چۆن تيرۆر جێ پێی خۆی لە ناو کۆمەڵگەی ئيسلاميدا کردەوە؟

چۆن تيرۆر جێ پێی خۆی لە ناو کۆمەڵگەی ئيسلاميدا کردەوە؟
دەستپێکی هەر توێژينەوەيەکی زانستی يان لۆژيکی دانوستان يان تەنانەت خودی دانووستانيش، بە پرسيار يان بە لێپرسينەوە دەست پێ دەكات. ئەمەش پێويستی بەو ڕاستەواژە (المسلمات) و ئەو ڕاستييانەوە (البديهيات) هەيە کە توێژەر لە ئەوێڕا دەست پێ دەكات بۆ ئەوەی بگاتە ئەو وەڵامانەی کە دەربارەی ئەو تەگەرە هزرييانەی لە قۆناخە جياوازەکاندا هاوژينی مرۆڤ بووە و قەناعەتی پێی هەيە. هەر وەك گوتراوە ئەگەر ئەو ڕاستەواژە و ڕاستييانە نەبان، هەرگيز مشتومڕ نەدەبڕاوە و دانوستانيش سوودی نەدەبوو.
لە سەرەتادا هەموو لەو باوەڕە داين کە مرۆڤ تاكە ڕاستييەکە، مرۆڤ مرۆڤە، خەڵکيش هەر خەڵکن. لە ئەنجامی ئەو پێشکەوتنە زانستييەی کە مرۆڤ وەك موعجيزە بە دەستی هێناوە، گەلەك لەو گەلەستێرە زەبەلاحانەی ناسيوە کە لە ئاسۆيە دوورەکانی گەردووندا لەهاتوچۆدان و توانيويەتيشی گەرديلە بناسێ و بزانێ چ چەشنە سەرچاوەيەکی گەورەی وزەيە؛ لێ هێشتا نەيتوانيوە خودی خۆی بناسێ، مرۆڤ بناسێ! هەر لەبەر ئەوەش بووە کە هەموو ئەو بيردۆزە هزری و فەلسەفی و هەموو زانستەکانی تر نەيانتوانيوە بە لێکدانەوەيەکی ڕاست و دروست گەشەکردنی مرۆڤ پێشکێش بکەن و بتوانن ڕەفتاری بەرزەفت بکەن. هەر لەبەر ئەوەشە کە هيچ ئايين و ئايينزا و ئاراستە، نەيتوانيوە مرۆڤ لە يەك گۆی «چاکە يان خراپەدا – كۆبکاتەوە و – تا ئێستاش هەر ناکۆکن.»
دژوارترين دوژمنی مرۆڤ، مرۆڤ خۆيەتی؛ چونکە ئەو غەريزە توندەی لەلای مرۆڤدا هەيە، هانی دەدات مرۆڤی بەرامبەری بە قوربانی بەرژەوەندی يان ڕابواردنێکی خۆی بکات؛هەر وەك قابيل بە هابيلی کرد و تا دواتر. هەر بەو غەريزە بەهێزەشيەتی مرۆڤ دەتوانێ کاريگەری ئەو غەريزانە سەرکوت بکات کە داوای لێ دەكەن دادپەروەربێت؛ تاکە ڕێگر لەو غەريزانەی مرۆڤ، بەربەستە کۆمەڵايەتييە کاراکانی وەك یاساو ئایین و نەريتن. مرۆڤ بە درێژايی ديرۆکی لەبەر چەپەڵۆکی هاوڕەگەزە ستەمکار و خودان دەسەڵاتەکانیدا ژياوە. کە ئايينەکان هاتن بەزەییان بۆ مرۆڤ هێنا، لێ مرۆڤ توانی کەمۆيان بکات و بۆ ئەو مەبەستانەيان بەکار بێنێ کە پێچەوانەی ميهرەبانين. چيڕۆکی ئەوەی کە کەنيسە لە چەرخەکانی ناڤيندا بە مرۆڤی کرد ديارە و ئيسلاميش کە هات بۆ ئەوەی مرۆڤ لە تاريکی دەربێنێ و بيخاتە نێو ڕووناهی و لە ستەمەوە بۆ دادپەروەری ببات، «انا أرسلنا رسلنا بالبينات ليقوم الناس بالقسط – واتا – ئێمە پەيامبەرەکانمان بە بەڵگەوە ناردن، بۆ ئەوەی خەڵك لە سەر بنەمای دادپەروەری