كاریگەریی داهاتی نەوت بۆ سەر شێوە و سیستمی حوكمڕانی لە عێراقدا

كاریگەریی داهاتی نەوت بۆ سەر شێوە و سیستمی حوكمڕانی لە عێراقدا
لەوەتەی ساڵی 2003وە تاكو ئێستا داهاتی نەوت نزیكەی 95%ی كۆی بودجەی عێراق پێكدەهێنێت، بە شێوەیەك كە داهاتی عێراق لە نەوت بەندە بە بڕی نەوتی بەرهەمهێنراو(هەناردەی نەوت) و بە نرخی نەوت كە ناوبەناو لە هەڵبەز و دابەزیندایە بە هۆی هەندێ هۆكاری مرۆیی و سروشتی، بۆیە لێرەدا بواری ئەوەمان نییە، باس لەو هۆكارانە بكەین كە كاریگەرییان بۆ سەر نرخەكانی نەوت هەیە.
رەوشی وزەی بەرهەمهێنانی نەوت لە عێراقدا:
تێكڕای بەرهەم و هەناردەكردنی رۆژانەی نەوت لە عێراق بە 3 ملیۆن بەرمیل مەزەندە دەكرێت، بەم پێیە بڕی هەناردە لە 2015 و 2016 نزیكەی 1،090 ملیار بەرمیلە لە ساڵێكدا، نرخی نەوتیش لەم ساڵدا لە نێوان (40-60) دۆلارە، لەبەر ئەوە بودجەی ساڵی 2015 لەسەر بنەمای تێكڕای نرخی یەك بەرمیل بە 56 دۆلارلە فرۆشتنی 3.3ملیۆن بەرمیل لە رۆژێكدا بەپێی رێكەوتننامەی هەولێر- بەغدا دەخەمڵێنرێت، لەوانە 550 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا لە هەرێمی كوردستانەوە و 2،750 بەرمیلیش لە رۆژێكدا لەلایەن حكومەتی فیدڕاڵەوە.
ئەو بڕە نەوتە كە (3،3 ملیۆن بەرمیل)ـە چاوەڕوانكراوەی رۆژانە لە میانی سێ مانگی یەكەمی ئەم ساڵ هەناردە نەكرا و نرخی نەوتیش نەگەیشتە 56 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك، بەڵكو بەكەمتر واتا هەر بەرمیلەی بە (40-55) دۆلار فرۆشرا، لەبەر ئەوە بڕی كورتهێنانی چاوەڕوانكراو لە فرۆشتنی نەوت لەم ساڵدا بە نزیكەی 12 ملیار دۆلار مەزەندە دەكرێت، واتا مانگانە بە 1 ملیار دۆلار.
قەبارەی قورسایی لەسەر بودجەی عێراقی فیدڕاڵ
1. كورتهێنان لە ساڵی 2015 بە نزیكەی 23 ملیار دۆلار مەزەندە دەكرێت كە لە ئاكامی خراپ بەكارهێنانی ئیدارەو گەندەڵی و نەبوونی بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2014 هاتۆتە دی.
2. قەبارەی كورتهێنان لە فرۆشتنی نەوت بۆ ساڵی 2015 بە نزیكەی 12 ملیار دۆلار لە كۆتایی ئەم ساڵدا مەزەندەدەكرێت، ئەگەر فرۆشی نەوت بەم بڕە و بەم نرخە بەردەوام بێت.
3. حكومەتی فیدڕاڵ لە ساڵێكدا پێویستی بە نزیكەی 10 ملیار دۆلار هەیە، واتا لە ساڵی 2015، بۆ رووبەڕووبوونەوەی شەڕی داعش.
4. حكومەتی فیدڕاڵ لە پارەداركردنی هێزە میللییەكان پێویستی بە 1 ملیار دۆلار هەیە لە مانگێكدا، واتا بە نزیكەی 12 ملیار دۆلار لە ساڵێكدا.
