دڵنیام دڵسۆزان ماون نایانەوێ یەکێتی نیشتمانی کوردستان ھەرزانفرۆش بکرێ.

دڵنیام دڵسۆزان ماون نایانەوێ یەکێتی نیشتمانی کوردستان ھەرزانفرۆش بکرێ.
ئەو پێشمەرگە ماندووانە ماون کە نایانەوێ حزبەکەی "کەم بژی و کەڵ بژی" بکرێتە مەقاش لە شەڕی حاقیدانەی نەوشیروان مستەفا بەرامبەر بە پارتی.
ئەو نیشتمانپەروەرانە ماون کە بۆ کوردستان خەباتیان کردووە و بەردەوام خەونیان بە سەربەخۆییەوە بینیوە، ناھێڵن یەکێتی نیشتمانی، کوردستانەکەی لێ بقرتێنرێ و بکرێتە حزبێکی لۆکاڵ.
ئەو کەسانە ماون کە بۆ سەرکەوتنەکانی یەکێتی ئارەقە و خوێنیان رشتووە، ئەمڕۆ رێگە نادەن بۆ ھەڵسانەوەی حزبە فاشیل و شکستخواردووەکەی نەوشیروان مستەفا، سەرکەوتنەکانی خۆیان مایەپووچ بکەن.
دڵسۆزان ماون رازی نین مەشخەڵانە بە بڵێسەکەی یەکێتی بگۆڕنەوە بە مۆمە کوژاوەکەی گۆڕان... بۆ راستی ئەم قسانەم فەرموون ئەمەی خوارەوە دەقی نووسینێکی (بەکر ئەحمەد، جێگری بەرپرسی مەڵبەندی ٣ی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان)ـە لەھەولێر:-
ماوەیەکە دەزگاکانی جیھانی و ھەرێمی و ناوخۆیی سەرقاڵی ڕوومالکردنی ڕێکەوتنی نێوان یەکێتی و گۆڕانن.... پێموایە ئەو ڕێکەوتنە ڕێکەوتنێکی سەقەتە و ھیچ بنەمایەکی زانستی تێدا بەدی ناکرێت تەنیا بەرژەوەندی چەند کەسانێک نەبێت کە بۆ ناوچەگەرییەتی و کەسایەتی خۆیانە، چونکە ھەموو ڕێککەوتنێکی سیاسی دەبێت لە بەرژەوەندی ھەردوولا بێت.
ئەوەی کە لە ڕێکەوتنەکە بەدی دەکرێت تەنیا ڕاستکردنەوەی گۆڕانە چونکە گۆڕان فەشەلی ھێنا لەبەرنامەکانی ھەم لەبەرامبەر یەکێتی کە دەویست ببێتە بەدیلی یەکێتی و ھەم لە ھاوپەیمانیەتی لەگەڵ لایەنەکانی دیکە.
بۆیە گۆڕان دەیەوێت یەکێتی بکاتەوە سەنگەرێک بۆ بێداھەڵچوونەوە، یەکێتی ھیچ پێویستی بەو ڕێککەوتنە نیە چونکە یەکێتی وەزعی لە ھەرێم لە ھەموو لایەک باشترە بەبوونی قاعیدەیەکی جەماوەری پۆڵایین و خاوەنی ھێزێکی پێشمەرگەی قارەمان و فیداکارە تەنیا خاڵی لاوازی یەکێتی بێ سەرکردایەتییە ئەویش دەبوایە ئەو برادەرانەی مەکتەبی سیاسی و سەکردایەتی لە بری ئەوەی عەجەلە و پەلەپڕوزەیان بوو بۆ لای ئەو برادەرە، پاڵەپەستۆیان بخستبوایە سەر ئەو برادەرە ناکۆکانەی ناو یەکێتی بۆ ڕێککەوتن.
خۆ ئەگەر یەکێتی بۆ بەرژەوەندی کورد رێکخستنەوەی نێوماڵی کوردیەتی دەبوایە بەبێ لایەنی بمابایەتەوە و دەوری ناوبژیوانی بدیتبوایە چونکە ئێستا بە تەرەف حساب دەکرێ لایەنی ڕکابەر رق ئەستوورتر دەکات و بارودۆخەکە ئاڵۆزتر دەبێت.
ئەوەی سەیرە لام نازانم یەکێتی بۆ ئەوەندە تامەزرۆی ئەو ڕێککەوتنە بوو ئایا لای وایە کاک نەوشیروان سحری ساحری پێیە و بەزووترین کات چارەسەری کێشەکان دەکات؟. یان پێیوایە زۆر دڵسۆزی یەکێتییە و دەبێتە مایەی ڕێکخستنەوەی ناو یەکێتی؟ ئەگەر ئەو گریمانانە سەرەوەی بەلاوە ڕاست بێت ئەی ئەوەیان لەبیر کرد ویستیان چی لە یەکێتی بکەن بەدەستی ئەفەندییە دەستو پێ سپیانەی لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئەوەی من دەیبینم ئەو ڕێککەوتنە بەرەو ئاقارێکی خراپتر دەمانبات و لەو دوایدا قازانج سەری مایە دەخوات بۆیە ھیوادارم مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی بێتەوە سەرخۆ و کورد گوتەنی کچی خۆی بەقوربانی کوڕی خەڵکی نەکات.
ئازا حەسیب قەرەداخی
Top