دزەكردنی داعش بۆ ناو میدیای كوردی . مەترسییەك هەڵوەستەی دەوێ
May 4, 2016
وتار و بیروڕا
ئەو كەناڵە میدیاییانە بە عالەمی ئاشكرا و بەوپەڕی ئاگایی و بە مەبەست لە سەرەتای پەلامارەكەوە كەوتنە بڵاوكردنەوەی هەواڵی وورەبەزێن و تێكشكێنەری ئیرادەی پێشمەرگە و تەرویجی ئاشكرا و بێ پەردە بۆ پێشڕەویی تیرۆریستانی داعش و بڵاوكردنەوەی ڤیدیۆ پرۆپاگەندەییە چاوخەڵەتێنەكانی داعش، تا ئەو ئاستەی كە سایت و ماڵپەڕەكانی تیرۆریستان بۆ پشتڕاستكردنەوەی سەركەوتنی داعش و تێكشكانی پێشمەرگە هەواڵ و راپۆرتەكانی ئەو كەناڵە میدیاییە كوردیانەیان بە بەڵگە بەكاردێنا و بە فراونترین شێوە بڵاویان دەكردەوە. واتا هەردولا سودیان لە ماددە ئیعلامییەكانی یەكدی وەردەگرت و ئاویان دەكردە ئاشی یەكدی و پێكەوە شەڕی نەفسییان لە دژی پێشمەرگە بەرپاكردبوو. كاتێكیش شەڕەكە بە سەركەوتنی پێشمەرگە و شكستی داعش كۆتایی هات، ئەو میدیا كوردییانە و میدیای داعش پێكەوە سارد بونەوە و نوتقیان بڕا.
ئەوەی رویدا بە هیچ پێوەر و پێوانەیەكی پیشەیی و ئەخلاقی و نیشتمانی هەرگیزا و هەرگیز ناچێتە خانەی ئازادی كاری رۆژنامەوانی و گواستنەوەی هەواڵ و بە درێژایی مێژووی شەڕەكانی بەشەریەتیش و لە دیمكراتترین وڵاتانی جیهاندا بەو پاساوە نە رۆژنامەنوسان خۆیان و نە دەسەڵاتدارانی وڵات رەواییان بەو بەدكارییە نەداوە.
میدیایەك ببێتە مایەی بەزاندنی ورەی پێشمەرگە و ترساندنی هاوڵاتیان و هاندەری پێشڕەویی دوژمن و دواجاریش زیادبوونی قوربانییەكان و ژمارەی شەهیدان و داگیركردنی خاكی وڵات، بە هەموو پیوەرێكی یاسایی و ئەخلاقی و پیشەیی و نیشتمانی، بەشێكە لە شەڕی دەرونیی دوژمن و بێ سێو دوو ئاو بە ئاشی داعشدا دەكات.
لە ئاست بویەرێكی وا ترسناكدا، لە ئاست مەترسیەكی لەو جۆرە لەسەر گیانی پێشمەرگە و هاوڵاتیان، دەبێ هەموو ئەو دام و دەزگایانەی كە ئەركی پتەوكردنی بەرەی ناوخۆیی و رێگرتن لە دزەكردنی داعشیان لەئەستۆیە، هەڵوەستەیەك بكەن و لەم خەرق و دزەكردنە ئاشكرایەی داعش بۆ ناو بەشێك لە میدیای كوردی بپێچنەوە.
هەموو ئەو نێوەندانەی لە خەمی میدیایەكی بەئەخلاق و نیشتمانی و ئیتیك پارێز و بەرپرسیار و ئازاد و ئازادیخوازدان، دەبێ لە ئاست ئەم بویەرەدا قسە و لێكدانەوە و هەڵوێستسكیان هەبێ.
ئەوەی رویدا بە هیچ جۆرێك بە تێگەیشتنی هەڵە و منداڵكارانە لە ئازادی كاری رۆژنامەوانی پاساونادرێتەوە، خۆ ئەگەر ئازادی كاری سیخوڕیی و ئازادی هاوسۆزی و پشتیوانیی داعش و ئازادیی دژایەتی پێشمەرگە و كوردستان رەوا و رێگاپێدراوە، ئەوەیان بابەتێكی دیكەیە.