با لەپێناو سەربەخۆیی كوردستان یەكدەنگ و یەكڕیزبین

با لەپێناو سەربەخۆیی كوردستان یەكدەنگ و یەكڕیزبین
غەفوور مەخمووری*

رۆژهەڵاتی ناڤین بەتەواوی لە رەوشێكی زۆر هەستیار و ناسك و لەبەردەم هاتنە پێشی كۆمەڵێ ئەگەر و پێشهات و گۆڕانكاریی گرنگ و مەزندایە، رووداوەكانی ئەم دواییەی عێراقیش زۆر گۆڕانكاری بەدوای خۆیاندا دێنن، بۆیە لەسەر هەموو لایەكمان پێویستە بیر لە بەرژەوەندی نەتەوەییمان بكەینەوە و خۆمان ئامادە بكەین بۆ ئەو ئەگەر و پێشهاتانەی كە دێنەپێشەوە، بۆ ئەمەش دەبێ كار بۆ یەكێتی و یەكڕیزی كوردان بكەین بۆ ئەوەی لە ناوچەكەدا كاریگەری خۆمان بسەلمێنین و لە داهاتووی نزیكدا بە مافە رەواكانمان بگەین، فاكتەری سەرەكیش بۆ گەیشتنمان بە ئامانجەكانمان یەكێتی و یەكڕیزیمانە.
بێگومان لێدوان و هەوڵەكانی بەڕێز جەنابی كاك مسعود بارزانی سەرۆكی كوردستان، لەپێناو سەربەخۆیی كوردستان خوێندنەوەیەكی واقیعییانەیە بۆ رەوشی سیاسی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و خستنەڕووی چارەسەری گونجاوە بۆ پرسەكان، بەتایبەت پرسی ریفراندۆم بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی كوردستان، ئەم هەوڵانەی سەرۆك بارزانی لەم كاتەدا گرنگی و بایەخی تایبەتی خۆی هەیە، لەبەرئەوەی ئەمڕۆ سەردەم سەردەمی رزگاری و ئازادی نەتەوە چەوساوەكانە لە ژێردەستی و دكتاتۆرییەت. لە سەدەی رابردوودا هەڵوەشانەوەی یەكێتی سۆڤیەتی پێشوو هەلی بۆ كۆمەڵێ نەتەوەی ژێردەست رەخساند كە ئازاد بن و سەربەخۆیی خۆیان رابگەیەنن و ببنە خودان دەوڵەتی نەتەوەیی خۆیان، لەم سەدەیەشدا شۆڕش و راپەڕینەكانی گەلانی چەوساوە دژی زوڵم و نایەكسانی و دكتاتۆرییەت بەردەوامە، بزاڤی رزگاریخوازی نیشتمانی كوردستان لەسەر ئاستی كوردستانی مەزن دەتوانێت سوود لەم هەل و گۆڕانكارییانە وەربگرێت و، بە كارنامەیەكی نەتەوەیی و نیشتمانیی سەردەمییانە بەرەو رزگاری و ئازادی و سەربەخۆیی كوردستان هەنگاو بنێت، بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە هەموو لایەكمان لەپێناو سەربەخۆیی كوردستان پشتیوانی لە هەڵوێست و كار و هەنگاوەكانی سەرۆك بارزانی بكەین، بۆ ئەمەش دەتوانین ئەزموونی باشووری كوردستان بكەینە خاڵی وەرچەرخان رووەو هێنانەدی خەونی نەتەوەییمان كە سەربەخۆیی كوردستانە. لەم پێناوەشدا پێویستە سەركردایەتی سیاسیی كوردستان مامەڵەیەكی دادپەروەرانە لەگەڵ تەواوی كۆمەڵگەی كوردستان بكات، لە هەمان كاتدا مامەڵەیەكی تەندروست لەگەڵ تەواوی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بكات و بە ڕاوێژ لەگەڵ هەموو لایەك نەخشەڕێگایەكی نەتەوەیی و نیشتمانی دابڕێژێت بۆ دەربازكردنی ئەم قۆناخە هەستیار و چارەنووسسازە، ئەمەش دەبێتە بناخەیەكی پتەو بۆ ئەو یەكڕیزییە سیاسی و كۆمەڵایەتییەی كە ئێمە نیمانە و پێویستیمان پێیەتی. یەكڕیزی كورد بەهێزترین فاكتەری سەركەوتنی كوردە، بەڵام ئێمە ئەو یەكڕیزییەمان نییە، ناوەندی سیاسی كوردستان پەرش و بڵاوە و پێویستی بە یەكخستنەوە و ڕێكخستنەوەیە، پێویستە سەركردایەتی سیاسیی كوردستان بە چاوێكی یەكسان سەیری لایەنە سیاسییەكان بكات و هیچ لایەك پەراوێز نەخات.
