كاراكردنەوەی پەرلەمان پێویستە بەڵام نەك بە هەموو نرخێك

كاراكردنەوەی پەرلەمان پێویستە بەڵام نەك بە هەموو نرخێك
ئەو تەنگژە سیاسییەی ئێستا لەخۆڕا دروست نەبووە و بەرەنجامی واقیعێكی كەڵەكەبووە كە بە شێوەیەكی گشتی سەریانكێشا بۆ ئەو تەنگژە سیاسییانەی ئێستا هەن، بەڵام بە شێوەیەكی تایبەتی لە دوای رووداوەكانی حەڤدەی شوبات، جارێكی دیكە ئاراستەی رووداوەكان لە ئۆكتۆبەری 2015 بە شێوەیەكی سیستماتیك و نەخشە بۆ داڕێژراو وەرگێڕدرا بۆ دژی كادر و بارەگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەمەشدا جیا لەوەی چەندین كادری پارتی شەهید و بریندار بوون و چەندین بارەگای پارتی سووتێندران و هەموو ئەم دیمەنە ناشیرین و پڕ لە بێڕێزی و ناشیرینكارییە لە چەندین كەناڵی تەلەفزیۆنییەوە رووماڵ دەكران و راستەوخۆ دەگواسترانەوە، ئەمەش وایكرد كە هەموو كەس هەست بەوە بكات برینەكانی ئەمجارەی پارتی قورسن و بە ئاسانی ساڕێژ نابنەوە، لەهەمانكاتدا پارتی دیموكراتی كوردستانیش لە رەوتی رووداوەكانی ئەمجارە پەیامێكی راشكاوانەی وەرگرت و لە هەمانكاتدا ئەوەش دیارە وەڵامدانەوەی پارتی بۆ ئەم پەیامە وەك وەڵامەكانی جارانی پێشتر نابێت. بەڵكو وەڵامی ئەمجارەی پارتی لە ئاستی ئەو رووداوە و ئەو هەڕەشانە دەبێت كە ئاراستەی پارتی كراون.
پارتی دیموكراتی كوردستان ماوەیەكی زۆرە گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی كە هەوڵێكی جددی لە ئارادایە بۆ بەلاڕێدا بردنی رەوتی دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێمی كوردستاندا، بۆ ئەمەش ماوەیەكی زۆرە پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەرامبەر ئەو هەوڵانەی بە شێوەیەكی سیستماتیك بە هەڕەشە و چاوسووركردنەوە، لە ناوچەی سلێمانی بۆ ناشیرینكردنی پارتی دەدرێن، دانی بە خۆیدا گرتووە و نەرمی نواندووە، هەروەها دەمێكە ئەوە دەزانین كە میحوەرێكی سیاسی دروست بووە بۆ دژایەتیكردنی سیاسەتی پارتی بەتایبەتیش لە بوارەكانی سیاسەتی وزە و سیاسەتی سەربەخۆیی و سەربەخۆیی ئابووری، هەربۆیە ئەمجارەش ئەوەی لای پارتی ئاشكرا بوو، ئەوە بوو كێشەی ئەمجارە پەیوەست نییە بە دیموكراسی، ئەوجا چ دیموكراسی زۆرینە بێت، یان دیموكراتییەتی سازان، یان ئەوەی پێی دەگوترێت تەوافوقی، بەڵكو ریشەی ئەم كێشەیە پەیوەستە بە دەسەڵات، بۆیە پێویست بوو ململانێی دەسەڵات نەكەوێتە ناو پەرلەمان، ئەمەش لەبەر ئەوە بوو، ئەمە نە كاری پەرلەمان بوو، نە ئەم ئەركەش لە دەسەڵاتی پەرلەماندا بوو، بۆیە هەتا ئەگەر پەرلەمان بۆ ئەم كارەش تەفویز بكرایە، ئەوا نەیدەتوانی ئەو كارە جێبەجێ بكات.
ئاشكرایە یەكلاییكردنەوەی كێشەی دەسەڵات لەلایەن هێزە سیاسییەكانەوە بەڕێوەدەچێت، بۆ ئەمەش دوو رێگە لەبەردەمدا بوو، یان ئەوەتا دەبوو بیر لە شەڕ بكرێتەوە و بە شەڕ یەكلایی بكرێتەوە، كە ئەم رێگەیە پێشتر لە كوردستان تاقی كرابووەوە و بێ ئاكام بوو، یان دەبوو بە شێوازی ئاشتییانە و لەسەر بنەمای شەراكەت و سازان لەسەر مێزی وتووێژی لایەنە سیاسییەكان یەكلایی بكرێتەوە، كە ئەمەش تەنیا رێگەیە و ئێستاش دەتوانرێت جارێكی دیكە و سەرلەنوێ لەسەر بنەمای شەراكەت و سازان كێشەكە یەكلایی بكرێتەوە. بەڵام لەسەر بنەمایەكی تازە بۆ سازانێكی نوێ و ئەوەی زۆرینەی هەبێت، دەبێت سەرپشك بكرێت لە وەرگرتنی دامودەزگاكانی دەسەڵات.
