شنگال.. رابردوو.. ئێستا.. داهاتوو
December 3, 2015
وتار و بیروڕا
بایەخی ستراتیژی دەڤەری شنگال
پێشان دەڤەرەكە لە بەشی خۆرئاوای دەروازەی شاری موسڵەوە كە بە دەرگای شنگال دەناسرێت، خاڵی پێكگەیشتنی جووڵانەوەی بازرگانی بووە، لەوێوە كاروانسەرای بازرگانی لە نێوان شام و خاكی دوو ڕووبار هەبووە.
بایەخی زیاتری شنگال ئەو كاتە وەدەركەوت كە هەردوو دەوڵەتی سووریا و عێراق دامەزرێندران، سنووور و نەخشەی نێودەوڵەتی بە وردی لە نێوان ئەو دوو دەوڵەتەدا نزیك بەشی خۆرئاوای چیای شنگال نەخشێندراوە، پێگەی جیۆگرافیی و بەروبوومی سروشتی و سەرچاوەكانی ئاوو بەرزاییە شاخاویەكان ڕۆڵیان هەبووە لە دانانی نەخشەكەدا، بەو شێوەیە چیای شنگال خراوەتە سەر عێراق و چیای عەبدولعەزیزیش بەر دەوڵەتی سووریا كەوتووە، لە ڕاستیدا دەركەوتنی نەوت و غاز لە هەردوو باشوورو خۆرئاوای كوردستان ڕۆڵی كارایان گێڕاوە لە نەخشاندنی سنوورەكەی نێوان عێراق و سووریادا، ئەمەش لە لایەن بەریتانیاو فەرەنسا بۆ دابەشكردنی دەسكەوتەكانی سەر خاكی كوردستان لە نێوان خۆیاندا ئەو ڕاستەهێڵە دەستكردەیان كێشاوە، كە لە سێگۆشەی سنووری عێراق و توركیا و سووریاوە بە ئاڕاستەی دەڤەرەكە درێژدەبێتەوە، ڕەنگبێ ئەو زانست و زانیارییە پێشكەوتووانەی بۆ ناسینی ژێرخانی بەروبوومی سروشتی ژێر زەوی لە نەوت و غازو گۆكرد ئێستاكە هەیە؛ ئەگەر ئەوساكە هەبووایە، سنووری ناوچەكە بە شێوەیەكی جیاواز لەوەی ئێستا دادەڕێژرایەوە.
بایەخی ئابووریی دەڤەری شنگال
دەڤەری شنگال بریتییە لە باشووری ئەو سنوورەی بەپێی زاراوەی جیۆلۆجی بە بانە شاخاویەكانی عێراق دەناسرێت، مێژووی پەرەسەندنی جیۆلۆجی و تەكتونی بە چەندین قۆناغدا تێپەڕیوە، ئەویش بە هۆی پرۆسەكانی ڕووخان و بونیادنانەوەو سەقامگیربوون، بە پێی نیشتەنییە جیۆلۆجیەكانی چاخی ئەرودۆفیشیی نزیكەی 490 ملیۆن ساڵ لەمەوبەر، هەروەها بە پێی ئەو نیشتەنییانە تازانەی چاخی چوارینی بەر لە 3 ملیۆن ساڵ، جۆرو قەبارەی توێژ و چینە نیشتەنییەكانی كوردستان گۆڕانكاریی زۆریان بەسەردا هاتووە، هەندێ بەردی زەبەلاحی دەریایی لە شنگال ئەستووراییان دەگاتە 6 كیلۆمەترو ئەمەش بە پێی ناوچەكە دەگۆڕدرێت، واتە لە دهۆك حەوت تا هەشت كیلۆمەترو لە هەولێریش لە هەشت تا نۆ كیلۆمەترو لە كەركووك ئەستووراییە بەردینییەكان دەگاتە نزیكەی دوازدە كیلۆمەتر، هەموو