هەروەها لە سەر لایەنە سیاسییەكان پێویستە لە سەر پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بن، بەتایبەت لەم قۆناخە هەستیار و چارەنووسسازەدا، دەبێ بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ واقیعی خۆماندا بكەین و هەموو لایەكمان یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بین بۆ زیاتر بەرەو پێشبردنی هەنگاوەكانی هێنانەدی ئامانجەكانمان و یەكدەستیش بین بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەكان، بۆ ئەمەش دەبێ لەم قۆناخەدا ناكۆكی و ململانێی حزبی بخرێتە لاوە و رەچاوی بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتمانی بكرێت.
هەموومان دەزانین پێشڤەچوونەكانی باشووری كوردستان بوونە جێی سەرنجی هەموو لایەك، بۆیە ناحەزان كەوتنە داڕشتنی جۆرەها پیلان بۆ بەرگرتن لە پێشڤەچوونەكان و ئەوەتا ئێستا كوردستان رووبەڕووی شەڕی تیرۆریستانی داعش بۆتەوە، لەلایەكی دیكە حكومەتی عێراق سیاسەتی (برسیكردن) بەرامبەر خەلكی كوردستان پیادە دەكات، تێچوونەكانی شەڕ و نەناردنی بەشی كوردستان لە بودجەی عێراق و دابەزینی نرخی نەوت، ئەمانە هەموو وایان كردووە كوردستان رووبەڕووی قەیرانی دارایی ببێتەوە، سەرەڕای ئەمانە كۆمەڵێ هەڕەشەی دیكەش لەسەر باشووری وڵاتدا هەن، كە پێویستە هەموولایەكمان رووبەڕوویان ببینەوە، بۆیە پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەكان لەسەر پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان زیاتر لە یەكدی نزیك ببینەوە، بەتایبەت لەم قۆناخە هەستیار و چارەنووسسازەدا، دەبێ بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ واقیعی خۆماندا بكەین و هەموو لایەكمان یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بین بۆ زیاتر بەرەو پێشبردنی هەنگاوەكانی هێنانەدی سەربەخۆیی كوردستان و یەكدەستیش بین بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەكان.
لەم كاتەدا بۆ پاراستن و پێشڤەبردنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان بوونی بەڕێز سەرۆك مسعود بارزانی وەكو پێویستییەك دەبینم بۆ ئەم قۆناغەی ئەمڕۆی كوردستان، لەبەرئەوەی كوردستان پێویستیی بە كەسایەتییەكی وەك سەرۆك مسعود بارزانی هەیە، لەوانەیە كاك مسعود بە شەخسی خۆی پێویستی بە پۆستی سەرۆكایەتی نەبێ، بەڵام لەم قۆناغەدا سەرۆكایەتی كوردستان و میللەتەكە پێویستییان بە كاك مسعود هەیە، بۆیە پێویستە كۆدەنگییەكی نەتەوەیی و نیشتمانیمان هەبێت بۆ ئەوەی بتوانین لەسەر كەسایەتییەكی وەكو كاك مسعود كۆك بین، لەبەرئەوەی تا ئێستا بەڕێزیان لە رووی سیاسی و دیپلۆماسی و سەربازییەوە توانیوێتی قورسایی كوردستان لە نێو هاوكێشە سیاسییەكانی ناوچەكە و نێودەوڵەتی وەدیاربخات. بۆیە دەكرێ ئێمە هاوكار و پشتیوانی بەڕێزیان بین، بۆ ئەوەی ببین بە ژمارەیەكی بەهێزتر لەوەی كە ئێستاكە هەیە.
