سۆزێك بۆ ڕۆشنبیرێكی بەرچاوڕۆشنكار له چوارهمین ساڵیادی كۆچی محەمەد عابد جابری

سۆزێك بۆ ڕۆشنبیرێكی بەرچاوڕۆشنكار له چوارهمین ساڵیادی كۆچی محەمەد عابد جابری
پێش پێنج ساڵ لەمەوبەر شتێكی وەك ئەمە ڕووینەداوە كە داوایان لێكردبم لەسەر ئەم ڕەوانشادە بنووسم، بە شێوەی ئەم مكوڕبوونەی ئێستام كە لە هاتنەوەی یادەكەیدا هەستم پێكردووە، ئەم كارە تەنیا لەسەر بووژانەوەی فزووڵی ئەبستیمیی ناوەستێت، بەڵكو سۆزێكە بۆ گەڕانەوەی دەنگی ئەو پیاوە، هەوڵێكە بۆ خەمڵاندنی بیروڕایەك لەسەر بیرمەندێك كە لە ڕۆژگارانی ژیانیدا ڕاوبۆچوونەكانی كێشیان هەبووە، بەتایبەت سەبارەت بە گرنگترین وەرچەرخانەكانی كە جیهانی عەرەبی ئاشنای بوون، بە تایبەتیش پاش ئەو ڕووداوانەی كە لە بەهاری عەرەبیدا قەوماون.
دەكرێت پەنجە بخەینە سەر ئەم سۆزەو هەستی پێ بكەین، ئەگەر هاتوو زەینی خۆمان بدەینە بەو پرسیارانەی لەم بارەیەوە دەوروژێنرێت، ئەو پرسیارانەی دەكرێت لەم دوو تەوەردا دایانبڕێژینەوە: خاوەنی بابەتی((گوتاری هاوچەرخیی عەرەبی)) چ شتێكی دەربارەیان دەوت ئەگەر بهاتایە تا ئێستا لە ناوماندا زیندوو بوایە؟ دواتر چی وەڵام دەداینەوە كاتێك بە چاوی خۆی بیديتبایە چ لۆژیكێك بڕیار لەسەر مێژووی لۆژیك دەدا كە پێشتر جابری لە هەوڵەكانیدا لەبەر ڕۆشنایی ئەو لۆژیكەدا ڕەخنەی لە عەقڵی عەرەبی دەگرت، هەڵوەستەی لەسەر هەموو چەشنە لامەعقوڵیەتێك دەكردەوە كە واقیعی عەرەبی لەسەر وێنا دەبوو.
هەندێك هەبوون ئەم جۆرە پرسیارانەیان لە خۆیان دوور دەخستەوە، لەو بڕوایەوە كە بۆچوونی جابری هەرگیز پێغەمبەرانە نەبووە، لە ئامانجیشیدا نەبووە نەخشە بۆ ئەو شتانە بكێشێت كە پێویستە وا بوونایە، ئەوەی زۆرتر سەرقاڵی دەكرد بریتی بوو لە وەڵامی پرسیارێك كە مەنزڵگەی هەموو ئەو عەرەبانەی خۆیان بە فیكرەوە سەرقاڵ دەكرد، دەیگرتنەوە، مەبەستم: چۆن دەكارێت بۆ فكری هاوچەرخی عەرەبی كە تێگەیشتنی هەبێت یان لایەنەكانی عەقڵانیەت لە كەلتووردا بهێنێتەوەو بە شێوەیەكی نوێ تەوزیفیان بكاتەوە؟.
بەپێی ئەم بۆچوونە بێت، جابری سەرقاڵ بووە بەوشتانەی تێپەڕیبوون و بەوانەشی كە باری واقیعی ئێستاكێی بوون، كەمتر لایدەكردەوە بۆ زانینی ئەو شتانەی ئایندە دەیاندۆزێتەوە، سیاسەتیشی پیادە كرد، نەك تەنیا لە ناو ڕۆشنبیریدا، بەڵكو وەك بایەخدان بە بابەتی ڕۆژ، وەك سەرقاڵبوون بە كاروباری ڕۆژانەوە.