ڕەفتار بکەن.» لە ڕقەوە بۆ ميهر بچن، «وما أرسلناك الا رحمة للعالمين – واتا – ئێمە تۆمان تەنيا بۆ ئەوە نارد تا ببيە ميهر بۆ خەڵکی.» جا ئەرکی ئيسلام ئەمەيە کە ڕێگه بە خەڵکی نيشان بدات و پاكی بکاتەوە و فێری ئەو کتێبەی بکات کە بابەتەکانی ئەم باوەڕ و ئەو حيکمەتە ديار دەکات کە هزر بۆ بيرکردنەوە ساز دەدات. ئەرکی مرۆڤيش نييە هزری هيچ مرۆڤێك بە تۆبزی بگۆڕێ، ئاخر ئايين ڕوون کردنەوەيە نەك تێگەياندنی هزرێك بێ. بێ ئەوەی قەناعەتی پێ هەبێ، قورئانی مەزن ئاماژە بۆ ئەوە دەکات و دەفەرموێ، « فذكر انما أنت مذكر لست عليهم بمصيطر – واتا –ئەرکی تۆ تەنيا وەياد هێنانەوە و گەياندنە و پێويست ناکات ناچاريان بکەی کە پێی قايل بن.» بۆ ئەوەش ڕەوشەنتر بێ، ئەم ئايەتە پيرۆزەی سورەتی الإنسان بخوێنەوە، « انا هديناه السبيل اما شاكرا واما كفورا – واتا – ئێمە ڕێگەمان پێی نيشان داوە، جا يان سوپاسگوزارە يانيش كوفرانە دەكات»، بەڵام ئۆباڵی ئەوەی کە لە چەرخەکانی ناڤيندا ڕوويدا لە ئەستۆی کەنيسەيە؛ چونکە کەنيسە ڕێنماييە مرۆييەکانی حەزرەتی عيسای تايبەت بە دروست کردنی مەملەکەتی ڕۆح بەو شێوەيە لێكداوە کە بناغەی دەوڵەتێکی دنيائامێزی ئاوا پێك دێنێ کە ئامانجەکانيان وەدی دێنێ نەك ئامانجەکانی خودی مەسيح، تيرۆر پەيڕەو دەکات و ميهر ناناسێ. دادگاكانی پشکنينی کەنيسە لە هەموو شوێنێك ڕاوەدووی كريستيانە ئازادیخوازەکانی دەنا و هەر سەربەستێکی لە فەرمانيان دەردەچوو فەرمانی لە سێدارەدانی بۆ دەردەکرد. قەشە برۆنۆ لەبەر ئەوە سووتێندرا، چونکە لەسەر ئەوەی مکوڕ بوو كە زەوی سەنتەری گەردوون نييە و ئەمەش بە پێچەوانەی ئەو بيردۆزەيان بوو کە لە گەردوونناسانی گريكيان وەرگرتبوو کە دەڵێن، «زەوی سەنتەری گەردوونە.» خۆ نەخودی عيسا ئەمەی گوتووە و نە هاوشێوەی ئەم قسەيەشی کردووە و نە ئەمەی مەرام بووە، چونکە ئەو هەر ميهر و ئاشتی بووە و چيتر نەبووە. بە هەمان شێوە ئايينی ئيسلام بۆ ئەوە هاتووە مێشك تێر بکات و ویژدان خاوێن بکاتەوە و لە خەڵکی بگەيەنێ کە هەموو لە يەك قوڕ دروستكراون و ئەرکی هەمووانە لە چاکە و خواترسييەوە هاوکاریی يەکتری بکەن بۆ ئەوەی ئاشتی لە نێوانی مرۆڤدا باڵا دەست و بەرپا بێ. بەڵام مرۆڤ هەر ئەو مرۆڤە ماوە کە خودا دايهێناوە يان سوپاسگوزارە يانيش ياخييە. بە مێژووی موسوڵماناندا بچۆوە، ئەرێ چيان لە دينەکەيان کردووە؟ ئايا دين وەك چۆن هاتووەتە خوارەوە ئاوا نێوچەوان پاك ماوەتەوە؟ يان ئەوەتا بە بيانووی پێويستی گوێڕايەڵی بوونی وەلی ئەمران يان بە بيانووی ژيرزانينی (اجتهاد) خۆویستیگەلی مرۆڤی تێهاتووە؟.