5. حكومەتی عێراق پێویستی بە نزیكەی 3،4 ملیار دۆلار هەیە لە مانگێكدا بۆ مووچەی فەرمانبەران(5.3 ملیۆن فەرمانبەر) جگە لە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان.
عێراق لە ساڵی 2016دا لە بەردەم رەوشێكی سەختدایە
1- لە شرۆڤەكردنی داهاتی نەوتدا دەردەكەوێت كە پێویستیی حكومەتی فیدڕاڵ جگە لە هەرێمی كوردستان، نزیكەی 5.3 ملیار دۆلارە لە یەك مانگدا لە میانی ساڵی 2016دا، واتا نزیكەی 63،6 ملیار دۆلار لە ساڵێكدا بۆ مووچەی فەرمانبەران و لە شەڕی داعش و پارەداركردنی هێزە میللییەكان (جگە لە خزمەتگوزارییە گشتییەكان) ئەو خۆپیشاندانانەی ئەم دواییە كە سەرجەم پارێزگاكانی عێراقیان گرتەوە، بەڵگەیە لەسەر تووڕەیی هاووڵاتیان لە هەمبەر خراپ بەڕێوەبردنی دەوڵەت و لە ئاست قەبارەی گەندەڵی و نەبوونی دادپەروەری.
2- لە هەڵسەنگاندنی قەبارەی داهاتی عێراق لە نەوتی خاو لە ساڵی 2016 بە فرۆشتنی 3 ملیۆن بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا و بە نرخی چاوەڕوانكراو(40-50)دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك لە ساڵی 2016 دەردەكەوێت كە نزیكەی( 43،8-48،275 ) ملیار دۆلار دەبێت.
3- قەبارەی كورتهێنانی چاوەڕوانكراو لە ساڵی 2016 بە نزیكەی (15-19 ملیار دۆلار) مەزەندە دەكرێت، لەپاڵ كورتهێنانی دارایی بە نزیكەی 23 ملیار دۆلار بۆ ساڵی 2014 و كورتهێنانی چاوەڕوانكراو بۆ ساڵی 2015 بە نزیكەی 12 ملیار دۆلار. لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق چاوەڕوان دەكات كە قەبارەی كورتهێنان لە سەرەتای 2016 دوو ئەوەندە بێت، واتا قەبارەی كورتهێنان دەگاتە 46 ملیار دۆلار، قەبارەی كورتهێنان لە كۆتایی ساڵی 2015 نزیك دەبێ لە داهاتی نەوت بۆ ساڵی 2016، لەپاڵ ئەگەری هەڵكشانی قەبارەی كورتهێنان بە نزیكەی 15-19 ملیار دۆلار لە كۆتایی ساڵی 2016دا.
چارەسەركردنی رەوشی ئێستا پێش ئاڵۆزبوونی لە عێراقدا:
1. ئەو رێكار و چاكسازییانەی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیران بریتییە لە رەنگدانەوەی واقعی رەوشی هەرەسهێناوی ئێستا كە خۆی لە خراپ بەڕێوەبردن و قەبارەیی گەندەڵی دارایی و ئیداری و نەبوونی یاسا و دامەزراوەی پەیوەندیداری بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا دەبینێتەوە، هەروەها دەرئەنجامی ئەو خۆپیشاندانە فراوانەیە كە زۆربەی پارێزگاكانی عێراقی گرتۆتەوە.
