نەوشیروان مستەفا ئەمجارەش رەنج بەخەسار دەچیت .. ھاوسەنگی ھێزی بەرامبەر پارتی پێ ناگۆرێت

نەوشیروان مستەفا ئەمجارەش رەنج بەخەسار دەچیت ..  ھاوسەنگی ھێزی بەرامبەر پارتی پێ ناگۆرێت
سروشتی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر دەستی بارزانی مستەفا ، جیاوازە لە تەواوی حزبەکانی کوردستان و تەواوی حزبەکانی رۆژھەڵاتی ناوەراست و جیھانی ئیسلامیش، ئەو جیاوازییەش لەو خاڵەوە سەرچاوەی گرتووە، کە لەفیکری مستەفا بارزانی دا ، نوێنەرایەتی چینێکی دیاریکراو یان گروپێک لە دەستەبژێری سیاسی ناکات، بەڵکو چەمکی حزب لە بونیادی ھەیکەلی پارتیدا، واتە نوێنەرایەتی کردنی تەواوی نەتەوەیەکی ژێر دەست و پارچەپارچە کراو، ھەربۆیە لە فیکری بارزانی مستەفا ، نەتەوەی ژێر دەست و پارچەپارچەکراو ، یەک خەمی سەرەکی ھەیە ، ئەویش تەنھا رزگاربوونە لە داگیرکاری و گەیشتن بەکەناری سەرفرازی و ئارامی و سەربەخۆییە.
لە ناو پارتیدا ھەموو ئایدلۆژیەتێکی جیاواز ، لەم پەڕی راستەوە بۆ ئەوپەری چەپ، لەوپەری ئیسلامیەوە بۆ ئەو پەری عەلمانیەت جێگای دەبێتەوە، ئەمەش مانای ئەوەیە پارتی دیموکراتی کوردستان ژینگەیەکی سیاسیە بۆ ئاشتکردنەوە و پێکەوەکەکارکردنی چەمکە جیاوازەکان، نەک خۆ گرێدانەوەی بە چەمکی ئایدلۆژیەتیەکی دیاریکراوەوە بۆ دژایەتی ئایدلۆژیەتێکی دیکەی دیاریکراو.
ئەم خەسڵەتە تایبەتیەی پارتی ھەر لەسەرەتای دروستبوونیەوە تا ئێستا، جۆرێک لە ئیشکالیەتی تێروانینی ئایدلۆژی لای ئەندام و کادرانی پارتی دروستکردووە، بەوەی بۆچی پارتیش وەک حزبەکانی دیکە پرۆگرامێکی ئایدلۆژی نیە بۆ رۆشنبیرکردنی ئەندام و کادرانی؟ دیارە لای نەحەزانی پارتیش کە نازانن نەھێنی ھێزی پارتی لە چیدایە، ھەموو کات تانەی ئەوە لە پارتی دراوە کە بایەخ بە رۆشنبیرکردنی ئەندام و کادرانی لەچوارچێوەی ئایدلۆژیەتێکی دیارکراو نادات؟ ئەو ناحەزانەی پارتی ھەموو کات ئەم خەسڵەتە بەرزەی پارتی دیموکراتی کوردستانیان بەوجۆرە پیشانداوە، کە پارتی رۆشنبیری حزبی نیە؟ لەگەڵ ئەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان ھەتا ئێستاش لەسەر ئەم تۆمەت بەشینەوەیە بێدەنگ بووە، بەڵام جوانی و رەسەنایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوەیە کە ھەتا ئێستا خەڵکی کوردستان و ئەندام و کادرانی خۆی بە ئاراستەیەکی ھەڵە لە چوارچێوەی رۆشبیریی کردنی ئایدلۆژیەتێکی دۆگمادا ( ئەوجا ھەر ئایدلۆژیەتێک بێت) ، بەلا ڕیدا نەبردووە.
پارتی دیموکراتی کوردستان ھەرگیز بروای بە رۆشبیرکردنی ئایدلۆژیەتی دۆگمایی نیە، بەڵام بەدرێژایی کاروانی خەباتی خۆی ھەوڵیداوە، پرۆسەی رۆشنگەری بیرنەتەوەیی و کوردایەتی لەناخی ھەر تاکێکی کورد و کوردستاندا بەرز بکاتەوە، پرۆسەی رۆشنگەری لای پارتی دیموکراتی کوردستان زۆر جیاوازە لە پرۆسەی رۆشبیری ئایدیلۆژی حزبەکانی دیکە ، لەبەر ئەوەی ھەموو حزبەکانی دیکەی کوردستان ھەوڵیانداوە ، ئەندام و لایەنگیر و کادرانی خۆیان بەو ئاراستەیە پەروەردە بکەن، ئەوان ھەقیقەتی رەھایان لایە و بەرامبەر تەحریفی و لادارە. بەڵام پارتی دیمورکراتی کوردستان وای دەبێنێت ، ھەقیقەت کۆی تەواوی بیروبۆچوونە جیاوازەکانە، نەک ئەو بیربۆچوونانەی دژی کوردایەتی و کورد و کوردستانن.