ئەم بارودۆخە جیۆلۆجییانە بوونەتە هۆی پێكهاتنی نەوت و مانەوەی پێكهاتەی جیۆلۆجی ناو كون و كەلەبەری نەوتیی، تۆڕی نەوت و غازیی لە سنووری ئەم پێكهاتانەی چینەكاندا كە ڕۆڵ دەگێڕن بۆ پێكهاتنی بەردی سەرچاوەو بەردی شاردراوەو بەردی داپۆشراو ماونەتەوە كە پێكڕا لە چوارچێوەی سنووری پێكهاتەیەكی دیاریكراودان كە لە شێوەی پێچاوپێچ بەدەركەوتوون، ئەمانە بە شێوەی گردۆلكەی چیایی لەسەر زەوی قوتبوونەتەوە، هەندێكیشیان بە ئاسانی دیاری ناكرێن بە هۆی ئەوەی بوونەتە بارستاییەك بۆ دروستبوونی حەوزی نەوت و غاز، بە تایبەتی حەوزی نەوت و غازی كوردستان كە لە خانەقینەوە بەرەو كەركووك و مەخموورو دیبەگەو عەینزالەو قەرەچوغ و ماردین دەستپێدەكات تا دەگاتە دیاربەكر بە درێژایی 800 كیلۆمەتر و بە پانایی 50 تا 200 كیلۆمەتر، لە حەوزە بنەڕەتییەكەشەوە چەندین لقی دیكەی لێدەبێتەوە، بەو شێوەیە دەبێتە چەند بەشێك لەوانە حەوزی خۆرئاوای ڕووباری دیجلە كە پێكدێت لە(بەتمە، عەینزالە، عەلیۆكا تا دەگاتە شنگال) لە 23 پێكهاتەی جیۆلۆجی دروست بووەو لە شێوەی گردو گردۆڵكەی چیاییدایە بە قەبارەی جیاوازو بەرزایی هەمەچەشنەوە، تا ئێستاش كێوماڵی سێ ڕەهەندیی جیۆلۆجیانەی بۆ نەكراوە، چونكە چەندین پێكهاتەی تری شاراوەی ژێر زەوی تێدایەو پڕێتی لە نەوت و غاز، ئەمەش لە ڕووی بایەخی ئابوورییەوە زۆر كاریگەرە، بە تایبەتی لە خۆرئاوای دیجلەوە كە دەكاتە دەڤەری شنگال، پێكهاتە جیۆلۆجییەكان كە ژمارەیان 23 دانەیە بەم شێوەیە دابەشبوون، لە ڕووی نەوتەوە بوونەتە سێ گرووپ: شەش پێكهاتەیان دۆزراونەتەوەو غازو نەوتی تێدا بەرهەمدەهێنرێت، هەشت دانەی تریان دۆزراونەتەوە، بەڵام هێشتا هیچی تێدا بەرهەم نەهاتووە، نۆ پێكهاتەشیان هێشتا نەدۆزراونەتەوەو نەوتیان تێدا بەرهەم نەهاتووە.
خەمڵاندنی بەرایی بۆ یەدەگ و بەرهەمی نەوت و غاز
قەبارەی یەدەگی نەوت و گازی ئەو دەڤەرە كوردیەی خۆرئاوای دیجلە كە پێكهاتووە لە 23 پێكهاتەی جیۆلۆجی، لە میانەی بەراوردكردنی لە ڕووی هەڵسەنگاندنی قەبارەی یەدەگ و بەرهەمەوە بە پێكهاتەكانی بلۆكیی نەوتی هەرسێ پارێزگای هەولێرو دهۆك و سلێمانی و دەڤەری گەرمیان كە ئەوانیش 57 پێكهاتە لە خۆدەگرن، تێكڕایان پێكدێن لە 45ملیار بەرمیل نەوت و نزیكەی5.7ترلیۆن مەتر دوجای غازی هەیە، بەرزبوونەوەی توانای بەرهەمهێنان بۆ 700 هەزار بەرمیلیش