ڕەنگە بە شێوەیەك ئەم هەڵوێستەی لێكبدرێتەوە كە پیادەكردنی سیاسەت، یان بایەخدان بە كاروباری ڕۆژ، ئەوە نەگەیەنێت خۆت لە هەنووكەدا نغرۆ بكەیت، لەوەشدا نەوەستێت بە دەوری ڕابردوودا بسوڕێیتەوە، بەڵكو نەخشە داڕێژتنە بۆ ئامانجێك و كرانەوەیەكە بە ڕووی داهاتووشدا، ئەو هەڵوێستانەش كە جابری ڕاوبۆچوونی خۆی لە هەمبەر دەوتن كەم نەبوون، بەتایبەت ئەو شتانەی پێوەندیدار بوون بە ئاسۆی وەرچەرخانەكانی كۆمەڵگە عەرەبیەكانەوە لە ڕووی سیاسی و فیكری و پەروەردەییەوە، ئەمەشی كردبوو بە خەمی بنەڕەتی خۆی، وەك چۆن دەیووت((سەرلەنوێ بونیادنانەوەی خود)) لەگەڵ چاوخشانەوە بەو شتانەی بە میرات بۆمان دەمانەوە، یان هەوڵمان بۆ دەدان، لەم ڕوانینەوە كێڵانی ڕابردوو بە لای ویەوە بریتی بوو لە ڕێگەیەك بۆ كردنەوەی ئاسۆی ئایندە.
ئەمە لە دەروازەی تێركردنی فزووڵیەتی ئەبستیمیەوە نییە كە هەوڵ بدەین بۆ بەقسەهێنانی ئەم پیاوە لە ناو مەزارەكەیەوە، بەڵكو لێرەدا كارەكە زیاترەو خودی كەسی جابریش تێدەپەڕێنین، تا ئەو شوێنەی دەیبەستینەوە بە تێگەیشتێكی دیاریكراومان بۆ ڕۆشنبیر مادام لامان بەرجەستەیە، لێرەدا ئاماژە دەدەم بە ئەستێڵكەكانی كە بە ڕۆشنبیر دەدران بۆ دیاریكردنیی چەمكی خودی ڕۆشنبیرەكە، یان ئەو ڕۆڵەی كە پێی دەدرا، ئەو كات وا تەماشای ڕۆشنبیر دەكرا كە بریتیە لەو كەسەی لەبری ئەوانی تر بیردەكاتەوە، لەبری ئەوەی بە ڕاستەڕێیان بگەیەنێت، یان وەك ئەوەی مەشخەڵهەڵگری حەقیقەت بێت، بەو واتایەوە دەتوانین بپرسین لەوەی جابری ئەگەر بمابایە چی لەسەر بەهاری عەرەبی و كارلێكەوتەكانی دەوت؟ ئەمەش وەك سۆزێك بۆ ئەو ڕۆشنبیرەی بەرچاوی خەڵكی ڕۆشن دەكردەوە، یان بۆ ئەو عەقڵەی لەبری ئەوانی تر بیری دەكردەوە، بەڵام وادیارە بەهارەكە ئەوەی دیارخست كە ئەم جۆرە ڕۆشنبیرانەی بەرچاو ڕوون دەكەنەوە بوونیان نەمابێت، یان بە لانی كەمەوە بە پێویستییەك دانەنرێن، بە هەرحاڵ نەبینی لە پشت ئەو هەموو ڕووداوانەی قەومان ئێمە هەبوونێكی كردەیمان بەو جۆرە ڕۆشنبیرانەوە درك پێنەكرد، وەك چۆن بینیمان ڕاپەڕینەكان بەرپابوون بە بێ ئەوەی كەسێك پێشبینیان بۆ بكات یان پلانیان بۆ داڕشتبێت.
