ناچارتان كردم ئەم قسانە بكەم
May 3, 2016
وتار و بیروڕا
بە دەستدرێژیكردنە سەریان نیگەران و بە گەڕانەوەیان بۆ كوردستان بە سەلامەتی خۆشحاڵ بووین، بەڵام بە داخەوە خۆیان خەریكە خۆیان ناشرین دەكەن. وا دوو رۆژە بەشێكیان، بەتایبەتی لەوانەیان كە سەر بە یەكێتی و گۆڕانن لەبەردەم كامێراكاندا كەوتوونەتە نمایش و عەرزی عەزەڵات. یەكێكیان پێمان رادەگەیەنێ كە دەمانچەكەی سوار كردووە و خۆی ئامادەكردووە دووان لە ژنە پەرلەمانتارەكان پێش خۆی بكوژێ بۆئەوەی "شەرەفی كورد بپارێزێ و نەكەونە دەست پەلاماردەران"!!. یەكێكی دیكەیان گەیاندییە ئەوەی منەت بەسەر خەڵكی كوردستاندا بكات كە گوایە "سەربەرزییان بۆ كورد تۆمار كردووە".
جێی پرسیارە كە بۆچی ئەو نمایشكەرانە ئێمەی خەڵكی كوردستان هێندە بە نەزان دەزانن و منەتمان بەسەرەوە دەكەن؟! بۆچی وا دەزانن زاكیرەمان هێندە لاوازە قسە و لێدوانەكانی تا هەفتەی رابردوویانمان لەیاد نەماوە؟! ئێ خۆ هێشتا سەدای دەنگیان لە گوێمانا دەزرینگێتەوە كە دەیانگوت هۆكاری هەموو كێشەكانی هەرێمی كوردستان سیاسەت و كردارە نادەستورییەكانی بارزانی و حكومەتەكەی پارتییە لە هەموو مەلەفەكاندا كە بەغدایان زویر و توڕە كردووە. دەیانگوت لە نەوت و داهاتدا هەرێم فێڵ لە بەغدا دەكات بۆیە لە بڕینی بودجە و مووچەدا هەق لای بەغدایە و هەرێم ناهەقە و بەو هۆیەوە خەڵكی كوردستان باجەكەی دەدەن. ئەوان لە رێی میدیاكانی خۆیان و سێبەرەكانیانەوە خەڵكیان فێر دەكرد كە چارەسەری هەموو كێشەكانی هەرێم هەر لە بەغدایەو دەبێ بگەڕێینەوە بۆ بەغدا. هەر ئەمان بوون ستراتیژی سیاسییان لەسەر ئەوە هەڵچنی بوو كە خەڵكی كوردستان بڕوا بكەن بەوەی سستمە سیاسییەكەی بەغدا كۆپی بكەین چونكە لە هەموو شتێكدا لە هەرێمباشتر و پێشكەوتووترە.
من لەلای خۆمەوە لەو رۆژەدا نووسیم، بە هەرچی ئەوەی لە بەغدا روودەدات خۆشحاڵ نیم و ناخوازم هیچ گۆڕانكارییەكی سیاسی بەم هەمەجییەت و فڕكانفڕكان و توندوتیژییە رووبدات و ئیش بكەوێتە دەستی منداڵ و پاڵ و چەقۆوەشێنان. ئایا ئەو نمایشكەرانە ئەو لەحزەیەی كەوتبوونە بەر هەڕەشەی هەمەجە پۆپۆلیستەكانی بەغدا، هاتەوە بیریان كە لێرە، لە كوردستان چارەنووسی گەلێك و كۆشش و قوربانیدانی ساڵەهای ساڵ و بەرهەمی هەزاران هەزار شەهیدیان خستە بەردەم هەمان هەڕەشە و ویستیان گۆڕانكاری سیاسی بەهەمان شێواز و كەرەستە بكەن؟!
ئازیزان زۆر خۆشحاڵین كە بە سەلامەتی گەیەنرانەوە كوردستان، بەڵام بۆ ئەوەی فایلی هەڵوێستەكانتان هەڵنەدرێتەوە و ژیانی سیاسی و مێدیایی كوردستان سەرقاڵ نەكرێ بە رەدو بەدەڵی پاڵەوانێتی ئەمڕۆ و خۆبەدەستەوەدانی دوێنێتانەوە. بۆ ئەوەی بوار هەبێ پێكەوە بۆ سبەینێمان كار بكەین، تو خوا و تو گۆڕی شەهیدان بچنەوە ناو ماڵ و مناڵەكانتان و بێ دەنگ بن. تكایە تۆزقاڵێك شەرم بتانگرێ و ئەوەندە خەڵك بە گێل و نەفام مەزانن و ئەم نمایشە هەرزان بەهایە راگرن.
ئێوە تا ئەوكاتە جوان بوون كە بە سەلامەتی گەڕانەوە بۆ كوردستان، تكایە ئەو ئینتیباعە بە خۆنمایشكردن و منەت كردن بەسەر خەڵكی كوردستانەوە ناشرین مەكەن.
لەم دۆخەدا پێویستیمان بە هەموو شتێ هەبێ، تەنیا پێویستیمان بە نمایشی فس فس پاڵەوانەكان نییە!!