لە ڕۆژێكدا بەو شێوەیە دەكرێت قەبارەی یەدەگی نەوت و غاز لە دەڤەری خۆرئاوای دیجلە بقەبڵێنرێت بە نزیكەی 10 ملیار بەرمیل واتا توانای بەرهەمهێنانی 500 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكداو قەبارەی غازی سروشتیش نزیكەی 2.3 ترلیۆن پێی دوجا لە غازی سروشتی هاوتاو گەرم، كەواتە 26% قەبارەی یەدەگی بەرهەمی نەوت و غاز دەكەوێتە دەڤەری شنگالەوە، وەك باسمانكرد لە قەزای شنگال هەشت پێكهاتەی جیۆلۆجی لەسەر زەوی دەركەوتن، دیارترینیان لەم شوێنانەدان (چیای شنگال، باكوور- سنونێ، قەحتان، نەدا، ئەشكەفت، هاتف، عەینغەزالە، تەلحەجەر)
پێكهاتەی جیۆلۆجیی چیای شنگال
زۆربەی زنجیرە شاخەكانی كوردستان بە ئاڕاستەی باكووری خۆرئاواو باشووری خۆرهەڵات درێژ دەبنەوە، جگە لە چیای شنگال كە لە خۆرهەڵاتەوە بەرەو خۆرئاوا درێژدەبێتەوە، تا ئەمڕۆش جیۆلۆجییەكان نەگەیشتوونەتە ئەوەی هۆكاری زانستانەی ئەم دیاردە ناوازەو ئاوارتەیە شرۆڤە بكەن، چیای عەبدولعەزیزیش لە خۆرهەڵاتەوە بەرابەری دەبێتەوە كە ئەویش دەكەوێتە هەمان ئاڕاستەی چیای شنگالەوە، درێژیی چیای شنگال 72 كیلۆمەترەو پانایی بریتییە لە 6 كیلۆمەتر، بەرزترین لووتكەی 1463 مەترە لەسەر ئاستی ڕووی دەریاوە، كە چیاكە لە ڕووی جیۆلۆجییەوە بە بانێكی تێكچڕژاو دەناسرێتەوەو لاریی بناری باشووری چیاكە بە 70 پلەی سەدی و بناری باكووریشی نزیكەی 45پلەی سەدیە.
ئەو كەلێن و كەرتە جیۆلۆجیانەی لە بناری چیاكەوە تا ناوەندەی هەن، پێیان دەوترێت (كەلی كەرسی) نزیكەی هەشت پێكهاتەی بەردی هەمەجۆر لە خۆدەگرێت بە زاراوەی زانستی جیولۆجی لە نێوان تازەترین تا دێرینترین تەمەنی جیۆلۆجی دەگیرسێنەوە، ئەو پێكهاتانەی هاتوونەتە سەر رووی زەوی بریتین لە(جرێبی، زوبان، سەری كانی، جیدالە، ئاڤانا علێجی، شنگال، شەرانش) تەمەنی ئەو پێكهاتە بەردینیانە لەنێوان چاخی كاینووزوی و سەرەتای چاخی میزوزی واتا تەمەنیان نزیكەی 65 ملیۆن ساڵە، ئەمە وێڕای ئەو پێكهاتانەی تری هەردوو چاخی میزوزی و بالیوزوی كە دەكەونە ژێر پێكهاتەی شەرانشەوە، زۆربەی بەردە سەرچاویەكان و بەردە دڕننەكان و بەردە داپۆشراوەكان چڕی نەوتیان تێدایە، ئەم بەردانەش دەكەونە هەردوو چاخی میزووزی و بالیوزوی) لەچاخە جیۆلۆجییە كۆنەكانەوە نیشتەنی بوون، لەوانەش لە چاخەكانی(تەباشیری و جوارسی و تریاسی و بەرمی و كاربۆنی).
