ئەوانەی قەیران دروست دەكەن دەبێ زیاتر هەوڵی چارەسەركردنی بدەن...
February 22, 2016
وتار و بیروڕا
كاتێ باسی چارەسەركردنی قەیرانەكانی سیاسی هەرێمی كوردستان دەكەین، دەبێت ئەو راستییە بابەتییە لەبەرچاو بگرین و بەلای كەمەوە باری هەندێك قورستر و باری هەندێكی تریش ئەوەندە سووك نەكرێت، تا پتر بەلاڕێدا بچن. قەیرانی سیاسی لە هەرێمی كوردستان زۆر لەوە ئاڵۆزترە كە هەندێك جار لێرە و لەوێ لای هەندێك بەڕێز باسی لێوە دەكرێ. بەر لە هەموو شتێك دەبێ ددان بەو راستییەدا بنێین كە دروستكردنی قەیرانی سیاسیی ئەم دواییە، حاڵەتێكی خۆڕسك نەبووە، بەڵكو بە بەرنامە و پلان بووە، بۆ ئەمەش دەبێ زنجیرە رووداوە سیاسییەكانی هەرێم و عێراق و ناوچەكە لە دوای ٢٠١٣ تا بە ئەمڕۆ بە بیر خۆمان بێنینەوە و بابەتییانە شەن و كەوی بكەین. لێرەدا هەموو ئەو راستییە تاڵانەمان دەكەوێتە بەرچاو، كە تا ئێستا بزووتنەوی گۆڕان قەناعەتی بە هیچ چارەسەریەك نییە بۆ قەیرانی سیاسیی هەرێم، تا ئێستاش بۆ چارەسەری قسەیەكی خێریان لە دەم دەرنەچووە، بەڵكو هەموو هەوڵەكانیان ئەوەیە ئەم قەیرانە زیاتر لە جاران بەكاربێنن بۆ پەلاماردانی پارتی دیموكراتی كوردستان و لاوازكردنی حكومەت و پەرلەمان، ئەگەر پێیان بكرێت ئەم قەیرانە زیاتر قووڵ دەكەن، لەبەر ئەوەی بەردەوامبوونی ئەم قەیرانە بە باشترین دەرفەت دەزانن بۆ ئەوەی بەرنامەیان ببەنە سەر، بەرنامەی كودەتا لەسەر حوكمڕانی پارتی و دواتریش یەكێتی، دیارە یەكێتی نیشتمانی كوردستان هەر زوو ئاگاداری ئەم راستییە تاڵە بوو، بەڵام بەهۆی گەلێك هۆكاری زاتی و مەوزووعی چارەی نەبوو، دەبوا ددان بەو واقیعە تاڵە بنێن و خۆیانی لەگەڵ بگونجێنن، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان زۆر درەنگ بەئاگا هات، ئەمەش لە دوای ئەنجامدانی زنجیرەیەك هەڵەی كوشندە، لە سەرووی هەمووشیانەوە بەستنی هاوپەیمانییەكی كراوە و زارەكی و بێ هیچ مەرج و چوارچێوەیەكی سیاسی لەگەڵ بزووتنەوەیەكی وەكو گوڕان كە خاوەن ڕوخسارێكی چاكسازی بریقەدار و لە ناوەڕۆكدا هەڵگڕی پەیامێكی پڕ لە ڕق و كینەی مێژووییە بەرامبەر بە پارتی و بەتایبەتیش بەرامبەر بە بنەماڵەی بارزانی. بۆیە بزووتنەوەی گۆڕان لە نزیكترین دەرفەتدا گورزی خۆی وەشاند، بە شێوازێكی ئەوها كە ناتوانێت تازە پاشگەزبێتەوە، ئێستا لە حاڵەتێكدان، یان دەبێت بۆیان بچێتە سەر و بەشێكی گرنگی دەسەڵات لە دەستی پارتی بێننەدەر لەو دەسەڵاتەی بە هەڵبژاردن بەدەستیهێناوە، یاخود بەردەوام بن لەسەر هەمان ستراتیژیەتی دروستكردنی قەیران لە دوای قەیران. سەقامگیریی هەرێمی كوردستان لە بەرژەوەندی ئەواندا نییە، بەڵكو بەپێچەوانەوە كوردستانێكی لاواز و ناسەقامگیر یەكێكە لە