كۆڕەو لە یادی چارەكە سەدەیەك بە سەر بڕیاری 688 دا
April 7, 2016
وتار و بیروڕا
ئەم بڕیارە لە كاتی خۆیدا مشتومڕێكی زۆری نایەوە لە سەر ئاستی جیهان بەتایبەت لەلایەن ئەو دەوڵەتانەی كە لەلایەن رژێمی دیكتاتۆرییەوە بەڕێوەدەبران. هەر بۆیە وڵاتانێكی ئەندام لە ئەنجومەنی ئاسایش لە دژی ئەم بڕیارە دەنگیان دا وەك (یەمەن و كوبا و زیمبابۆی).
گرنگیی ئەم بڕیارە لە زۆر خاڵدا بوو لەوانە:
یەكەم: بۆ كوردستان
1. ئەم بڕیارە بووە هۆی دیاركردنی ناوچەی ئارام لە سەرووی هێڵی 36 بۆ هەرێمی كوردستان و پاراستنی گەلەكەی لە رژێمی سەددام.
2. ئەم بڕیارە بوو بە هۆكارێكی یاریدەدەر بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكەی ساڵی 1992 بۆ پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان و زۆربەی دەستكەوتەكانی دواتریش.
دووەم: بۆ عێراق
1. ئەم بڕیارە بووە هۆی دەرچوواندنی بڕیاری كۆنگرێسی ئەمریكا لە ساڵی 1996 لە ژێر ناوی (رزگاركردنی عێراق).
2. یارمەتیدانی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی بۆ رووخاندنی رژێمی سەددام.
سێیەم: لەسەر ئاستی جیهان
1. یەكەمجار بوو كە بنەمای دەستێوەردانی مرۆیی پەسەند كرا لە كاروباری نێوخۆیی وڵاتانێكی خاوەن سیستمی ستەمكار.
2. لە حوزەیرانی 1991 رێككەوتننامەیەكی نێودەوڵەتی واژۆكرا بۆ پێدانی مافی دستێوەردانی مرۆیی بۆ راگرتنی ئەو ستەمكارییانەی دژ بە مافەكانی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەكان دەكرێت لە هەر وڵاتێكدا.
3. لە كانوونی یەكەمی 1991 نەتەوە یەكگرتووەكان بڕیارێكی پەسەند كرد كە رێگەی دەدا بە نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ یارمەتیدانی هەر دەوڵەتێك بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە چوارچێوەی پڕۆسەی ئاشتیی ناوچەیی و جیهانی لەسەر داوای هەر دەوڵەتێكی خاوەن سەروەری.
بۆیە لە هزری ئێمەدا كۆڕەو و بڕیاری 688 تا ئێستاش پێكەوە دێنە باسكردن، چونكە كۆڕەو هۆكاری دەرچوواندنی ئەم بڕیارە گرنگە بوو.
كۆڕەو وێڕای ئەوەی كارەساتێكی مرۆیی بوو، لە هەمان كاتیشدا جووڵەیەكی بەكۆمەڵی و گشتی و سەرتاسەریی نەتەوەیەك بوو كە زۆر مانا و ئاماژەی گەورەی تێدا بوو، لەوانە:
یەكەم: كۆڕەو خۆی لە خۆیدا رەتكردنەوەی زوڵم و ستەم بوو لەلایەن گەلێكەوە كە ئامادە نەبوو لە ژێر دەستی رژێمێكی كۆكوژدا درێژە بە ژیان بدات.
دووەم: لە كۆڕەودا لە نێوان دووانەی نان و ئازادیدا، گەلی كوردستان ئازادی هەڵبژارد، چوونە دەرەوەیشی خۆدەربازكردن بوو لە كۆت و بەندی دەسەڵاتێكی دژ بە ئازادی.
سێیەم: كۆڕەو ریفراندۆمێكی سەرتاسەری و میللی بوو كە تیایدا گەلی كوردستان بە شێوازێكی نوێ واقیعێكی دەیان ساڵەی سەپێنراوی رەتكردەوە، لە هەمان كاتیشدا داوایەكی خۆڕسكانەش بوو بۆ دیاركردنی مافی چارەنووسی خۆی.
زۆرن ئەو هەنگاوانەی كە پێویستن لە دوای كۆڕەوی بەهاری ساڵی 1991 بگیرێنەبەر، لەوانەش:
یەكەم: ئاگاداركردنەوەی بەردەوامی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەو راستییەی كە بە زۆر پێكەوەلكاندنی گەلان پڕۆسەیەكی كارەساتهێنە و گەلانی ئازادیخواز دەكاتە قوربانیی دەستی ستەمكاران.
دووەم: زیندووكردنەوەی كێشەی لەمێژینەی گەلەكەمان و بەدەمەوەهاتنی زلهێزان بە لای دۆزی كوردەوە وەك دۆزێكی سیاسیی ڕەوای گەلێك كە شایانی مافێكی سیاسی باشتر بێت لەوەی ئێستای.
سێیەم: دابینكردنی مافی بڕیاردانی چارەنووس بۆ گەلی كوردستان و پێدانی هەلی ئەنجامدانی ریفراندۆم.
چوارەم: مافی هەبوونی دەوڵەتێكی سەربەخۆ بۆ گەلی كوردستان، ئەو گەلەی كە بە كردەوە ئاشتی و پێكەوەژیانی سیاسی و ئایینی بەرجەستە كردووە وەك جوانترین نموونە لەم ناوچەیەدا.