كوردستان پێویستی بە سەرۆكێكی (هەڵبژێراو لە گەل) و (خاوەن دەسەڵات) هەیە

كوردستان پێویستی بە  سەرۆكێكی (هەڵبژێراو لە گەل) و  (خاوەن دەسەڵات) هەیە
پ. د. ئازاد نەقشبەندی

دەمیكە پڕسی سەرۆكایەتی هەرێم ئاڵۆزییەكی دژواری لە گۆڕەپانی سیاسی و كۆمەڵایەتی هەرێمدا دروستكردووە. وروژاندنی ئەم پڕسە، كە خۆی لە دوو بابەتی سەرەكیدا دەبینێتەوە (شێوازی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم) و (دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم) لەم كاتە هەستیارەدا كە هەرێمەكەمان دووچاری چەندین قەیرانی سیاسی و سەربازی و ئابووری و دەرهاویشتەكانیان بووەتەوە ناكرێت بە كارێكی ئاسایی ئەژمار بكرێت. دەرفەت زۆر بوو ئەم پرسە بە رێگا سروشتی و یاساییەكەی لە دوو ساڵی پێشوودا چارەسەر بكرایە، بەڵام بۆ نەكرا ئەمە پڕسیارێكە كە پێویستە نەك تەنیا یەك نیشانەی پڕسیار (؟) لە بەردەمیدا دابنرێت، بەڵكو چەندین نیشانەی سەرسووڕمان (!!!) یش.
دەوترێت:(هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم و دەسەڵاتەكانی) پێویستی بە یاسایەك هەیە كە بۆ كەسێك یان لایەنێكی تایبەت دانەڕێژرابێت و بەرژەوندی نەتەوەیی تیا رەچاوبكرێت. ئەمە بێگومان بۆچوونێكی راستە، بەڵام دیارە دیوەكەی تری ئەم بۆچوونەیش راستە كە دەڵیت: «پێویستە ئەو یاسایە یاسایەكی نادروست نەبێت كە تاكە مەبەستی نەگەیشتنی كەسێك یان لایەنێكی تایبەت بێت بە سەرۆكایەتیی هەرێم».
پاش ئەم پێشەكییە كورتە دەڵێین: «هەرێمی كوردستان پێویستی بە سەرۆكێكی (هەڵبژێراو لە گەل) و (خاوەن دەسەڵات) هەیە جا ئەو سەرۆكە هەر كەسێك بێت یان سەر بە هەر لایەنێك بێت» لەبەر ئەو هۆكارانەی كە ئاماژەیان بۆ دەكرێت.
پێویستبوونی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكێكی (هەڵبژێراو لە گەل) دەگەڕێتەوە بۆ ئەم خاڵانە:
1. (سەرۆكایەتیی هەرێم) بەشێكە لە دەسەڵات، (دەسەڵاتی جێبەجێكردن)، گەلیش سەرچاوەی هەموو دەسەڵاتەكانە و ناكرێت ئەو دەسەڵاتەی لە گەل زەوتبكرێت لەژێر هەر ناو و ناونیشانێكدا بێت.
2. (سەرۆكی هەرێم) پێویستە بەشێك نەبێت لەو دیاردە قێزەونەی كە بێشەرمانە لایەنە سیاسییەكان بانگەوازی بۆ دەكەن و پێی دەوترێت (هاوبەشی سیاسی) لە دابەشكردنی پلە و پۆستەكان تەنیا لە نێوان ئەندامە خواپێداوەكانی ئەو لایەنانەدا.(سەرۆكی هەرێم) پێویستە لە دەرەوەی ئەم بازنەیە بێت و كەسێك بێت رەچاوی بەرژەوەندیی گشت پێكهاتە سیاسی، نەتەوەیی، ئاینی و ئاینزاییەكانی هەرێمی كوردستان بكات. دیارە بۆ ئەوەی (سەرۆكی هەرێم) بەم شێوەیە بێت دەبێت رەچاوی بەرژەوەندییە رەواكانی هەموو لایەنەكان بكات، چونكە ئەو كاتە پێویستی بە دەنگی هەمووانە بۆ ئەوەی ببێتە (سەرۆكی هەرێم) نەك تەنیا بە دەنگی ئەو لایەنە سیاسییەی كە تیایدا ئەندامە و هاوپەیمانەكانی ئەو لایەنە.
