ده‌وڵه‌تی كوردستان و له گۆڕنانی سایكس پیكۆ
May 11, 2016
وتار و بیروڕا
ئیگناشیۆس له ساڵی 1982ـه‌وه له به‌یروت-ـه‌وه كاری رووماڵكردنی رووداوه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بووه و له ساڵی 1987 رۆمانی (سیخوڕه‌كانی به‌رائه‌ت -Agents of Innocence)ی له‌سه‌ر كاری ده‌زگای هه‌واڵگری ئه‌مه‌ریكا (CIA) له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست نووسیوه. ئه‌م كتێبه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی 27 ساڵ لهمهوپێش نووسراوه، به‌ڵام ئێستا له كتێبخانه‌ی ئامازۆن باشترین فرۆشی هه‌یه و زۆر كه‌س له‌سه‌ر ئه‌م كتێبه‌یان نووسیوه، هه‌تا رۆمانه‌كه‌ی ئیگناشێوس نه‌خوێنیته‌وه، له‌وه تێناگه‌یت (CIA)چۆن كارده‌كات. مه‌به‌ست له‌م به‌بیرهێنانه‌وه‌یه ئه‌وه‌یه، رۆژنامه‌نووسێكی به‌ئه‌زموون و ناوداری وه‌ك ئیگناشیۆس و رۆژنامه‌یه‌كی به‌ناوبانگی وه‌ك واشنتۆن پۆست، هه‌روا و له خۆڕا و له 3ی ئایاری 2016 به راشكاوی نانووسێت: "ئه‌و ده‌وڵه‌ته فشۆڵانهی وه‌ك عێراق و سووریا 100 ساڵ پێش ئێستا فه‌ره‌نسا و به‌ریتانیا دروستیان كرد، ئێستا به‌ڵگه‌ی زۆر له‌به‌ر ده‌سته كه ئه‌و ده‌وڵه‌تانه بوونیان نه‌ماوه"، له‌مه‌ش زیاتر هه‌ر له رۆژی 5ی ئایاری 2016، هه‌مان رۆژنامه وتاری به‌ڕێز مسرور بارزانی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی كوردستان بڵاو ناكاته‌وه، كه راشكاوانه به‌رێزیان ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، عێراق ده‌وڵه‌تێكی فاشیله و كوردستان ریفراندۆم ئه‌نجامده‌دات وه‌ك هه‌نگاوێك بۆ راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ و ئه‌نجامدانی وتووێژ له‌گه‌ڵ به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ی كوردستان به شێوه‌یه‌كی ئاشتییانه له عێراق جیابێته‌وه.
دیاره رۆژنامه‌یه‌كی وه‌ك واشنتۆن پۆست كه له‌م كاته‌دا پرسی كۆتاییهاتنی هه‌ردوو ده‌وڵه‌تی سووریا و عێراق به‌و راشكاوییه ده‌خاته ناو رای گشتی وڵاته‌كه‌ی، ئه‌مه مانای ئه‌وه‌یه، ئه‌گه‌ر هه‌تا ئێستا رێككه‌وتنی سایكس پێكۆ وه‌ك په‌راوێزێك له تۆماری مێژووی رۆژئاوا و ئه‌مه‌ریكا سه‌یر ده‌كرێت، به‌ڵام بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بۆته میراتێك كه زۆربه‌ی بۆچوونه‌كان به‌و ئاراسته‌یه‌ن كه هۆكاری سه‌ره‌كیی هه‌موو كێشه‌كانی ئه‌م ناوچه‌یه ئه‌و سنووره ده‌ستكردانه‌یه كه 100 ساڵ پێش ئێستا بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی ده‌وڵه‌تانی كۆلۆنیاڵی به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسا دروستكرابوون، بۆ ئێستا چیتر ئه‌و سنوورانه ناتوانن به پته‌وی بمێننه‌وه. خۆ ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و ئه‌ندامانی هه‌میشه‌یی ئه‌نجومه‌نی ئاسایش مكوڕ بن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م سنوورانه وه‌ك خۆیان بهێڵنه‌وه، ئه‌وا ده‌بێت ئه‌و راستیه‌ش له‌به‌ر چاو بگرن، هۆكاری سه‌ره‌كیی سه‌رهه‌ڵدانی رێكخراوێكی تیرۆریستی وه‌ك داعش و راگه‌یاندنی خه‌لافه‌تی ئیسلامی له به‌شێكی عێراق و سووریا، هۆكاره سه‌ره‌كییه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا سه‌ركه‌توو نه‌بوو له دووباره بونیادنانه‌وه‌ی عێراق له چوارچێوه‌ی سنووره ده‌ستكرده‌كه‌ی سایكس پیكۆ، هه‌روه‌ها سه‌لمێنه‌ری به‌سه‌رچوونی ئه‌و سه‌رده‌مه‌یه كه بتوانرێت به رێگه‌ی ده‌سه‌ڵاتی تۆتالیتاریزم و دیكتاتۆری سنووره ده‌ستكرده‌كان بپارێزرێت.