پێوەندیی راستەوخۆی سیاسەتی تەعریب بە نەوت و غازەوە
دەوڵەمەندێتیی خاكی كوردستان بەتایبەتی ئەو دەڤەرانەی دەكەونە خۆرئاوای دیجلەوە، لەوانەش شنگال پڕیانە لە نەوت و غازی سروشتی، هاندەری سەرەكیی رژێمەكانی پێشوو بووە بۆ ئەوەی ئەو دەڤەرە كۆچی بەزۆرە ملێیان پێبكرێت یان تەعریب بكرێن، تاكو ناسنامەی دیموگرافی و جیۆگرافی و كارگێڕیی بگۆڕدرێت، بە بەردەوامیش چالاكییەكانی توێژینەوەو بەدواگەڕانی نەوت و غازی سروشتی لەم ناوچەیەدا زۆر بە نهێنی ئەنجامدراون، لەبەر ئەوەیە كە زانیاریی راست و دروستی ورد لە خەمڵاندنی ژمارە راستەقینەكان بە زەحمەت دەست دەكەون كە چەند پێكهاتەی یەدەگی نەوت و غاز لەو دەڤەرەدا هەیە، بەڵام ئەگەر بێت و بەراوردی بكەین بە كێڵگەكانی دەڤەری حەسەكە و عەین زالە– سەفییەو تەلەعفەرو رەبیعەو گەیارە، ئەوەمان بۆ روون دەبێتەوە كە ئەم ناوچەیەش چەندە بەنەوت و غازو گۆكرد دەوڵەمەندە ئەمە جگە لە هەندێك كانزای فلزیی پڕ بایەخ.
پرۆژە پیشەسازییەكانی قەزای شنگال
حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق توانییان كەڵك لە تایبەتمەندێتیی جیولۆجییانەی دەڤەری شنگال وەربگرن، چەند كارگەیەكی وەك كارگەی دروستكردنی چیمەنتۆو دروستكردنی حەلان و بەرهەمهێنانی گەچ، ئەمە وێڕای دروستكردنی سایلۆی شنگال دامەزرێنن، هەروەها حكومەتی عێراقی لەو پەنجا ساڵەی سەدەی رابردوودا توانی شنگال بكاتە ناوچەیەكی سەربازی بۆ حەشاردانی دەیەها چەكی قورس و دانانی چەندین فڕۆكەخانەی سەربازی و پێگەی هاویشتنی مووشەكی زەمینی، وەك هەڕەشەكردن بۆ سەر ئەو وڵاتانەی دراوسێ كە لێوەی نزیكن.
چڕ بوونەوەی پەلامارەكانی داعش بۆ سەر كێڵگە و دامەزراوەكانی نەوت و غاز
لێكچوونێك هەیە لەنێوان تایبەتمەندیەكانی پێكهاتەكانی چینە بەردینەكان وئەو سامانە سروشتییەی تێیدایە لە نەوت و غازو گۆكرد بە درێژایی هەردوو دیوی سنووری نێودەوڵەتیی عێراق(هەرێمی كوردستان)و سووریا(دەڤەری كوردستانی خۆرئاوا)، دەكرێت سەرنج بدەینە كێڵگەكانی عەین زالە ـــ علیۆكا كە كەوتۆتە بەرامبەر خۆرئاوای كێڵگەكانی قەرەچوغ ــ رمێڵان لەنێوان هەردوو قەزای زومارو دێرك، هەروەها لەباشووریشەوە دەتوانین سەرنج بدەین لە كێڵگەكانی حەسەكە كە كەوتوونەتە بەرامبەر پێكهاتە جیۆلۆجییەكانی قەزای شنگالەوە. ئەم تایبەتمەندییە جیۆلۆجییەی كێڵگەكانی نەوت و غازی هەردوو دیوی سنووری عێراق و سووریا، دیاریكراوترین ئامانجی داعش بوو كە هەر لەسەرەتای پەلامارەكانییەوە، شاڵاوی سەربازی تیرۆریستانەی بۆ بردن، سەرەتا بۆ كێڵگە نەوتی و غازییەكانی خۆرئاوای كوردستان، پاش ئەوەی لەوێ شكستی خوارد، ئیدی داعش لاوازیی سوپای عێراقی قۆستەوە