لای هەموو لایەكمان روونە كەوا پرسی سەربەخۆیی كوردستان قۆناغێك چۆتە پێشەوە، لەبەرئەوەی ئێمە پێشتر كێشەی دیاریكردنی سنووری كوردستان، واتە خاكمان هەبوو، بەڵام ئێمە لەشەڕی داعشدا توانیمان بەخوێن ئەو سنوورە بكێشین، ئێستا پێشمەرگە لە كەركوك و زووممار و شنگاڵ و قەراج و مەخموور و جەلەولا و گەرمیانە، واتە هەموو ئەو سنوور و شوێنانەی لە چوارچێوەی مادەی 140دان ئێستا بەدەستی پێشمەرگەوەیە، راستە شەڕی داعش بۆ ئێمە زۆر ناخۆش و سەختە، شەهید و برینداری زۆرمان داوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا قازانجی ئەوەمان لێكردووە كە هەموو ئەو ناوچانەی دەكەونە چوارچێوەی مادەی 140ـەوە ئێستا بەدەستی هێزی پێشمەرگەوەیە، هەروەها لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی ئێستا مامەڵەیەكی جیاوازتر لەگەڵ كورد و پرسی كورد دەكرێت، لە رووی هێزەوە ئێستا وەك هێزێكی نێودەوڵەتی سەیری هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەكرێت، هەروەها لەرووی پڕ چەك كردنەوە، زۆر وڵات هاوكاری هێزی پێشمەرگەی كوردستانی كردووە و دەیكات، ئێستا باشووری كوردستان بەشێكە لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە شەڕی دژی تیرۆر وشەڕی رێكخراوی تیرۆریستی داعش، ئەمانە دەستكەوتی سیاسی و دیپلۆماسی كوردن لەو شەڕەدا، بۆیە بڕوام وایە كە پرسی سەربەخۆیی كوردستان لەرێگەی شەڕی داعشەوە بەرەو پێشچووەو بەرەو دواوە نەگەڕاوەتەوە، لەمەشیاندا سەرۆك بارزانی رۆڵی كاریگەرانەی خۆی بینیوە، چ وەك سەرۆك و چ وەكو پێشمەرگەیەك.
لەسەر ئێمەی كورد پێویستە بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانمان بە بیر و ستراتیژێكی نەتەوەییانە هەڵسوكەوت لەگەڵ ئەم بارودۆخە هەستیارە بكەین، بەتایبەت لەم سەردەمەدا كە بارودۆخی ئەمڕۆی جیهان بۆ كار و خەبات گۆڕاوە و زۆر لە جاران گونجاوتر و لەبارترە و زۆربەی وڵاتانی جیهان لە پرسی كورد گەیشتوون و بە دیدێكی دیكە پرسی كورد دەخوێننەوە و پرسی كورد وەك پرسێكی سیاسی دەبینن، بۆیە لەسەر ئێمەی كوردیش پیویستە بەرژەوەندی نەتەوەییمان لەبەرچاو بگرین و وەكو كورد سوود لەو رەوشە وەربگرین، بۆ ئەوەی ئازاد و سەربەخۆ بین و بگەین بە خەونی نەتەوەیی خۆمان كە راگەیاندنی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانە.

* سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK

Top