2. لێرەدا بۆمان دەركەوت كە هەرچەند ئاستی قەبارەی ئەو پارەیەی بۆ چارەسەركردنی خزمەتگوزارە گشتییەكان تەرخانكراوە بەرزتر بێت، دیسان ناتوانێت چارەسەری بكات. بەڵكو قەبارەی گەندەڵی لە فەرمانگەكانی دەوڵەت زیاتر دەكات، بۆ ئەم بابەتە بڕی 147 ملیاردۆلار لەوەتەی ساڵی 2003وە تا ساڵی 2015 بۆ دابینكردنی كارەبا (20 هەزار میگاوات) كە عێراق پێویستیی پێیەتی تەرخانكراوە، چونكە دابینكردنی 1 میگاوات پێویستی بە 1 ملیۆن دۆلار هەیە، ئەمەش مانای وایە كە عێراق پێویستی بە 20 ملیار دۆلار بووە لەجیاتی 147 ملیار دۆلار بۆ دابینكردنی 20 هەزار میگاوات، لەكاتێكدا بڕی وزەی كارەبا كە لەئێسستادا دابینكراوە بە 11 هەزار میگاوات مەزەندەدەكرێت.
3. دوا ژمارە دەربارەی قەبارەی (گەندەڵی) و ژمارەی تۆمەتبارانی گەندەڵی و ژمارەی فەرمانبەرو پاسەوان لە هەر سێ سەرۆكایەتیدا (سەرۆكایەتیی كۆمار، سەرۆكایەتیی وەزیران، سەرۆكایەتیی پەرلەمان) كە بە دوای راگەیاندنی پڕۆژەی چاكسازی لەلایەن حكومەتی فیدڕاڵەوە، ئاماژە بە قەبارەو فراوانبوونی بۆشایی دەكات لەنێوان حكومەت و هاووڵاتیان و نەبوونی دادپەروەری و لاوازیی رۆڵی دامەزراوەكانی یاسادانان و چاودێری و دادگاكان...تاد، ئەمانە هەموویان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە زەحمەتە ئەم رەوشەی ئێستای عێراق بەردەوام بێت. بۆیە دەكرێ بڵێین كە (پڕۆژەی چاكسازی) تەنیا دواهەوڵە بۆ رزگاركردنی سیستەم و حوكمڕانی و دەوڵەتی فیدڕاڵی لە هەرەسهێنان و دابەشبوون.
رەوشی هەرێم بە بەراورد لەگەڵ حكومەتی بەغدا:
دوا رێككەوتننامەی نێوان بەغدا و هەولێر لە سەرەتای ساڵی 2014 بریتی بوو لە هەوڵێك بۆ رێكخستن و چەسپاندنی دادپەروەری و دەستەبەركردنی چەسپاندنی بودجەی دەوڵەت بۆ ساڵی 2015 دوای ئەوەی كە عێراق لە ساڵی 2014 بێ بودجە بوو، دوای رێكەوتننامەكەش راگەیاندرا كە عێراق دووچاری كورتهێنان بۆتەوە بە نزیكەی 23 ملیار دۆلار بەهۆی خراپ بەكارهێنانی دۆسێی نەوت و دارایی و فراوانبوونی قەبارەی گەندەڵی، وەزیری نەوتی عێراق بەم دواییە رایگەیاند كە نزیكەی 25 ملیار دۆلار لە داهاتی نەوت لەلایەن هەندێ سەركردەو بەرپرسانی عێراقەوە لەوەتەی 2003 تاكو 2014 لە كۆی داهاتی نەوت كە بە نزیكەی 624 ملیار دۆلار مەزەندە دەكرێت، بەكارهێنرا بوو.
دوای بێ ئومێدبوون لە سەركەوتنی رێككەوتننامەكەی هەولێر- بەغدا و بەردەوام هەناردەكردنی كەمتر لە نیوەی پشكی هەرێم لەلایەن بەغداوە بە پێی رێككەوتننامەكە، بەتایبەتیش لە سایەی بارودۆخی ئێستای هەرێم (بڕینی بودجەی هەرێم لە ساڵی 2914 و ناردنی كەمتر لە 50%ی پشكی هەرێم لە شەش مانگی ئەم ساڵدا، هەروەها شەڕی داعش و زیادبوونی ژمارەی ئاوارەكان بۆ هەرێم كە گەیشتۆتە نزیكەی 1.8 ملیۆن كەس، ئەمانە هەموویان بوونە هۆی قووڵتركردنەوەی قەیرانی دارایی لە هەرێمی كوردستاندا.
