با هەڕەشەكان بگۆڕین بۆ دەرفەت
May 2, 2016
وتار و بیروڕا
ئەمڕۆ ئێمەی كوردستانییان لەم هەرێمەی كە تاكە بەشێكی كوردستانی گەورەیە هەلی ئەنجامدانی ریفراندۆم و دەستخستنی بڕیاردانی مافی چارەنووسی هەبێت، تووشی قەیرانێكی دارایی و سیاسیی ئەوتۆ بووینەتەوە كە هەندێكیان پەیوەستن بە هۆكارە دەرەكییەكانی وەك هاتنی رێكخراوی تیرۆریستی داعش، دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان و مامەڵەی خراپی بەغدا لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا، هەندێكیشیان پەیوەستن بە هەڵە و كەموكوڕییەكانی خۆمانەوە، وەك گەندەڵی ئیداری و دارایی و بەكارهێنانی بەرژەوەندییە گشتییەكان بۆ بەرژەوەندیی تایبەت و تاكەكەسی لەلایەن هەندێكەوە، هەروەها تەشەنەكردنی دیاردەی نامۆی وەك بەهەدەردانی سامانی گشتی و خراپ دابەشكردنی دەسەڵاتەكان و كەمتەرخەمی لە پاراستنی ماڵی گشتی و . تاد.
بۆیە بەرەنگاربوونەوەی ئەم قەیرانە پێویستی بە چەندین هەنگاوی گرنگ هەیە، وەك:
یەكەم: رۆڵی حزبە سیاسییەكان
لەبەر ئەوەی شەقامی كوردی بە پلەی یەكەم شەقامێكی حزبییە، بۆیە بەرپرسیارێتی سەرەكی لە ئەستۆی حزبە سیاسییەكانی كوردستانە بۆ هێنانەدی ئیرادەیەكی سیاسی بە مەبەستی:
1. حزبە سیاسییەكان كە پێكهێنەری سەرەكیی سەركەوتن وقەیرانەكانیشن لەهەمان كاتدا پێویستییان بە بەخۆداچوونەوەیەكی قووڵ هەیە.
2. خێرا ئەنجامدانی كۆبوونەوەی بەرهەمداری ئەو حزبانەی كە حكومەتیان پێكهێناوە و بەشدارن لە هۆكار و ئەنجامەكانی ئەم قەیرانە.
3. رۆڵ بینینی ئەو حزبانەی كە ئەندامیان وەك نوێنەری گەل لە پەرلەمانی كوردستاندا هەیە، بۆ دۆزینەوەی ئەو میكانیزمانەی كە هەرچی زووترە دەبنە هۆی كۆبوونەوە و بەگەڕخستنەوەی پەرلەمان وەك دەزگای یاسادانان و چاودێری كە زۆربەی چاكسازییەكان پێویستییان بە پەرلەمان هەیە.
4- زانینی ئەو راستییەی كە ڕۆڵی حزب لەكاتی ئاشتیدا پێشبڕكێیە بۆ بردنەوە، بەڵام لە كاتی قەیراندا هەوڵدانە بۆ سەقامگیری و ئاشتیی كۆمەڵایەتی.
دووەم: دەستەبژێری كۆمەڵگە و مامۆستایانی زانكۆ و زانایانی ئایینی و رۆشنبیران.
راستە وەك پێویست لە ماوەی رابردوودا پەرلەمان و حكومەت گوێیان لە هەموو دڵسۆزانی گەلەكەمان نەگرتووە، ئەگەر گوێشیان لێگرتبن، لەوانەیە زۆرجار بەگوێیان نەكردبن، بەڵام لەبەر ئەوەی دەستەبژێری كۆمەڵگە و مامۆستایانی زانكۆ و زانایانی ئایینی و رۆشنبیرانی گەل هەمیشە ئینتیمایان بۆ خاك و تاكی كوردستان بووە، پێویستە ئەو هەڵوێستانەی ئاماژەمان پێكردن، ساردیان نەكەنەوە لەئاست خستنەڕووی پێشنیاری بەسوود و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی گەلان و دۆزینەوەی رێگەچارەی گونجاو بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانەی ئێستا.
سێیەم: رۆڵی هەمیشە جوانی جەماوەری خۆڕاگری كوردستان
جەماوەری خۆڕاگری كوردستان كە هەمیشە هەڵگیرسێنەری شۆڕشە مەزنەكانی كورد بوون و خۆیان بە خاوەنی ئەم ئەزموونە دەزانن و لە رووانگەی خەمخۆریشیەوە هەندێك جار دەگاتە ئاستیی هەڵچوون و تووڕەبوون لەو حكومەتەی كە خۆیان هەڵیانبژاردووە، ئەم جەماوەرە دڵسۆزە ئەمڕۆ لە گشت رۆژێك زیاتر داوالێكراوە كە بەوپەڕی هەستیاری و ئاگادارییەوە داوای مافە رەواكانیان بكەن ە هەر تاكێكی ئەم جەماوەرە وەك یاریزانێكی سەرەكیی نێو گۆڕەپانەكە لە خەمی پاراستنی گشت یاریزانەكان و پاراستنی یاریگاكەشدا بێت، بە مەبەستی:
1. ناسین و ناساندنی هەڕەشەی ڕاستەقینە لەسەر ئێمە و ئەزموونەكەمان.
2. گەیشتن بە كۆدەنگییەك بۆ چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشەیە.
3. درككردن بە كاریگەرییەكانی هەڕەشەكان لە سەر سەقامگیریی ناوخۆیی وڵاتەكەمان.
4. زیادكردنی هەماهەنگیی لەگەڵ دەزگا پێوەندیدارەكاندا وەك رێگەیەك بۆ بەرقەراركردنی ئاشتیی كۆمەڵایەتیی
5. ڕەتكردنەوەی دووبەرەكی و هزری ئاژاوەگێڕی.
6. ڕوانین لە خاڵە گەشەكان و كاركردن بۆ ئایندە و تێپەڕاندنی رۆژگارە ڕەشەكان.
7. مامەڵەكردنی هەستیارانە و ئاگاداربوون لە باری دەروونیی هاووڵاتیان و سایكۆلۆژیای كار و كاردانەوەكان.
8. خۆدوورگرتن لە بڵاوكردنەوەی كەلتووری ترس و گومان .
9. هەماهەنگی و هاریكاری بۆ كردنەوەی پەنجەرە داخراوەكان، نەك شكاندنیان.
10. پەیڕەوكردنی سیاسەتی نەفەسی درێژ و بەردەوام.