كۆمپانیای كوردستان بۆ پڕۆسەكانی پاڵاوتن و پاشكۆكانی ناسراو بە (كۆدۆ)
May 7, 2015
وتار و بیروڕا
ماددەی 13 دەربارەی كۆمپانیای كۆدۆ لە 4 بڕگەی سەرەكی پێكدێت، كە پەیوەستن بە چۆنێتیی دامەزراندنیەوە. هەوەها پێكهێنانی ئەنجومەنێكی بەڕێوەبردنی كۆمپانیاكە، وێڕای دیاریكردنی ماوەی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی كۆمپانیاكە، دواتر ئەركەكانی كۆمپانیای كۆدۆ لە چوار خاڵ دەستنیشان كرا كە لە بڕگەی چوارەمی ماددەی 13 ی پەیوەست بە كۆمپانیای كۆدۆ دیاریكراوە.
لەم دواییەدا وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و ئەنجومەتی هەرێمی نەوت و غاز و لیژنەی سامانە سروشتییەكان و وزە لە پەرلەمان، هەوڵی زۆریان داوە كە دوو پڕۆژەی گرنگ ئامادە بكەن (پڕۆژەی سندوقی كوردستان بۆ داهاتەكانی نەوت و پڕۆژەی كۆمپانیای كوردستان بۆ پڕۆسەكانی پاڵاوتن و پاشكۆكانی و پێشكەشكردنی بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و پەرلەمانی كوردستان)، ئەم دوو پڕۆژەیە تەوەرێكی گرنگ بوون لە نزیكبوونەوەو پتەوكردنی متمانەی هاووڵاتیان بە حكومەتی هەرێم، ئەمە لە لایەك، لەلایەكی دیكەوە، دوای دامەزراندن و بەجێهێنانی ئەركی سەرشانیان ئیدارەی كەرتی نەوت و غاز رێكدەخات، كەرتی نەوتیش بە تەواوی شێوەی دامەزراوەیی و دەستووری وەردەگرێت دوای پێشكەشكردن و رەزامەندیی لەسەر پڕۆژەكانی دامەزراندنی كۆمپانیاكانی دیكە كە لە یاسای نەوت و غاز دیاریكراوە، وەكو: (كۆمپانیای كیبكۆ، كۆمپانیای كۆمۆ، كۆمپانیای نیشتمانیی كوردستان بۆ نەوت) و كۆمپانیای كانزاییە فلزییەكان لە كوردستان.
لەبەر گرنگیی دامەزراندنی كۆمپانیای كۆدۆ بەپێی ئەوەی لە ماددەی سێزدەهەمی یاسای نەوت و غازدا هاتووە، هەروەها لە هەردوو بڕگەی یەكەم و دووەمی ماددەی ژمارە 8ی- فەسڵی چوارەم لە یاسای نەوت و غاز، لە خوارەوە دەقی ماددەی 13 دەربارەی دامەزراندنی كۆدۆ، بڵاودەكەینەوە، كە ماددەی سێزدەم میكانیزمەكانی دیاریكردنی (هەیكەلی رێكخستنی و ئەركەكانی و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی كارگێڕیی كۆمپانیاكەی) دیاریكردووە. هەروەها چوارچێوەی گشتی بۆ دیاریكردووە، كە دەبێتە بنەما و بناغەی دەستووریی لایەنە پەیوەندیدارەكانی راسپێردراو بە ئامادەكردنی پڕۆژەی كۆمپانیای كۆدۆ لە لایەن (وەزارەتی سامانە سروشتییەكان و ئەنجومەنی هەرێمی نەوت و غاز و ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان) و بە پەسندكردنی پەرلەمان بۆ پڕۆژەی یاسای كۆمپانیای كۆدۆ (KODO).
ماددەی 13
یەكەم: دامەزراندنی كۆمپانیای كوردستان بۆ پڕۆسەكانی پاڵاوتن و پاشكۆكانی، وەك كۆمپانیایەكی گشتی و خاوەن كەسایەتییەكی سەربەخۆی مانەوی و دارایی و كارگێڕیی.