پارتی دیموكراتی كوردستان وەك ئەو هەڵمەتەی لە 17ی شوبات بە ئەنقەست كرایە سەر بارەگا و كادرانی، ئەمجارەش هەڵمەتەكانی ئۆكتۆبەری بە ئەنقەست و بە پەیامێكی سیاسیی دژ بە خۆی لە قەڵەمی داوە، ئەمەش مانای ئەوەیە مامەڵەكردن و هەڵسوكەوت لەگەڵ ئەم پەیامەی ئاراستەی پارتی كراوە، پێویستی بە كات و میكانیزمی تایبەتی هەیە، لەمەشدا دەبوو پارتی بە پەلە جووڵەیەك بكات بۆ ئەوەی سنوورێك بۆ ئەو هەموو دەستدرێژی و ئاڵۆزی و پشێوییانە دابنێت، كە بە هەموو پێوەرێكی سیاسی و یاسایی و ئەخلاقی هەموو سنوورەكانی بەزاندبوو، لە هەمانكاتدا ببووە هەڕەشەیەكی مەترسیدار و جددی لەسەر ئاسایشی هەرێمی كوردستان.
كەواتە ئەم واقیعە فەرزی دەكات لەسەر هەموو لایەكمان كە دەبێت هەنگاوەكانی ئاساییكردنەوە و كاركردنەوەی پەرلەمان لەسەر بنەمایەكی راست و دروست هەڵبگرین و بە ئاراستەیەكی راست هەنگاو بۆ پێشەوە هەڵبگرین. بۆ ئەمەش دەبێت ئەو راستییە لەبەرچاو بگرین، بەوەی راستە ئاساییكردنەوەی بارودۆخی سیاسی زۆر گرنگە و دەبێت پەلەی تێدا بكرێت، بەڵام پاراستنی سەقامگیری لە هەرێمی كوردستاندا زۆر لەوە گرنگترە. بۆیە دەبێت لەمەدا راشكاوانە قسەبكەین و بە ئاشكرا بڵێین، ئەوانەی دەبنە هۆكاری پشێوی و توندوتیژی و تێكدانی سەقامگیری لە كوردستاندا، دەبێت سزا بدرێن، هەروەها ئەوانەی سەقامگیری كوردستان وەك كارتێك بەكار دەهێنن و دەیكەنە قوربانی بەرنامەی سیاسی خۆیان، بەبێ رەچاوكردنی تەوافوق و بێلایەنیی سەرۆكی پەرلەمان، تاكڕەوانە تەوافقی سیاسی لەناو دەبەن، نابێت ئەوانەش پاداشت بكرێن.
دیارە دەبێت ئەو راستییەمان لەبەر چاو بێت، ئەوانەی دوێنێ دژی بڕیاری زۆرینەی ناو لەپەرلەمان بوون، بەدەنگی بەرز بریارەكانی پەرلەمانیان رەتدەكردەوە و بە بیانووی ئەوەی هەر بڕیار و یاسایەك رەهەندی نیشتمانی هەبێت، دەبێت لە چوارچێوەی سازانی نیشتمانی سازانی لەسەر بكرێت، هەربەم بیانووەش پرۆژەی دەستووری كوردستانیان رەتكردەوە، لەبەر ئەوەی بە كۆی دەنگ پەسەند نەكرا، بەڵام هەر ئەوانە لەیەكەم هەنگاویان لەناو پەرلەمانێك كە بە سازان پێكهێنرابوو، هەموو هەوڵی خۆیان خستە گەڕ بۆ ئەوەی زۆرینەیەكی سادەی رووكەش كۆبكەنەوە، سیستمی سیاسی هەرێمی كوردستان لەبەریەك هەڵبوەشێنن، ئەمەش لەبەر ئەوەیە سیستمی سیاسی لە هەرێمی كوردستان لە ماوەی 24 ساڵی رابردوو لە سەر بنەمای هاوسەنگی و سازان بەردەوام بووە. ئەوانەی لەپشت ئەم پلانە بوون، خۆیان دەیانزانی ئەمەیان بۆ ناچێتەسەر، بەڵام ئەمجارەشیان ئەزموونێكی شكستخواردوویان تاقیكردەوە، ئەمەش فێرمان دەكات، كە نابێت جارێكی دیكە بارودۆخی سیاسیی هەرێمی كوردستان ببێتە ئەسیری میزاجی هیچ لایەنێكی سیاسی و دەبێت هەموومان بگەینە قەناعەت بەوەی بە ئەقڵانییەت سیاسەت دەكرێت و هەر بە ئەقڵانییەتیش حوكمڕانیی راست و رەوان بەڕێوەدەبرێت. بۆ گەیشتن بەم ئاراستە دروستەش پێویستە لەسەر بنەمایەكی ئەقڵانی بەرەو سازانێكی سیاسیی نوێ هەنگاو هەڵبگرین، بۆ ئەوەی هەنگاوەكانمان سەقامگیری سیاسی بۆ مەودایەكی دوور لە كوردستاندا مسۆگەر بكات.

*جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان

Top