و توانی بە چەندین ئاڕاستەی دیكەدا بجووڵێت، بە ئامانجی كۆنتڕۆڵكردنی هەموو دامەزراوە نەوتییەكانی پارێزگای نەینەوا، بەو شێوەیە توانی زۆربەی كێڵگە نەوتییەكان هەر لە حەمرین و گەیارەوە تا پاڵاوتگەی كەسكێی نزیك تەلەعفەر بخاتە بن دەستی خۆی، پاش ئەوەی شاری موسڵی كۆنتڕۆڵ كرد، دواتر كەڵكی بینی لەو سەدان تانك و زرێپۆشە سەربازییانەی كە سوپای عێراق بەجێی هێشتن، دووبارە ئەوانەی خستەوەكار تا كۆنتڕۆڵی كێڵگە نەوتی و غازییەكانی حەوزی عەینزالەو بەنداوی ستراتیژیی موسڵ بكات، هەر بەو چەكە قورسانەوە بە ئامانجی كۆنتڕۆڵكردنی كێڵگە نەوتیەكانی خۆرئاوای كوردستانیش شاڵاوی بەربڵاوی بردەوە تا كێڵگەكانی قەرەچوق- رمێلان و حەسەكە دەست بەسەردا بگرێت، بەڵام لە بەرامبەر بۆردومانەكانی هاوپەیمانان و هێرشەكانی زەمینیی هێزی پێشمەرگەدا خۆی ڕانەگرت و ئامانجەكانی خۆی پێ نەپێكرا، دەرئەنجام لە قەزای شنگال داعش تێكشكێنراو هێزی پێشمەرگە ئەو ناوچانەی رزگاركردەوەو هێڵی ستراتیژی ناسراو بەهێڵی 47یش كە موسڵ دەبەستێتەوە بە رەققەی پایتەختی داعشەوە لەدەست تیرۆریستان دەرهێنرایەوە، كە بە شەقامی شادەماری ئابووری و سەربازیی داعش دادەنرێت.
بەو شێوەیە كۆنتڕۆڵی هێزی پێشمەرگە لە ناوچەی شنگال لێدانێكی گورچكبڕ بوو دژ بەداعش، هەروەها دوورخستنەوەی بوو لە كێڵگەو دامەزراوە نەوتییەكانی ناوچەكە بەگشتی. لەم دواییەشدا زۆربەی زۆری ئەو تەنكەرە نەوتییانەی كە داعش بۆ گواستنەوەی نەوتی نێوان عێراق و سووریا بەكاری دەهێنان لەناو بردران كە سەرچاوەی پارە بەدەستهێنانیان بوو، بەهۆیانەوە داعش نزیكەی 10 ملیۆن دۆلاری مانگانەی دەست دەكەوت، ئەمە وێڕای ئەوەی لە ئەنجامی دزین و داپاچینی پارچە شوێنەوارەكانی مۆزەخانەی موسڵ و شوێنەوارەكانی تری پارێزگاكەدا پارەی تریان دەست كەوتبوو، خوێندنەوەیەكی واقیعانەی ئابووری و ستراتیژیی ناوچەكە ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت، كە پێویستە لەسەر هێزە كوردستانیەكانی هەردوو لای باشوورو خۆرئاوا ئەم تایبەتمەندییەی ناوچەكە بەهەند وەربگرن تا لە هەردوو لاوە دەڤەرەكە بپارێزن و تیرۆرستانی لێ دووربخەنەوە، لە پێناوی ئەوەی ئاوارەكانیش بگەڕێنەوە شوێنی ئاسایی خۆیان و جارێكی دیكە ئەو كارەساتە دڵتەزێنانە بۆ خەڵكی رەسەنی دەڤەرەكەدا دووبارە نەبێتەوە بەتایبەتی بۆ كوردی ئێزیدی.
ئەو ئاستەنگانەی ڕووبەڕووی دەڤەرەكانی خۆرئاوای دیجلە(شنگال) دەبنەوە:
1ـ دەڤەرەكە كەشوهەوایەكی نیمچەگەرمەسێری هەیە، گردوڵكەو بانی نیمچە ڕووتاوەی بێ ڕووەكی تێدایە، جگە لە چیای شنگال، هەروەها زۆربەی جار دەڤەرەكە دەكەوێتە بەر گێژەنگی گێژەڵوكەی بیاباناوی گەرم.