دووەم: سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی كارگێڕی لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە دادەمەزرێن دوای پەسندكردن لەلایەن زۆرینەی رەهای ئەندامانی پەرلەمان بە مەرجێ لە وەزارەت نەبن و پسپۆڕ بن لە نەوت، یان پسپۆڕی دیكەی گونجاوی تەكنیكی، یان كارگێڕی بن.
سێیەم: ماوەی دامەزراندنی هەموو ئەندامانی ئەنجومەنی كارگێڕی بە ( 5) ساڵ دیاریدەكرێت كە قابیلی تازەكردنەوەیە بە پەسندكردنی زۆرینەی رەهای ئەندامانی پەرلەمان.
چوارەم: كۆمپانیای (KODO) ئەم كارانە ئەنجام دەدات:
1. بەڕێوەبردنی هەموو دامەزراوە حكوومییەكانی تایبەت بە پرۆسەی نەوت بە پێی بڕگە/ یەكەم لە ماددەی هەشتەمی ئەم یاسایە، هەروەها كاردەكات بۆ دابینكردنی ئەم جۆرە دامەزراوانە لەوانەش تۆڕە سەرەكییەكانی هێڵەكانی بۆڕی بۆ هەر قەوارەیەكی پەیوەست بە كەرتی گشتی و تایبەت كە لە هەرێم كاردەكات.
2. كێبڕكێكردن لەگەڵ كۆمپانیای دیكە بۆ بەدەستهێنانی مۆڵەت دوای رەزامەندیی ئەنجومەنی هەرێمی و مافی ئەوەشی هەیە كە كاری ئیشپێكردنی تایبەت بە پرۆسەی نەوت ئەنجام بدات، هەروەها واژۆكردنی رێككەوتنامەكانی شەراكەت، یان گرێبەستی وەك خۆی چ لە هەرێم، یان لە پارێزگاكاندا.
3. بەشداریكردن لەگەڵ كۆمپانیا نەوتییەكانی جیهان یان لەگەڵ كەرتی تایبەت لە پرۆسە تازەكانی نەوتدا و بە رەزامەندیی ئەنجومەنی هەرێمی.
4. رێپێدانی لایەنی سێیەم بۆ بەڕێوەبردنی هەر یەكێك لە دامەزراوەكانی خۆی بە رەزامەندیی ئەنجومەنی هەرێمی.
ماددەی 8
وەزارەت ئەم ئەركانە لەئەستۆ دەگرێت:
یەكەم: رێكخستن و سەرپەرشتیكردنی هەموو ئەو دامەزراوانەی كە راستەوخۆ، یان ناڕاستەوخۆ لە پرۆسەكانی نەوتدا بەكارهێنراون، ئەمەش ئەوانە دەگرێتەوە: بەرهەم، پاڵاوتن، گواستنەوە لەوانەش: هێڵەكانی بۆڕی، وێستگەكانی كۆنتڕۆڵ، وێستگەكانی پاڵدان، وێستگەكانی پاڵەپەستۆ و هەر ئامێرێكی دیكەی پەیوەست بەو وێستگانە، دابەشكردن لەوانە: هەموو ناوەند و بینایەكان، بۆ چاككردنی دۆزینەوەو بەرهەمهێنانی نەوت.
دووەم: رێكخستن و سەرپەرشتیكردنی هەموو پرۆسەكانی نەوت تایبەت بە پاڵاوتن و پاشكۆكانی لەوانە: پاككردنەوە و عەمباركردن و گواستنەوەو دابەشكردن و هەموو بەرهەمە پیتڕۆكیمیاوییەكان.
