قەیرانی دارایی وبانکی کوردستان

قەیرانی دارایی وبانکی کوردستان
پێشەکی
هۆکاری سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی و بانکی هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق و بەهیچ شێوەیەک خانایی نیە لە گەڵ قەیرانە داراییەکانی وڵاتانی گەشەکردووی ئابووری. بۆیە نابێت ئەم دوو کێشەیە ئاوێتە بکرێن. ڕاستە ئەم قەیرانە نزیکەی ساڵ و نیوێکە سەری هەڵداوە، نائامادەبوونی حکومەتی کوردستان و پشتگوێ کردنی کەرتی بانکی و چۆنێتی مامەڵەکردن لەگەڵ سامانی دارایی کوردستان کە دەگەڕێتەوە بۆ خراپ فەرمانڕەوایەتی حکومەت قەیرانەکەی قوڵترکردۆتەوە و توانای بەرگری ئابووری کوردستانی لاوازکردووە. ئەڵبەتە هۆکاری سەرەکی قەیرانی دارایی و بانکی وڵاتە پێشکەوتووەکان دەگەڕێتەوە بۆ خراپ هەڵسوکەوتی کەرتی بانکی ئەو وڵاتانەو نەبوونی چوارچێوەیەکی یاسایی توندوتۆڵ بۆ ڕێگرتن لە خۆدان لە مەترسی (Risk taking)، لە کوردستاندا ناتوانرێت بگوترێت کە کەرتی بانکی هەیە بە واتا باوەکەی. ئەم نەبوونەش بۆ وڵاتێکی گەشەکەری وەک کوردستان جێگەی پرسیار و سەرسوڕمانە، چونکە گەشەکردنی ئابووری بەبێ هەبوونی سەرچاوەی دروستی دارایی زۆر ئاستەمە. هەر بۆیە ئەم خاڵە پێویستی بە باسکردنی تایبەت هەیە. واتە ئایە گەشەکردنی ئابووری بەبێ کەرتێکی بانکی کارا کردەنیە یانە!
كێشەی سیاسەتی دارایی لە کوردستاندا
بە پێچەوانەی ڕای گشتیەوە، حکومەتی کوردستان نە ئازادە و نە دەستی لە ڕووی سیاسەتی داراییەوە ئاواڵایە. بۆ نموونە، سیاسەتی دارایی (Monetary Policy) کە لە ڕێگەی سیاسەتی خستنە ڕووی پارەوە (Money Supply) پەیڕەو دەکرێت لە ژێر ڕکێفی بانکی ناوەندی عێراقە نەک بانکی ناوەندی هەرێمی کوردستان. هەر بۆیە حکومەتی کوردستان دەسەڵاتی بەسەر چەندایەتی پارە لە کوردستاندا نییە و ناتوانێت وەک دەوڵەتانی دیکەی تر لە ڕێگەی بازاڕەوە کار بکاتە سەر شلەی بازاڕ، بەڵام جاری وا هەیە دەتوانێت کار بکاتە سەر نرخی دیناری عێراقی لە بەرانبەر دراوە بێگانەکان ئەڵبەتە بە ڕادەیەک زۆر بەر تەسک و لە کاتێکدا کە خۆی پارەی یەدەگی هەبێت.
وەک هەموو وڵاتانی گەشەکەر، کوردستان پێویستی بە گەشەکردنێکی زۆرهەیە بۆ ئەوەی ئاستی بژێوی دانیشتوانەکەی بەرزبکاتەوە. دروستکردنی ژێرخانی ئابووری و بناغەدانانی کەرتی پیشەسازی و دامەزراندنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان وپێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ پێویستیان بە وەبەرهێنانێکی درێژخایەنی زۆر گەورە هەیە. زۆر بەداخەوە، کوردستان لە چەشنی وڵاتە گەشەکەرەکانی دیکە سەرچاوەی دارایی زۆر کەمە و کەرتی بانکیشی هێندە گەشەکردوو نییە هەتا بتوانێت بە شێوەیەکی بەردەوام و بەپێی پێویست سەرچاوەی دارایی هەبێت بۆ ئەو مەبەستانە. لە هەمان کاتدا پێویستە ئەوەش بگوترێت کە لە ماوەی چەند ساڵی حکومەتی ئۆتۆنۆمی کوردستاندا، کاربەدەستان هەوڵی دامەزراندنی سیستەمی بانکیان نەدا بۆ ئەوەی لە کاتی سەرهەڵدانی قەیرانێکی وەک ئێستا هێندە یەدەگ و توانای دارایی هەبوایە کە ئابووری کوردستان بەرگەی ماوەیەکی زیاتری بگرتایە. ئەم کەمتەرخەمییەش دەگەڕێتەوە بۆ پشت بەستن بە داهاتی نەوتی ئاسان و پشت گوێ خستنی دامەزراندنی ئابووریەکی فرە سەرچاوە. هەربۆیە کاتێک پارەی نەوت لەلایەن حکومەتی بەغداوە بڕا، سەرچاوەی داراییش لە پڕێکدا وشکی کرد. بۆ تێگەیشتنی سیستەمی دارایی پێویستە لێرەدا چاوێک بە کردار و تواناکانی سیستەمی بانکی مۆدێرندا بخشێنین.
