. بەڵکو کێشەکە تەنیا بریتییە لە ھاوسەنگی لە رێی پشکی دوو حزبەکەیان لەو دامەزراوەدا.
Top