گرنگیی دامەزراندنی كۆمپانیای كۆدۆ لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان:
1. دانان و رێكخستنی چوارچێوەی یاسایی لە دامەزراندنی دامەزراوەیەكی ئابووری كە بە (كۆدۆ) دەناسرێت بەپێی بنەماو دیسیپلینەكان كە بەڕێوەبردنی دامەزراوە حكومییەكان تایبەت بە پرۆسەی نەوت زامن دەكات و لە ئێستادا سێ پاڵاوتگەی سەرەكی لە هەرێمی كوردستاندا هەن، كە لەژێر سەرپەرشتیی وەزارەتی سامانە سروشتییەكاندان، كۆمپانیای كۆدۆش ئەم ئەركانە لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان وەردەگرێت بۆ بەڕێوەبردنی پاڵاوتگەكانی هەرێم.
2. دامەزراندنی كۆمپانیای كۆدۆ چوارچێوەی یاسایی لە چارەسەركردنی رەوشی ئێستا لە هەرێمی كوردستان دابین دەكات كە زیاتر لە سەد كۆمپانیا و كارگەی خۆماڵی هەن كە لە بواری پاڵاوتن كاردەكەن و مۆڵەتیشیان نییە، ئەوانە لە دەرەوەی چوارچێوەی یاسای نەوت و غاز كاردەكەن، بۆیە دوای ئەوەی كۆمپانیای كۆدۆ ئەركەكانی وەردەگرێ بارگرانی لەسەر وەزارەتی سامانە سروشتییەكان سووك دەكات، چونكە هەموو پاڵاوتگەكان و پاشكۆكانی لە هەرێم مۆركی دامەزراوەیی وەردەگرن كە لە رووی كارگێڕی و داراییەوە سەربەخۆ دەبن.
3. رێكخستنی بەرهەمە نەوتییەكان بەسەر وێستگەكانی دابەشكردن و عەمباركردن و گواستنەوە بە شێوەیەكی رێك و پێك ئەنجام دەدرێت، كە ئەمەش وا دەكات بە ئاسانی بە شێوەیەكی باشتر لە رووی( چەندایەتی و كوالیتی)یەوە بگەنە دەست هاووڵاتیان، وێڕای ئەوەی كە دابەشكردنی دادپەروەرانە دەستەبەر دەكات لە چوارچێوەی ئەو نرخانەی لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە (ئەنجومەنی هەرێمیی نەوت و غاز) دیاریدەكرێن.
4. دەستەبەركردنی كاری دامەزراوە نەوتییەكان بەپێی بنەماكان و تەكنیكە تازەكان كە باشیی پاڵاوتنی نەوتی خاو دەستەبەر دەكات، كە پاراستنی ژینگەی هەرێمی كوردستان و هۆیەكانی گواستنەوە بە شێوەیەكی باشتر دەستەبەردەكات.
5. دامەزراندنی وێستگەكانی عەمباركردن و دامەزراندنی هێڵەكانی نەوتی خاو یان غاز لەو كێڵگانەی بەرهەم دێنن بۆ پاڵاوتگەكان، لە رێی بەستنەوەی كێڵگە گرنگەكان كە ئاستی باشییان بەرزە لە رووی (كوالیتی و بڕی بەرهەمهێنان)ـەوە بە پاڵاوتگەكانی هەرێمەوە، ئەمەش یارمەتیی دەستەبەركردنی گواستنەوە دەدات بە شێوەیەكی سەلامەتتر و جووڵەی گواستنەوە لەسەر رێگە سەرەكییەكان و كاریگەرییەكانیان بۆ سەر سەلامەتیی هاووڵاتیان و ژینگە سووك دەكات.
6. زیادكردنی هەلی كار و چاككردنی كوالیتەكەی كە بە شێوەیەكی پۆزەتیڤانە لە ژیانی دانیشتوانی هەرێم رەنگ دەداتەوە.
7. رێكخستنی كەرتی پاڵاوتن و پاشكۆكانی لە رێی دامەزراندنی كۆمپانیای كۆدۆوە رێكخستن و وردبینیی داهاتەكانی پاڵاوتگەكانی نەوت بە شێوەیەكی باشتر دەستەبەر دەكات، هەروەها ئەو رێگەیانەش دەگرێ كە داهاتەكانی بەرهەمهێنان لە دۆسێی پاڵاوتنی نەوت و پاشكۆكانی بەهەدەر دەبات.
