كوردستان لە چاوەڕوانیی دەرفەتێكی مێژووییدا

كوردستان  لە چاوەڕوانیی دەرفەتێكی مێژووییدا
د.چنار سەعد عەبدوڵا*
ئەمڕۆكە لە ناوەندی سیاسیی كوردستاندا جەدەلێكی گەرموگوڕ سەبارەت بە دەوڵەتی كوردستان لە ئارادایە، بە جۆرێك ئەو ناوەندەی بۆ سێ بەرەی سەرەكی دابەش كردووە. بەرەیەكیان پێیوایە كە لە ئێستادا باشترین دەرفەت بۆ گەلی كوردستان هاتۆتەپێش كە بڕیاڕ لەسەر سەربەخۆیی بدات و چیتر با كات بەفیڕۆ نەدرێت، كە پارتی پێشەنگی ئەو بەرەیەیە. بەرەی دووەم، هەرچەندە لەملاوئەولا دەم لە پێویستی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەدات بۆ پرسی سەربەخۆیی، كەچی تا ئێستا هەڵوێستێكی ڕوون و یەكلاكەرەوەیان لەسەر ئەو پرسە دەرنەبڕیوە، بۆچوونەكانیان زیاتر بەو ئاڕاستەیە كە جارێ كوردستان بۆ ئەو قۆناغە ئامادە نییە و دامەزراوەكانی باش كامڵ نەبوون تا ئیدارەی دەوڵەتی پێ بكرێت، كە یەكێتیی نیشتمانی لایەنێكی سەرەكیی ئەو بەرەیەیە، بەرەی سێیەمیش تا ئێستا بیروڕای خۆی بۆ پرسی سەربەخۆیی كوردستان بە ڕوونی دەرنەبڕیوە، بۆچوونەكانیان زێتر ڕاڕایی پێوەدیارە. لە ژێر كاریگەریی دۆخی سیاسیی ناوخۆدا لە هەندێك كاتدا بۆچوونەكانیان دژ، یان نزیكە لە بۆچوونی بەرەی یەكەم، هەندێك جاریش بەلای بەرەی دووەمدا دەشكێنەوە. ئەوانەی دەكەونە خانەی ئەو بەرەیەوە بە شێوەی سەرەكی بزووتنەوەی گۆڕان و زۆر لە پارتە ئیسلامییەكان لەخۆ دەگرێت.
چۆن دەكرێ ئەو بەرە جیاوازانە لە دەوری ئامانجێكی هاوبەشدا كە ئەویش پرسی سەربەخۆیی كوردستانە كۆبكرێنەوە؟
پێداگیریی پارتی سەبارەت بە ئامادەسازی كردن بۆ پرسی سەربەخۆیی كوردستان و ئەنجامدانی ڕیفراندۆم پشت بە ئەزموونی دەوڵەمەندی دەیان ساڵەی ئەو پارتە دەبەستێت لە كاری سیاسی، ئیداری، پێوەندی دیپلۆماسی و سەربازیدا . هەروەها ئەم ویستەی پارتی پشت ئەستوورە بە واقیعی ناجێگیری دەوڵەتی عێراق و ناوچەكە بەگشتی و ئەو گۆڕانكارییە سیاسییانەی كە چاوەڕوان دەكرێن. پارتی نكۆڵی لە كەموكوڕی و كێشە ئابووری و ئیداری و سیاسییەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان ناكات، بەڵام باوەڕی تەواویشی بەوە هەیە كە لە ئەگەری بوون بە دەوڵەتدا دەرفەتی زۆرمان دەبێت بۆ چارەسەركردنی گشت پرسە ناوخۆییەكان. پارتی و سەرۆك بارزانی خاوەنی ئەو شانازییە گەورەیەن كە توانییان پرسی سەربەخۆبوونی كوردستان لە چوارچێوەی خەیاڵ و خەونی میللەتێكدا بكەن بە بابەتێكی واقیعی و گەرموگوڕی