قسەیەكی راست و مەرامێكی نابەجێ
August 13, 2015
وتار و بیروڕا
سیستەمی حوكم و دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم زۆر قسەو لێدوانی وروژاندووە تا ئەو رادەیەی كە هەموو هەڵەو گوناحەكانی پێشوو و ئێستای ئەو كارەسات و مەینەتییانەی رووبەڕووی گەلی كورد بۆتەوە دەخەنە ئەم چوارچێوەوە، رەنگە گوتاری ئێستایان تا رادەیەك پەسند بێت ئەگەر ئەوان هێزی ئۆپۆزسیۆن بوونایە بە واتا سیاسی و دیموكراتییەكەی هەروەك پێشتر بەم شێوەیە بوون، بەڵام ئەوان بە چ پاساوێك و چۆن شەریكی دەسەڵاتن و دیارترین پۆست و پایەیان هەیە، ئەوان رەزامەندبوونە لەسەر بەرنامەی حكومەت و لە ناو هۆڵی پەرلەمان سوێندی یاساییان خواردووە لەسەر بەرنامەكەی، كەواتە بە چ لۆژیكێكی سیاسی، یان حزبی دەبنە بناغەی دەسەڵات و دامەزراوەكانی و لەهەمان كاتیشدا ئاڵای ئۆپۆزسیۆن دژ بە دەسەڵات لە شەقام و دەزگاكانی راگەیاندنی خۆیان بەرزدەكەنەوە، بە راستی دیموكراسییەتێكی سەیرو سەمەرەیە لە دروستكراوی كوردە. سیستەمی سیاسی لە هەرێمی كوردستاندا تێكەڵەی سەرۆكایەتی و پەرلەمانییە هەروەك فەرەنسا، چونكە زۆربەی دەستوورەكانی جیهان و یاساكانیان لە یاساكانی فەرەنساوە وەرگیراون كە كلتوورو بۆماوەی شۆڕشی فەرەنسییە، ئایا گەلی كورد و هەرێمی كوردستانیش توانیویانە پێش گەل و دەوڵەتی فەرەنسا بكەون؟
زۆر قسەیان كردو دنیایان هەڵگرت دەربارەی گەندەڵیی دارایی و ئیداری كاتێ ئەوان ئۆپۆزسیۆن بوون و منیش بەشداری راوبۆچوونی ئەوانم دەكردو هەستم بە خۆشی دەكرد وەك هەموو هاووڵاتیانی هەرێم بە كابینەی هەشتەم و بەشداریكردنی هەموو هێزە سیاسییەكان كە تێیدا بەشدارن، هەندێ لە ئۆپۆزسیۆنە چاكسازخوازەكان پۆستی باڵایان وەرگرت كە لە زۆر پۆستی دیكە زیاتر بۆنی گەندەڵیان لێدێت، بۆیە لێرەدا هاووڵاتی و دەنگدەران و لایەنگرانیان مافی ئەوەیان هەیە لێیان بپرسن ئایا توانیوتانە سەربكەون لە ریشەكێشكردنی ئەو پەتا نەفرەتییە لە سنووری پۆست و دەسەڵاتەكانتاندا؟
بەپێی شڕۆڤە و دەرئەنجامەكانم وابزانم داواكاریی(كوتلەی حوكمڕانی ئۆپۆزسیۆن) لەدوو خاڵدا كورتكراوەتەوە:
1- دیاریكردن و كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم.
2- هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەلایەن ئەندامانی پەرلەمانەوە نەك لەلایەن گەلەوە، كەواتە چ دەسەڵاتێكی رەها كە ئەم سەرۆكە لەماوەی حوكمڕانیدا پیادەی كردبێت و ترس و دڵەڕاوكێی ورووژاندبێت و كاولكاریی لە وڵاتدا بڵاوكردبێتەوە؟ چەند جاریش هێزەكانی ئەو سەرۆكە بە ئاسن و ئاگر رووبەڕووی جەماوەر و خۆپیشاندانەكان بوونەتەوە كە بە گۆڕەپان و شەقامەكاندا تێپەڕیون و رێكخەرانی ئەو خۆپیشاندانانەیان زیندانی كردوون و دەزگا ئەمنییەكان ئەشكەنجەیان داون و سەرانەیان لێسەندوون. دوور لە مۆڕاڵ و رەوشت مامەڵەیان لەگەڵدا كردوون، ئایا وەك ئەو رەفتارو هەڵسەكەوتانەیە كە حوكمڕانانی بەغدا دژ بە هاووڵاتیانیان گرتوویانەتەبەر، ئایا ڤایرۆسی( دیاریكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆك) لە دەوڵەتی یاساوە بۆ كوردستان گوازراوەتەوە؟
دواتر چ دەسەڵاتێك و لە چ روانگەیەكەوە ئەم حوكمڕانە ستەمكارە دەسەڵاتە دەستووری و یاساییەكانی لە پارێزگای سلێمانی بە قەزاو ناحیەكانەوە پیادەكردووە؟ پاشان ئەمە پرسیارێكی رەواو یاساییە كە دەبێ یەكەم جار بەرپرسانی ئەم پارێزگایە و دوومیش ئۆپۆزسیۆن و سێیەمین خەڵكی كوردستان وەڵام بداتەوە.