2ـ كەمیی سەرچاوەكانی ئاوی سەر زەوی( كانیی ئاوی سروشتی و رووبار) بەڵام لە سەرێكی ترەوە دەوڵەمەندە بە ئاوی ژێر زەوی، بە تایبەتی لە دەڤەری شنگالدا كە ناسراوە بەوەی چەندین كارێزی ئاویی تێدایە.
3ـ بەهۆی شاڵاوەكانی تەعریب و كۆچی زۆرەملێ و گۆڕینی دیمۆگرافیای دانیشتووانی ناوچەكەوە لە ماوەی 40ساڵی پێشوودا بەرهەمی كشتوكاڵی و سامانی ئاژەڵداری تێیدا كەمی كردووە.
4ـ پشتگوێخستنی دەڤەرەكە لە لایەن ڕژێمە فەرمانڕەوایەكانی عێراقییەوە، كە بۆتە هۆی ئەوەی دانیشتووانەكەی هەردەم بێكارو هەژاربن.
5ـ ناسەقامگیربوونی دەڤەرەكە بەهۆی ئەوەی كە هاوسنووری سووریایە، ئەمەش هاریكار بووە بۆ بڵاوبوونەوەی چالاكییەكانی تیرۆریستان و كاری ئاودیوكردن و قاچاغچێتی لە لایەن چەندین گرووپی مافیاییەوە.
6ـ دەڤەرەكە لە پێشوودا بە تایبەتی چیای شنگال كرابووە بنكەیەكی سەربازیی بۆ هەڕەشەكردن لە وڵاتانی ناوچەكە.
7ـ هەبوونی كێڵگەكانی نەوت و غاز لە هەردوو دیوی سنووری هاوبەشی نێوان عێراق و سووریا، كە بە نەرێنی لە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو دەوڵەتی سووریاو عێراق رەنگی داوەتەوە، ئەمەش هۆیەك بووە بۆ دەربەدەركردن و دەركردنی گەلی كورد لە ناوچە نەوتییەكانی هەردوولادا، بەو هۆیەوە ناسنامەی دیمۆگرافی و جیۆگرافیی دەڤەرەكە گۆڕاوە.
8 ـ ناهەمواربوونی باری كۆمەڵایەتی و دەروونی دانیشتووانی ڕەسەنی شنگال كە بە درێژایی مێژوو ڕووبەڕووی 74 فەرمان(جەنگ و ماڵوێرانی)بوونەتەوە، بە پێی ئەو پەندەی دەڵێ مارانگاز لە خشەی مار دەترسێ، بەردەوام ترسێنراون، بەڵام ئەم تۆڵەكردنەوەیەی دوایی كە بووە هۆی ڕزگاركردنی شاری شنگال لە لایەن هێزەكانی پێشمەرگەوەو بە پاڵپشتیكردنی نێودەوڵەتی، متمانەی بۆ خەڵكی شنگال گێڕایەوە، ڕۆژی ڕزگاركردنی شنگال كرایە ڕۆژی سەركەوتن لە لایەن برا ئێزیدیەكانەوە هەروەها بووە رۆژی سەركەوتنی گەلی كوردستان بەسەر تیرۆریستان.
ئاڵۆزی و تێكچڕژاوی ئیداریی دروستكراو لە سنووری قەزاكانی تەلەعفەرو زوممارو شنگال و بەستنەوەی زۆردارەكێیانەی ناحیەی ڕەبیعە كە چەند گوندێكی عەرەبنشینی تێدایە بە تەلەعفەرەوە، ئەمەش بەربەستێكی عەرەبییە بۆ دابڕاندنی قەزای زوممار لە شنگال، بۆ خۆی بەربەستێكی گەورەیە لە ڕێی بوارەكانی پەرەپێدان و ئاوەدانیی ناوچەكەدا.
