لە داخا دەوڵەتی کوردستان بە "بارزانیستان" ناودەھێنن

لە داخا دەوڵەتی کوردستان بە

ئێران لە ھەر کات زیاتر لەلای رۆشنە کە دەوڵەتی کوردستان بەمنزیکانە پێکدێت و رادەگەیەنرێ.
(مەسعود سەدر محەمەدی) پسپۆڕی کاروبارەکانی تورکیاو قۆقاز لە وتارێکیدا کە لە ئاژانسی (خبرگوزاری فارس) بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت: شاھێدی دروست بوونی ئیسرائیلێکی کوردی دەبین بە تەنیشتمانەوە.
ئێرانییەکان کە دەزانن دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان حەتمییە و شتێک نەماوە ببێتە رێگر لەبەردەمیدا، بە خۆیشیانەوە کە ئیتر ناتوانن کۆسپ بن لە رێی دروستبوونیدا، تەنانەت ئاغای محەمەدی لە کۆتایی وتارەکەیدا نووسیویەتی : من دڵنیام کە بەمنزیکانە دەوڵەتی کوردی دروست دەبێ. بۆیە وەکوو ھەر دەستوپێ سپییەکی بێ چارە ھەوڵ دەدەن بە تانەو تەشەری بە ئیسرائیلیکردن، دەوڵەتی کوردستان ناشرین نیشان بدەن و رای گشتی عەرەب و موسڵمانانی لە دژ تاو بدەن.
سەدر محەمەدی جگە لە بە ئیسرائیلکردنی دەوڵەتی کوردستان، ھەروەھا دەوڵەتی کوردستان بە"بارزانیستان" ناو دەبات. ھەرچەندە ئەو وەک تانە لێدان ئەمەی وتووە بەڵام بێ ئەوەی بە خۆ بزانێ ئەمە ئیعتیرافێکی ناوەکییە بە دروستبوونی دەوڵەتەکە بە رابەرایەتی (مەسعود بارزانی) و مێدالیایەکە لە بەرۆکی سەرۆکی ھەرێمی دەدات.
ھەرچەندە ئاغای سەدر محەمەدی بناغەی لێکدانەوەکانی لەسەر ئەوە ھەڵچنیوە کە ھەرچی لە ماوەی ٢٤ ساڵی رابردوودا لەم ناوچەیە روویانداوە بۆ ئەوە بووە کە زەمینەسازیی بکرێ بۆ دروستکردنی دەوڵەتی کوردستان، بەڵام ھاوکات ھەوڵی زۆری داوە دەوڵەتی کوردستان وەک قەوارەیەکی ناشرین نیشان بدات و تەنانەت دەڵێ یەکێک لە ئامانجەکانی دەرکەوتنی داعش، زەمینەسازیی بووە بۆ دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان. ھەروەھا بۆ ھاندانی نەیارانمان و جووڵاندنی دەمارەکانی ئیرەیی بەرامبەر بە دەوڵەتی کوردستان لە جێیەکدا باسی ھەولێر دەکات کە دەبێتە پایتەختی دەوڵەتی کوردستان و بە بەراود لەگەڵ باقی شارەکانی عێراق دەڵێ: بەپێچەوانەی عێراقێکی خاپوور و وێران، ھەولێر بەردەوام پارێزراو و گەشاوە و لە پێشکەوتندایە.
ئاغای محەمەدی وێڕای رەخنەگرتنی لە عەلی لاریجانی کە ھاتووە بۆ ھەولێر و لەگەڵ بارزانیدا کۆبۆتەوە و بارزانی توانیویەتی ئەم کۆبوونەوەیە بۆ بەرژەوەندی دەوڵەتەکەی خۆی بشکێنێتەوە، ھەروەھا کاربەدەستانی جمھوری ئیسلامی ئێران لەم رەووداو و پێشھاتە مەترسیدارە کە گەیشتۆتە دوا قۆناغی دروستبوونی دەوڵەتی کوردستان ئاگادار دەکاتەوە و پێیان دەڵێ کە دەوڵەتەکەی بارزانیستان وا دروست دەبێ و ئێمەیش بێ ئاگا و غافڵین لێی. بە شێوەیەکی دیکە ئاغای محەمەدی دەڵێ ئێران غافڵگیرکراوە و بارزانیش زۆر زیرەکانە لەگەڵ رووداو و پێشھاتەکانی ناوچەکە مامەڵەی کردووە و تەنانەت سوودی زۆری لە رووداوەکانی سووریا وەرگرتووە بۆئەوەی رێگایەک بۆ دەوڵەتەکەی بەرەو دەریای سپی ناوەڕاست بکاتەوە و لەم پێناوەشدا ھەموو شتێ دەکات.
لەبەرئەوەی سەدر محەمەدی لە کەش و ھەوای پڕ بوحران و کولتووری تیرۆر و سەرکووت ژیاوە و لەپێناوی درێژەدان بە زوڵم بیردەکاتەوە و دەنووسێ بۆیە بە سەرسوڕمانەوە باسی ئەوە دەکات کە دەوڵەتی کوردستان دەوڵەتی ئاشتەوایی و پێکەوەژیان دەبێ و دەبێتە مەڵبەندی کولتووری ئاشتیخوازیی، بۆیە ئەو لە وتارەکەی خۆیدا نووسیویەتی دەوڵەتی کوردستان کە دڵنیام بەمنزیکانە دروست دەبێ، ڕۆڵی ڕۆشنبیرێکی ئاشتیخواز لە ناوچەکەدا دەگێڕێ.
Top