زۆرینە و كەمینە
April 30, 2015
وتار و بیروڕا
پێوەرەكە ئەمڕۆ وێنەی ئەو پیاوە سپیپێستە هۆشمەندە وەردەگرێت كە لە ناو دەزگاكاندا بە هەمان زمان دەپەیڤێ، سەبارەت بەم پێوەرەیە كە زۆرینە دەستنیشان دەكرێت، یان سروشتی مرۆڤایەتی دیاری دەكرێت، بەراورد بەم زۆرینەیەیە كە ڕەنگ و ڕەگەزی كەمینە جیاوازەكان دەردەكەون، كەمینەكان فڕێدەدرێنە دەرەوە: دەرەوەی سەنتەرو تەوەرەكان و دەرەوەی زمان، بەڵكو بۆ دەرەوەی نیشتمان لە هەندێ جاردا.
بەڵام ئەم (دەرەوەیە) تەنانەت گەر لە شوێن بەرجەستە بێتەوە، بە دەرەكی و سادەیی دەمێنێتەوە، چونكە پێوەندی كەمینەكان بە زۆرینەوە لە قووڵایی پێوەندی ناوەوە بە دەرەوە نییە، هێندەی ئەوەی پێوەندی كەنار یان پەراوێزە بە تەوەر یان بە سەنتەرەوە.
دەزانین كە پەراوێزو تەوەر لە ڕووی شوێنەوە دیاری ناكرێن، پەراوێز ئەوە نییە كە لە ژێرەوە بێت، یان ئەوەش نییە كە لە كەنارەكان، یان لە جەمسەرەكاندا بمێنێتەوە، پێوەندی پەراوێز بە سەنتەرەوە پێوەندی ناوخۆیی بە دەرەكیەوە نییە، پەراوێز بە دوور نییە لە سەنتەر و لێی سەربەخۆش نییە، بەڵكو هەمیشە پێوەی بەستراوەتەوە و پێوەی لكێنراوە تا ئەو ئاستەی دەتوانین پێی بڵێین هەر خودی سەنتەرەكە خۆیەتی بە لێكترازان و دووركەوتنەوە لە خۆی، ئەو دەبێتە هۆی ڕیسوایی بۆ سەنتەر، ئاشكرابوونی لاوازییەكەی سەنتەرە، پەراوێز ئەو بزووتنەوەیەیە كە گەواهیدەرە بۆ ئەوەی كە هەر ناوخۆییەك دەرەوەش لە خۆ دەگرێت، كۆسوڕەكەش ئەو ڕیسواییە لە خۆدەگرێت، هێزی پەرتوبڵاوو لەرزۆكە كە لە سەنتەر دەترازێت و جێی پێ لەق دەكات و لە شوێنی خۆی ڕایدەماڵێت..
هەر چۆن پێوەندی كەمینە بە زۆرینەوە پێوەندی دەرەوە نییە بە ناوەوە، هاوكات پێوەندی گشت بە بەشەكانەوە نییە، لەبەرئەوەیە وتمان پۆلێنكردنەكە لێرەدا پێوەندی بە ژمارەو چەندایەتیەوە نییە، ڕەنگە ژمارەی ڕەشپێست زۆر زیاتر بن لە ژمارەی سپیپێستەكان، لەوانەیە دانیشتووانی كەنارەكان زیاتر بن لە دانیشتووانی سەنتەرەكان، ڕەنگە ژمارەی ئافرەتان لە ژمارەی نێرەكان زیاترن، ڕەنگە منداڵان ژمارەیان زیاتر بێت لە پێگەیشتووان، بەڵام زۆرینە هەمیشە بۆ ئەوەیان دەمێنێتەوە سیمپڵەكە دەسەلمێنێ..
زۆرینە ئەوەیان نییە كە نموونەكە بسەپێنێ، یان خۆی بچەسپێنێ، بەڵكو بە تەواوەتی خۆی بەسەردا دەسەپێنێ و خۆی بەسەردا دەكێشێت، سیمپڵ خەسڵەتێكی بەهایی و زەمەنی و لۆژیكی بەسەر پرۆسەی پۆلینكردنەوە هەیە، ئەوە؛ كە دادەمەزرێنێت، ئەوە؛ كە سنوورو ئاست هەڵدەسەنگێنێ. بەڵام بزووتنەوەكەی چۆن دەبێت و لە كوێدا بوونی دەردەكەوێت، لە كوێدا وەرچەرخان دەردەكەوێت، ئەمە بە سروشتی حاڵ لەسەر ئاستی سیمپڵەكە نییە، چونكە سیمپڵەكە نموونەیە، پێوەرێكە شتەكانی پێ دەپێورێت، بە دەلالەتەكانیەوە پلەكانی پۆلێن دەكات، سەنتەرێكە پەراوێزەكانی پێوە دەلكێنرێت، وەرچەرخان لەسەر ئاستێكی زۆرینەیی نییە، چونكە ئەمە كاتێك لەو بڕوایەدا دەبێت كە سیمپڵ بەرجەستە بكات، ئەوەی مەبەستێتی نایبینێت، بەڵكو وەك دۆڵۆز پێی دەڵێت لەگەڵی ناگونجێت.
ئەگەر زۆرینە «ناگونجێتە» ئەوە بەردەوامبوون هەر بۆ كەمینەكان دەمێنێتەوە، چونكە كەمینە پەراوێزە، كەواتە فەزای بزاوت و وەرچەرخانە، بواری ئاگامەندی داواكراوە، فەزای بەردەوامێتیە. ئەگەر زۆرینە ناگونجێ بێت، بەو پێیەی ناگاتە وەدیهێنانی سیمپڵ، مادام هەمان سیمپڵ خۆی بێت، ئەو كاتە كەمایەتیەكان هەوڵ بۆ وەرچەرخان دەدەن بەڵام بۆ ئەوە نا كە ببنە خودی سەنتەرەكە، بەڵكو بۆ ئەوەی سەنترالیزمی نەهێڵن، هەوڵ دەدەن بۆ ڕیسوا كردنی بنەماكانی ئەو پێوەرەی وەك سیمپڵ دەكارێت، هەوڵیش نادەن ببنە جەمسەرەكەی تری دوالیزم، نێرایەتیە هەوڵ نادات ببێتە ئەلتەرناتیڤ بۆ مێیایەتی، یان سپیپێست ببێتە ڕەشپێست و ئاغا ببێتە كۆیلە..
ئەمە لە ناوچەوانی هەموو ئەوانە دەدرێت كە بە دەنگی كەمینەكان هاوار دەكەن، ئەمەش بە ئامانجی تێكوپێكدانێكی پێوەرئاسایە كە جیهان بە پێی دوالیزمەكان دابەش دەكاتەوە و خۆی دەخاتە لایەنی پۆزەتیڤەوە تا هەموو ئەوانی تر بهاوێتە ناو نێگەتیڤەوە.
بیرمەندی مەغریبی و
ئوستادی فەلسەفە لە زانكۆی ڕیبات