3. فرە نەتەوەیی، ئاینی و ئاینزایی هەرێمی كوردستان و بوونی چەندین حیزب و لایەنی سیاسی لە كوردستاندا، هەروەها بوونی رێژەیەكی بەرز لە دانیشتوانی هەرێم لە دەرەوەی پارت ولایەنە سیاسیەكان وا دەخوازێت كە (سەرۆكی هەرێم) راستەوخۆ لە لایەن گەلی كوردستانەوە هەڵبژێرێت بۆ ئەوەی سەرۆكی هەموو دانیشتوانی هەرێم بێت.
4. هەڵبژاردنی (سەرۆكی هەرێم) راستەوخۆ لە لایەن گەلی كوردستانەوە نەك دژی پرۆسەی دیموكراسی نییە بەڵكو پرۆسەی دیموكراسی لە هەرێمدا بەهێز دەكات.
5. بۆ وەڵامی ئەوانەی كە پاساو دەهێننەوە بۆ ئەوەی (سەرۆكی هەرێم) راستەوخۆ لە لایەن گەلی كوردستانەوە هەڵنەبژێردرێت، چونكە (هەرێمی كوردستان) بەشێكە لە عێراق و (سەرۆكی عێراق) لە لایەن (ئەنجوومەنی نیشتمانی عێراق) هەڵدەبژێرێت دەڵێین:
- سیستمی حوكمڕانی لە عیراقدا نموونەیەكی سەركەوتوو نییە و بە پێچەوانەیشەوە چەندین نموونەی حوكمڕانیی سەركەوتوو لە جیهاندا هەن كە (سەرۆكی وڵات) تیایاندا راستەوخۆ لە لایەن گەلی ئەو وڵاتانەوە هەڵبژێراوە .
- هەڵبژاردنی (سەرۆكی عێراق) لە لایەن (ئەنجوومەنی نیشتمانی عێراق) رێگر نەبووە لە دروستبوونی دیكتاتوریەت لە عێراقدا .
- لە هەمووی گرنگتر هەڵبژاردنی (سەرۆكی عێراق) لە لایەن (ئەنجوومەنی نیشتمانی عێراق) وە و (دیاریكردنی دەسەڵاتەكانی) بە پێی یاسایەك نەبووە كە (ئەنجوومەنی نیشتمانی عێراق) دەریكردبێت، بەڵكو بە پێی دەستوورێك بووە كە گەلی عێراق دەنگی بۆ داوە. بۆ سەلماندنی ئەم راستییە دەكرێت بگەڕێینەوە بۆ (بەشی دووەم – لقی یەكەم) لە دەستووری كۆماری عێراق، مادەكانی (67 – 75) .
ئەوی تایبەتە بە پێویستبوون بە (سەرۆكێكی خاوەن دەسەڵات) بۆ (هەرێمی كوردستان)، دیارە مەبەست لەم پێویستبوونە، بوونی (سەرۆكێكی خاوەن دەسەڵاتی رەها و بێ بەرپرسیارێتی نییە)، بەڵام خۆ ناكرێت ئەرك و دەسەڵاتی (سەرۆكی هەرێم) لە شێوەی ئەركی (داهۆل یان شەمولە) بێت . پێویستبوون بە (سەرۆكێكی خاوەن دەسەڵات) بۆ (هەرێمی كوردستان) دەگەڕێتەوە بۆ ئەم خاڵانە:
1. كاتێك (سەرۆكێك) راستەوخۆ لەلایەن گەلەوە هەڵدەبژێردرێت، و كە گەلیش سەرچاوەی هەموو دەسەڵاتەكان بێت، ناكرێت و نادروستە كە دەسەڵاتەكانی ئەو سەرۆكە كەمتر بێت لە دەسەڵاتەكانی (سەرۆكێك) كە نوێنەری بەشێك لە گەل، بێ ئەوەی پێشتر رەزامەندیان وەرگیرابێت یان پرسیان پێكرابێت، كەمتر بێت.