ھەربۆیە پرۆسەی رۆشنگەری لای پارتی دیموکراتی کوردستان بریتیە لە لابردنی وەسایەی ئایدیلۆژیی و وەسایەی کەلتوری داگیرکاری لەسەر ئەقڵی ھەرتاکێکی کورد و کوردستان، فیرکردنی نەخێرە بۆ زۆرداری و چەوسانەوە و داگیرکاری و، بەڵێ یە بەدەنگی بەرز بۆ سەرفرازی و قوربانیدان و لە پێناوی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستان.
ئەم سروشتەی پێکھاتەی پارتی و شێوازی بیرکردنەوەی ، بەوەی نەتەوەی کورد پێویستی بە رۆشنگەری و ئازادکردنی عەقل ھەیە، نەک رۆشنبیکردنی ئایدلۆژی کە ئەقڵی تاکەکان بەند بکرێت، دیارە ھەر لەسەرەتای شەستەکانی سەدەی رابردووە بۆتە گرێکوێرەیەک بۆ ئەوانەی ویستوویانە دژایەتی پارتی و شەخسی مستەفا بارزانی و دوای ئەویش دژایەتی شەخسی سەرۆک مسعود بارزانی بکەن.
گومانی تێدا نیە ماوەی زیاتر لە ٥٠ ساڵە شەخسی نەوشیروان مستەفا ، کە ئەو کات بەشێک بووە لە باڵی جیاوەبووی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئێستاش رێکخەری بزووتنەوەی گۆرانە، ھەموو ژیانی خۆی تەرخانکردووە، بۆ گۆرینی چەمکی رۆشنگەری و ئازادکردنی ئەقڵی تاکی کورد ، بۆ بەندکردنی ئەقڵی تاکی کوردستانی لە چوارچێوەی ئایدلۆیەتێکی نەزۆکی ھەمەجۆردا بۆ ئەوەی بۆ دژایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و بنەماڵەی بارزانی و شەخسی سەرۆک بارزانی بەکاریان بھێنێت. بەڵام نەک جارێک بەڵکو چەندین جار لەماوەی ئەو ٥٠ ساڵەدا ئەو ئایدۆلۆژیەتە نەزۆکەی کە نەوشیروان دژی پارتی و بارزانی بازار گەرمی پیدەکات، شکستی گەورەی بەسەردا ھاتووە، بەڵام ھۆکاری ئەوەی کە دەستبەرداری ئاژاوەگێری و ناسەقامگیری کوردستان نابێت ئەوەیە، ئەو ھەتا ئێستا لە نەھێنی ھێزی پارتی دیموکراتی کوردستان و کارێزمای سەرۆک بارزانی نەگەیشتووە، ھەروەھا ئەو ئەوەشی فەرامۆشکردووە ، نەھێنی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوەیە، لەباری سەقامگیر و یەکریزی نیوماڵی کوردە، ھێزەکانی پارتی وەک پارێزەری کوردستان و پارێزگاریکەری کوردستان، تەنھا وەک پاسەوانێکی ئەمین بە ئەرکی پاسەوانی ھەڵدەستێت و ھیچی تر، بەڵام کاتێک پیلانێک یان ھەرەشەیەک بۆسە ر پارتی دروست دەبێت، ئەوکات پارتی پەیوەندیەکی ئەقڵانی لەنێوان ھێزەکانی خۆی دروست دەکات و ، کە دروستکردنی ئەو پەیوەندییە لە نیوان ھێزەکاندا، دەبێتە تۆڕێک و خەوەکانی ناحەزانی پارتی راو دەکات و پیلانەکەیان ھەڵدەوەشێنتەوە.
نەوشیروان مستەفا لەساڵی ٢٠٠٥ ەوە خەو بەوەوە دەبینیت ، بەھەرێگەیەک بێت، پارتی بکاتە حزبی دووەم یان ھێزی دووەم لە گۆرەپانی سیاسی کوردستان و کودەتای بەسەردا بکات ، بەڵام لەماوەی ٥٠ ساڵی رابردوو ، ھەتا ئێستا ئەم پیاوە نەخۆشە لە ئاستی ئەم ئاواتەی دژی پارتی رەنج بەخەسار بووە ، ھەروەک چۆن لە دوای ١٩ی ئابی ٢٠١٥ رەنج بەخەسار چوو و بەناچاری سەری خۆی ھەڵگرت رۆشت بۆ دەرەوەی وڵات، ئەمجارەش کە ھاتۆتەوە ، جارێکی دیکە بە نیازی دەستپێکردنەوەی جەولەیەکی دیکەی ناسەقامگیری و ئاژاوە نانانەوەیە لە کوردستان، بەڵام لێی گەرێن ، با ئەمجارەش خۆی تاقی بکاتەوە و ئەم جەولەیەش بەرێوەبرێت، بەڵام دڵنیابن، پارتی ئەمجارەیان وەک جارانی پێشوو مامەڵە لەگەڵ ئاژاوە و ئاژاوەگێران لە کوردستاندا ناکات.
Top