کردارە ئابوورییەکانی کەرتی بانکی
بە شێوەیەکی گشتی کەرتی بانکی گەر دروست دامەزرابێت دەتوانێت ئەم کردارانەی خوارەوە ئەنجام بدات:
(1) دابینکردنی میکانیزمی پارە پێدان (Payment Mechanism) لە بازاڕدا. واتە بانک دەتوانێت ڕۆڵی پارە بدەر بنوێنێ لە نێوان کڕیار و فرۆشیاردا. بەم کارەش کارئاسانی ئاڵوگۆڕی بازاڕ دەکات. بێگومان ئەم کردارە بۆ تەندروست بازاڕ زۆر پێویستە، چونکە کڕین و فرۆشتنی سەردەمیانە وەک گۆڕینەوە و کڕین و فرۆشتنی بازاڕە میللییەکان نییە کە لە نێوان دوو کەسدا ڕووبدات و هەردوو کەسیش ئامادەی گۆڕینەوەکە هەبن. بۆیە لە جیهانی ئێستادا پێویستیمان بە کەرتێکی بانکی کارا هەیە کە کارئاسانی گۆڕینەوەی پارە بکات لە نێوان کڕیار و فرۆشیارەکاندا.
(2) گردکردنەوەی پاشەکەوتەکان و تەرخانکردنیان بۆ وەبەرهێنان. لێرەدا بانکەکان دەتوانن دوو کرداری زۆر گرنگ بەجێ بهێنن ئەویش:
یەکەم: زاڵبوون بە سەرنابەرانبەری چەندایەتیدا (Size mismatch). ئەمەش بە واتای ئەوە دێت کە خەڵکی ئاسایی پارەیەکی کەم پاشەکەوت دەکات، بەڵام وەبەرهێنەر پێویستی بە پارەیەکی زۆر هەیە بۆ دامەزراندنی پرۆژەیەک. بۆیە بانکەکان پارە کەمەکانی هاووڵاتیان خەرمان دەکەن و بە گوژمی گەورە گەورە بە وەبەرهێنەرانی بە قەرز دەدەن. لەم ڕێگەیەشەوە هەردوولای پاشەکەوتکەر و قەرزکەر قازانج دەبینن.
دووەم: زاڵبوون بەسەر نابەرابەری کاتدا (Time mismatch). پاشەکەوتکەرەکان هەمیشە بۆ ماوەیەکی کورت پاشەکەوت دەکەن بەڵام قەرزکەر هەمیشە پێوسیتی بە قەرزێکی درێژخایەن هەیە. چونکە هیچ پرۆژەیەکی ئابووری لە شەو و ڕۆژ و هەفتە و دوودا تەواو نابێت. هەر بۆیە بانکەکان دەتوانن پاشەکەوت بۆ کورت خایەن و درێژخایەن وەربگرن و بە درێژخایەن بە قەرزیان بدەن. بەم کردارەش نێوانگیرییەکی دروست لە نێوان پاشەکەوتکەری کورتخایەن و قەرزکەری درێژخایەندا ئەنجام دەدرێت.