پاشان ئایا سەركردەی ئەو حزبانە دیموكراتخوازن و دەسەڵاتیان سنووردارە؟ یانیش دەسەڵاتی رەها و ئیمتیازی بێ سنووریان هەیە دوور لە چاودێری و خۆیان بە پۆستەكانیانەوە گرتووە تەنانەت لە سەرەمەرگیشدا و فەرمانی چاكە بە خەڵك دەكەن بەڵام خۆیان لە گێلی دەدەن؟
بەپێی پاشخانی رۆشنبیریی یاساییم و كاركردنم وەك پارێزەر بۆ ماوەی زیاتر لە 30 ساڵ وای دەبینم كە سەرۆك بارزانی یان هەر سەرۆكێكی دیكە راستەوخۆ لەگەلەوە هەڵبژێردرێت، ئەمە یاسایە، بەڵام جگە لەمە لە شێوازو ئامرازی دیكە ئەوا شتێكی ئیسیتیسنائییە، وەك ئێران و توركیا بە هەردوو رێبازی ئاینییەوەو میسر وەك عەلمانی و ئەمریكا و فەرەنسا وەك مەسیحی كە سەرۆكەكانیان راستەوخۆ لەلایەن گەلەوە هەڵدەبژێردرێن، ئەمەیە دیموكراسییەت و ماف و حوكمی گەل.
كوردستان كە ژمارەی دانیشتووانی لە 40 ملیۆن كەس زیاترەو بەسەر چوار دەوڵەتدا دابەشكراوە بەپێی رێكەوتننامەی سایكس بیكۆی بەدناو تاكە گەلی جیهانە كە نە دەوڵەت و نە قەوارەیەكی سەربەخۆی هەیە، هەندێ هەن بە ئاشكرا و بە نوێژی نیوەڕۆ داوای دیاریكردنی چارەنووس و دامەزراندنی دەوڵەتێكی سەربەخۆ دەكەن، كە یەكەم جاریشە كەشوهەوایەكی گونجاو و لەباری نێودەوڵەتی لەئارادایە كە پشتیوانیی لەم هەنگاوە دەكات، هەروەها نوێنەرانی بەشی باكوور بە 20 ملیۆن كەسەوە ئەم گوتارە رەت دەكەنەوە و بەتوندی دژی دەوەستن، كەواتە چ جیاوازییەك هەیە لە نێوان ئەوانەو لە نێوان ئەو شاندە كوردییەی یاوەری عیسمەت ئینۆنۆ بوون لە كۆنگرەی لۆزان كە سێ بەندی پەیماننامەی سیڤەری سڕییەوە كە تایبەت بوون بە بڕیاری مافی كورد لە دامەزراندنی قەوارەیەكی سەربەخۆ هەتا ئەگەر لەسەر رووبەێكی دیاریكراوی كوردستانیش بێت، من پێشتر ئەوە دەزانم كە هەندێ لە خوێنەران وا حوكمم لەسەر دەدەن كە گوایە موریدی بارزانیی نەمرم ئەمەش تۆمەتێكە رەتی ناكەمەوە و شەرەفێكی گەورەشە، بەڵام داوای ناكەم، بەڵام من هەر لە سەردەمی لاوێتیمەوە بڕیارم داوە دووربكەومەوە لە شاعیرانی كۆشك و ئامۆژگاری سوڵتان و بەرپرسان و نامەوێ سوپاس و پاداشت لەكەس وەربگرم، دوای ئەوەی گەیشتوومەتە پاییزی تەمەن و تاكە ئامانجم ئەوەیە كە مێژوو بە لاریی و ساختەیی نەنووسرێتەوەو ئەوی بۆ قەیسەرە پێی بدەین و ئەوەی بۆ خوایشە هەر بۆ خوا بێت، لەكۆتاییدا بە راشكاوییەوە دەڵێم ئەوەی ئێستا لە گۆڕەپانی سیاسیی هەرێم لە جووڵەو بزاڤ و كێشمەكێش دەگوزەرێت دەربارەی دەسەڵاتەكانی سەرۆك بارزانی( قسەیەكی راستە بەڵام بە مەرامێكی نابەجێ)ئەگەر لەپشت ئەم قسانەوە مەبەست و نیازخراپی نەبێت، كە ئەوەیە لێی دەترسم كە بۆ هیچ سونبل و هێمایەكی نیشتمانی كوردی و هێزێكی سیاسی لە هەر چوار گۆڕەپانی كوردستان بە ئومێدی ناخوازم، چونكە گەل و مێژوو روحم بە هیچ كەسێك ناكەن.