کەس ناتوانێت نکۆڵی لەوە بکات کە لە عێراقی ئەمڕۆدا گەندەڵی گەیشتۆتە دوا پلە

کەس ناتوانێت نکۆڵی لەوە بکات کە لە عێراقی ئەمڕۆدا گەندەڵی گەیشتۆتە دوا پلە


کەس ناتوانێت نکۆڵی لەوە بکات کە لە عێراقی ئەمڕۆدا گەندەڵی گەیشتۆتە دوا پلەی و بە شێوەیەک بەربڵاوە کە هەموو جومگەکانی دەوڵەتی گرتۆتەوە.
گەندەڵی ((corruption کە بریتییە لە سوود وەرگرتنی خراپ لە دەسەڵاتی پێدرابوو بۆ دەستکەوت و بەرژەوەندی شەخسی، بە پێی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، عێراقی خستۆتە نێو هەرە گەندەڵترین وڵاتانی جیهان.
بەپێی راپۆرتی (٢٠١١-٢٠١٢) عێراق هەشتەمین دەوڵەتی گەندەڵ بووە. لە ساڵی ٢٠١٣ بووەتە هەفتەمین و لە ٢٠١٤ەش بووەتە شەشەمین وڵاتی گەندەڵ لە جیهاندا کە تەنها سومال و کۆریای سەروو و هەردوو سوودان و لیبیا لەو گەندەڵتر بوون.
ئەمەش ئەوە نەبێت کە شتێکی شاراوە بێت و رۆژانە لە عێراق هەستی پێدەکرێت کە کەندەڵییەکانی سەرۆکوەزیرانی پێشوو نووری مالیکی دیارترینیانە کە باس لە بەفیڕۆدان یان دیار نەمان یان لوشدانی دەورووبەری ٢٠٠ ملیارد دۆلار دەکرێت.
ئەمانە راستین و پێویستی بە چارەسەرین و ئەمە پاساوی رەوتی سەدرە بۆ جۆشدانی شەقامی بەغدا و کۆکردنەوەی ملیۆنان خەڵک لە خەڵکی بەغدا بۆ هێرشکردنە سەر پەرلەمان و وەزارەتەکان، گوایە بەو شێوەیە گەندەڵی لە عێراقدا ناهێڵێت.
رەوتی سەدر کە خاوەنی 34 کورسی پەرلەمانە، دەیتوانی ئەم مەسەلەیە بباتە نێو پەرلەمانەوە بەو ‌حوکمەی رەوتەکەی بەشدارە لە پرۆسەی سیاسیدا و لەوێ پشتیوانی بۆ داواکەی پەیدا بکردایە و بە شێوەیەکی دیموکراتی چارەسەری کێشەکەی بکردایە، بەڵام وەک دەردەکەوێت پەرلەمان لە عێراقدا پەرلەمانێکی کارتۆنی یە و هێز و دەسەڵاتی راستەقینە لای مەرجەع و مەزهەبەکانە و ئەمەش راستییەکی حاشاهەڵنەگرە، چونکە هەرچی پەرلەمان لە بەغدا بڕیار بدات ئەوا بە فەتوایەکی مەرجەعییەت دەتوانرێت هەڵبوەشێنرێتەوە و کاری پێ نەکرێ، هەربۆیەش رەوتی سەدر پەنای بۆ ئەو مێتۆدە بردووە و خەڵکی ئاراستەی پەرلەمان و حکوومەت و وەزارەتەکان کردووە.
بەڵام لەوەناچێیت ئامانجی سەرەکی مەسەلەی گەندەڵی بێت، بەڵکوو دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات و هێنانە کایەی سیستەمێکی ئێران ئاسایە کە خۆی لە ولایەتی فەقیهدا دەبینێ، چونکە ئەو رەوتە و دەستەخۆشکەکانی بەدوای سیستەمی دیموکراتیدا ناگەڕێن، بەڵکوو زیاتر هێنانە سەر دەسەڵاتی مەزهەبێکی دیاریکراوە، ئەگەرچی دەیانەوێ بەناوی خۆپیشاندان و میتۆدی دیموکراتییەوە دەسەڵات بگرنە دەست و رژێمی خوازراوی خۆیان بەسەر عێراقدا بسەپێنن.
جا پرسیار ئەوەیە ئایا کورد کە خەبات و تێکۆشان و قوربانیدانی لە پێناو چەسپاندنی دیموکراتی و فیدراڵیدا بووە چ سوودێک لەوجۆرە سیستەمە وەردەگرێ. ئایا ئیدی کاتی ئەوە نەهاتووە راستییەکان وەک خۆی ببینرێن. ئەوان، برا شیعەکان زۆرینەی هەرە زۆریان لارییان لەوجۆرە سیستەمە ئایینی یە نییە. ئەی ئێمەی کورد؟ بۆیە تەنیا چارەسەر بۆ سەرجەم کێشەکان عێراق هەر لە سێ دەوڵەتدا خۆی دەدۆزێتەوە چونکە مێژووی سەد ساڵەی پێشوومان لەم عێراقە پێکەوە لکێندراوە هەر ئەوە دەسەلمێنێ و چارەسەری بنەڕەتیش هەر ئەوەیە.
Top