ئەمەش ڕاستێتی زیاتری تێدایە كاتێك بمانەوێت ئەو لایەنانەی بەهارەكە شرۆڤە بكەینەوە، ئەوەی بەهارەكە لە لایەكی ترەوە ڕوونی كردەوە ڕۆشنبیرانی لێ غافڵ بوون، مەبەستمە لەو ئانارشیزمیەت و ئاژاوەگێڕییانەی پاش تەقینەوەكان كە ناماقووڵیەتی زۆری لێ كەوتەوە، بە شێوەیەك سەركەوتنی بەدەست نەهێنا لە كردنەوەی ئاسۆكان و لێكهەڵترازانی داخراوەییەكان، دەرئەنجامی ڕاپەڕینەكانی بەهاری عەرەبی ئەوەی سەلماندەوە كە عەقڵی عەرەبی هێشتا پێویستی زۆری بە ڕەخنە هەیە، تا ئێستاش كەوتۆتە ژێر قورسایی هەموو شێوەو جۆرە ڕەنگەكانی باوەڕهێنانەوە، ڕاپەڕینەكان تەنیا لەوەدا چڕكرانەوە كە ئاڕاستەی دەسەڵات و حزب و گرووپی دەستڕۆیشتوو بكرێنەوەو بەس، پشتیان كردە ئەو پێوەندییە كۆمەڵایەتی و مۆڕاڵی و ڕێبازە فكریی و بەها ڕۆشنبیریانەی كە پێویستیان بە ڕاپەڕین بوو، تا چاویان پێدا بخشێنرێتەوە لە ڕووی چەمكەكانی مرۆڤ و كۆمەڵگەو فكرو مێژووەوە، گەرچی ڕژێمەكانی پێ گۆڕدرا بەڵام عەقڵیەت و زەینەكانی وەك خۆی هێشتنەوە، ڕەنگە لەبەر ئەمەش بێت، ئامانجی ڕاپەڕینەكان بە خێرایی دەپووكانەوەو دەچوونە خزمەتی هێزە موحافیزكارو تەقلیدیەكانەوە، فیكری باوەڕهێنان هەژموونی دەكێشایەوە كە بە سروشتی خۆی بریتی بوو لە میكانیزمێكی تاكڕەوانەی وا كە فرەیی و جیاوازی بیرو هەڵوێست ڕەت دەكاتەوە، ئەمەش پاڵنەربووە بۆ ئەوەی هەموو شتەكان بخاتە ناو بازنەی داخراوی خۆیەوەو ناچاریان بكات بۆ لۆژیكی خۆی ملكەچ بن، هەروەها بەهاری عەرەبی میكانیزمێكی بەزۆرسەپاندنی لە پشتەوە بوو كە وەرچەرخا بۆ تۆتالیتاریەتی فكریی و دواتر زەمینەی ساز كرد بۆ بزاڤە توندوتیژەكان و هەموو ئەو شتانەیان ڕەت كردەوە كە لە پێناویدا ڕاپەڕین بەرپا كرا، بەڵكو ڕۆڵی هەبوو لە زیاد داخستنی ئاسۆكان.
پەرەسەندنی ڕووداوەكانی پاش بەهاری عەرەبی ئەوەی خستە ڕوو كە فكری عەرەبی هیچی پێ ناكرێت نە كەلەپووری خۆی پێ دەپارێزرێت و نە مۆدێرنەی پێ هەڵدەسوڕێت، ئەوەشی ڕوونكردەوە كە ناماقووڵیەت لە پشتەوە زۆربەی دەمامكەكانەوە خۆی حەشارداوە، بەو واتایەوە پەنا بۆ بیروڕایەكانی جابری دەبرێت و پاساوی بۆ دەهێنرێتەوە، ڕەنگە ئەمجارەیان نەك وەك ڕۆشنبیرێكی بەرچاو ڕۆشنكەر بەڵكو وەك جەمسەرێكی بنەڕەتی لە دیالۆگێكدا كە تا ئێستاش پێویست و كراوەیە.
* بیرمەندی مەغریبی و ئوستادی فەلسەفە لە زانكۆی ڕیبات
Top