(3) کەمکردنەوەی مەترسی (Risk Reduction). بێگومان گەر پرۆژەیەک لە نێوان چەند کەسێکی کەمدا ئەنجامبدرێت ئەوا مەترسییەکەی بەرز دەبێت، بەڵام چونکە بانکەکان ملیۆنەها مەعمیلیان هەیە، ئەوان مەترسییەكان بە سەر هەموواندا دابەش دەکەن بۆیە مەترسی لەناوچوون لە سەر تاکە کەس زۆر کەم دەبێتەوە. هەر بۆیە قەرزکەر و قەرزدەر لە ئابوورییە گەشەکردووەکاندا هەموو کات پەنا دەبەن بۆ بانکەکان و زۆر کەم لە نێوان دوو کەسدا مامەڵەی دوو لایەنە دەکرێت. هەرچەندە ئەم خاڵە پێویستی بە شیکردنەوەی زیاتر هەیە و ئێرە جێگەی ئەو باسە نییە، بەڵام هێندە بەسە بڵێین کە بانکەکان مەترسی بنبڕ ناکەن، بەڵام تێچووەکانی کەم دەکەنەوە بەوەی ئەو تێچووانە دابەش دەکەن بە سەر ژمارەیک خەڵکی زۆردا.
(4) بانکەکان توانایان هەیە زانیاری لە بارەی هەلی وەبەرهێنانەوە کۆبکەنەوە وبە نرخێکی گونجاو بیگەیەننە دەستی وەبەرهێن و پاشەکەوتکەرەکان. بەمەش کارئاسانییەکی زۆر دەکەن بۆ وەرچەرخانی بازاڕ، چونکە تێچووی گەڕان و پشکنین بەدوای زانیاریدا کات و پارەی زۆری تێدەچێت و وەبەرهێنێک و پاشەکەوتکەرێکی بچووک ئەو توانایەی نابێت زانیاریی دروست بە ماوەیەکی کورت و بە تێچوویەکی کەم وەدەست بهێنێت بۆیە هەبوونی سیستەمێکی بانکی پێشکەوتوو ئەو تێچوانە کەم دەکاتەوە.
بانکەکانی کوردستان
گەر وردبینەوە لە کردارەکانی بانکەکانی کوردستان و بەرانبەریان بکەین بەو چوار کردارەی سیستەمی بانکی مۆدێرن بۆمان دەردەکەوێت کە بانکەکانی کوردستان تەنها و بەشێوەیەکی زۆر تەسک کرداری یەکەم واتا پارەپێدان ئەنجام دەدەن، بەڵام سێ کردارەکەی دیکە ئەنجام نادەن. هۆکارەکانی ئەم نەکاراییەش بە شێوەیەکی گشتی دەگەڕێتەوە بۆ ئەم هۆیانەی خوارەوە:
یەکەم: ڕیگری یاسایی و ئایینی بۆ پێدانی ڕێژەی قازانج (Interest rate). بە داخەوە بە هۆی زاڵبوونی بیر و باوەڕی ئایینی لە کوردستان، ڕێژەی قازانج لە خەڵکی ئاسایی حەرامکراوەو بەمەش میکانیزمێکی گرنگی ئابووری لە کارخراوە. هەرچەندە ئەم کێشەیە لە وڵاتە هەڵگرەکانی ئاڵایی ئیسلامدا بە شێوازێکی گونجاو بۆ خۆیان چارەسەر کراوە، بەڵام بە هۆی چالاکی ڕێکخراوە ئیسلامییەکانی کوردستان و کەمتەرخەمی حکومەتی کوردستان ئەم کێشەیە چارەسەر نەکراوە و بەو هۆیەشەوە بانکەکان ناتوانن زۆربەی کردارە بانکییەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن.
دووەم: نەبوونی پسپۆڕی و هیزی کاری کارامە لە بواری ئیش و کاری بانکیدا. بانکەکانی کوردستان ئاخنراون بە خەڵکی نەزان و بێکار. ئەمەش تێچووی بانکەکانی بەرزکردووەتەوەو کردوونیەتی بە جێگای کەمکردنەوەی بێکاری.
سێیەم: نەبوونی تەکنەلۆژیای نوێ. تا ئێستاش زۆربەی کارەکانی بانکی هەر بەدەست ئەنجام دەدرێن و زۆربەی کارمەندەکانی بانکەکان ئاشنا نین بە تەکنەلۆژیای سەردەم و بەرنامەی دارایی و بانکییەكان.
چوارەم: دورەپەرێزی لە سیستەمی بانکی نێودەوڵەتی. زۆربەی بانکەکانی کوردستان هیچ پێوەندییەکی ئەوتۆ و بەردەوامیان لە گەڵ بانکەکانی جیهاندا نییە. بەمەش لە ڕێڕەوی پێشکەوتنی سەردەمیان دوا دەخات. ئیستا لە چاو پێشکەوتنی سیستەمی بانکی جیهاندا، بانکەکانی کوردستان زۆر لە بانکەکانی سەردەمی حکومەتی عوسمانی پێشکەوتووتر نین.