لێرەوە بۆ يەك ساتیش بێ، گومانی ئەوەمان نييە کە نابێ ئەو تيرۆرەی لەو شوێنانە تەشەنەی کردووە کە موسوڵمانی لێ هەن، بە هيچ جۆرێك بە ئيسلامەوە بنووسێندرێ. ئەو ئايينەی دابەزيوە لەوان بێ بەرييە، بەڵام مێژووی موسوڵمانان نا. بە هەمان شێوە ژيرزانييەکانی (إجتهادات) بواری فيقهی ئيسلامی لە هۆکارەکانی کات و شوێن دەستپاك نييە. موسوڵمانە سادە و ساکارەکان وا خەیاڵدەكەن کە ئەوەی لە سەرچاوەيەکی زانستی ئايينی لە کاتێکدا دەرچووە، شێوەکان و پێويستەکانی گۆڕاوە، وەك ئەوەی سرووش بێت و دابەزيبێ. فيقهی ئيبن تەيمييە تاكە نموونەی بەرنامەی توندڕۆيی نييە کە تيرۆری پەيدا کرد يان بووبێتە پاساوێك بۆ بڵاوبوونەوەی بەرنامەی تیرۆریستی لە نێوان موسڵمانان ئەوانەی هەڵگری ئایینزاكەی دەبن. ئەو فيقهە مێژووييەی کە تا ئێستاش سەرچاوەی گرنگی توێژينەوەی فيقهی ئيسلامييە و قوتابييانی زانستە ئيسلامييەکان فێری هزرەکەی دەکات، لەو سەردەمانەدا نووسراوەتەوە کە ئايين نيشتمان بووە كە پێوەری هاووڵاتیبوون بووە و پەيوەنديی نێوان نەتەوەکان نە بە پێی یاسا نووسراوەکان و نە بە گوێرەی نەرێتە کۆنەکان و نە بە ڕێنماييە سەپێنراوەكان بەڕێوە چووە. ڕێبازی هەموو نەتەوەکان ڕێی داوە ئەوانی تر داگير بکەن و کۆيلەبەنديان بکەن؛ ئاخر هێز سەرپشك بووە. کەچی ئەو پرەنسیپەی قورئانی پيرۆز بۆ دروست کردنی پەيوەندی نێوان کۆمەڵگە جياوازەکان چەسپاندی، يەکتر ناسين و پەسند کردنی لايەنی بەرامبەرە وەکو مرۆڤ. ئەمەش ئەو بنەما پرشنگدار و نەمرەيە کە کۆمەڵی نێونەتەوەيی شارستانی پابەندی پەيمانی نەتەوە يەکگرتووەکان و پەيماننامەکانی تری مافەکانی مرۆڤ دەبێ، کە کۆمەڵگەی هاوچەرخ پێيەوە پابەندە، هيچ سيفەتێکی تايبەت و هيچ بەش و بڕگەی بۆ دانەناوە، لەم فيقهە مەزنەدا ئەم پەيوەندييانە ڕێك دەخرێن، بەمەش بە چەندین سەدە وەپێش چەرخی دروست کردنی شارستانی دەکەوت. بەڵکو هەر بەپێی نەريتەکان بەڕێوە چووە کە پێشترەکان دايانڕشتبوو. هەرچەندە نوێخوازی گەورە لە بوارەکانی فيقهـ و هزری ئيسلامی هەوڵيان داوە لە دەقاکان دەربچن، داهێنانيان لە بواری ئامانجەکانی شەريعەت کردووە و لەو جێگانەش کە دەق دەگەڵ عەقڵ دژ بە دژی يەکترين پشتيان بە لێکدانەوە بەستووە. لەوانە ئيمامی شاتبی و ئیمامی توفی. بەڵام شوێن پێ کەوتنی فيقهی ئەوەی پشت بە ئەو کاتی پاشکەوتووی موسوڵمانان دەبەستێ هێشتا توندتر و بەهێز تر بووە و ئێستاکەش هەر وەسايە. لەمەش پتر، سەلەفی جيهادی هاوچەرخ ئەو ژيرزانينە توندانەيان زيندووکردووەتەوە کە تژی کتێبە فيقهی و فەرموودە و ديرۆکی ئيسلامين و بۆشایی نێوان هەردوو لايان تا ئەو ڕادەيە بەرين کردووە کە نکوڵی لە يەکتری بکەن و خۆی لێ بێ پەيوەند بگرن؛ لەوانە حەرام کردنی ملکەچيی موسوڵمان بۆ فەرمانی کەسێکی ناموسوڵمان. واتا نە حوکمی کافر پەسندە و نە گەواهيدانی لێ وەردەگيرێ. بەڵکو سەلام و ماندوونەبوونيشی لێ حەرامە؛ وڵاتيان وڵاتی کافر و شەڕە، جا نابێ هەڵسوکەوتی دەگەڵدا بکرێ ئەگەر بەپێی جزيە و ئاگر بەست نەبێ کە ئەمەشيان نابێ لە دە ساڵان ڕەت بدات.