2. بوونی بەشێكی دیار لە (دەسەڵاتەكانی جێبەجێكردن) لای (سەرۆكی هەرێم) واتە دابەشكردنی (دەسەڵاتەكانی جێبەجێكردن) كە لە لایەك ئەم دابەشكردنە لەگەڵ پڕەنسیپی جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان گونجاوە و لە لایەكی تر هاوسەنگی لە نێوان دەسەڵاتەكان دروست دەكات و رێگر دەبێت لە قۆرخكردنی دەسەڵات.
3. (سەرۆكی هەرێم) كە هێمای (هەرێمی كوردستانە) و پارێزەری دەستوور و یەكێتی هەرێم و بەرژەوەندییە نەتەوەییەكانیەتی، ناكرێت و ناتوانێت ئەركەكانی جێبەجێ بكات گەر(خاوەنی دەسەڵات) نەبێت.
4. باری سیاسی (هەرێمی كوردستان)، كە تا ئەمڕۆ هەرێمێكی فیدڕاڵییە و بەشێكە لە (عێراق)، نەك دەوڵەتێكی سەربەخۆ، وادەخوازێت سەرۆكەكەی، كە نوێنەرایەتی هەرێم دەكات لەسەر ئاستی نیشتمانی و نێودەوڵەتی، سەرۆكێك بێت رێزی لێبگیرێت لە لایەن دەسەڵاتی ناوەند و دەوڵەتە هەرێمی و جیهانییەكان. چۆن دەكرێت چاوەڕوانی ئەم رێزگرتن و رێزلێنانە بین لە سەرۆكی هەرێمەكەمان گەر خۆمان رێزی لێنەگرین و بێ دەسەڵاتی بكەین.
لە كۆتاییدا دەڵێین:
1. پێویستبوون بە (سەرۆكێكی خاوەن دەسەڵات) بۆ (هەرێمی كوردستان) مانای پێویستبوون نییە بە (سەرۆكێكی پارێزراوی بێباك و خاوەن دەسەڵاتی رەها كە بەرپرسیارنەبێت) وەك چۆن پێویستبوون نییە بە (سەرۆكێك بۆ ماوەیەكی درێژخایەن) بەڵكو پێویستبوونە بە (سەرۆكێك كە بە لای كەم هەندە دەسەڵاتی هەبێت بتوانێت، بە هاوكاری لەگەڵ دەسەڵاتەكانی تر لە هەرێمدا، ئەركە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی ئەم قۆناغە هەستیارەی كە هەرێمی كوردستان پێیدا گوزەر دەكات بە سەركەوتوویی راپەڕێنیت).
2. هەڵبژاردنی راستەوخۆی سەرۆك لە لایەن گەلەوە تایبەتمەندی پەرلەمانی لە سیستەمی حوكمڕانی ناسێنێتەوە وەك چۆن هەڵبژاردنی لە لایەن پەرلەمانەوە ئەو تایبەتمەندییەی پێ نابەخشێت.
3. ئاساییە و پێویستە كە ماوەی سەرۆكایەتیی هەرێم و مەرجەكانی بوون بە سەرۆك و دەسەڵاتەكانی و شێوازی هەڵسەنگاندنی كارەكانی لە دەستووری هەرێم و ئەو یاسایانەی كە پشت بە دەستوور دەبەستن و تایبەتن بەم پرسە بە وردی دیاری بكرێت.
Top