سیستەمی بانکی و پاشەکەوتکردن و وەبەرهێنان
پاشەکەوتکردن ڕۆڵێکی زۆر گرنگی لە پێشکەوتنی ئابووریدا هەیە. چونکە گەشەکردنی ئابووری بەبێ کەڵەکەکردنی سەرمایە نایەتەدی. وەک لە پێشەوە ئاماژەی پێکرا، زۆربەی زۆری پرۆژەکانی گەشەکردنی ئابووری پێویستیان بە سەرمایەیەکی زۆر هەیە بە تایبەت دامەزراندنی ژێرخانی ئابووری و کۆمەڵایەتی. ئەو پارانەش نە لە ئاسمانەوە دەبارێن و نە وڵاتانی دەوڵەمەندیش بە خێر و حەسەنات بە وڵاتانی هەژاری دەبەخشن. بۆیە پێویستە وڵاتی گەشەکەر خۆی پاشەکەوتبکات و وەبەرهێنانی پێویست بۆ پێشکەوتنی ئابووری و کۆمەڵایەتی بکات. خشتەی خوارەوە ئەوە نیشاندەدات کە وڵاتانی هەژار کەم پاشەکەوت دەکەن و وەبەرهێنانیشیان بەو پێیە نزمەو لە ئاستی پێویستدا نییە. بۆ نموونە، وڵاتە ئەفریقییەکان. لە هەمان کاتدا، وڵاتانی گەشەکردوویش پاشەکەوتکردن و وەبەرهێنانیان نزمە. هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەو وڵاتانە هێندە گەشەیانکردووە چێ دی پێویستیان بە وەبەرهێنانی زۆر نیە لە ژێرخانی ئابووریدا. هەربویە پاشەکەوتیشیان کەمە. لە نێو هەموو وڵاتانی گەشەکەردا وڵاتانی باشووری ئاسیا بە ئاشکرا دەرکەوتوون بەوەی ڕێژەی پاشەکەوتکردنیان بەرزە. بۆ نموونە لە ساڵانی نەوەدەکان و دوو هەزاردا زیاتر لە 35% کۆی گشتی داهاتی نەتەوەییان (Gross Domestic Product) پاشەکەوتکردووە و لە ساڵی 2005 دا ڕێژەی پاشەکەوتکردنیان نزیكەی 43% دا بووە. هەر بۆیە ڕادەی گەشەکردنی ئابووری ئەو وڵاتانە کەم وێنەیە لە جیهاندا. بۆیە پێویستە بڵێین کە پەیوەندی پاشەکەوتکردن و گەشەکردنی ئابووری زۆر بەهێزە و جێگەی مۆدێرن و شێاوی ئەو پاشەکەوتکردنەش بانکەکانن، چونکە هەتا پارە لە بانکدا دانەنرێت نابێتە هێزێکی دارایی مۆدێرن. بەداخەوە کاربەدەستانی کوردستان بێئاگان لەم پێوەندییە بەهێزە. باشترین نموونەی باش بۆ بەکارهێنانی پاشەکەوتی ناوخۆیی بۆ گەشەکردنی ئابووری ئەزمونی یابانە لە دوای کوتایی جەنگی دووەمی جیهان.
لە کورستاندا، نەبوونی جێگە و ڕێگەی دروست بۆ پاشەکەوتکردن (نەبوونی سیستەمێکی بانکی پێشکەوتوو) بووەتە هۆی تەخشان و پەخشانێکی لە ڕادە بەدەر. بۆ نموونە، زۆر خەرجکردن، زۆر خواردن، زۆر حەج و عەمرەکردن، کۆشک و تەلار درووستکردن، فرە ئۆتۆمبێلی گرانبەها، پشت و پێشی ماڵ مەڕمەڕ و کاشیکردن، هەڵئاوسانی نرخی خانووبەرە...تاد. لە هەمان کاتدا، ئەوانەی شارەزان، بە ئاشکرا و بە ژێر بە ژێرپاشەکەوتەکانیان دەبەنە دەروەی وڵات. هەر بۆیە جێگەی سەر سوڕمان نییە کە بەهای ماڵێک لە شارێکی کوردستاندا زۆر جار لە بەهای ماڵێکی هاوتایی لە لەندەن و پاریس و نیویۆرک زیاتر بێت. ئەمانە هەمووی ئەوە نیشاندەدەن کە یا خەڵکێک بە عەقڵیەتی فەلاحێکی دواکەوتوو لە بارودۆخێکی سەیردا بوونەتە خاوەنی پارەیەکی زۆر و نازانن چی لێبکەن یا ئەوەتا دواکەوتنی ئابووری و کۆمەڵایەتی جێگەی وەبەرهێنانی لەباریان بۆ دابین ناکات. لە هەموو بارێکدا، سەرمایەداری کوردستان زۆر لە سەرمایەداری سەردەمی دەرەبەگایەتی ئەوروپا دەچێت نەک سەرمایەدارییەکی هاوچەرخ.