مەیدانی كاری سیاسی و شەقام. لە دوێنێدا ئەگەر باسكردنی ئەو پرسە ببووە تابوو، لە ئەمڕۆدا لە سەر ئاستی زۆر بەرزی سیاسیی جیهاندا قسە و باسی لەسەر دەكرێ. كەواتە پارتی لە بە مەوزووع كردنی (دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان) لە سەر ئاستی ناوخۆ و دەرەكیدا سەركەوتوو بووە، بەڵام چۆن دەتوانێت ئەو قۆناغە تێپەڕێنێت و ئەو پرسە ببات بۆ قۆناغی كۆتایی و جێبەجێكردن، بە لەبەرچاو گرتنی ئەو فرە بۆچوون و دژە بۆچوونانەی لە سەر ئاستی ناوخۆدا لەمەڕ پرسی سەربەخۆیی هەیە؟
هەستیاریی ئەو قۆناغە، ئەزموونی بەرەی كوردستانی ساتەكانی بەر لە ڕاپەڕینمان بەبیر دەهێنێتەوە. ئەگەر لەو سەردەمەدا هێزە سیاسییەكانی كوردستان بڕیاریان لەسەر ئەوە نەدابا كە بە كۆدەنگی و هەماهەنگی و پاڵپشتی كردنی یەكتری گشت شاروشارۆچكەكانی كوردستان ئازاد بكەن و بیپارێزن، چی ڕووی دەدا؟ ڕەنگبێ هەر هێز و پارتێك ناوچەیەكی كۆنتڕۆل كردبا، یان هەندێك شوێن هەر كۆنتڕۆڵ و ئازادیش نەكرابان. لە هەندێك شوێنیش ڕەنگ بوو لەگەڵ یەكتری تووشی گرژی وپێكدادان ببان، ڕێیشی تێدەچوو وڵاتانی ناوچەكە لە پشتەوە دنەیان بدەن بۆ بەگژ یەكتریدا بردنیان و سەرنەكەوتنی ڕاپەڕینی كوردستان، چونكە هەر لە بنەڕەتدا زۆر پێی مورتاح نەبوون. ئەگەر ئەزموونی پێكەوە كاركردنی بەرەی كوردستانی نەبا، تۆبڵێی ئەمڕۆ ئەزموونی حوكمڕانی هەرێمی كوردستان بوونی هەبا؟
هەرچەندە لە ئێستادا هێزە سیاسییەكانی كوردستان لەسەر ئاستی ناوخۆ و هەرێمیدا، ڕۆڵ و كاریگەری و قورسایی جیاوازیان هەیە، بەڵام بۆ سوودوەرگرتن لەو هەلە زێڕینەی كە بۆ گەلی كوردستان هاتۆتەپێش، پێویستە جارێكی دیكە بە پشت بەستن بە كاری بەرەیی و گرتنە بەری بنەمای بەشداریكردن لە ئێستا و داهاتوودا، پارتی هەموو هێزە سیاسییەكان، یاخود زۆربەی ئەو لایەنانەی كە ئامادەگی و باوەڕیان بەو پرسە هەیە، لە دەوری ئەو ئامانجە كۆبكاتەوە.
بەرپرسیاریەتی هێزە سیاسییەكانی بەرەی دووەم، كە یەكێتی سەرەكیترینیانە لەو قۆناغە هەستیارەدا زۆر گەورە و مێژووییە، بەتایبەتی لەوەیاندا كە ئایا هەروەك قۆناغی ڕاپەڕین لەگەڵ پارتی بەشداری دەكات لە وەرچەرخانێكی تازە لە مێژووی بزاڤی سیاسیی كوردستان و گەیشتن بە قۆناغی سەربەخۆیی و بنیادنانی دەوڵەتێكی دیموكراسی و مەدەنی، یان ئەوەتا لە ژێر كاریگەری فشارە جیاوازەكان ڕێڕەوی ئاڕاستەی خۆی دەگۆڕێت.

*ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان.

Top