ئیرادەی سەركەوتن و گەشەكردن ئازا

ئیرادەی سەركەوتن و گەشەكردن ئازا
ئیرادەی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ داعش و پیلانگێڕی لەدژی گەلی كوردستان بریتییە لە ئیرادەی سەركەوتن. پێشمەرگەی كوردستان بە رابەرایەتی سەرۆك بارزانی ئەم ئیرادەیەی لە سەنگەردا بەرجەستە كردووە. شانبەشانی ئەوە ئیرادەی گەشەكردنیش بەردەوامە، چونكە مانای راستەقینەی سەركەوتن لە سەنگەردا ئەوكاتە بە تەواوی بەرجەستە دەبێ كە كۆمەڵگا و وڵات لە پشتەوەی سەنگەر لە گەشەكردندا بن. كەواتە ئیرادەی سەركەوتن بە ئیرادەی پێشكەوتن تەواو دەبێ و مانای راستەقینەی خۆی دەگەیەنێ.

گەلی كوردستان شاهێدی ئەوەیە كە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، میللەتان هەن لە جەنگدا شكستیان هێناوە “ئەڵمان و یابان بە نموونە” بەڵام بە ئیرادەی سەركەوتن قەرەبووی ئەو شكستە مەزنەیان كردۆتەوەو بە ئیرادەی گەشەكردن و پێشكەوتنیش وڵات و كۆمەڵگایان دامەزراندۆتەوە و نموونەیەكی بەرزیشیان وەكوو وانە پێشكەشی گەلانی دیكە كردووە.

گەلی كوردستان بە درێژایی شۆڕشەكان و لە رووبەڕووبوونەوەی سیاسەتەكانی جینۆساید تا دەگات بە شەڕی داعش، شكستی نەهێناوە بەڵكو سەركەوتووە، كەواتە كارەكە بۆ گەلی كوردستان لە چاو گەلانی ئەڵمان و یابانی شكستخواردوودا، ئاسانترە و دەرفەتی تەواوكردنی سەركەوتنەكانی لە جەنگدا بە گەشەكردن و پێشكەوتن، رەخساوترە.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم رابەرایەتی ئەم لایەنە تەواوكارییە دەكات كە ئیرادەی سەركەوتن لە جەنگدا لە ئیرادەی گەشەكردنی وڵات و كۆمەڵگادا بەرجەستە بكات.

لەم كاتەدا كە شەڕی داعش هێشتا لەبەردەرگای هەرێمی كوردستانە و قەیرانی دارایی بەرۆكی هەرێمی بەرنەداوە و ئەو حكومەتەی عێراقیش كە قەرزاری چەند ساڵەی هەرێمە لە بودجە و مووچەدا وا لەبەریەكهەڵدەوەشێ و، لەوەلایشەوە دوژمنانی سەربەخۆیی كوردستانیش شەڕی راستەوخۆ و لابەلا بە هەرێمی كوردستان دەفرۆشن و تەگەرەی گەورە دەخەنە بەر پێی هەنگاوەكانی پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان، بەڵام كاروانی گەشەكردن نەوەستا. هەنگاوەكانی خاو بوونەوە بەڵام بەردەوام ئیرادەیەكی جدی هەبووە كە نەهێڵێ بوەستێ یان نەخاسمە بگەڕێتەوە دواوە.

ئەوەی كە لە هەفتەی رابردوودا، بە بڕی 375 ملیۆن دۆلار، گرێبەست لە نێوان دامەزراوەی خەرجیكێشی نێودەوڵەتی IFC، لەگەڵ كۆمپانیای كەرتی تایبەتی “ماس گلۆباڵ” بۆ پڕۆژەی فراوانكردنی وێستگەی كارەبای سلێمانی واژۆ كرا، نموونەیەكی زیندووی ئەو راستیەیە.