8. دامەزراندنی كۆمپانیای كۆدۆ سەرەتایەكە بۆ لەناوبردنی هەموو ئەو شتانەی زیان بە ئابووریی و ژینگەی هەرێم دەگەیەنێت، ئەمەش زەمینەیەكی گونجاو فەراهەم دەكات لە فراوانبوونی رووبەری شەفافییەت و راستگۆیی لە بواری بەڕێوەبردنی كەرتی پاڵاوتن و پاشكۆكانی، لەپاڵ فراوانكردنی ئاستی كۆدەنگیی نیشتمانی و سیاسی لە پشتیوانی و پشتگیریی بەڕێوەبردنی كەرتی پاڵاوتن و پاشكۆكانی لە هەرێم.
9. دامەزراندن و رێكخستنی هەر نۆ هەیكەلی كارگێڕی بەپێی ئەوەی لە ماددەكانی یاسای نەوت و غازدا هاتووە، هەروەها دابەشكردنی ئەركەكانی كەرتی نەوت بەسەر ئەو دامەزراوانەدا، بەڕێوەبردنی كاریگەریانەو رێكخراوانەی كەرتەكە دەستەبەردەكات، ئەمەش رووبەری چالاكیی كەرتی نەوت و غاز و پیشەسازیی نەوت لە كوردستان زیاد دەكات، هەروەها ئابوورییەكی سەربەخۆش فەراهەم دەكات، بۆیە رووبەری جووڵەی حكومەتی هەرێم بەرەو رێچكە و بژاردەی دیاریكراو بەهێزدەكات، ئەویش لەمیانی تەرخانكردنی بەشێكی داهاتەكانی نەوت و غاز لە بەتینكردنی سەرچاوەكانی دیكەی داهاتە داراییەكان وەكو (كشتوكاڵ، پیشەسازی، بازرگانی، گەشت و گوزارو شوێنەوار، توانای مرۆیی) هەروەها گۆڕینی هەرێم بۆ ناوچەیەكی بەرهەمهێن لە جیاتی واقیعەكەی ئێستای، ئەمەش پاراستنی ئاساییشی نەتەوەیی و ئاساییشی ئابووری لە هەرێمی كوردستان لەئەستۆدەگرێت.
گرنگیی دامەزراندنی كۆمپانیای كۆدۆ لەسەر ئاستی عێراق و جیهاندا:
1. ماددەی 13 ی كۆمپانیای كۆدۆ رێگەدەدات بە فراوانكردنی چوارچێوەی چالاكییەكانی بۆ هەرێمەكان و پارێزگاكانی دیكەی عێراق، ئەمەش لە رووی یاسایەوە هێزی پێ دەدات كە رووبەری چالاكییەكانی لە بواری پرۆسەكانی پاڵاوتن و پاشكۆكانی فراوان بكات، هەروەها دەبێت هۆی فرەبوونی سەرچاوە داراییەكانی و پۆزەتیڤانە لە هەمەجۆركردنی سەرچاوەكانی ئابووریی هەرێمی كوردستان رەنگ دەداتەوە. هاوكاریی نێوان هەرێم و پارێزگاكانی دیكەی عێراق بەتین دەكات و هەرێمیش لە ئاییندەدا دەبێتە سەرچاوەیەكی گرنگ بۆ دابینكردنی بەرهەمە نەوتییەكان بۆ پارێزگاكانی دیكەی عێراق.
2. خاڵی چوارەمی ماددەی 13 رێگە دەدا بە كۆمپانیای كۆدۆ پشتبەستێت بە كۆمپانیا بیانییەكان و داوای یارمەتییان لێ بكات لە بواری كەرتی پاڵاوتن و پاشكۆكانییەوە، ئەمەش یارمەتیی فراوانكردنی پەیوەندییە ئابووری و پیشەسازییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەدات لەگەڵ كۆمپانیا جیهانییەكان لە بواری پیشەسازیی نەوتدا.
* راوێژكاری وزە لە ئاژانسی پاراستنی كوردستان