حكومەتی هەرێم ناچار بوو (بڕیاری فرۆشتنی راستەوخۆی نەوتی هەرێم) رابگەیەنێت بێ ئەوەی بگەڕێتەوە بەغدا تا ئەو كاتەی كە حكومەتی فیدڕاڵ پابەند دەبێت بە ناوەڕۆكی رێككەوتننامەی نێوان هەر دوو لا سەبارەت بە دابەشكردنی بودجەی عێراق و ناردنی 17%ی پشكی هەرێم لەو بودجەیە.
ئاستی هەناردەی نەوت لە هەرێمەوە بۆ زیاتر لە 550 هەزار بەرمیل لە رۆژێكدا بەرزبۆتەوە و لەگەڵ هاتنی ساڵی 2016 دەگاتە نزیكەی یەك ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێكدا بەپێی پلانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەپاڵ دابینكردنی پێكهاتەكانی نەوت، هەتا بە كەمترین ئاست و دابینكردنی وزەی كارەبا و خزمەتگوزارییەكانی دیكە وێڕای پاشەكشەی ئەو خزمەتگوزارییانە و پڕۆژەكانی پەرەپێدان لە هەرێمدا لە ئاكامی رەوشی نائاسایی هەرێم لەوەتەی نزیكەی ساڵێكە (شەڕی داعش، بڕینی بودجەی هەرێم، قەبارەی ئاوارەكان كە روویان لە هەرێم كردووە).
بە دابینكردنی 800-850 ملیۆن دۆلار لە مانگێكدا لە فرۆشی نەوت لە هەرێمەوە، مووچەی مانگانەی فەرمانبەرانی هەرێم دابین دەكرێت كە پێویستی بە نزیكەی 720 ملیۆن دۆلار دەبێت لە ساڵێكدا، هەروەها قەبارەی داهاتی نەوت لە كۆتایی 2015 و سەرەتای ساڵی 2016 زیاددەكات و دەگاتە 1،7ملیار دۆلار لە مانگێكدا ئەگەر مانگانە بە تێكڕای 50 دۆلار بفرۆشرێت و ئاستیی بەرهەمیش لە رۆژێكدا بگاتە یەك ملیۆن بەرمیل.
دەرفەتی حكومەتی هەرێم لە دەرفەتی حكومەی بەغدا لەبارترە
بەراوردكردنی رەوشی دارایی نێوان هەولێر و بەغدا و بەرەوڕووبوونەوەی قەیرانەكان و چارەسەركردنیان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە رەوشی هەرێم لە رەوشی بەغدا باشتر و لەبارترە، ئەمەش لەبەر چەند هۆیەك لەوانە (سەقامگیریی ئاسایش، بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت و بەرزبوونەوەی داهاتی نەوت لە هەرێم بەپێی پێویست،كە ئومێدی زیاترهەیە بە بەرزبوونەوەی لە ساڵی 2016دا)، ئەمە ئاماژەیەكی دڵخۆشكەرە بۆ هەرێم كە دەتوانێت رووبەڕووی زۆربەی تەحەددی و كێشەكان ببێتەوە، بەتایبەتیش ئەگەر هێزە كوردستانییەكان بتوانن چارەسەری كێشە هەڵپەسێردراوەكانی ئێستا بكەن (بە دیالۆگ و پەنابردن بۆ یاسا و دەنگی هاووڵاتیان) كە ئەمەش هاندەرە بۆ رێكخستنەوەو بەتینكردنی نێوماڵی كوردستانی و بەرەنگاربوونەوەی هەموو ئەو پیلانانەی كە هەڕەشە لە كاروانی خەباتی گەلەكەمان دەكەن، ئەو گەلەی كە بۆ ئایندەو ئامانجە رەواكانی خۆی خەبات دەكات.

* راوێژكاری وزە لە ئاژانسی پاراستنی كوردستان
Top