ووتارێکی دیکەی دوو قۆڵیی

ووتارێکی دیکەی دوو قۆڵیی
( مەریوان وریا و ئاراس فەتاح)م دژی پارتی و سەربەخۆیی بە ناونیشانی ( دیسانەوە دەوڵەتی کوردی، دیسانەوە درۆی گەورە) حوێندەوە.. ئەوەندە ساویلکە و رقاوی نوسیویانە، دەبێ جوابێک بدرێنەوە کە بۆ کەسانی بێ سەواد و لە گوێی گایا نوستوو دەشێ. ئاخر ئەو برادەرانە کە خۆیان بە فەیلەسوف ئەزانن یان بە راستی ھەر ئەوەندەیان ئاگا لە دنیایە یان رق بە جۆرێک بەرچاوی گرتون کە سادەترین راستییەکان نابینن، ھەر کامێکیشیان بن ، کارەساتە.
ئەمانە و دەروێشەکانیان پێش ماوەیەک لەگەڵ پەکەکەدا دەیانگووت گوتاری ناسیونالیزم بەسەر چووە و کوردایەتی دواکەوتنە، دیارە ئێستا کە پەکەکە خەریکە لە فکری کانتۆنچێتی پاشگەزدەبێتەوە و برادەرانی زۆنی نیللیش بەشەرمەوە و لە ریزی دواوە و وەک کۆرس ( جا بە راستیان بێ یان بە سوعبەت) کەوتونە گوتنەوەی سرودی سەربەخۆیی، ئەمانیش بایانداوەتەوە و نوسیویانە: سەربەخۆیی و دەوڵەتی نەتەوەیی باوی ماوە و بەسەر نەچووە!!!
بەڵام ئەنواع و ئەشکال بڕو بیانووی عەنتیکەیان ھێناوەتەوە تەنیا بۆ ئەوەی بڵێن پارتی بۆی نییە پێشەنگی سەربەخۆیی بێ و بە راستی نییە و کاری جددی بۆ سەربەخۆیی نەکردووە.
ھەندێ قسەی سادە و ساکاریان نوسیوە کە ئینسان ناچار دەبێ بە ھەمان ساکاری خۆیان وەڵامیان بداتەوە، بۆ نمونە:
- نوسیویانە : پارتی ریفراندۆم دەکات وەک ئەوەی نەزانێ کورد سەربەخۆیی دەوێ یان نا ..
عاقڵینە پارتی دەزانێ کورد چی دەوێت، ریفراندۆم بۆ ئەوەیە دونیا بزانێ کورد ئەوەی دەوێ کە پارتی دەیڵێ، واتا سەربەخۆیی دەوێ. نەک کانتۆنچێتی و عێراقچێتی و شیعەخوازی.
- نوسیویانە: ھیچ زەمینەسازییەک نەکراوە بۆ سەربەخۆیی ..
عاقڵینە چۆن نەکراوە، پارتی سوپا و ئابوری و سنور و روئیای سیاسی و پەیوەندییە دیبلوماسییەکانی کوردی لە بەغا جیاکردۆتەوە، بارتی دە ساڵە کار بۆ ئەو مەبەستە دەکات.
- لە ئاماژەیەکدا بۆ فرۆشتنی نەوت لە رێی تورکیاوە، نوسیویانە پارتی دەیەوێ لە بەغدا جیابینەوە و پەیوەستی تورکیا بین.
عاقڵینە کورد یان دەبێ بە ئاسمانا نەوت بفرۆشێ یان لە رێی تورکیاوە، بەغدا شیر و تیر لە تورکیا دەسوێ کەچی نیوەی نەوتەکەی لە رێی تورکیاوە دەفرۆشێ.
- نوسیویانە: سەربەخۆیی قۆرغکارییەو بۆ بنەماڵە و دەسەڵاتێکی سوڵتانییە .
عاقڵینە کە سەربەخۆیی بەدیھات ئیوە خوتان ھەڵبژێرن و ببن بە سوڵتان .
- نوسیویانە: لە کوردستاندا یەک کوتاری نییە کە پێویستە بۆ سەربەخۆیی .
جا عاقڵینە وەرن ھەموتان لەگەڵ سەربەخۆیی بن و بەو حیزبانەی زۆنی خۆتان بلێن گوێ لە مستی کەس مەبن، ئەوکات باشترین ھاوخیتابی دێتەئاراوە. خۆ بەتەما نین بۆ ئەوەی ھاوخیتابی ھەبێ، پارتی دەست لە نەھجی سەربەخۆییخوازی ھەڵگرێ و بێتە سەر دینی ئێوە.
- نوسیویانە: پارتی لەسەر ئەساسی سەربەخۆیی خەڵک بۆ نیشتمانیەروەر و ناپاک دابەشدەکات.
عاقڵینە ئەوە پارتی نییە وا دەکات، ئەوە حوکمی مێژووە کورد بەسەر باش و جاشا دابەش دەکات ، بەڵێ کورت و موختەسەر ئەوەی لەگەڵ سەربەخۆیی بێ باشە و ئەوی لەگەڵی نەبێ جاشە،
- نوسیویانە: پارتی دێگەڵە بە سنوری پاراستنی دەوڵەت دەزانێ.
عاقڵینە پارتی حەفتا ساڵە شەڕ بۆ حەمرین دەکات ، دێگەڵەی چی . بەڵام خۆ ئێوە عاقڵن و دەزانن پشتی دێگەڵە ئیرانی لێیە و ئیرانیش مەترسییە و کوردستان بە ئیسرائیلی دووەم دەزانێ. پارتی ئەبی ئاگای لەودیو دێگەڵە بێ، ئەدی کوو.
شتی عەنتیکەی دیکەیان زۆر گوتووە بەڵام ئیدی لەم بابەتانەن .. زۆریش درێژ دەنوسن ئەم دوو برادەرە . درێژ ..
ئاریان فەرەج
Top