جگە لە لایەنە خزمەتگوزارییەكەی ئەم گرێبەستە كە راستەوخۆ پەیوەندی بە زیادكردنی بڕی پێشكەشكراوی كارەبایە بۆ شاری سلێمانی، كە خۆی لە خۆیدا یەكێكە لە ستوونە هەرە گرنگەكانی گەشەكردن و پێشكەوتنی بوارە ژیارییەكان و خێراكردنی جووڵەی بازاڕی كار و بەرهەمهێنان و كردنەوەی پرۆژەی جیاجیا كە دەرفەتی كار بۆ سەدان هاوڵاتی دەڕەخسێنێ، هەروەها نیشانەی ئەوەیە كە سیاسەتی حكومەتی هەرێم تاكو ئێستا بۆ پشتیوانی و هاندانی كەرتی تایبەت سەركەوتوو بووە. ئەگەرچی هەنگاوەكانی خاویش بووبێتن بەڵام ئەوەتا بەرهەمی هەیەو كەرتی تایبەتی هەرێمی كوردستان گەیشتووەتە ئاستی پێوەر و ستانداردە جیهانییەكان، بۆیە لەم هەلومەرجە هەستیار و پڕ كێشەیەدا دامەزراوەی خەرجیكێشی نێودەوڵەتی IFC كە ئەندامێكی كارا و گرنگی بانكی نێودەوڵەتییە قەرز دەدات بە كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەتی خۆماڵی و دەبێتە پارتنەر و هاوبەش لە پرۆژەكانیدا، كەواتە دامەزراوە نێودەوڵەتییە گرنگەكان متمانەیان بە پێشكەوتنی كوردستان هەیە و ئامادەن پشتیوانی جووڵەی كەرتی تایبەت بكەن. ئەم متمانەیە هەروا لە خۆڕا دروست نەبووە، بەڵكو دەركەوتەی ئەو ئیرادەیەیە كە لە حكومەتی هەرێم و گەلی كوردستاندا هەیە بۆ پێشكەوتن و گەشەكردن و تەواوكردنی ئیرادەی سەركەوتن كە پێشمەرگە قارەمانەكان لە سەنگەردا بەرجەستەی دەكەن. كۆی ئەمانەیش لە ئێستادا وەكوو وێنەیەكی درەوشاوە نەك هەر لە كایەی خزمەتگوزاری و ئابووریدا دەبینرێ، بەڵكو لە ڕووی سیاسی و مەعنەوییەوە، چەندین ئومێدی گرنگی بۆ ئەمڕۆ و داهاتووی هەرێمی كوردستان لەسەر هەڵدەچنرێ.

بە پێی سیاسەتە ئابوورییەكان بۆ برەودان بە گەشەكردن، بزواندنی كەرتی تایبەت بۆ كار و بەرهەم سیاسەتێكی ژیرانە و ستراتیژیی بە بەرهەمە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان ویستوویەتی پەیڕەوی بكات و لە هەموو كەرتەكاندا ڕۆڵێكی زیاتری بداتێ، بەڵام هەموومان شاهێدی ئەوەین كە لە ساڵانی رابردوودا حكومەت بە سستی و بە شێوەیەكی شەرمنانە لەم رێیەدا هەنگاوی ناوە. بەڵام شەڕی داعش و گێچەڵە بەردەوامەكانی بەغدا تا بڕینی بوودجە و مووچە و ئینجا هەڵبەز و دابەزی بەردەوامی نرخی نەوت و دراوە جیهانییەكان و ئەو هەموو كۆسپانەی كە دراوسێكانی هەرێم دەیخەنە سەر رێی بازرگانی و جموجووڵی خزمەتگوزاری و گەشەی ئابووری، ئیتر دەبێ حكومەتی هەرێمیان فێر كردبێ لە كەرتەكانی بازاڕ و بەهەمهێنان و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی بكشێتە دواو و چۆڵیان بكات بۆ كەرتی تایبەت.

هەڵبەت بارگرانی مووچە و دەرماڵە جۆراوجۆرەكان بەسەر ئەستۆی بوودجەی هەرێم و داهاتی حكومەتەوە و هێشتایش لە بازاڕی موزایەدەی سیاسیدا هەتا دێت ئەم بارگرانییە زیاتر دەكرێ، ئیتر حكومەت دەبێ چیتر رۆڵی تورەكەی پارە نەبینێ. ئەركی حكومەت لە كۆمەڵگا پێشكەوتووەكاندا باوك نییە بەڵكو رێكخەرە. پەیوەندی نێوان كۆمپانیاكان و خودان سەرمایە و بەژەوەندییەكان لە پێشبڕكێی هاوشاندا رێكدەخات تا یەكتر نەخۆن. هەروەها پەیوەندی ئەوان و هاوڵاتیان رێكدەخات بە جۆرێك كە لەلایەكەوە خزمەتگوزاری و كاڵای خراپ و زیانبەخش نەفرۆشن بە هاوڵاتیان، لەلایەكی تریشەوە لە رێی كرێ و نرخەوە هاوڵاتیان نەچەوسێننەوە و لە بازاڕی كار و مامەڵەدا نەیانهاڕن.

جێی ئومێدە كە ئێستا بە لەبەرچاوگرتنی هەموو هۆكار و دەرەنجامە نەرێنییەكان لە ڕابردوودا، حكومەتی هەرێم لە چوارچێوەی بەرنامەی چاكسازیدا زیاتر لە 30 بڕیاری دەركردووە، كە یەكێكیان بڕیاری ژمارە 69یە.

بەپێی ئەم بڕیارە هەموو دامودەزگاكانی حكوومەت هەوڵ دەدەن ئەوەی لە توانادا بێت، پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە گشتییەكان، لە كەرتی گشتییەوە بگوازنەوە كەرتی تایبەت و تەنیا ئەو خزمەتگوزارییانە لە ‌دەستیدا بمێننەوە، كە ناكرێت لە دەستی كەرتی حكوومیدا نەبن
Top