هه‌ر سه‌باره‌ت به نه‌مانی كاریگه‌ریی سنووره‌كان، ئه‌ویش نه‌ك هه‌ر له چوارچێوه‌ی رێككه‌وتنی سایكس پیكۆ، به‌ڵكو له سه‌رده‌می گلۆبالیزه‌یشن-یشدا سنووره‌كان خۆیان كه‌وتوونه‌ته به‌ر مه‌ترسی و چیتر سنووره‌كان ناتوانن رێگه له تیرۆریستان و نه‌خۆشی بگرن، وه‌ك سیسۆلۆژی گه‌وره‌ی ئه‌ڵمانی له كتێێبی (كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ترسی) ئاماژه‌ی پێكردووه، گلۆبالیزه‌یشن به هیچ جۆرێك بایه‌خی بۆ سنوور نه‌هێشتۆته‌وه، راسته دیارده‌ی گۆلۆبالیزهیشن له رووه ئیجابییهكهیهوه وایكردووه هه‌موو جیهان له یه‌ك كاتدا سوود له سه‌رجه‌م ده‌ستكه‌وته‌كانی مرۆڤایه‌تی وه‌ربگرێت، به‌ڵام له هه‌مانكاتدا واشیكردووه ئه‌گه‌ر نه‌خۆشییه‌ك له ئه‌فریقیا بڵاوببێته‌وه، به ئاسانی بگاته سنووره‌كانی وڵاتانی ئه‌وروپا. هه‌ر بۆیه ئه‌م دیارده‌یه‌ی شۆڕشێكی دیكه‌ی له سه‌ر ئاستی دووباره بونیادنانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت كه پێی ده‌ڵێن: (شۆڕشی چواره‌م)، هه‌روه‌ها شۆڕشێكی دیكه‌ی له سه‌ر ئاستی جیۆپۆلیتكی دروست كردووه كه پێی ده‌ڵێن: (شۆڕشی سێهه‌م)، ئه‌مه‌ش به‌و مانایه‌ی ئه‌گه‌ر له‌ئاكامی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهان نه‌خشه‌ی سیاسی جیهان وه‌ك شۆڕشی یه‌كه‌م گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هاتبێت، ئه‌وا له ئاكامی شه‌ڕی دووه‌می جیهانی جارێكی دیكه نه‌خشه‌ی سیاسیی جیهان گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هاتووه، دیاره له دوای رووخانی دیواری به‌رلین و كۆتاییهاتنی شه‌ڕی سارد، جارێكی دیكه نه‌خشه‌ی سیاسیی به‌شێكی جیهان وه‌ك ده‌وڵه‌تانی به‌لكان و كۆماره‌كانی پێشووی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت گۆڕانكاری به‌سه‌ردا هات، به‌ڵام كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی رێگری له‌وه كرد كه له به‌شه‌كه‌ی دیكه‌ی جیهان، كه (رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست)ـه ئه‌و گۆڕانكارییه رووبدات. هه‌تا ساڵی 2011 و له راپه‌ڕینه‌كانی وڵاتانی عه‌ره‌بیدا، سنووره‌كان چیدیكه نه‌یانتوانی رێگری له‌وه بكه‌ن كه راپه‌ڕینه‌كانی تونس بپه‌ڕێته‌وه بۆ میسر و پاشان بۆ لییبیا و یه‌مه‌ن و سووریا، هه‌روه‌ها سنووره‌كان نه‌یانتوانی رێگری له بڵاوبوونه‌وه‌ی تیرۆریستان بكه‌ن له پاكستانه‌وه بۆ نه‌یجیریا، ئێستاش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی دژی داعش هه‌موو توانای خۆی چڕكردۆته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی رێكخراوی تیرۆریستی داعش له عێراق و سووریا كۆتایی پێبهێنێت، به‌ڵام دیسان سنووره‌كان نه‌یانتوانیوه رێگری له رێكخراوی تیرۆریستی داعش بكه‌ن، كه به هاوشێوه‌ی خه‌لافه‌ته‌كه‌ی له عێراق و سووریا، هه‌مان خه‌لافه‌ت له لیبیاش دروست نه‌كاته‌وه، له‌مه‌ش زیاتر سنووره‌كان نه‌یانتوانیوه رێگری له تیرۆریستان بكه‌ن كه نه‌په‌ڕنه‌وه بۆ ئه‌وروپا، به‌پێچه‌وانه‌وه هه‌وڵدانی رۆژئاوا و ئه‌مه‌ریكا بۆ پارێزگاریكردن به سنوور و جیۆپۆلیتكی سه‌رده‌می شه‌ڕی سارد له‌م به‌شه‌ی جیهاندا، خه‌ریكه ئه‌و جیۆپۆلیتكه كۆنه ده‌بێته هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره له ناو ماڵی ته‌واوی ده‌وڵه‌تانی رۆژئاوا به ئه‌مه‌ریكاشه‌وه.