حەشدی شەعبی كە بە فەتوایەك دامەزراوە
April 27, 2016
وتار و بیروڕا
ئێستا ئەم حەشدە لە ناوچەكانی دەرەوەی هەرێم كە بەداخەوە لە دەستووردا بە »ناوچە جێ ناكۆكەكان« ناوزەدكراوە، خەریكی ئاژاوەگێڕیی رۆژانە و بێزاركردنی دانیشتوانە كوردەكەیە بە مەبەستی راونان و بەجێهێشتن، بەتایبەت لە خورماتوو. ئەم حەشدەی كە لە خورماتوو مۆڵ دراوە، وەك بەرپرسە سەربازییەكانی پێشمەرگە دەڵێن هێزێكی بێ سەروبەرە و سەر بە چەندین لایەنی جۆراوجۆرە، بۆیە هیچ رێككەوتنێك لەگەڵیاندا بە ئەنجام ناگات، بەو پێیە هەر لایە و لە شوێنێكەوە فەرمانی بۆ دێ. حەشدی شەعبی كە پێكهاتووە لەم گروپانەی وەكوو (فیرقەی عەباس، سرایا عاشورا، سرایا انصار العقیدە، سرایا الجهاد، قوات وعداللە، رێكخراوی بەدر، عەسائیب ئەهلی حەق، كتائب جند الامام، سرایا الاسلام، حركە النجبا، كتائب الامام علی، كتائب سید الشهدا، سرایا الخراسانی، كتائب التیار الرسالی، كتائب اسداللە، تشكیلات اسداللە الغالب، الویە انصار الحجە، قوات ابوالفچل العباس، كتائب حزب اللە و سرایا تحریر الحویجە).
بۆیە هەموو رێككەوتنێك چەند كاتژمێرێك ناخایەنێت و شەڕ دروست دەبێتەوە و قەناسەكانیان لە سەربانەكانی خورماتووەوە دەكەونە تەقەكردن لە هاوڵاتیان و خەڵكی سڤیل شەهید دەكەن. ئێستا زۆر روونە كە مەبەست لە بوونی حەشدی شەعبی لەو ناوچانە چییە، ئەویش بێزاركردنی خەڵكی كوردە بۆ چۆڵكردنی ناوچەكانیان و گەر ئەو مەرامەشیان بۆ نەچووە سەر، كە بەهۆی بوونی هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانەدا، بۆیان ناچێتە سەر، دیارە دەیانەوێ بە ناوی وتووێژ و رێككەوتنەوە لەگەڵ پێشمەرگە پلان (2) یان جێبەجێ بكەن، ئەویش بەوەی كە هەردوولا بە هێزی پێشمەرگە و حەشد ئەو ناوچانە چۆڵ بكەن و رادەستی سوپای عێراقی بكەن كە لەكاتی خۆیدا بەرامبەر هێرشەكانی داعش هەرەسی هێنا و ئەو ناوچانەی رادەستی داعش كرد كە لەمەودوا بە قوربانیدان و هیمەتی پێشمەرگە رزگار كرایەوە. بۆیە پێویستە نە سەركردایەتی سیاسی و نە فەرماندە سەربازییەكانی پێشمەرگە و نە خودی هێزی قوربانیدەری پێشمەرگە كە دەیان شەهید و برینداری لەو پێناوەدا داوە، مل بۆ ئەوجۆرە داوایە بدات. ئەو ناوچانە بە خوێنی كورد رزگار كراوە، جارێكی تر تەسلیمی سوپای عێراق بكاتەوە لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە ماف دەدەینە دانیشتوانی ئەو ناوچانە كە لە گشتپرسییەكدا خۆیان بڕیار بدەن سەر بەهەرێمی كوردستان دەبن یان نا.