سەرهەڵدانی ئەم توندڕۆييە پڕ مەترسييە ناکەوتە سەر ڕێی ڕاست و ئەگەر هەموو لە هەمووی نەتەوە بە ڕوويدا نەوەستێ، خۆی و جيهانيش دەگەڵ خۆی، تێك و لێك دەدات.
ئەو هەموو توندڕۆييەی کە ميهری مرۆڤ دەبڕێتەوە و هەموو هيوايەکانی يەکبوونی مرۆڤايەتی ئەوەی لە سەر بنچينەی يەکتر ناسين و هاريکاريی نێوان مرۆڤدا هاتووە دەبڕێتەوە، لە سەر بناغەيەكی هەڵەی ئايەتی ژمارە ١٤٠ لە سوورەتی النساء دا هاتووە، کە دەڵێ، « ولن يجعل الله للكافرين على المؤمنين سبيلا – واتا – خودا هيچ ڕێگەيەك بۆ کافران ناهێڵێتەوە تا لەوێڕا پێشبەندی موسوڵمانان بن.»
ڕاستيش ئەوەيە کە ئەم ئايەتە بڕياری ئەو وەسفە نادات کە لە دنيادا بێت، بەڵکو ئەمە تايبەتە بە ڕۆژی قيامەت. ئەمەشم لە کتیبەکەمدا ڕوون کردووەتەوە کە ناوی «دروس في الانفتاح على الرأي الآخر» ە.
دەگەڵ ئەمەشدا، ئەی ئەمە قورئانی پيرۆز نييە کە لە چەندين ئايەتدا داوادەكات بە شوێن چاکتريندا بگەڕێ؟ ئايا خۆی نييە دەڵێ، «خذ العفو وأمر بالعرف وأعرض عن الجاهلين – واتا – بەخشندە بە و فەرمان بە قسە و بە ڕەفتاری چاك بکە و خۆت لە نەزانان لادە.»
لێرەڕا دەگەڕێينەوە بۆ سەرەتا و دەڵێينەوە کە مرۆڤ خۆی مرۆڤە، بە سرووشتی خۆی ڕووەو تونديی دەڕوا؛ جا تەنانەت ئەگەر ئايينيش بێ. زۆربەی دنيای ئيسلامی نەخوێندەوارن، واتا ناشارستانين و ئەگەر ئەم چەشنە هزرانەيان لێ بار بکرێ کە گوايا هزری ئيسلامن، و فەقيهە ڕووناکبيرەکانی ئەزهەر يان ئەوانەی لە کوردستانن، ئەوانە زانايانی دەسەڵاتن و ئامۆژگارانی سوڵتانەکانن و خەڵکی متمانە بە قسەکانيان ناکەن، جا چۆن دەکرێ ئيرهابی داعش شوێن پێی خۆی لەم ژينگە ئيسلامييەدا نەدۆزێتەوە؟ چارەسەريش ڕاست کردنەوەی ژينگەكەيە!

* سەرۆكی كۆڕبەندی هزری ئیسلامی
Top