ھەڵوەشانەوەی دەوڵەتەکەی داعش بەر لە ھەڵوەشانەوەی عێراق

ھەڵوەشانەوەی دەوڵەتەکەی داعش بەر لە ھەڵوەشانەوەی عێراق
عێراق لە گیانەڵادایە، وڵاتێک ھەڵدەوەشێتەوە کە لە بنەڕەتەوە نەدەبوو دروستبێ، تا نەبێتە مایەی سەد ساڵ ململانێ و کوشتوبڕ. بەڵام لەبەرژەوەندیی تەواوی دونیا و لەبەرژەوەندیی کوردستانیشدایە ئەم قەوارە بەزۆر پێکھێنراوە، بە ئارامی و بێ ئازارکێشانی زێدەتر، گیان بسپێرێ و کۆتایی بێت . بە جۆرێک ھەڵوەشانەوەکەی زیان بە ئاشتیی جیھانی نەگەیەنێ. قازانجی نەبێ بۆ تیرۆریستان. داھاتووی ناوچەکە پڕ نەکات لە رقەبەرایەتی. سەرچاوەکانی وزە نەخاتە مەترسییەوە، جێ پێ بۆ ھێزە ئیقلیمییەکان خۆش نەکات.
لە رووی کاتیشەوە، تا ئازادکردنی موسڵ، پێویستە لەبەغدا پاشاگەردانی و فەوزایەکی بێ ئامان و بۆشایی سیاسی دروستنەبێ و گەر بە رواڵەتیش بێ، شتێک بە ناوی عێراق بمێنێ. بە کورتی، ھەڵوەشانەوەی عێراق نەکەوێتە پێش ھەڵوەشانەوەی دەوڵەتەکەی داعش.
ئەمە خواست و ئەولەویەتی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتییە، ئەو ھاوپەیمانییەی سەرۆک بارزانی لە لووتکەی فەرماندەییەکەیدا جێی گرتووە و کورد پێکھێنەرێکی سەرەکی و کاریگەریەتی.
بۆیەش، کورد لە لایەکەوە رێز لەو ئەولەویەتە و بەرژەوەندییە جیھانییە دەگرێ و، لە لایەکی دیکەشەوە بەرژەوەندیی خۆیشی لە سەربەخۆییەکی بێ ئازاردایە کە تەوقیتەکەی و شێوازی جێبەجێکردنەکەی کەمترین سەریەشە بۆ خۆی و ھاوپەیمانەکانی و جیرانەکانی دروست بکات و، بە دیبلوماسیەتێکی ورد و ئارامگر و بەرژەوەندخوازانە جێبەجێبکرێ و زۆرترین پشتگیری و دەستباری ھەبێ. دەنا لە ئەجیندای جیھانییاندا، ھەڵوەشانەوەی عێراق و سەربەخۆیی کوردستان کۆتاییان ھاتووە و، نە کەس ھیوای بە عێراقی یەکگرتوو ھەیە و نە کەس سەربەخۆیی کوردستان رەتدەکاتەوە.
ھەرچی سەرکردایەتیی کوردستانیشە، قەت و قەت بە ھەڵەشەیی و بڕیاری ناوەخت و سەرکێشی نەناسراوە و ھەمیشە لە زەمان و زەمینی لەباردا ھەنگاوەکانی دەنێ. سەربەخۆییش لەسەر راستەڕێی خۆیەتی و کۆڵەکەکانی ھەڵچنراون و، حاڵی حازر دوایین خشتەکانی لەسەر یەک دادەنێ.
ئەمانەی سەرەوە، ھۆکارەکانی تائێستا مانەوەی کورد لەبەغدا و بەشداریی ئیجابییانە و سازندەی لە کێشەکاندا و نەرمی نواندنیەتی. نەک لەبەر ئەوەی کورد دەستی لە بەغدا بەرنابێت یان دەیەوێت بگەڕێتەوە بۆ وڵاتێکی لەبەریەک ھەڵوەشاو.
Top