ھۆکار زۆرن بۆ گەڕانەوەی پەرلەمانتارانی کوردستان بۆ بەغدا

ھۆکار زۆرن بۆ گەڕانەوەی پەرلەمانتارانی کوردستان بۆ بەغدا
سەرتۆپی ئەو ھۆکارانەش ئەمریکاو ئێرانە ، من لەوە دڵنییام ھەر دەگەڕێنەوە ، پێناچێ پێداگریەکەمان لەسەر نەگەڕانەوە بڕیاری کۆتایی بێ ، بەڵام دەکرێ بۆ گەڕانەوە سەقفی داواکارییەکانمان بەرز کەینەوە ، ھەلومەرجەکە لەبارە ، ئێمە پاساوی زۆرو مەعقولمان بە دەستەوەیە ، راستە ھێزە نێودەوڵەتییەکان بە بیانووی رووبەرووبوونەوەیان لەگەڵ داعش وخۆ ئامادەکردن بۆ رزگارکردنی شاری موسڵ ، گەرەکیانە لە ئێستادا وەزعی عیراق زیاتر لەبار نەچێ ، بەڵام گەڕانەوەی ئێمەش بەبێ مەرجی جیددی بۆ بەغدا قوڵکردنەوەی ھەستی کۆیلەتی و تەسلیمبوون و لەباربردنی زۆر شتی ترە . دەبێ ئەو کێشەیە لەگەڵ بەغدا بکەینە موفاوەزاتێکی قوڕس و پڕ بەرھەم ، ئەومەسەلەیە بە پێدانی گەرەنتی و دووبارەنەبوونەوەی ئیھانەی پەرلەمانتارانی کوردستان لە بەغدا چارەسەر نابێ و کۆتایی نایێ ،دەبێ ئەو داوایە ئاخرین خاڵی داواکارییەکان بێ ، گەرەکە بە کۆمەڵێک داواکاری گرنگ کە مافی رەوای خەڵکی کوردستانن ،لەگەڵ وەفدی بەغدا و بە بەشداریپێکردنی ئەمریکا وەک نێوەندگیر ،لە پایتەختی ھەرێم ،بخرێنە روو و پێداگیرییان لەسەر بکرێ . ئەگەر بەغدا پێویستی بە کوردستانە ، دەبێ کوردستان ،بەغدا راکێشێتە ھەولێر، لە ھەولێریش داخوازییەکانی کوردستان بەسەر بەغدا بسەپێنرێ ، کە من دڵنییام ئەمریکاش دژ بەو ھەڵوێست و پێداگریەی کوردستان ناوەستێ و عیراقیش ناچار دەبێ زۆر شتمان بۆ بکا ، دەبێ ئەو ئیھانەکردن و بێ بەھاکردنەی وجودی کوردستانییەکان لە بەغدا ، بە دەسکەوتی گەورە قەرەبوو بکرێتەوە .....
کاروان عەبدوڵڵا
Top