ئامانجەكانی ئەوان بۆ ئەوەی بتوانن خۆیان وەك فریادڕەس نیشانبدەن بەوەی لەسەر دەستی ئەواندا كوردستان دەبێتە بەهەشت، بۆیە بزووتنەوەی گوڕان بڕیاری خوی داوە، هەتا گریمان بگەڕێنەوە بۆ ناو حكومەت و پەرلەمانیش ئەوە كاتیی دەبێت و جارێكی دیكەش دەگەڕێنەوە بۆ تووڕەكردنی شەقام، چونكە ئەو دەرفەتەی لەگەڵ پارتی دەستیان كەوتبوو، بە هەمان متمانەی جاران دووبارە نابێتەوە و بۆیان ناچێتە سەر. ئێمە كە باس لەم راستییانە دەكەین مەبەستمان ئەوە نییە لە بایەخ و هەوڵی هەموو ئەو دڵسۆزانە كەم بكەینەوە كە بەردەوامن بو چارەسەركردنی ئەم قەیرانە، بەتایبەتیش بەڕێزانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، بەڵكو بۆ ئەوەیە باشتر لە سروشتی ئەم قەیرانە حاڵی ببین، كە لە مانگی تشرینی یەكەمی ٢٠١٤ـەوە لە لایەن بزووتنەوەی گوڕان ئامادەكاری بۆ دروستكردنی ئەم قەیرانە دەكرێت. ئەگەر فشاری سیاسی و جەماوەری زیاتریان نەكەوێتە سەر، بەتایبەتیش لە پارێزگای سلێمانی، ئەوا ناكەونە ژێر باری هیچ چارەسەرییەك و بەردەوام دەبن لە سەر هەڵوێستی خۆیان، بەتایبەتیش لە بارودۆخی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستاندا كە بێگومان لەو قەیرانە داراییە سەختەی كە بەرۆكی هەرێمی كوردستانی گرتووە، پەلە لە ئاساییكردنەوەی باری سیاسی ناكەن، ئەمەش سروشتی هەموو ئۆپۆزسیۆنێكە، تا ئەگەر ئۆپۆزسیۆنێكی راستەقینەش نەبێت. پێموایە با چیتر كات بەفیڕۆ نەدەین، هەرێمی كوردستان لەوە زیاتر نەبێتە دیلی سیاسەتێكی پۆپۆلیستی كە میزاجی سیاسی روڵێكی گەورەی تێدا دەبینێت. دیارە بارودۆخی زاتی و مەوزووعی یەكێتی و یەكگرتوو لەبارە، دووبارە وەكو ساڵانی ٢٠٠٥ بەرپرسیارێتی مێژوویی خۆیان ببیننەوە، دەتوانن وەكو سێ كوچكەی سەرەكیی دەسەڵات و خاوەن ئەزموون و خاوەن پێگەی جەماوەری خۆیان هەرێمی كوردستانیش لەم قەیرانە سیاسییە رزگار بكەن و لە پەراوێزدا چاكسازی راستەقینە ئەنجام بدەن، كات لە بەرژەوەندی ئەم ئەلتەرناتیڤەیە. ڕووداوەكانی ئەم دواییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە زور خێرا بەڕێوەدەچن، تەنیا بەو ئەلتەرناتیڤە دەكرێت، كە دەبێ مەترسییە گەورە و ڕاستەقینەكان لەسەر هەرێمی كوردستان بەلاوە بنێین.
ئەگەر مەبەستی بزووتنەوەی گۆڕان، ئاساییكردنەوەی پرۆسەی سیاسیی هەرێم بێت، وەك ئەوەی باسی لێ دەكەن. ئەوا پێویستە پێشتر خۆیان ددان بە هەڵەكانی خۆیاندا بنێن و هەنگاوێك بەرەو دواوە بچن، ئینجا داوا لە پارتیش بكەن، هەنگاوی هاوشێوە بهاوێژێ. ئەگەرنا، با چاوەڕوانی ئەوە نەبن ئاساییكردنەوە، لەسەر خوانێكی ئاڵتوونی لە ئاسمانەوە بۆیان بێتەخوارەوە.
*جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان