پێشتریش بەرامبەر پارتی .. گۆڕان و یەكێتی هەر یەك حزب بوون بەڵام هیچیان پێنەكرا
May 9, 2016
وتار و بیروڕا
پارتی لە قۆناخی یەكەمدا لەم پیلانەی نەوشیروان مستەفا خافلگیربوو، بۆیە لە 23ی حوزەیرانی 2015 توانیان بە زۆرینە دەنگـ خوێندنەوەی یەكەم بۆ پرۆژە یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە پەرلەمان بكەن، بەبێ ئەوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ئاگادار بكەنەوە، كە بەرزترین دامەزراوەی شەرعی و جێبەجێكارە لە هەرێمی كوردستاندا.
لەماوەی حوزەیران تا ئابی 2015 ، پارتی دیموكراتی كوردستان زۆر هەوڵیدا كە پرۆسەكە بە دیالۆگ و سازانی نیشتمانی چارەسەر بكرێت، زیاد لەمەش نەتەوە یەكگرتووەكان و هەردوو دەوڵەتی گەورەی جیهان ئەمریكا و بەریتانیا هاتنە ناوەندگیری بۆ ئەوەی ئەو پرسە بە ئاشتی چارەسەر بكرێت، بەڵام دیسان بە فەرمانی راستەوخۆی نەوشیروان مستەفا ، یوسف محەمەدی سەرۆكی ئەوكاتی پەرلەمان هەموو عورفێكی هاوپەیمانی و سیاسی ژێر پێنا و، سور بوو لەسەر ئەوەی بەزۆرینەی پەرلەمانی كودەتاكەی 23ی حوزەیران تەواو بكات، بەڵام ئەمجارەیان بەداخەوە ، بێجگە لە سڕینی عارەقێكی بێئومیدی هیچی دیكەی لێ سەوز نەبوو.
دوای ئەوەی لە 19ی ئابی 2015 زۆرینەی پەرلەمانیان دۆراند، كەوتنە گێرانی ئاژاوەیەك و راستەوخۆ كەوتنە سوتاندنی بارەگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ناوچەكانی سلێمانی و راپەرین و گەرمیان و سەیدسادق.. بەڵام كە پارتی دیموكراتی كوردستان هەڵوێستی بوێرانەی خۆی راگەیاند و رێگەی لە ئاژاوەگیری و فیتنە گرت، باردۆخی كوردستان هیوربووەوە و كاتیكیش ریكخەری بزووتنەوەی گۆران گەیشتە ئەو قەناعەتەی بەرامبەر پارتی هیچی پێناكرێت، كوردستانی بەرەو لەندە بەجێهێشت و ماوەی حەوت مانگ خۆی دوور خستەوە. هەتا لە رۆژی 28ی نیسانی رابردوو گەرایەوە.
لەگەڵ گەرانەوەی بۆ كوردستان، ئێستا باس باسی یەكگرتنەوەی بزووتنەوەی گۆران و یەكێتی نیشتمانی یە، وەك ئەوەی پێشتر بەرامبەر پارتی دیموكراتی كوردستان دوو حزب بووبن!!، بۆیە ئەگەر هەندێك بە هێمنی سەیر هەوڵەكانی پەرلەمانتارانی یەكێتی و گۆران بكەین، كە لەرۆژی 23ی حوزەیران بە ئاشكرا دەیانگووت هەموومان بە گۆڕی شەهیدان سوێندمان خواردووە كە پێكەوە فراكسیۆنی گۆران و یەكێتی وەك یەك فراكسیۆن، دەنگ بە پرۆژەی هەمواركردنی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دەدەین و پاشانیش كە خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كرا، پەرلەمانتارانی گۆڕان و یەكێتی پێكەوە ، وێنەی سیلڤی سەركەوتنیان دەگرت، ئەوكات یەكیتی و گۆران لە دژی پارتی یەكیان گرتبۆەوە، بەڵام دیار بوو سەرەنجام هاوكێشە سیاسیەكە چۆن شكایەوە و هەموو لایەكیش دەزانێت كێ گرەوەكەی بردەوە و كێ دۆرانی.
لە ئێستا كە ئەم سیانۆریە تازەیە بەرێوە دەچێت، مەسەلەكە تەنها پرسی یەكگرتنەوەی گۆران و یەكێتی نیە، بەڵكو ئەمە بازار گەرمیەكە بۆ زەمینەسازی لەلایەن رێكخەری بزووتنەوەی گۆرانەوە بۆ ئەوەی جەولەیەكی دیكەی ئاڵۆزی و ناسەقامگیری لە كوردستاندا دروست بكاتەوە، بەڵام ئەمجارەیان پارتی وەك پێش حوزەیرانی 2015 خافلگیر ناكرێت و بەشێكی باشی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش كە لەسەرەتاوە لە ئامانجی ئەم سیناریۆ تازەیە دەگەن، راشكاوانەتر هەڵوێستی خۆیان رادەگەیەنن. حزبە كوردستانیەكانیش زۆر باش لەو راستیە تیگەیشتوون، نابنە داردەستی كەسێك كە 50 ساڵە ویژدانی خۆی ئازار دەدات بۆ ئەوەی خەونێكی نەزۆكی بۆ بێتە دی ، كە قەت بۆی نایەتە دی.