ميديا له كاتى جه نگدا

ميديا له كاتى جه نگدا
لەكاتی جەنگدا، میدیاش، وەك هەموو سێكتەرەكانی تری وڵات، دەبێت بە ئەركی سەرشانی خۆی هەڵبستێت و ئەویش بەشداری ئەو جەنگە بێت و رۆڵی پۆزەتیڤی تێدا بگێڕێت.
یەكێك لە ئەركە گرنگەكانی میدیا، لەكانی شەڕدا، بریتیە لە بەرەنگاربوونەوەی میدیای دوژمن كە دەیەوێت كاریگەری لەسەروەری دابونەریتی جەنگاوەری بەرامبەر هەبێت و پێویستە ئەم بەپێچەوانەوە ورەی جەنگاوەرانی بەرز بكاتەوەو رەوای مەسەلەكەی و داكۆكی لە خاك و وڵاتی بكات بنەمای كاری رۆژانەی و سەركەوتنەكانی لە بەرەكانی جەنگدا بە تەواوی نیشان بدات و بەوپێیەش ورەی جەنگاوەران و هاووڵاتیانی پێ بەرز بكاتەوە.
دەبێت میدیا لەوساتەوەختە مێژووییانەدا، رۆحی قوربانیدان و خوێن بەخشین بكاتە دروشمی رۆژانەی و هانی هاووڵاتیان بدات كە بە هەموو توانایەكیانەوە پشتیوانی بەرەكانی جەنگ بن و چی لە توانایاندا هەیە پێشكەشی وڵاتەكەیان بكەن بەوەش هێندەی تر ورەی جەنگاوەرانی بەرز دەبێتەوە كاتێك دەزانێت گەلەكەی پشتیوانیەتی و بەرەی پشتەوەیپ جەنگی بۆ دەپارێزێ و یەكڕیزی و یەك توێتی نیشان دەدات.
بۆیە ئیدی ئەوە كاری میدیایە كە گەل كۆبكاتەوەو باسی ئامانجەكانی شەڕی بۆ بكات و هەڵویستی جەنگاوەرانی بەرز بنرخێنێت و دڕندەكاری دوژمنی بۆ دەستنیشان بكات.
یەكێ لە ئەركەكانی تری میدیا لەكاتی جەنگدا بڵاوكردنەوەی بێ هیواییە لەنێو دوژمنداو جەختكردنە لەسەر هەتمیەتی دۆڕاندنی جەنگ و تێكشكانی دوژمنەو نیشاندانی بێ هیوای و بێ ورەی و ترس و شڵەژانیانە لە بەرەكانی جەنگدا.
هەروەها دەرخستنی دڕندایەتی و كرداری نابەجێ و پێشێلكردنی یاساكانی جەنگ و یاساكانی مافی مرۆڤ و بێڕەوشتی دوژمنە لەكاتی جەنگدا، بەوەش جیهانی دەرەوەش ئاگادار دەكرێتەوەو پێشێلكارییەكانی دوژمن وەك تاوانی جەنگ دەخرێتە ڕوو.
بەڵام لەسەرووی هەموو ئەمانەشەوە دەبێت میدیا بەهیچ جۆرێك پەنا نەباتە بەر میدیای دوژمن و هەواڵەكانی ئەوان وەك خۆی بڵاوبكاتەوە، چونكە بەمە خزمەتێكی گەورە بە دوژمن دەكات.
بەداخەوە میدیای بەناو “ئەهلی و ئازادی” هەرێمی كوردستان تەواو بە پێچەوانەی ئەو راستیانەی سەرەوە كاردەكەن و پێ بزانن یا نەزانن خزمەتێكی زۆری دوژمن- كە ئەمڕۆ تیرۆریستانی داعشە- دەكەن، چونكە لە میدیا نووسراو و بیستراو و بینراوەكانیانەوە هەواڵ و بۆچوونەكانی ئەوان -وەك داعش دەیەوێت- بڵاودەكەنەوەو بەشێوەیەكی زۆر خراپ باسی پێشمەرگەو ورەی خۆبەخشان و بەرەكانی جەنك دەكەن كە مرۆڤ دەخاتە گومانێكی زۆر بەهێزەوە كە ئەم كارەیان لە بێ ئەزموونی و نەشارەزایی-یەوە بێت.
ئەوەتا سایتێكی گوماناوی وەك “میللەت” دەڵێت: فەرماندەیەكی پارتی هەڵدێت و داعش قەناسەكانی لە تلسقۆف جێگیر دەكات!! یان سایتی “لڤین” دەڵێت: داعش لە چوار میحوەرەوە هێرشی بۆ سەر سەر پێشمەرگە دەستپێكرد! یان NRT ڤیدیۆیەكی داعش بلاچودەكاتەوە” یان سایتیچك بەناوی Snurmedia دەڵێت: لە شەڕەكانی تلسقۆف (200) شەهیدو بریندار هەیەو (26) پێشمەرگە بەدیل كەوتوونەتە دەست داعش، یان لەوە زیاتریش -وەك شانازی بۆ داعش دەڵێت: (لەو شەڕەدا دوو فەرماندەی پێشمەرگە هەڵاتوون و چوار دەبابەو چەندین راجیمەی پێشكەوتوو كەوتۆتە دەست داعش!!)
ئایا ئەمە خزمەتی داعش و رووخاندنی ورەی پێشمەرگە نییە، ئەمە لەوە ناچێت بەبێ ئاگاییەوە ئەم كارە بكرێت، بۆیە ئەوە كاری حكوومەتە كە دەبێت ئەو جۆرە میدیایانە بداتە دادگاو پێویستە خەڵكیش ناڕەزاییەكی بەرفراوان بەرامبەر ئەم پێشێلكارییانە وەربگرێت.
Top