ئەو سیاسەتانەی پێویستن بۆ کۆکردنەوەی پاشەکەوتی ناوخۆیی
بێگومان نەبوونی متمانە لە نێوان بانک و هاووڵاتیدا کاریگەریەکی زۆری هەیە لە سەر کەمبوونی پاشەکەوتی دارایی (Financial Saving). ئەم نەبوونیەش بە ئاسانی لە ناو ناچێت. بۆیە پێویستە حکومەت بەم هەنگاوانەی خوارەوە هەڵبستێت:
یەکەم: متمانە بە سیستەمی بانکی بگێڕێتەوە بەوەی یاسای بانکی ڕوون و ئاشکرا دابنێت.
دووەم: پێویستە کۆمیتەیەکی سیاسەتی دارایی لە پسپۆڕان بۆ چاودێری و لێپێچینەوە لە بانکەکان دابمەزرێنێت.
سێیەم: سیاسەتێکی ئاشکرا و ڕوون لە بارەی پاراستنی پاشەکەوت هەبێت و گەرەنتی پاشەکەوت بە هاووڵاتیان بدرێت.
چوارەم: پێویستە تەم و مژی ئاینی لە سەر ڕێژەی سوود هەڵبگیرێت.
پێنجەم، پێویستە باج لە سەر تێچوونێکی زۆری پاشەکەوت نەبێت و ئەگەر هەبێت دەبێت لاببررێت،
شەشەم، بازاڕی قەرز ببووژێندرێتەوە و حکومەت خۆی قەرز بۆ پرۆژە بچووکەکان دابین بکات.
بە کورتی، لە کۆتاییدا پێویستە ئەوە دووبارە بکەینەوە کە قەیرانی دارایی ئێستای کوردستان بە شێوەیەکی سەرەکی ئەنجامی ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان حکومەتی کوردستان و حکومەتی عێراق بووە، بەڵام پێشبینی نەکردنی ڕوودانی قەیرانێکی لەم جۆرەو خۆ ئامادەنەکردن بۆی و پشتگوێ خستنی کەرتی دارایی و بانکی کوردستان کەمتەرخەمی و ناشارەزایی سیاسەتمەدارانی کوردستان دەگەیەنێت. پێویستە ئێستاش هەوڵی ڕشت بدرێت بۆ پڕکردنەوەی ئەو کەلێنانە و پەنا ببرێت بۆ پسپۆڕانی خاوەن ئەزموون بۆ چارەسەرکردنیان نەک خەڵکی سیاسی نەشارەزا، چونکە ئەم بابەتانە زانستین و پێویستیان بە خەڵکی زانا و پسپۆڕ هەیە بۆ چارەسەرکردنیان.
پاشەکەوتکردن و وەبەرهێنان بە پێی ناوچە (وەک ڕێژەی % کۆی گشتی بەرهەم GDP)
ناوچە
1900 2000 2005
پاشەکەوت وەبەرهێنان پاشەکەوت وەبەرهێنان پاشەکەوت وەبەرهێنان
وڵاتانی کەم و مامناوەند دەرامەت 2 2 2 2 2 2
وڵاتانی کەم دەرامەت 1 2 2 2 2 2
وڵاتانی بەرز دەرامەت 2 2 2 2 1 2
وڵاتانی ئەفریقا 1 1 1 1 1 1
وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا و پاسفیک 3 3 3 3 4 3
وڵاتانی باشووری ئاسیا 2 2 2 2 2 3
وڵاتانی ئەمریکای باشوور 2 1 1 1 2 1

Source: Cypher J.M. & Dietz, The Process of Economic Development, Routledge, (2009),

Top