چارەسەرو پێشنیازەكان:
ئەو زنجیرە سەركەوتنانەی هێزە پاڵەوانەكانی پێشمەرگە وەدییان هێنا بە پاڵپشتی هێزی نێودەوڵەتی تۆماریان كرد، گەورەترین هێزی تیرۆریان لە دنیادا وەدەرنا، هەر لە خۆرئاوای ڕووباری دیجلەوە تا دەگاتە بەنداوی موسڵ و دواتر تا ناو سەنتەری شنگال، ئەركێكی گەورەی خستە سەر شانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە پێویستە بە هاوكاریی حكومەتی عێراق و بە پاڵپشتی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی كارێك بكرێت بۆ پاراستنی ناوچەكەو گێڕانەوەی خەڵكەكەی، ئەوەش بە پێی گرتنەبەری پلانێكی تۆكمە كە تێیدا پشت ببەسترێت بە چەندین بڕگەی ئەرێنی و هەروەها خاڵە نەرێنیەكانی ناوچەكەش لەبەرچاو بگیرێت بەم شێوەیە:
1ـ داواكارین لە سەرۆكایەتی و حكومەتی هەرێمی كوردستان لیژنەیەكی تایبەتمەند ئامادەبكات بۆ ئەوەی راستەوخۆ سەردانی ناوچەكە بكات، لە پێناوی هەڵسەنگاندنی واقیعی ڕاستەقینەی ناوچەكەو دیاریكردنی قەبارەی ئەو زیانە مرۆیی و مادیانەی پێیكەوتووە.
2ـ گێڕانەوەی ئارامی و ئاسایش بۆ ناوچەكە كە بەهۆیەوە دەبێتە بنەمایەك بۆ كارو جووڵانەوە بەهەموو ئاڕاستەكاندا، لە پێناوی گێڕانەوەی خەڵكی ڕەسەنی ناوچەكە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
3ـ تایبەتمەندیەكانی ناوچەی خۆرئاوای ڕووباری دیجلەو دەڤەری شنگالیش پێویستی بە پلان و كارگێڕی و بودجەو پارەیە، بە پێی بەرنامەڕێژییەكی ڕێكوپێك تا بە شێوەیەكی هاوچەرخانە ئاوەدان بكرێتەوە.
4ـ بەشداری پێكردنی خەڵكی شنگال و ناوچەكە بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ لە هەموو بوارەكانی كارگێڕییدا تا ببێتە زەمانەتێك بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایش و پەرەپێدان و سەرخستنی پرۆژە پێشنیازكراوەكانی ژیانەوەی ناوچەكە.
5ـ بەستنی چەند كۆنگرەیەك لەسەر ئاستی ئیقلیمی و عێراقی و نێودەوڵەتی بۆ سەرلەنوێ ئاوەدانكردنەوەو پەرەپێدانی ناوچەكە بە كەڵك وەرگرتن لە بنەما ئەرێنیەكانی (سامانی سروشتی ناوچەكە) لە میانەی داوەتكردنی كۆمپانیا جیهانییەكان لە كەرتەكانی سامانی سروشتی وەبەرهێنان بۆ ناوچەكە.
6ـ گۆڕینی ناوچەی شنگال لە بنكەیەكی سەربازییەوە بۆ بنكەیەكی ئاشتیخوازی بە ئامانجی پتەوكردنی ئاسایش و ئارامی و سەقامگیری و پێكەوەژیان لە ناوچەكەدا.
7ـ كەڵك وەرگرتن لە زانست و زانیاری نێودەوڵەتی و هەرێمیی بۆ بەڕێوەبردن و پاراستنی خەڵكی ناوچەكەو گۆڕینی شێوازی بیاباناوی ناوچەكەو گۆڕینی بۆ ناوچەیەكی ئابووری بەرهەمهێنی كشتوكاڵی و پیشەسازی هەمەچەشنە كە دواجار ببێتە هۆی بووژانەوەی ناوچەكەو پەرەسەندنی لە هەموو بوارەكاندا.
8ـ سوود وەرگرتن لە بەنداوی موسڵ و پرۆژەی گلدانەوەی ئاودێری تا پرۆژەیەكی تایبەتمەند بە ئاسایشی ئاویی بۆ ناوچەی خۆرئاوای ڕووباری دیجلە ڕێك بخرێت، هەروەها پشت بە پرۆژەی سیستمی دڵۆپاندنی ئاودێری لە بواری كشتوكاڵ ببەسترێت.
*ڕاوێژكاری ئاسایشی ئابووری لە ئاژانسی پاراستنی هەرێمی كوردستان